612 کەلتور

دەقی تەمەن 26

06:31 - 22/01/2022

 ناڵە حەسەن- کولتوری زەمەن

 

1
من جگە لە چاوەکانی خۆم
بە هەموو چاوەکانیترم
لە تۆ دەڕوانم
چاوەکانی /
دەمارەکانی عاتیفە  و  خەونەکانم
چاوەکانی / عەشق و
تەنانەت چاوە ئیرۆسییەکانیشم
گەر بڕۆی بۆ ڕووبەرەکانی
ئەوبەر دووریەکانی دووریش
چاوەکانم  
 دەتدۆزنەوە و دەتگەڕێننەوە
بۆ نێو / ئاقاری خەیاڵ و بیرکردنەوەکانم  

2
من کەسێک بووم
 لە سەرەتا
بۆ ئەویتر دەژیام
ئینجا بۆ خۆم
بەڵام شیعر فێری کردم
بۆ خۆم بژیم
ئینجا بۆ ئەویتر

3
ناتوانم بە قووڵی
 لە جوانییەکانی ئەو ڕوخسارە
ئەفسوونییەت ورد ببمەوە
نەبادا تیشکی
 خۆرەتاوی چاوەکانت
هێندە لێم نزیک بێتەوە
ئێسک و پروسکی جەستەم
بکات بە پارچە
خەڵووزێکی سپی سپی ..!



4
خەونی من
ئەو ملوانکەی
 سەر سینگتم بۆ بنێرە
ئەلقەکان لە یەکتری جیا دەکەمەوە
دانە دانەی / دەکەم بە وردە شیعری
قەسیدەیەکی درێژ و بۆت دەنێرمەوە

5
منی شاعیر
لەنێو ڕووبەری شیعر
جگە لە ماسکی مرۆڤبوون
هەموو ماسکەکانیترم
فڕێ دەدەم
بە ڕەنگە ڕوونە ئاجوغەکان
ڕووت ڕووت و / ڕاست و ڕەوان
تابلۆی ڕەنگینی ژیان دەکێشم

6
شاعیرێک
لەنێو مەملەکەتی عەشق
پشکۆکانی شاعیربوونی
 سەریان دەرهێنا
ئێستا دڵی خالییە لە عەشق
جگە لە هەوای سارد و سامناکی غەریبی
هیچ شتێکیتر بەنیو کۆڵانەکانی
 ئەو دڵە غەمگینەی / هاتوچۆ ناکا
ئەوە چ ڕۆژگارێکی ڕەش و
 چ ئافاتێکە / ئەی خودا

7
لەبیرمایە
لە چرکەساتێکی ترسناکی سوریالی
هاتیە نیو ژیانمەوە و بێتگوتم
من دۆزەخم
خۆت و شیعر و وشەکانت
لەنێو خۆمدا دەسووتێنم
کەچی /
توند توند
توند توند توند
بە هەموو هێزی هەستە ئیرۆسییەکانت
لە باوەشت گرتم
بەڵام / بەستەڵەکی ئەو ڕۆحە غەریبەم
هەر نەتوایەوە
ئەی شێتۆکەکەی
مەمک / ڕەنگ ماش و برنجییە ماسۆشییەکەم
ئارام بەرەوە و
فرمێسکی چاوەکانت بستڕەوە
ئەوەت لەبیرچۆتەوە
من / خۆم لە جنسی ئاگرم و
لەنێو دۆزەخی نان چاوم هەڵێناوە

8
وەک سروشت
پڕم لە جوانی
وەک دەریا
پڕم لە خەون
لەگەڵ ئەوەش / ئیستا
وەک ئاسمانێکم
پڕم لە هەوری ڕەش و
بە لێزمە نائومێدیم لێدەبارێ

9
لەگەڵ تەنیایی خۆم ڕاهاتووم
تاقەتی دەرەوەی خۆمم نەماوە
پڕبووە لە /
 بەرژەوەندی و ناپاکی و خیانەت
بوون / بەرژەوەندی
نیشتیمان / ناپاکی
خەون / خیانەت
ئەم هاوکێشانە وەک هێڵکۆیەک و هێمایەکی ئەبەدی
هەمیشە لەنێو برین و هیواکانمان / دووبارە دەبنەوە
ئیدی بۆیە / خۆم .. تادێ لێم نزیکتر دەبێتەوە
هەرخۆم و هەرخۆم و هەرخۆم
تادێش /
مەوداکانی جوانی بچووکتر و
بەهاکانی مرۆڤبوونیش / کاڵتر دەبنەوە

10
تۆ ڕۆحی پایزت
پێ ناساندم
لە گەڵا وەریوەکانی ئومێدیش
کۆڵارەیەکت بۆ نەخشاندم
ئەمڕۆش / لەنێو ئەم بەفر و کڕێوە و سەرما و سۆڵەدا
بە جلی ڕەنگینی بەهار دەرکەوتییەوە
چاوەکانت پڕ بوون
لە ڕووناکی وەرزە /
شین شینەکانی سەردەمە شادومانییەکان
بە ئاگری نێو ناخیشت
خەیاڵە شینەکانمت لێکردووم بە تۆز و غوباری
نێو چرکە چرکی کاتژمێرە غەمگینەکان
پشکۆی نائومێدییەکانیش گەش بوونەتەوە
منیش / لەم باکووری غەریبییەم
ژیان وەک / باڵندەیەکی باڵشکاو
تا دێ لێم دوور دەکەوێتەوە
باخچەیەک درەختێک نادۆزێتەوە / بۆ نیشتنەوە

11
شەبەنگێک لە ڕووناکی نارنجی
لەسەر سینگم دەدرەوشێتەوە
گەردانەیەک لە ڕۆحی ڕووتی گەوهەریم لە گەردنە
ڕۆحی ڕووتی / شیعر
ڕۆحی ڕووتی / دایکم
ڕۆحی ڕووتی / دوڵبەرەکانم
ڕۆحی ڕووتی / خوێنەرەکانم
دواهەمینیش / ڕۆحی ڕووتی خودا

12
نامەوێت
هێندە نزیک ببیەوە لێم
تا لەنێو مندا ون ببی و بتوێیەوە
حەزدەکەم هەمیشە تۆ هەبیت  

13
گەر دوور بەدووریش
بێمە نێو خەونەکانت
من لە ڕووبار نزیک دەبمەوە
جڵەکانم لەبەر هەتاو
بۆکڕوزیان لێدێت
یان لەبەر سەرقاڵیمان
ڕەنگە سەگێک بیانڕفێنێ

14
هەموو قەسیدە و چیڕۆک و
ڕۆمانەکانی عەشقم / خوێندەوە
تا تۆم نەناسی
نەمتوانی
یەکدێر لەبارەی عەشقەوە بنووسم
15
چەند شیرینە
ژنێکی شینی شەرمن
هەموو شەوێ
بەر لە خەوتن
بە شامپۆی شیعرەکانم
خۆی بشوات ...!

 بەفرانباری 2022





سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن