596 کەلتور

کچەکەم نەشتەرێکی کرد بەبیرکردنەوەمدا..

01:23 - 08/05/2022

حسێن لەتیف

 

1

سینەم: کاکە بۆ ناخەوێت؟
من:کچم خەریکی نووسینم.
سینەم: کاکە من ئەزانم ئەو شتانە چۆن دەنووسیت؟
من:چۆن دەینووسم کچەکە؟
سینەم: ئەو کتێبانەی لەم ناوەدا بڵاوتکردونەتەوە، دەیانخوینیتەوە، ئەینا لەخۆتەوە شت نایەت بیرتا بینووسیت!

2
دروست لەم گفتوگۆیەی نێوان خۆم و کچە شەش ساڵانەکەم، خەیاڵم ڕۆشتەوە بۆ لای خوێندنەوە و تێڕامان وەک دوو پێداویستی نووسین.
هەمیشە باوەڕم وابووە خوێندنەوە ڤیتامینی نووسینە،خاوەنی  نووسینە لاوازەکان ،کەم ڤیتامینن.


3

 تێڕامان لە شتەکان و دیاردەکان، لادانی  پەردەیە لە نێوان نیگای نووسەر و شتەکاندا.


4

ئەوەی گرنگە بیرمان نەچێت، خوێندنەوەی زۆر نەمانبات، چونکە مێژووی کتێب هەر چەند کتێبێکە، ئەو چەند کتێبە بخوێنینەوە و ئیتر تێڕامان بکەین، ئەگینا لەناو کتێبەکاندا یان خۆمان ون دەکەین یان نەخۆش دەکەوین. لەو نووسەرانەی  هەم خوێندنەوەیان، پێوە دیارە و هەم تێڕامان، من ئیلیف شافاک و ئەدۆنیسم بەدڵە. ئیلیف لە ڕۆمانی چل ڕێساکەی عەشقدا،  بێئەندازە شارەزای جیهانی عیرفانە، بەتایبەتی ژیانی شەمس و مەولانا. شارەزای سروتە عیرفانییەکانە، ئەو چل ڕێسا لە مەولانا و شەمس وەردەگرێت و زۆر ئەندازەییانە تەوزیف  دەکاتەوە.
 ئەدۆنیس،  قورئان و کەلەپووری شیعری عەرەبی خوێندەوە،  هات  "نەگۆڕ و گۆڕاو"ی نووسی. یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆی ئەو دکتۆرانامەیە، لە پێشەکیەکدا بۆ ئەو کتێبە نووسیوویەتی:( ئەدۆنیس شارستانیەتێکی تری ئیسلامی نیشاندایان پێشتر نەمانناسی بوو) هەر ئەو  ئەندامەی لیژنەکە پێشنیاردەکات ئیتر هەر قوتبییەکی ماستەر و دکتۆرا ویستیان لەسەر  شارستانێتی  ئیسلام بنووسن با ڕاوێژ بە ئەدۆنیس بکەن.

 

5
ئەمساڵ دۆخی خوێندنەوەم خراپ و جیاوازبوو، ژینگەی خوێندنەوەم تێکچوو، چاوەکانیشم یارمەتیدەرم نین، هەر بۆیە زۆر کەممم خوێندەوە،  سەرەتا هەستم بە نیگەرانی کرد، ساڵانێکە من خوێندنەوە بەشێکی گرنگی  کەلتوری  ژیانی منە، وەک چۆن وەرزش  کەلتوری ژیانی هەندێک لەهاوڕێکانمە. بیرم لە هەموو ئەو مەزنانە دەکردەوە نابینان و بوون بە ئەستێرەی دونیای داهێنانی ئەدەبی.  بۆ نموونە ئەبولعەلای موعەڕی، تەها حوسێن، بۆرخێس. لە کوردیشدا، کامیل حەسەن بەسیر.
بیرم لەوە دەکردەوە ژینگە و چانسی  ئەوانم نییە ئەگەر چاوم نەمێنێت چۆن بتوانم بەردەوام بم لەخوێندنەوە؟ ڕاهاتن بە دۆخی نەخوێندنەوەش قورسە. من لە هەموو ئەو زاتە مەزنانەی دونیای ئەدەب بەختەوەر ترم چونکە ئەمڕۆ لەهرچ بوارێکدا بتەوێت چەندین کتێبی دەنگی وانەی فەلسەفی لەلایەن خەڵکانی خۆبەخشەوە ئامادەکراون. دەتوانم سوود لەوان ببینم.
 یەکێک لەو کتێبانەی خوێندمەوە (پرەنسیپە گشتییەکانی زمان )بوو، کتێبێکی سەخت، دەبوو بەردەوام دێڕ بە ماجیک تۆ بکەمەوە، تێبینی بنووسمەوە. دەرەقەتی هاتم. هاوکاتیش  نزیکەی چل موحازەرەم لەبارەی ئەو کتێبەوە گوێ لێگرت. بەڵام کاتێ دەمەوێت بنووسم،هیچشتێک بە بیرمدانایەت یان دەبێت بگەڕێمەوە بۆ کتێبەکە و موحازەرەکان، وەک سینەم وتی یانیش بۆ ماوەیەک دوور بکەومەوە لە خوێندنەوە و تێڕامان بکەم لە هەموو ئەوانەی خوێندوومنەتەوە.


6

کەم دەخوێنمەوە، زیاتر بیر لە وانە دەکەمەوە کە خوێندمنەتەوە. کچە شەش ساڵانەکەم نەشتەرێکی کرد بەبیرکردنەوەمدا..
پرسیاری مناڵ و فەیلەسووف لەیەک نزیکن بەڵام هەموو جارێک نا!

 

 

سینەم و نێرگزی هاوڕێی، لەکاتی وەرگرتن کتێب بە دیاریی

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن