1446 کەلتور

ڕوانەوە لەناو وێرانەدا

10:12 - 11/05/2022

ڕەفیق سابیر/کولتوری زەمەن

 

لە هەفتەی داهاتوودا سێ کتێبی نوێی شاعیر و نووسەر رەفیق سابیر، لە لایەن ناوەندی غەزەلنووس، لە سلێمانی بڵاو دەکرێنەوە:

١-ڕوانین بە ڕووناکیدا، لەبارەی شیعر، ئازادی، ژیان.                        
٢ - لە دنیای گوڵاندا، باسێک لەبارەی هونەری هایکوی یابانی، لەگەڵ نموونەی ١٥٠ هایکو، کە لە سوێدییەوە کراون بە کوردی.
٣ – پەیڤ و پەیام، هەڵبژاردەی نووسینەکانی رەفیق سابیرە ١٩٧٠-١٩٨١ کە (بوار نورەدین)کۆیکردوەتەوەو ئامادەیکردوە.


ئەم کتێبە دەیان وتاری ئەدەبی و چەندان چیرۆک و هۆنراوەی تەرجومەکراوی بەخۆگرتووە، کە شاعیر لەو سەردەمەدا بڵاوی کوردوونەوە.
ئەم نووسینە (ڕوانەوە لەناو وێرانەدا) بۆ پێشەکی بۆ ئەم کتیبە نووسراوە، کە باس لە هەندێک لایەنی ئەدەبی و ڕووناکبیریی ئەوساڵانە و دەرکەوتنی بزاڤی ڕوانگە و خولیای نوێکردنەوەی ئەدەبی کوردی دەکات.

(کولتووری زەمەن، ئەم نووسینە تایبەت و پڕ زانیارییە فراوانەی رەفیق سابیر، بە دوو بەش بڵاویدەکاتەوە.)


(چاکە لەناو دڵی مرۆڤدا خۆی حەشار داوە، شاعیر دەتوانێت بیدۆزێتەوە. شاعیران بە یەک ئەندازە کار لە هەمووان ناکەن، چونکە هەموو کەس وەکوو یەک گەشەیان نەکردووە. ماهاتما گاندی ١٨٦٩-١٩٤٨)

 

 

1
هێشتا قوتابیی پۆلی شەشەمی سەرەتایی بووم، لەناکاو لە ئەیلوولی ١٩٦١دا، شەڕی نێوان دەوڵەتی عێراق و بزووتنەوەی چەکداریی کورد، دەستی پێ کرد. شەڕ هات و ژیانی ئێمەی شێواند، ئاشتی و ئارامی و ئاسوودەیی برد. لەجیاتیان کوشتن، وێرانەیی، هەژاری، ئاوارەیی و مردنی هێنا. لە گەرمەی ئەو شەڕەدا، شەڕێکی نوێ، شەڕی نێوخۆی نێوان مەلایی و جەلالی، دەستی پێ کرد. بێدادی، گرتن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، سەرانەستاندن و قانوونشکێنی پەرەیان ستاند. خەڵکی قەڵادزێ، وەکوو خەڵکی زۆر ناوچەی تری کوردستان، لەنێو بەرداشی دوو شەڕدا، دەهاڕدران. شەڕ تەواوی منداڵیی نەوەی ئێمە و چەندان نەوەی دواتری زەوت کرد. بە دەیان هەزار گەنجی کورد، بەناوی -گوایا شۆڕشەوە- کرانە قوربانی. زیاتر لە نیوەی ئەو قوربانییانە لە شەڕی نێوخۆدا، بەکوشت دران.
لە سایەی شەڕدا، چاکە لە بەرامبەر خراپە و تاوان و شەڕدا، جوانی لە بەرامبەر ناشرینی، پاشەکشەیان کرد. باڵانسی ژیانی خەڵک، کۆمەڵ، سروشت و تەنانەت باڵندە و ئاژەڵی کێویش، تێکدرا و سەر لە هەمووان شێوێندرا. سەرەنجام ژیان بە هەموو چاکە و جوانییەکانییەوە، لە بەرامبەر مردن، بە هەموو خراپە، ناشرینی و زیانەکانییەوە، پاشەکشەی کرد. ژیانی مرۆڤ، کە بە نرخترین شتی دنیایە، هێندەی ژیانی پشیلەیەک و سەگێکی کۆڵانان بێ بایەخ کران.

هەر شتێکی زیندوو، لە گژوگیا، گوڵ و دارەوە، تا دەگاتە گەزندە و هەموو جۆرە ئاژەڵەکان، بە مرۆڤیشەوە، ژیانێکی تایبەت بەخۆ، واتا ڕۆحێکی تایبەت بەخۆی هەیە. ئامانجی هەر شتێکی زیندوو، ئەوەیە ڕۆحی خۆی- ژیانی خۆی، لە ڕێی کار و چالاکیی جۆراوجۆرەوە، گەشە پێ بدات و بیپارێزێت. هەر ڕۆحێک بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و بەردەوام بێت، پێویستە توخمی چاکەی تێدا بێت. گوڵێک، یان دارێک، بۆ ئەوەی بمێنێ، جوان دەنوێنێ، بەدوای ئەو شتانەدا دەگەڕێ کە بۆ مانەوە و باشتربوونی ژیانی بەسوودن. دارگوڵ، گوڵ دەگرێ، بۆنی دڵگیر و خۆش بڵاو دەکاتەوە، بە دیمەنی جوانی، چاو و دەروونمان ڕوون و دڵمان خۆش دەکاتەوە. دارمیوە، بۆ ئەوەی بەردەوام بێت، سەرەتا گوڵووک دەگرێ و خۆی جوان دەردەخات، دواتر گوڵووکەکە دەگۆڕێ و دەبێتە میوەی جوان و بەتام و بەسوود، کە مرۆڤ، سروشت، باڵندە، ئاژەڵ و زیندەوەر سوودی لێ دەبینن. تەنانەت ئەو ئاژەڵ و زیندەوەرانەی زیان بە مرۆڤ دەگەیێنن، لە توخمی چاکە بێبەش نین، دەشێت لە بواری تردا، سوودیان هەبێت، بۆ نموونە پاراستنی سیستمی ئێکۆلۆجی، یان ڕێگرتن لە زۆربوونی بێسنووری هەندێک زیندەوەر و ئاژەڵی زیانبەخش. ئەریستۆ تالیس دەڵێت: (جوانی هەمیشە باشە.) مرۆڤیش وەکوو هەموو دیاردەکانی تری سروشت، بەڵام بە پشتبەستن بە عەقڵ ئەزموونی خۆی و کەسانی تر، ئامانجی ئەوەیە چۆن بژی. هیچ شتێک، بۆ هەر گیاندارێک، لەوانە بۆ مرۆڤ لە ژیان گرینگتر نییە، ژیان چاکە بۆیە جوانە، یان جوانە، چونکە چاکە. ژیان تاکە سەرمایەیەکە بە هیچ شتی دنیا قەرەبوو ناکرێتەوە.
بزووتنەوەی چەکداریی کورد، بەپێی لۆجیک هەر دەبوو شکست بێنێت، چونکە ئەو بزووتنەوە چەکدارییە، توخمی چاکی لەگەڵ خۆیدا هەڵنەگرتبوو. هیچ دیاردەیەکی سروشت و کۆمەڵ، بەم حوکمڕانییەی ئێستاشەوە، ناتوانێت تاسەر بەردەوام بێت، ئەگەر پڕی توخمی چاکە و ئامانجی چاکەخوازی و چاکەویستی نەبێت.

 

بە ڕای من سەرەتای ئاشبەتاڵی بزووتنەوەی چەکداریی ئەیلوول، لەگەڵ یەکەم گوللەی شەڕی ناوخۆ، دەستی پێ کرد. لەو ساڵە سەختانەی سەرەتای شەڕدا، مردن و بێهیوایی وەکوو تارماییەکی ڕەش و ترسناک، بە قەڵادزێ و کوردستاندا دەسووڕانەوە. چارەنووسی هەمووان نادیار بوو. کاتێک ژیان لەناو شەڕ و لەبەردەم مەترسیی مردندا، مانا و بایەخی خۆی لەدەست دەدات، مرۆڤ بیر لە خۆپاراستن و دەربازبوون دەکاتەوە. هەڵاتنی فیزیکی، یان ڕۆحی، دەتوانێت ڕێگەچارەیەک بێت. هەندێک جار بیرکردنەوە و ئەزموون، یان خێزان و کەسانی دەوروبەر، کۆمەک بە مرۆڤ دەکەن، تاکوو ڕێگەی دەربازبوون بدۆزێتەوە. لەوانەشە غەریزەی مانەوە و درێژەدان بە ژیان، کە لە تەنگانەدا کۆمەک بە مرۆڤ دەکات، بتوانێت میکانیزمی خۆدەربازکردن بۆ کەسەکە دیاری بکات. لە دەمی گەڕان بەدوای ڕێگایەکدا، ئەوەی گرینگە یەکەم هەنگاوە کە دەشێت چارەنووسی کەسەکە دیاری بکات. لەمەش گرینگتر ئەوەیە، ئەگەر ئەو کەسە ساتمەی برد و کەوت، هەستێتەوە و هەنگاوی دووەم بنێت...

 

لەو دۆخە سەختەدا، یەکەم هەنگاوی من بەرەو کتێب بوو. لەبەر بێزاربوون لە شەڕ، کوشتن و تاوان، نامۆبوون بە دەوروبەر و کۆمەڵ، پەنام بۆ دنیای کتێب، شیعر و ئەدەبیات برد. بەدوای دنیایەکی جیاوازدا دەگەڕام، کە ئارامی و ئاسوودەییم پێ بدات. نەمدەتوانی خۆم لەگەڵ دەوروبەر و کۆمەڵ بگونجێنم، لەوەش لاوازتر بووم، کە بەرەنگاریان ببمەوە. بۆیە نامۆیانە هەوڵم دەدا، بە خەیاڵ لێیان ڕابکەم و پەناگەیەک بدۆزمەوە.
خوێندنەوەی زۆر و بەردەوام، بە لای زۆرەوە، مرۆڤ بەرەو نووسین دەبات. نووسین بەبێ خوێندنەوە، کەم و کورتاخەیەن و ساکار دەبێت. بۆیە خوێندنەوە تەواوکاری نووسینە. دابڕان لە خوێندنەوە، دابڕانە لە نووسین. ئەو نووسەرانەی بابەتی کاڵوکرچ دەنووسن، یان توانای نووسینیان نامێنێت، زۆر کەم دەخوێننەوە، یان وازیان لە خوێندنەوە هێناوە. نووسەری ناسراوی پورتوگالی، وەرگری خەڵاتی نۆبل، خۆسێ ساراماگۆ دەڵێ: (یەکەمین توانایەک، کە مرۆڤ پێش مردن لەدەستی دەدات، توانای خوێندنەوەیە.) ئەو قسەیەی ساراماگۆ بۆ نووسەر، دوو جار دروستە.

خوێندنەوەی زۆر و ژیان لەگەڵ کتێبدا، هەست و خەیاڵیان جووڵاندم، هزر و بۆچوونی نوێیان لا دروست کردم، فێری ڕامانیان کردم و بەرەو پرسین و نووسینیان بردم. وێڕای شیعر، هەوڵم دەدا وتاری جۆراوجۆر و چیرۆکیش بنووسم، بەڵام لە خۆمم ڕانەدەبینی، بڵاویان بکەمەوە. سەرەنجام ئەو ڕۆژە هات، یەکەم وتارم بۆ ڕۆژنامەی هاوکاری بنێرم. نووسینەکە لەبارەی مێژوونووس مامۆستا محەمەدئەمین زەکی بوو، کە لە تەمووزی ١٩٧٠ لە ڕۆژنامەی هاوکاریدا بڵاو کرایەوە، دوای ئەوە وتارێکم لەبارەی مێژووی ناوچەی پشدەر و چەند وتارێکی ئەدەبیم، لەوێ و لە شوێنی تردا، بڵاوکردنەوە.

ئاداری ١٩٧٠، ڕێکەوتنی ئاشتی لە نێوان حکومەتی عێراق و سەرکردایەتیی بزووتنەوەی کورددا، ڕاگەیەندرا. بەپێی ڕێکەوتنەکە، مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد، لە عێراق سەلمێندرا. دوای نۆ ساڵ شەڕ و خوێنڕشتن، ئاشتی و ئارامی بۆ کوردستان گەڕانەوە. ساڵێک پێش ئەو ڕێکەوتنە، سەرەتای هەندێک چالاکیی ڕووناکبیری لە کوردستان، سەری هەڵدابووەوە و دواتر پەرەی ستاند. ساڵی ١٩٦٩ یەکەم زانکۆ لە کوردستان -زانکۆی سلێمانی- کرایەوە، کە هیوایەکی ڕووناکبیری و ئەکادێمی لەگەڵ خۆیدا هێنا. یەکێتیی نووسەرانی کورد، کۆڕی زانیاریی کوردی و کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کوردی لە بەغدا، دامەزرێندران. گۆڤاری ڕزگاری، هەفتەنامەی هاوکاری، گۆڤاری بەیان، دواتر برایی، بیری نوێ، ڕۆشنبیریی نوێ و چەند بڵاوکراوەی تری ئەدەبی و کولتووری، پەخشکران.

حیزبی بەعس، کە دوو ساڵێک بوو بە کودێتایەکی سەربازی دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتبوو، هێشتا لاواز بوو، نەیتوانیبوو ژیانی ڕووناکبیری و ئەدەبی کۆنتڕۆڵ بکات و ئایدیۆلۆجیا، دەسەڵاتی سیاسی و ڕووناکبیریی خۆی بسەپێنێت. هێشتا ئازادییەکی زۆر لە عێراقدا هەبوو. بیری ئازادیخوازی، سۆسیالیستی و مارکسی، لە عێراق و دنیادا، بەهێز و بڵاو بوو. ئازادیی نووسین و دەربڕین، تا ڕادەیەکی باش هەبوون، ڕووناکبیران ڕۆڵیکی فیکری و کولتووریی دیاریان لە کۆمەڵدا هەبوو. شاری بەغدا ناوەندی ئەدەبی و کولتووریی عێراق بوو، تەنانەت گۆڕدرا بوو بە ناوەندی ئەدەبی و ڕووناکبیریی کوردی، نزیکەی هەموو گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان، لەوێ دەردەچوون و دامودەزگا کولتوورییە کوردییەکان لە بەغدا بوون.
لەو کەشوهەوا ڕووناکبیری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا، پایزی ١٩٧٠ لە قەڵادزێی کەنارخراو و لە دونیا دابڕاوەوە، کە تەنانەت خوداش لەبیری کردبوو، چوومە بەغدا و لە بەشی کوردیی کۆلێجی ئاداب، دەستم بە خوێندن کرد. لە بەغدا وەکوو قوتابی و دواتریش ڕۆژنامەنووس، کە لە بیری نوێ (الفکر الجدید) کارم دەکرد، جێگیر بووم و تا ئەیلوولی ١٩٧٨ کە چوومە دەرەوەی وڵات، لەوێ مامەوە.

2
لەو ساڵەدا بزووتنەوەیەکی نوێی ئەدەبی، ڕووناکبیری و هزری، لە کوردستاندا دەستی پێ کرد. لە ماوەیەکی کورتدا وزەی ڕووناکبیریی گەلی کورد، کە نۆ ساڵ بوو سەرکوت و خەفە کرابوو، بە گوڕوتینێکی نوێ و ناوەرۆکی نوێوە، لە شێوەی بزاڤێکی ئەدەبی، هونەری و ڕووناکبیریدا، دەرکەوتەوە. نەوەیەکی نوێی نووسەران، هونەرمەندان و ڕووناکبیران، کە لەناو تەپوتۆز و دووکەڵی شەڕی نۆ ساڵەدا گەورە بوو بوون، لە بواری جۆراوجۆری نووسین، ڕۆژنامەنووسی، هونەر و ئەدەبیاتدا دەرکەوتن. ئاشتی و هیوای ژیانێکی نوێ، سەریان هەڵدایەوە. کولتووری شار و داهێنان گەشەیان کرد و بەرەو ئەوە دەچوون، کە جێگای بە کولتووری زەبرپەروەر و بەخوێنئاودراوی شاخ بگرنەوە.
لەو کەشوهەوا نوێیە سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەدا، نوێکردنەوەی ئەدەب و هونەری کوردی، بوو بە پێداویستییەکی ژیانی ئەدەبی، ڕووناکبیری و کۆمەڵایەتی. ساڵی ١٩٧٠، بانگەوازی ئەدەبیی ڕوانگە، کە داوای نوێکردنەوەی ئەدەبی کوردی و داهێنانی ئەدەبیی نوێی دەکرد، بڵاو کرایەوە. بانگەوازەکە لێدوانی زۆری لەبارەوە کرا و بەشێکی نووسەران، بەتایبەتی لاوان، پشتگیریی ڕوانگەیان کرد، بەشێکی تری نووسەران، زۆرینەی ئەدیبانی ساڵانی پەنجاکان و شەستەکان، هەندێک چەپی مارکسی و ماویستی، دژی ڕوانگە وەستان. بەشێک لەو ڕەخنانە پشتیان بە تێگەیشتنێکی میکانیکییانەی ئایدیۆلۆجی دەبەست، کە هەندێک جار تێکەڵ بە کێشەی کەسی دەکرا.
کۆتایی شەستەکان و سەرەتای ساڵی ١٩٧٠، باسی نوێخوازی و نوێکردنەوەی ئەدەبی عەرەبی، لەناو نووسەرانی عێراقی و عەرەبیدا، زۆر  گەرم بوو. پێش بانگەوازی ڕوانگە، ساڵی 1969 كۆمەڵێك نووسەری گرینگی عێراقی «فازیل ئەلعەزاوی، فەوزی كەریم و سامی مەهدی و خالید عەلی مستەفا» بانگەوازی ئەدەبییان بەناوی «بانگەوازی شیعر ٦٩» بڵاو كردەوە. ئەو بانگەوازە، لەڕووی ئەدەبی و فیكرییەوە، لە بانگەوازەکەی گرووپی ڕوانگە ئەدەبیتر و قووڵتر بوو. ئەوان داوای گۆڕینی شیعری عەرەبی و داهێنانی ستایلێکی نوێی شیعرییان دەکرد. گۆڤارێکیان بەناوی (شیعر ٦٩) دەردەکرد.

 

 

پێش ئەوانیش، لە سەرەتای شەستەكاندا، کۆمەڵێک شاعیری نوێخوازی عەرەب لە لوبنان، لەوانە ئەدۆنیس، ئەنسا ئەلحاج، خەلیل ئەلخووری و هەندێکی دی، کە ئاگاداریی بزاڤە ئەدەبی و هونەرییەکانی ئەوروپا بوون، كارێكی لەو شێوەیان كردبوو، هەروا گۆڤارێکی ئەدەبیی گرینگیان بەناوی (الشعر) بڵاو دەکردەوە. دواتر بانگەوازی تری ئەدەبی بڵاو کرانەوە. زایەڵەی نوێخوازی و بەرهەمی ئەدەبیی بەشێکی نووسەرانی عەرەب، گەیشتبوونە کوردستان. لەپاڵ ڕوانگەییەکان نووسەر و شاعیری دیش هەبوون، کە داوای نوێکردنەوەی ئەدەبی کوردییان دەکرد و هەوڵیان دەدا، کە بە شێوازی جیاواز و نوێ بنووسن. من بەشێک نەبووم لە ڕوانگە، بەڵام ڕوانگە و کار و بەرهەمەکانی ڕوانگەم، بە باش دەزانی و پشتگیریم دەکرد. دۆستایەتیی گەرم و هاوڕێیانەم لەگەڵ هەموویاندا هەبوو. زۆر کەس منیان بە یەکێک لە ڕوانگەییەکان دەزانی. ساڵی ١٩٧١ لە ژمارەی دووەمی گۆڤاری ڕوانگەدا، کە تەنیا سێ ژمارەی لێ دەرچوو، شیعرم بڵاوکردەوە.
پایزی ساڵی ١٩٧٢، یان ١٩٧٣ ڕوانگەییەکان کۆڕێکی فراوانیان لەبارەی ئەدەبی کوردیی لە بەغدا ساز کرد، کە کۆمەڵێک باس و لێکۆڵینەوەی گرینگی لەبارەی نوێبوونەوەی شیعر و ئەدەبی کوردی تێدا پێشکەش کران. لەوانە مامۆستا حسێن عارف، شێرکۆ بێکەس، جەلال میرزا کەریم، ئەنوەر قادر محەمەد، عەبدوڵڵا عەباس، سەڵاح شوان و نووسەری تریش، کە بەداخەوە ناوی هەموویانم لەبیر نین، بەشدار بوون. منیش باسێکم لەبارەی ڕەخنەی شیعری کوردی پێشکەش کرد.
بانگەوازی (ئەی قەڵەمە نەترسەکان یەکگرن) کە کێشەی گەورەی نایەوە، دەستپێشخەرییەکی گرینگی ڕوانگەییەکان بوو. بانگەوازەکە لە دژی هەندێک مەلای کۆنەپەرست و شەڕفرۆش نووسرابوو، کە لە بڵندگۆی مزگەوتەکانەوە بە ناوی ئایینەوە، شاڵاوێکی فراوانیان لە دژی ژنان و ماف و ئازادیی ژن، دەست پێ کردبوو. بانگەوازێک، ڕۆژی هەشتی ئایاری ١٩٧١، لە ژمارە ١٧ی ڕۆژنامەی هاوکاریدا، بە ناوی ئەم نووسەر و هونەرمەندانە بڵاو کرایەوە: شێرکۆ بێکەس، حسێن عارف، جەلال میرزا کەریم، کاکەمەم بۆتانی، تاهیر ساڵح سەعید، سەڵاح شوان، عەبدوڵڵا عەباس، ڕەفیق سابیر و ئەحمەد سالار.

 

بانگەوازەکە، کاردانەوەی چاوەڕواننەکراوی بەدوای خۆیدا هێنا. ئەو مەلا کۆنەخوازانە، هێرشی توندیان دژی ئێمە دەست پێ کرد. تۆمەتی ناڕەوایان دایە پاڵ ئێمە، کە گوایا بە هاندانی حکومەتی عێراق، ئەم کارەمان کردووە. کێشەکەیان گەیاندە لای مەلا شیعەکانی نەجەف و کەربەلا و مەلا مستەفای بارزانی، داوای سزادانی ئێمەیان دەکرد. لە بەرانبەر ئەواندا، بە سەدان لایەنگری بانگەوازەکە، کە زۆرینەیان ڕووناکبیر، گەنج و قوتابی بوون، بە نامە پشتگیریی خۆیان بۆ بانگەوازەکە، بۆ ڕۆژنامەی هاوکاری نارد.
ئەم کێشەیە چەندان هەفتەی خایاند، سەرەنجام جەنابی موفتیی هەولێر- موفتی ڕەشاد فەتوایەکی دا، کە ناوەرۆکەکەی ئەوە بوو، بانگەوازی قەڵەمە نەترسەکان دژی ئایینی ئیسلام نییە. ئەمەیش کۆمەکی زۆری بە ئارامکردنەوەی دۆخەکە کرد. من لە شوێنێکی تریش وتوومە کە: هەر ئایینێک، هەر هزر و فەلسەفەیەک، چەند مەزن بن، سەرەنجام هێندەی سەری ئەو کەسانەیان لێ دێت، کە پێڕەوی دەکەن. لەناو سەری گەورە و ڕووناک و کراوەدا ئایین، فەلسەفە و هزر، گەورە و ڕووناک و مرۆڤدۆستانە دەنوێنن، لەناو سەری بچووک و پووت و تاریکیشدا، هێندەی ئەو سەرانەیان لێدێت.

لەو دۆخەدا ئێمە هەموومان، بە ڕادەی جۆراوجۆر نیگەران بووین و نەماندەزانی ئەم پەلامار و تۆمەتانە بە کوێ دەگەن و چۆن دواییان دێت! لەناو ئێمەدا، کاک شێرکۆ، لە هەموومان نیگەرانتر بوو. چونکە ئەو پێشتر پێشمەرگەی پارتی بوو، لە کێشە و شەڕی نێوان مەلایی و جەلالیدا، پشتگیریی پارتی کردبوو، تەنانەت شیعری لە دژی جەلالییەکان نووسیبوو. بۆیە زۆر مەبەستی بوو، پەیوەندیی خۆی لەگەڵ پارتی بپارێزێت. لەو کەشوهەوایەدا، کاک شێرکۆ بە پەلە هۆنراوەیەکی زۆر کورتی بۆ بارزانی نووسی، کە نۆ دێڕ بوو: (ئەمانەوێی ئەمانەوێی، هەر بۆ مەرگ نامانەوێی، ئەی بارزانی). پێش بڵاوکردنەوەی شیعرەکە، لاپەڕەی ئەدەب و هونەری هاوکاری، کە شاعیر جەلالی میرزا کەریم بەرپرسی بوو، چاوپێکەوتنێکی خێرای لەگەڵ کاک شێرکۆدا ساز کرد، کە زیاتر بۆ ئەوە ڕێک خرابوو ستایشی مەلا مستەفا بکات و هەواڵی نووسینی شیعرەکەش بڵاو بکاتەوە. لە چاوپێکەوتنەکەدا، کە ڕۆژی چواری ئەیلوولی ١٩٧١ لە ژمارە ٣١ی هاوکاریدا بڵاو کرایەوە، بە مەبەست پرسیارێکی زۆر سەیر و بێوێنە لە کاک شێرکۆ دەکات و دەڵێت:

 

(جێگەی سەرۆک بارزانیی تێکۆشەر، لە بەرهەمەکانتا و بەتایبەتی لە هۆنراوەکانتا چۆن دیاری ئەکەن؟)

کاک شێرکۆ لە وەڵامدا دەڵێت: (ئەمەوێ پێشەکی ئەوە بڵێم کە: سەرۆکی نەبەرد و ڕۆڵەی تێکۆشەری کورد بارزانی، بە هیچ جۆرێک لە شۆڕشی نەتەوەکەمان جیا ناکرێتەوە، بەڵکوو بە بڕوای من، بارزانی و شۆڕش، شۆڕش و بارزانی، یەک واتە ئەبەخشن، لە هەر کاتێکا ئەو بەرهەمانەی لە ئەدەبا و کە پەیوەندییان بە شۆڕشی کوردەوە هەیە، ئەیهێنمە کایەوە، لە کاتی لەدایکبوونیانا، لە گەرمەی ژانی هەڵچوونیانا، وێنەی زیندووی سەرۆک بارزانیم لە بەرچاوە و لە باڵا و ئاوێنەی هۆشما، لە هاتوچۆکردندایە. من هەر بەرهەمێ کە بۆ شۆڕشم وتبێ، واتا بۆ سەرۆک بارزانیشە، وە ئەمە لە ناخی دڵمەوە سەرهەڵئەدا. چەند ڕۆژێکە لەگەڵ هۆنراوەیەکی تازەما ئەژیم کە هێشتا ژانی لەدایکبوونی تەواو نەبووە، یەکێک لە کۆپلەکانی ئەم هۆنراوەیە بۆ سەرۆک بارزانییە.)

 

دوای ئەوە کاک شێرکۆ کۆپلەی هۆنراوەکە دەڵێ:

(بەقەد ڕقی شمشێری ناو چاوی ئەوان
خۆشمان ئەوێی
ئەمانەوێی
وەک گوللە بۆ چەکەکانمان
وەک باران
بۆ کێڵگەکانمان
وەک بەفر بۆ چیاکانمان
هەر بۆ مەرگ نامانەوێی
ئەی بەرزانی.)[1]


کاک شێرکۆ ئاماژە بەوە دەدات، کە هۆنراوەکەی کارتێکردنی هۆنراوەیەکی مەحموود دەروێشێ پێوەیە. کەچی هەندێک نووسەر پێیان وابوو، هۆنراوەکە لاساییکردنەوەی هۆنراوەیەکی شاعیری فەلەستینی مەحموود دەروێشە، کە دوای مردنی جەمال عەبدولناسر بۆ ئەوی نووسیوە. وەکوو لەبیرم بێت وتارێک لەو بارەیەوە نووسرا.
دوای ئەو چاوپێکەوتنە هەمان هۆنراوە، لەگەڵ پێنج کورتەهۆنراوەی تردا، بە ناوی (شەش وێنەی نەگیراو)، لە ژمارە سێ و چواری ئاب و ئەیلوولی ١٩٧١ی گۆڤاری ڕۆژی کوردستاندا، بڵاو کرایەوە. پێنج هۆنراوەکەی تر، هیچ پەیوەندییان بەو کورتەشیعرەوە نەبوو، کە بۆ بارزنی نووسرا بوو.
کاک شێرکۆ دواتر ئەو شیعرە نۆ دێڕییەی درێژ کردەوە و لە دیوانەکەیدا کردییە ٦١ دێڕ. لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە، کاک شێرکۆ بۆ پاکانەکردنی ئەم شیعرە، لە دیوانەکەیدا نووسیویەتی گوایا ئەم شیعرەی بەدوای پیلانی کوشتنی بارزانیدا نووسیوە کە ڕۆژی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧١ ڕووی داوە. کەچی شیعرەکە ٢٥ ڕۆژ پێش ئەو پیلانە، لە چواری ئەیلوولی ١٩٧١ لە ژمارە ٣١ی هاوکاریدا بڵاو کراوەتەوە. سەرکردایەتیی هەرێمیی حیزبی بەعس ڕۆژێک پێشتر، لە ٣٠ ئەیلوولدا، برووسکەیەکی تایبەتی بۆ بارزانی نارد، کە ناڕەزایی بەرامبەر بەم کارە دەربڕیوە.[2]

 
کاک شێرکۆ لە دیوانەکەیدا لەبارەی کاتی نووسینی ئەم شیعرە نووسیویەتی: (هەر بەدوای ئەو پیلانە دزێو و نەفرەتەی کە ڕێژیمی تاوانکاران، بۆ هەوڵی لەناوبردنی خوالێخۆشبوو "بارزانی" گێڕایان، هێشتا بۆنی بارووتی ئەم ڕووداوە نەڕەویبۆوە، یەکدوو کۆپلەی ئەم شیعرەم نووسی و بە کوردی و عەرەبیش بڵاوبوونەوە. ئەوەی من لەم شیعرەدا دەرمبڕیوە، هەر ئەو ئەوین و ڕق و خۆزگە و ئومێدانە بوون کە لە دەروون و گیانی زۆربەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا و لەو سەردەمەدا پەنگیان خواردبۆوە. شیعریش ئاوێنەی ڕۆژگاری خۆیەتی.)[3] دوای ئاشبەتال، کاک شێرکۆ لە قەسیدەی کۆچدا، بە توندی هێرشی کردە سەر مەلا مستەفای بارزانی. لەناو شاعیرە گەنجە نوێخوازەکانی ئەو ساڵانەدا، ئەوەندەی ئاگاداربم عەبدوڵڵا پەشێویش کە پێشتر لەگەڵ باڵی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، دوای ١١ی ئازار شیعری بۆ ستایشی مەلا مستەفا نووسیوە.

ئەم ئەزموونەی کاک شێرکۆ، ڕەنگە بۆ ئەو تاڵ بووبێت، بەڵام بۆ شاعیرانی دوای خۆی، دوو جار بەسوودە.

یەکەم: نووسینی شیعری ستایشئامێز لەبارەی سەرکردەی سیاسی، کە هێشتا لە ژیاندایە کاری شاعیری داهێنەر نییە.

دووەم: ئەگەر ئەو شاعیرە بە هەر مەبەستێک ئەم کارە نەشیاوە بکات، هەوڵ نەدات بە کارێکی نەشیاوتر پینەی بکات!

هونەرمەند چارلی چاپلین، کاتێک سەردانی گاندی دەکات، گاندی دەستی چاپلین ماچ دەکات. چاپلین پێیدەڵێت:
مۆڵەتم پێ بدە منیش دەستت ماچ بکەم.
گاندی دەڵێ:
نا، نابێت هونەرمەند تا ئەو ڕادەیە، لە کەسی سیاسی، دڵنیا بێت.

 

3
ناوەڕاستی ئابی ١٩٧٢، لە ڕۆژنامەی بیری نوێدا، ئێواران دەستبەکار بووم. لە سەرەتادا هەر کارێکی پێویست بووایە دەمکرد: هەڵەگری، گۆڕینی ڕێکلام و کورتەنووسین لە عەرەبییەوە بۆ کوردی، سەرپەرشتیی دیزاین و چاپکردنی ڕۆژنامەکە، کە بەیانیانی سێشەممان دەکەوتە بازاڕ. لەپاڵ ئەم کارانەدا، هەندێک جاریش نووسین و بابەتی ئەدەبیی خۆم و تەرجومەکراوم بڵاو دەکردەوە. ساڵێک دواتر بوومە بەرپرسی بەشی ئەدەب و هونەری ڕۆژنامەکە. ئامادەکردن و بەپێزکردنی لاپەڕەکە، بە بەرهەمی گرینگی ئەدەبی و هونەری، بوونە ئامانجی سەرەکیی من، بەڵام وەکوو جاران سەرپەرشتیی دیزاین و چاپی ڕۆژنامەکەشم دەکرد.
بەشی ئەدەب و هونەر بەو ئامانجە بوو، بەشداریی پێشخستنی بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی كوردی بكات، هوشیارییەكی پێشکەوتنخوازانە و نوێی هونەری و ڕووناکبیری بڵاوبکاتەوە. لە سەرەتاوە هەوڵم دا تۆڕێکی پەیوەندیی فراوان لەگەڵ نووسەران و شاعیرانی کورد پێک بهێنم، بۆ ئەوەی لە پێشخستنی لاپەڕەکەدا بەشدار بن. زۆری نەبرد لاپەڕەی ئەدەب و هونەر، بوو بە شوێنێكی باش و گونجاو، کە نووسەران بیروڕا و داهێنانی ئەدەبیی خۆیانی تێدا بخەنەڕوو. دەیان لێكۆڵینەوە، وتاری ئەدەبی، هونەری و ڕەخنەی سەركەوتوو، هۆنراوە و چیرۆكی داهێنەرانە، لە لایەن نووسەرانەوە، بۆ لاپەڕەکە دەهاتن و بڵاو دەکرانەوە.
شاعیر و نووسەرە لاوەكان، شوێنێكی گرینگیان لە لاپەڕەكەدا گرتبوو، بایەخێكی تایبەتی بە بەرهەمەکانیان دەدرا. چەندان شاعیر و چیرۆكنووسی لاو، یەکەمجار لە ڕێگەی ئەم لاپەڕەیەوە، بەهرە و توانای داهێنانی خۆیان، دەرخست و بە خوێنەران ناسێندران، دواتریش بەشێکیان گەشەیان بە داهێنانی خۆیان دا و وەکوو نووسەر و شاعیر بەردەوام بوون.

 

بەشێکی تری کار و ئەرکی ڕۆژنامەی کولتووری، یان بەشی ئەدەبیی هەر ڕۆژنامەیەک، ئەوەیە کە بەرهەمی نوێی ئەدەبی و هونەری، بە جۆرێکی ئۆبجێکتیڤانە و بەرپرسانە، بە خوێنەرانی بناسێنێت. ئێمە بایەخێکی تایبەتمان بەم لایەنە دەدا. لە لاپەڕەی ئەدەب و هونەردا، دەیان نووسین و وتاری ڕەخنەیی لەبارەی کتێب و بەرهەمی نوێی هونەری و ئەدەبی نووسران. بەشێکی ئەو نووسین و وتارانە، من وەکوو بەرپرسی لاپەڕەکە، نووسیمن، چونکە بە گرینگم زانیوە، خوێنەر زانیاریی لەبارەیانەوە هەبێت، هان بدرێت بەدوایدا بگەڕێت و ئاگاداریی کتێبی باش بێت. هەندێک جار ئەم جۆرە نووسینانەمان، لە لایەن نووسەری ترەوە بۆ هاتووە، هەندێک جاریش پێشنیازم بۆ نووسەرێک کردووە، کە لەبارەی ئەم، یان ئەو کتێب وتارێکمان بۆ بنووسێت، بۆ ئەوەی لە دیدی نووسەرانی جۆراوجۆرەوە، کتێبەکان هەڵسەنگێندرێن.
 ئەو ساڵانەی لە بەغدا ژیام و لە بیری نوێدا کارم دەکرد، تا ئەو کاتە گرینگترین و خۆشترین ساڵانی ژیانم بوون، هەموو کاتی خۆم بۆ خوێندن، فێربوون، خوێندنەوە و نووسین، کاری ڕۆژنامەوانی و دیارە دڵداریکردنیش تەرخان کردبوو.

لە بەغدا هەموو دەرفەتێک ڕەخسابوو، بۆ ئەوەی مرۆڤ، ئەگەر مەبەستی بێت، خۆی و شاڕێگای ژیانی خۆی بدۆزێتەوە. بەغدا سەنتەری ڕۆشنبیریی کوردی بوو. ئەو ساڵانە زۆر دڵم بە بەغدا دەکرایەوە و هەستم بە ئارامی و ئاسوودەیی دەکرد و بایەخم بە کارەکەم دەدا. هەستم دەکرد لە ڕەوشی کاردندا گەشە دەکەم، پێش دەکەوم، زانیاری و ئەزموونم زیاتر و ئاسۆی بیرکردنەوەم بەرینتر دەبن. لەو هەشت ساڵەی لە بەغدا بووم، گۆڕانی بنەڕەتی لە ژیانی مندا ڕوویان دا. ئەو سەردەمە بناخەی کەسایەتیم وەکوو شاعیر و نووسەر داڕێژرا، تێڕوانینی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیم بۆ ژیان، ژن، مرۆڤ و کۆمەڵ، ڕوونتر و سەقامگیرتر بوون. من کە تا ئەو کاتە لەسەر زەمینەی ئەدەبی نووسراو و زارەکیی (فۆلکلۆری)ی کوردی، شیعری کلاسیک وەکوو نەمام باڵام کردبوو، ئاوێزانی ئەدەبی نوێی بیانیی بووم و ئەزموونی شیعری و ئەدەبی و شێوازی بیرکردنەوەم گەشەیان کرد. ئەم گۆڕانکاری و گەشەکردنە، بە زەقی لە هۆنراوەکانی ئەو سەردەمە و لە چەندان وتار و ڕەخنەی ئەدەبی و نووسینی تردا دەردەکەون، کە لە حەفتاکان بڵاو کرانەوە. نزیکەی هەموو ئەو نووسینانە، لەگەڵ چەند نموونەیەکی هەڵبژاردەی شیعری ئەو سەردەمەم، لەم کتێبەدا کۆ کراونەتەوە. بەڵام بەرهەمە شیعرییەکانی ئەو ساڵانەم: پشکۆکان دەگەشێنەوە، ڕێژنە، بەشێکی کۆمەڵەهۆنراوەی سووتان لەبەر باراندا، لە دیوانەکەمدا، بڵاو کراونەتەوە. ئەو ساڵانە شاری بەغدا لە هەموو ڕوویەکەوە لە گەشەکردن و گەورەبووندا بوو. خۆماڵیکردنی نەوت و ڕاگرتنی شەڕ دژی گەلی کورد، ژیانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، خوێندەواری و کولتووریی لە بەغدا و زۆر ناوچەی عێراق، بە کوردستانیشەوە گەشە پێ دا. ئاوەدانی، چالاکیی ڕووناکبیری و خوێندەواری، بەغدای سەردەمی عەباسییەکانی دەهێنایەوە یاد، کە لە کتێبە مێژووییەکاندا باس کراون. دەسەڵات و کولتووری شەڕانی و ئیستیبدادیانەی حیزبی بەعس، تا نیوەی دووەمی حەفتاکان، لاواز بوون. خەڵك تینووی خوێندنەوە و زانین بوون. لەناو ڕووناکبیرانی عەرەبدا دەوترا: کتێب لە میسر دەنووسرێن، لە لوبنان چاپ دەکرێن و لە عێراق دەخوێندرێنەوە.

 

ئاداری ١٩٧٤، چوار ساڵ بەسەر ڕێکەوتنی ١١ی ئاداردا تێپەڕی. سەرکردایەتیی بزووتنەوەی کورد، بێ ئەوەی وتووێژ لەگەڵ بەغدا بکات، یەکسەر وەزیرە کوردەکان و نوێنەرانی خۆی لە حکومەت کشاندەوە. ئەو دەمە هەموو کوردستان بەدەست کوردەوە بوو. دەوڵەتی عێراق بە بێ ڕەزامەندیی سەرانی کورد، نەیدەتوانی لە کورستان هیچ کارێک بکات.  دەتواندرا بە ملیۆن خەڵکی کوردستان بخرێنە سەر شەقامەکان و بە ڕێگای مەدەنی و فشاری جەماوەر، داخوازییەکانی کورد بەسەر حکومەتدا بسەپێندرێن. بەڵام بارزانی هەموو هێلکەکانی خستبووە سەبەتەی ئێرانەوە. جڵەوی بزووتنەوە چەکدارییەکە، کەوتبووە دەستی ئێران، بڕیاری ئاشتی، یان شەڕ، لەدەستی ئێراندا بوو، نەک سەرکردایەتیی بزووتنەوەی چەکداریی کورد.
دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ، شای ئێران لە پەیامێکی ڕاستەوخۆدا بۆ دەوڵەتی عێراق، زۆر ڕووقایمانە وتی: (ئەو بزووتنەوە چەکدارییە بەلوعەکەی لای منە، کەی بمەوێ دەیگرمەوە، کەی بمەێ دەیکەمەوە.) ئەو قسانەی شا سەلماندی کە ئێران سەرانی بزووتنەوەی چەکداریی کوردی بەگژ حکومەتی عێراقدا کردووە، بۆ ئەوەی بە ناچاری دەستبەرداری بەشێکی ناوچەی (کەنداوی عەرەب) ببێت بۆ ئێران. سەرەنجام بەهاری ١٩٧٥ شای ئێران ئەوەی ویستی بەدەستی هێنا، بەلوعەکەی گرتەوە و ئاشبەتاڵی بە سەرانی بزووتنەوە چەکدارییەکە کرد.

حکومەتی بەعس بڕیاری لێبووردنی گشتیی دەرکرد. دەیان هەزار خێزان، پێشمەرگە، ڕووناکبیر و تێکۆشەری دڵشکاو، سەرکز و بێهیوا لە کامپەکانی ئێران و شاخەوە، ڕووت و برسی، گەڕانەوە عێراق. بەشێکی ئەو خێزان و کۆنەسەرکردە سیاسی، سەربازی و ڕووناکبیرانەی گەڕابوونەوە، ڕەوانەی باشووری عێراق کران. هەروا ڕاگوێزانی گوندەکانی کوردستان دەستی پێ کرد. ئەمە ترۆپکی تراجیدیایەک بوو، کە درەنگ، یان زوو دەبوو ڕوو بدات!
بە پەیوەندیی لەگەڵ ئەم ڕووداوانەدا، چەند هۆنراوەیەکم نووسین، لەوانە: هۆنراوەی هۆ داربەڕووە خەمبارەکە، کە مانگی ئابی ١٩٧٥ لە ژمارە ٢٨ی گۆڤاری بەیاندا، بڵاو کرایەوە. هەروەها (ئەم مرۆڤە و خۆشاردنەوە)، کە لەم کتێبەدا هەن.

تا دەهات دۆخی سیاسیی عێراق بەرەو داڕمان دەچوو. سەدام دەستی بەسەر تەواوی دەسەڵاتدا گرتبوو. سەرەتای شەڕ لە کوردستان دەستی پێ کردبۆوە. بەعەرەبکردنی کەرکووک و ناوچەی تر، ڕاگواستنی گوندەکانی کوردستان، فراوانتر کرابوون. تیرۆر، گرتن و لەسێدارەدانی ئەندامانی کۆمەڵە و بزووتنەوەی سۆسیالیست، زۆر دەبیستران. بە کورتی هێزی شەڕ، تیرۆر و وێرانکاری، پەتی پساندبوو. حیزبی بەعس هیچ پێویستیی بە حیزبی شیوعی نەمابوو، کەواتا بۆ ڕێگە بدات ئەو حیزبە، ئازادانە کار بکات، درێژە بە بڵاوکردنەوەی بیر و ئامانجی خۆی بدات، لە هەندێک بواردا ڕەخنە بگرێت و گرفت و سەرئێشەی بۆ زیاد بکات؟! حیزبی بەعس، لە بەهانەیەک دەگەڕا، تاکوو بە تەواوی دەست لە حیزبی شیوعی بوەشێنێت. هاوینی ١٩٧٨ پەلاماری بەعس بۆ سەر حیزبی شیوعی، سەرەتا لە شارەکانی خوارووی عێراق دەستی پێ کرد و دواتر پەرەی ستاند. ڕۆژانە سەدان هاوڕێ دەڕفێندران، ئەشکەنجە دەدران، یان پاکانەیان پێ دەنووسرا. بەعس بڕیاری خۆی دابوو، کەچی سەرکردایەتیی حیزبی شیوعی، نەیدەزانی چی بکات. لەو بارەیەوە، هیچ جۆرە ڕێنمایی و بڕیارێکی ڕوونی نەبوو. یەک لەدوای یەک ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی، عێراقیان بەجێ دەهێشت، یان خۆیان دەشاردەوە.
لەو ڕۆژە تەماوی و درێژانەدا، کە چارەنووس بە ڕێکەوت و چاوەڕوانی سپێردرا بوو، زۆر جار لە خۆم دەپرسی: ئایا دەتوانم بەرگەی ئەشکەنجەی جەستەیی، دەروونی و سووکایەتیی زیندان بگرم؟ بیرم لەوە دەکردەوە کە ئەو ئەشکەنجە و لێدان و سزایە، تەنیا پەیوەندیی بە ئازادی و ژیانی منەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندیشی بە ئازادی و ژیانی کەسانی تر و خێزانەکانیانەوە هەیە. لە خۆم دەپرسی: ئایا دەتوانم لەژێر ئەشکەنجەدا خۆم بگرم، یان لە ساتێکی لاوازیی ئینسانیدا، دەرووخێم و پاکانە دەکەم؟ ئایا مافی ئەوەم هەیە، کە لەپێناو خۆدەربازکردن و پاراستنی جەستە و ژیانی خۆمدا، هاوڕێکانم بەرەو سزای لەدەستدانی ئازادی و ئەشکەنجە و تەنانەت مردن بەرم؟
لە گەرمەی ئەو بیرکردنەوە و خەیاڵانەدا، هاوڕێ محەمەد کەریم فەتحوڵڵا، کە بەرپرسی بیری نوێ بوو، پێی وتم: (بڕیار دراوە بۆ خوێندن بچم بۆ بوڵگارستان.) پاسپۆرتم هەبوو، بە پەلە خۆم ئامادە کرد و ئێوارەی هەشتی ئەیلوولی ١٩٧٨ بۆ خوێندن بەرەو فڕینگەی بەغدا بەڕێکەوتم. باوەڕم نەدەکرد، کە دوای چەند سەعاتێک، لە مەترسیی گرتن و ئەشکەنجەدان ڕزگار دەبم.

 

ئەو ئێوارەیەی لەدوای خۆم بەغدا و بیری نوێ و خۆشەویسترین ئازیزم بەجێ هێشت، کە پلانی پێکەوەژیانمان دانابوو، نەمدەزانی ئەو سەفەرکردنە ژیانی من بە جۆرێک هەڵدەگێڕێتەوە، کە قەت وەکوو خۆی لێ نایەتەوە. نەمدەزانی تا هەتایە دڵخوازەکەم لەدەست دەدەم، جارێکی دی چاوم بە دایکم ناکەوێتەوە و سێ مانگ دوای مردنی، لە پێشمەرگایەتیدا، بە ڕێکەوت هەواڵی مەرگی دەبیستم. نەمدەزانی جارێکی تر قەڵادزێی جاران نابینمەوە و یادەوەرییەکانی منداڵی و مێرمنداڵییم، لەژێر کەلاوەکانیدا دەنێژرێن. نەمدەزانی و نەمدەزانی وەکوو نەمامێکی لە ڕەگەوە هەڵکەندراو، ناتوانم جارێکی دی لە وڵاتی خۆم -کە قەت نەبۆتە وڵاتی من- بڕوێمەوە.

(خوێنەرانی کولتوری زەمەن ئاگاداردەکەینەوە، سبەی شەو بەشی دووەمی ئەم نووسینەی د. ڕەفیق سابیر بڵاودەکەینەوە)

[1]- بڕوانە: ڕۆژنامەی هاوکاری، ژ.٣١، ٤ی ئەیلوولی ١٩٧١، لاپەڕەی ئەدەب و ژیان.
[2]- بڕوانە: ڕۆژنامەی هاوکاری، ژ.٣٥، ڕۆژی ٢ی تشرینی دووەمی ١٩٧١. سەروتاری ئەو ژمارەیەی هاوکاری-یش لەبارەی ئەو ڕووداوەیە.
[3]- دیوانی شێرکۆ بێکەس- بەرگی یەکەم، سوێد، ٢٠٠٩، ل٣٧٠- ٣٧٣. سوپاسی کاک چالاک محەمەد- بەرپرسی ماڵپەڕی هەواڵنامەی کتێب دەکەم، کە ژمارە ٣٥ی ڕۆژنامەی هاوکاری و بەرگی یەکەمی دیوانەکەی شێرکۆ بێکەسی بۆ ناردم.

 

بانگەوازی (ئەی قەڵەمە نەترسەکان یەکگرن) لە ژ: 17ی ساڵی  1971 y ڕۆژنامەی هاوکاری بڵاوکرایەوە، دەستپێشخەرییەکی گرینگی ڕوانگەییەکان بوو دژی کۆنەپەرست و شەڕفرۆشان!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن