یادەوەری پاسکیلێکی شکاو
06:49 - 14/05/2022
سوارە کافرۆشی/ کولتوری زەمەن
کە منداڵ بووم دایکم
لەناو سوێنەی گەرماوەکە سەری دەشوشتم
سەرشۆرەکەمان سەری بە چینکۆ گیرابوو
کاتێک باران دەباری
دەنگێکی سەیری لێ دەهات
ئاسمان رەشبەڵەکی پێ دەگێڕا
منیش بە سابوونە رەقییەکە وازیم دەکرد
کەف دەچووە چاوەکانم و
سوور هەڵدەگەڕا
بۆنی سابوونی رەقی لووتی دەتەنیم
ئێستاش هەندێکجار بۆنەکەی دێتەوە کەپووم
گەرماوەکە جێدەهێڵم
لەحەوشەکەدا یاری بە پاسکیلە شکاوەکەم دەکەم
نازانم کێ، لێ دەزانم خزمێکمان بۆی هێنابووم
دایکم گوڵەکانی نێو ئینجانەکان ئاو دەدات
پاسکیلەکەم تەگەرەکەی پێشەوەی شکاوە
دەنگێک دەردەکات
لە قیژەی پیرێژنێک دەچێت
من منداڵێکی لاسارم
بۆ هەڵماتێک لە پێنجەم پێپلیکەی سەربانەوە
خۆم فرێدەدەم
دەکەوم
خوێن بە هەنییەما دێتە خوارێ
ئێوارە بوو
بیرمە کورێکی جیرانمان
یەکێک لە کۆترەکانی فڕی
لە سەربانی نهۆمی دووەمەوە خۆی
بۆ کۆترەکە فڕێدا
کۆترەکە بەرەو ئاسۆ لەشەقەی باڵیدا و ون بوو
لێ کورێژگە
نەباڵێکی هەیە بۆ فڕین
نە بایەکیش لەخۆی دەگرێ تا لەگەڵ خۆیدا بیبات
نە سەربانیش قەڵەمڕەوی درێژ دەکات
تا لەخۆیدا بیگرێتەوە
ئەو مینا فرۆکەیەکی تێکشکاو
بەر زەوی کەوت
یادەوریم پاسکیلێکی تێکشاوە
چەرخی گەردوون
چەرخەکانی ناخاتە کار
هێندەی من بزانم بە ئاواتەوە بوو
تەگەرەگەی پێشەوەی وەک پیاوێکی شەل لەنجە نەکات
لێ ئاواتی نەهاتە دی
تا گەورە بووم هەر بەلەنجە رێگای دەبڕی
ئاوات مندالێکی لاساری دراوسێمان بوو
هەمیشە ئاواتی ئەوە بوو تراکتۆرەکەی باوکی بئاژوا
ئەو شەوێک تراکتۆر دەخاتە کار
چەرخەکانی دەجولێنێ
لێ باوکی هاواری لێدەکات
ئەو دەترسێ و پێ بە سکلێتەرەکەدا دەنێ
هێرش دەباو باوکی دەپلیشێنێتەوە
هێرش وشەیەکی نوێی منداڵیم بوو
کاتێک زانیم هەموو شەوێک
هەرچەند رۆژێک
چەندان برا لەیەکیان دەدا
بۆ ئەوەی جڵەوی شارمان بگرنە دەست
لێ هەر شەو و یەکێکیان هێرشی دەهێنا
یادەوەریم پاسکیلێکی شکاوە
ئەو بەرگەی زۆر لێخوڕین ناگرێ
ئەو ناتوانێت سەفەر بکات
کە منداڵ بووم
هێرش تەنگی پێ هەڵچنین
سەفەرمان کرد
یادەوەریم رۆشناییە لە چاوانما
لە بازگەیەک ڕایانگرتین
پاسەوانێکی عەرەب لەنێو دەرگا هاواری کرد
هەمووتان دابەزن
پیاو و ژنیان لەیەک جودا کرد
منداڵەکان لەلای دایکیان ئەمانەوە
ئەفسەرەکە بە عەرەبی هەڵیدایە
یاری بۆ سەفەر قەدەغەیە
پاسەوانێک ئەسپەکەی نێو دەستی من و
سەیارەیەکی بچکۆلانەی لە منداڵێکی تر وەرگرت
مەمە وشکەی دەمی کیژۆڵەیەکی فڕێدا
ئێمە نەمانوێرا بگرین
لێ فرمێسک نەک شەونم بێ لەسەر چاومان
بەری گەرووی لێگرتبووین
هاوارێکی لێ مەنگ کردین
هاواری ژنێکم دەبیست
ئەو نەوتی قاچاخی پێبوو
ئەفسەرەکە پەلی لەدوای خۆیەوە گرتبوو
لە چۆڵگەیەک
کۆڵەپشتەکەی پێدانا
چەند دەبەیەک نەوتی سپی
دوو پاسەوان ژنەیان گرت
ئەفسەرەکە سەری سووری دەبەیەکیانی کردەوە
نەوتەکەی کرد بە دەبەکانی تردا و
جگەرەکەی دەستی تێ فڕێدا
ئاگر هەر نەوتی نەسووتان
من دەمزانی ناخی ژنەی کرد بە رەژوو
هەر لەبیرمە کەمێک دوورتر لەو بازگەیە
بارهەڵگرێک ئاگری گرت
پێنج شەش کەسی تێدا سووتان
یادەوەریم پاسکیلێکی شکاو لێدەخوڕێ
هەر چەند دەکەم ناگاتە جێ..