1655 دیمانە

شەڕی کۆڕێ لە زاری سەفین مەلا قەرە یەکێک لە فەرماندە سەرەکیە مەیدانیەکانی شەڕەکە

12:51 - 12/04/2022

زەمەن/دیداری: ڕێبین شەمامکی

سەفین مەلاقەرە یەکێک لە فەرماندە سەرەکیە مەیدانیەکانی شەڕکۆڕێ دەڵێت، ئەگەر هێزەکەمان سەعاتێک تاخیرتر گەیشتبایە مەیدانی شەڕ ، ئەوا شەقڵاوەش دەگیرا و سوپای ڕژێم بەرەو سەرووی شەقڵاوە هەنگاوی دەنا

هێرشی ٤/١١ چۆن بوو؟ کە شەڕی یەکلاکەرەوە بوو، دوژمن ناچار بوو دوای ئەو شەڕە داوای گفتوگۆ بکات؟

سەفین مەلاقەرە: سبەینەیەکی زوو بوو، پێموابوو دەوروبەری سەعات حەوت بوو، ئێمە پێش ئەو رۆژە هێزەکانمان بەدلکرابوو لە پشوو بووین لە ناو شەقڵاوە، چونکە بە نۆرە لەسەر شاخ دەبووین.

کاغەزێکم لە کۆسرەت رەسوڵەوە پێگەیشت، نووسی بووی هێرشێکی توند لەسەر هێزی پێشمەرگەیە دەربەندی کۆڕێش گیراوە، بگە هانایان! ئەو دەم دەنگی تۆپەکان دەگەیشتە شەقڵاوە.

منیش ئاگاداری ( تەحسین کاوانی و عەوڵا بۆر )م کردەوە لەگەڵ تەواوی ئەو پێشمەرگانەی لەناو شەقڵاوە لە پشوو بوون، نزیکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ پێشمەرگە دەبووین.

بەڕێکەوتین، لە لای سەیتەرەی کۆنی شەقڵاوە گەیشتینە (خدر سوارەی) ڕەحمەتی کە فەرماندەیەکی هێزێکی پارتی بوو، پێشمەرگەیەکی برینداری لەگەڵ بوو، بەپێ بەرەو شەقڵاوە دەهاتن، لێمان پرسی ئیخباری ئەو شەڕە  چیە؟ گوتی هەموو شەهید و بریندار بووین، پێشمەرگەش شکایە! (من شایەدی ئەو قسەیەم چونکە خۆم لەو سەیارەدا بووم، کە سەفینی مەلاقەرەی تێدابوو )، ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگەکانی هێزی بارزانی لە ناو  دۆڵەکە بوون و بۆیەش زانیم پارتین چونکە جامانەی سووریان بەستبوو، یەکەم جاریشم بوو ئەو هێزە ببینم، دەیانگوت ئەوە هێزی بارزانە، لە بناری چیاکەی بەری رۆژئاوا ڕووەو شەقڵاوە هەڵدەکشان).

گەیشتینە نزیک گوندی (حوجران) کە هێزەکەی ئێمەیان دیت،  تۆپبارانیان کردین.

( لە ناو ئەو تۆپبارانە خەستەدا دیەمەنی ئەو پێشمەرگانەی شکا بوون و کە سەنگەرەکانیان جێ هێشتبوو ، لەوێوە گوللەی قەنناسمان بۆ دەهات. ئاخر قوڕسە بتەوێ بەو هەورازە ڕکاو ڕک بۆ دوژمن سەرکەویت و سەنگەرەکانی لێ وەربگریتەوە!

پێم وابوو کاک سەفین ئێستا  ئەو لەشکرەی ئەوێ جارێکی دیكە دەباتەوە بۆ شەڕ، کەچی بەیەک کەسی نەگوت بۆ سەنگەرت چۆڵکردوە یان لەگەڵ ئێمە وەرنەوە بۆ هێرشكردنە سەر دووژمن، ئەو قاڵبووی دەیان شەڕی سەخت بووە دەیزانی هێزی شکاوی ورە ڕوخاو بەکەڵکی  هێرش نایەتەوە ( ئەوە یاسای شەڕە و قسەی من نیە )...!

بۆیە لە دۆخێکی وادا ڕۆڵی سەرکردەی مەیدانی لە کاتێکی وا زۆر گرنگە بۆ شەڕ، رژێم پێشڕەوی دەکات و زرێپۆش و دەبابەکان داخیلی دەربەندی كۆڕێ ببوون، کات لە بەرژەوەندی ئێمە نەبوو، ئێمەش ئەگەرچی هێزێکی سایەوە بووین، بەڵام چەکی گەورەمان هەر بیکەیسی و ئاربیجی بوو، لە کۆتاییدا ئەگەر باشترین چەکیشت هەبێ  ئەوەی شەڕی پێ دەکات  فەرماندەی ئازاو ورەی پێشمەرگەیە کە ئەویش دواجار بەندە بە ورەی فەرماندە و چۆن  تەوزیفی دەکات؟

زۆربەی پێشمەرگەکان هی پێش راپەڕین بوون و زۆربەیان لە شاخ  بەرپرسیارێتیان هەبوو، سەفین هاتە خوارێ تەماشایەکی زنجیرەی شاخەکەی کرد، من وام بە خەیاڵ داهات ئێستا کاک سەفین هێلێکی بەرگری لە بەرانبەر پێشڕەویەکانی رژێم دادەنێت، نەک بڕیاری گرتنەوەی  بەرزاییەکان، ( سەفین مەلاقەرە ) لە ماوەی جگەرە کێشانێکدا پاش ئەوەی دڵنیا بوو لەکام ( ڕەبایە - ڕەبییە ) تەقەی لێ نیە نەخشەیەکی سەر پێیی دانا بۆ گرتنەوەی شاخەکە)

چۆن بڕیاری هێرشەکەت دەست پێكرد؟

سەفینی مەلاقەرە : بە تەحسین کاوانی و عەوڵا بۆرم گوت، هێزەکانتان ببەنە  ئەو قۆپەی ئاخیری،  ئەگەر ئەوێ نەگرین ناتوانین  ئەو سەنگەرانە بگرینەوە و بەر لەو هێرشە بگرین، کاتێ  ئەوان سەر دەکەون هێزەکەی ( سەید کاکە )ی هێشتا پێوە مابوون، چونکە هێشتا هێرشەکە نەگەیشتبووە سەنگەری ئەوان. ئینجا پلانمان بۆ رەبیەکانی تر دانا.

لە بەرانبەر حوجرانیش  پێشمەرگەکانم بە دۆڵێکدا سەرخست کە ژمارەیەک پێشمەرگە و خەڵکی تازە چەکداریش تێدابوو ( بەندە لەگەڵ ئەو هێزە بووم  کاک سەفین گوتیە ئێمە بۆ ئەو ڕەبیە سەرکەون و بیگرن،  ئێمەی بۆ ئەوێ بەڕێکرد و خۆی و چەند پێشمەرگەیەک بۆ  لای دەربەندی کۆڕێ شۆڕ بۆوە،  ئێمە گەیشتینە قەدی بەرزاییەکە کەوتینە بەر سێرەی گوللەی دوژمن لە ناو  ئەو سەنگەرەی کە پێشمەرگە  پيشتر چۆڵی کردبوو، وا بۆ گرتنەوەی  هێرش دەبەین، سەنگەرەکە عەدەد قەناسێکی لێ بوو،  نیشانی لێ دەگرتین، ئێمەی لە پێشڕەوی راگرت.

ئەو پێشمەرگانەی لەوێ بوون ئەوەی بیرم مابێت، ( کەمالی کەڕەی ، عومەر ناسر،  حەمە سەدیق هیرانی، جەعفەر مەرزانی، علی عارەب، سیروانە شێت، کریمی وەستا عەلی، شێرزاد تیماری، جومعە مەلاقەرە، رەحمان شێخەڵاسی، نامیق ساقیە، تاریق یەزدین، سەید کەمال،شێروانی برای دکتۆر رەشید، هەمزە دیبەگەیی ).

نازانم کەمال کەڕە بوو یان پێشمەرگەیەکی دیكە بوو گوتیان ئاربیجی لای کێیە با دوو گوللەی پێوە بنێت، منیش ئاوڕی پشتەوەم داوە بینیم ئاربیجیەکە لە پشتی منەوە فڕێدراوەو  پێشمەرگەکەش دیار نیە، وەک گوتم بەشێک لە پێشمەرگەکان تازە پەیوەندیان کردبوو هیچ ئەزموونیان نەبوو، ئێمە خۆمان ورەمان شل ببوو چ جای ئەوان، منیش ئاربیجیەکەم هەڵگرت و گوللەیەکم هاویشت لە سەر سەنگەرەکە تەقیەوە،  ( هەمزە دیبەگەیی ) لەمن نزیک بوو،  چەپڵەیەکی لێداو هەڵسایەوە پێوەو گوللەیەکی تری داپێم، من هێشتا نەم تەقاندبوو  گوللەی قەنناسێک دای لەسەری هەمزە، دای لە بابە ڕۆ، ( تاریق یەزدین ) دەڵێ شەهید هەمزە لە پشتە من سەری بە پشتم کەوت، من خۆم سوڕاند ئەو بەربۆوە، کاتێ گەیشتینە سەری جگە لە ئای هیچ قسەیەکی نەما....!

لەو کاتەی هەمزە پێکرا کاک سەفین بەدیار کەوتەوە، گوتی ئەوە لۆ سەرناکەون؟ گوتمان ئەو قەناسە نایەڵێت کەس سەر بەرز بکاتەوە و ئەوە هەمزەش بریندار بووە، گوتی هەندێکتان هەمزە بگەیینە  لای سەیارەکان با بیگەییەننە قەزای دیانا،  رووی لە من و رەحمان کرد، گوتیە پێشمەرگەکانیش وەرنە دوام لەو کاتە نازانم بۆ قەنناسەکە دەنگی نەما.

من و رەحمان  شەهید هەمزەمان لەگەڵ دوو پێشمەرگەی دی گەیاندە لای سەیارەکان کە لەسەر جادە بوون، لەو کاتە تۆپێک لە تەنیشتیان تەقیبۆوە قەندۆ جەبار پێمەڕەبڕی هێمنی مام غەفوریش  بریندار ببوون )

ئەو هێزەی تەحسین کاوانی و عەوڵابۆر چیان کرد؟

تەحسین کاوانی و عەوڵا بۆر کەمتر لە نیو سعات گەیشتبوونە ئەوێ و بە ئاڕاستەی سەنگەری سێیەم هێرشیان کردبوو، ئێمەش پلانمان بۆ هەرسێ رەبایەکە دانا و هێرشمان کرد، بەڵام پێش هێرشەکە  سیروانە شێت و کەریمی وەستا عەلی بێ پرسی ئێمە تا بن سەنگەرەکە چوو بوون،  سەربازەکان بە روممانە لێیان دەدان ، تا ئێمە گەیشتین لایان و هەموو سەنگەرەکانمان گرتەوە.

کە رەبیەکەمان گرت، لەو لاش برادەران رەبیەکانی خۆیان گرتبوو ، زۆر هیلاک ببووین فیشەکیشمان کەم پێ مابوو، بە عومەر ناسرم گووت چەند پێشمەرگەیەک ببە ناو گوندی کۆڕێ و بە ئاربیچی لەدەبابەکانی سەر پردەکەی ناو کۆڕێ بدە، لەبەر چاومان دیار بوو، کە چۆن سەربازەکان دەبابەکانیان جێ دەهێلاو بە پێ هەڵدەهاتن، بەڵام چونکە  ژمارەیان  پێنج شەش کەس بوون ، هیلاکیش ببوون و فیشکیان نەمابوو، نە چوو بوونە سەر دەبابەکان ، ئێمەش سەر چیاکەمان پێ گرنگتر بوو لە رووی سەر بازیەوە،  چونکە کە چیات بەدەست بوو، هەموو  خوارەوە لە ژێر کۆنترۆل دەبێت و دەکەوێتە ژێر رەحمەتی گوللەی تۆوە. کاتێ ئێمە سەرکەوتین  سەعدون عارەب و کانەبی گەورەش لە حیزبی شوعی سەرکەوتن.

پرسیار : ئەدی بەری رۆژهەڵات ئەوان  چیان کرد؟

لەلای بەرەی رۆژهەڵات کە یەکێتی و زەحمەتکێشانی لێ بوو، لای ئەوان دوژمن هیچ پێشڕەویان نەکردبوو، بە قسەی شەهید رێباز سەرەتا تەنیا دوو سەنگەریان چۆلکردبوو، کە شەهید فاروق گڕاوی چەند پێشمەرگەیەکی تێدا شەهید ببوو، بەڵام سەنگەری خۆیان بەرنەدابوو و بەرگریەکی باشیان کردبوو، بەڵام کاتێ بەری رۆژئاوا گیرا ئەوانیش شپرزە ببوون و کشابوونەوە، سەنگەرەکەی ( رەحمان سەیدە ) کە لەوێ تەنانەت گوللەی کلاشینکۆفیش نەدەگەیشتە دەربەند بۆیە دەبابەکان داخیلی دەربەند ببوون، بەڵام کە ئێمە سەر چیامان  لێیان گرت و لە پشتەوە لەسەر پردەکەی کۆڕێ لە دەبابەکانمان دا ئیدی هێزەکەی دەربەند ورەی روخاو لووتی شکا تەنانەت فریای کشانەوەش نەکەوتن، ئینجا هێزەکەی بەری رۆژهەڵاتی یەکێتی  گەڕانەوە ناو سەنگەرەکانی خۆیان و کەوتنە وێزەی هێزە شکاوەکەی رژێم .

پرسیار: کاک سەفین ئەگەر ئەو هێزەی تۆ نەگەیشتبایە مەیدانی شەڕ چی رووی دەدا وەک فەرماندەیەکی سەربازی ئەو پرسیارە وەربگرە دوور لە  هیچ ئینتیمایەکی حیزبی؟

سەفین مەلا قەرە: بۆ مێژوو دەيڵێم  ئەگەر ئێمە سەعاتێک درەنگتر بگەیشتباینە ئەوێ دوژمن دەگەیشتە ناو شەقڵاوەو سەرو تریش، چونکە ئەگەر دوژمن لەو زنجیرە چییایە بە دیوی حوجران ئاودیوو ببوایە  کە هیچ هێزێک لە بەردەمی نەمابوو، یەک رەبیە مابوو بگیرێ کە بەدەستی سەید کاکەوە بوو کە ئەو کات سۆسیالیست بوو مابوو، هێشتا هێرشەکە نەگەیشتبووە لایان  ئەوانیش ناچار دەبوون پاشەکشە بکەن، وە هەموو فەرماندی هێزەکان ئامادەکاری کشانەویان کردبوو، تەنیا لەسەر کات مابوو،  بۆ ئەوەی لەسەریان نە شکێتەوە بڵێن هەمووی گیرا بۆیە کشاینەوە، هەتا بە هێزەکەی یەکێتیشەوە.

پرسیار: کاک سەفین هەموو ساڵێک  لەوەختە کۆمەڵێ قسە دەگوترێ، هەر جارەی یەکێ دەکەنە پاڵەوانی ئەو شەڕەو لایەنێک دەیەوێ تاپۆی بەناوی خۆی بکات و خاوەندارێتی بکات.

یەکێتی نیشتیمانی رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە ناو یەکێتیش باسی کۆسرەت رەسوڵ دەکرێت، کۆمێنتی تۆ چیە؟

لە ناو پارتییش جگە لەوەی کردویتیان بە داستانی خۆیان، باس لە رۆڵی مەسعود بارزانی دەکرێت، ئەودەمیش دەنگۆیەکی بەهێز بڵاو بۆوە گوایە کەهەواڵی  شەهیدەکانی یەکێتی دەگاتە مەسعود بارزانی توڕە دەبێت قسەیەک دەکات، تۆ هیچ زانیاریت لەسەر ئەو روداوە هەیە؟

سەفینی مەلاقەرە : لە بارەی کۆسرەت رەسوڵ بەیانیەکەی کە هێرشەکە دەستی پێکرد خۆی لە شەقڵاوە بوو، ئێمەی رەوان کرد، تاکۆتایی شەڕەکەش من نەمدیت، بەڵام ئاساییە ئەو ئەندامی مەکتەب سیاسی بوو ، (بە پێکەنینەوە)  بۆچی بۆ کاک مەسعود رەوابێ لە سارداو بێت و بڵێن جەبهەکە بەسەرپەرشتی ئەو بوو، بۆچی کاک کۆسرەت لە شەقڵاوە بێت و ئەو هەقە بەو نەدەین کە سەرپەرشتی  شەڕەکەی کردوە؟

من هیچیانم لە وێ  نەدیت تا هاتنی  وەفدی مفاوز ! بۆ مەسەلەی سەرپەرشتی، من دڵنیا نیم رەنگە ئەو کاتی دەڤەری سلێمانی مام جەلال سەرپەرشتی کردبێت و هەولێریش بەو سپاردرابێت!

بۆ مەسەلەی توڕەبوونی کاک  مەسعودیش منیش هەر وەک دەنگۆ بیستوومە، گوایە کاتێ  رووداوی شەڕەکەی پێ دەڵێن و ١١ پێشمەرگە شەهید بووە تەنیا دوانیان ئیسڵامی بوون ئەوانی تر هەمووی هی یەکێتی بووە، گوایە جەمەدانیەکەی لەسەری کردۆتەوەو گوتیەتی لە بەر گۆڕی بارزانی نەبێت لەسەری ناکەم، تەنانەت حیماکانیش بەشێکی لەگەڵی نەمابوون، بەڵام لە هيچ شایەدحاڵێک ئەو قسەیەم نەبیستووە!

مفاوەزات چۆن دەستی پێکرد؟

سەفینی مەلاقەرە: پاش ئەوەی هەموو سەرچیاکەی بەری رۆژئاوامان پاکردەوە، ئینجا زانیمان ئێمە بەرانبەر چ هێزێکی گەورە شەڕمان کردوە، ئەو کاتە من هەر لەسەر چیابووم جیهازم بۆ کرا بێمە خوارەوە، کاتێ هاتمە خوار  نزیک حوجران کۆسرەت رەسوڵ گەیشتە ئەوێ لەگەڵ وەفدی مفاوز،  لەوێ من و زابتێکی رژێم وەک مونەسیق دیاری کراین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن