بەهۆی گرانی غازهوه ئەنجومەنی وەزیرانی كازاخستان دەستیلەکارکێشایەوە
09:17 - 06/01/2022
"زەمەن"
لە وڵاتی کازاخستان دوای ئەوەی کە خۆپیشاندەران
هەڵیانکوتایە سەر بینا گشتی و حکومییەکان و ئاگریان تێبەردان، لە پایتەخت و ناوچەکانی
دەوروبەری پایتەخت باری نائاسایی ڕاگەیاندرا. ئەمەش بە خراپترین پشێوی هەژمار دەکرێت
لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا، لە کاتێکدا ئەو وڵاتە لە ژێر کۆنترۆڵێکی توندی هێزەکانی
دەوڵەتدایە و هەمیشە ویستویەتی وێنەیەکی باشی سەقامگیری وڵاتەکەی پیشان بدات.
ئەنجومەنی وەزیران دەستیان لەکار کێشایەوە، بەڵام
ئەو هەوڵە شکستی هێنا بۆ هێورکردنەوەی تووڕەیی خۆپیشاندەران کە ڕژاونەتە سەر شەقامەکان
دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە سەرەتای ساڵی نوێوە.
لە گرتە ڤیدیۆیەکی کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام
لەلایەن کەسێکی کازاخستانییەوە بڵاوکراوەتەوە نیشانی دەدات کە ئاگرێک لە ئۆفیسی
شارەوانی ئاڵماتی کەوتۆتەوە و دەنگی گوولە لە نزیکەوە دەبیسترێت، هاوکات هەر لەو
نزیکانە ئۆفیسی داواکاری گشتی دەسوتێت.
پێشتر، ڕۆژنامەوانانی ڕۆیتەرز هەزاران خۆپیشاندەریان
بینی بوو کە بەرەو ناوەڕاستی شاری ئاڵماتی بەرێکەوتبوون، هەندێکیش لەوانە لە بارهەڵگرێکی
گەورەدا بوون، هاوکات هێزە ئەمنییەکانیش گازی فرمێسکڕێژ و بۆمبی دەستیان بەکارهێناوە
دژی خۆپیشاندەران.
بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەکەش دەڵێت: ئاڵماتی لەلایەن
توندڕەوەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر و لە 500 هاوڵاتیان داوە و سەدان دوکانی و بازاڕیان
تاڵانکرد.
بە فەرمانێکی سەرۆکایەتی، دوو هەفتە حاڵەتی فریاگوزاری
و قەدەغەی هاتووچۆی شەوانەی لە نور سوڵتانی پایتەخت ڕاگەیاندرابوو، ئاماژەی بە
"هەڕەشەیەکی ڕژدی ئاسایشیی و ڕاستەوخۆی بۆ سەر هاوڵاتیان کرد بوو" هەروەها
لە ئاڵماتی و لە پارێزگای مەنگیستۆی ڕۆژئاوایش حاڵەتی فریاگوزاری ڕاگەیەندراوە، کە
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بۆ یەکەمجار خۆپیشاندانی ناڕەزایی لێکەوتبۆوە.
هەر لەسەروەختی پشێوی و خۆپیشاندانەکانەوە وا دیارە
دەسەڵاتداران هیڵی ئینتەرنێتییان لە تەواوی وڵاتەکە بڕیوە. لە کاتێکدا نێتبلۆکس ماڵپەڕێکە
بۆ چاودێری گرێدانی جیهانی ئینتەرنێت دەڵێت " وڵاتەکە لە نێو زۆنی ڕەش کوژانەوەی
سەرتاسەری ئینتەرنێتیدایە."
ناوبانگی کازاخستان لە سەقامگیری سیاسی دا لەژێر
سایەی سی ساڵ حوکمڕانی تاکەکەسی لەلایەن سەرۆکی پێشوو نورسوڵتان نەزەربایڤەوە بووەهۆی
ڕاکێشانی سەدان ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی بیانی بۆ پیشەسازی نەوت و کانزاکان.
گەورەترین تاقیکردنەوەی سەرۆک
سەرۆکی وڵاتەکە ڕۆژی چوارشەممە قاسم گۆمارت تۆکایف
دەست لەکارکێشانەوەی حکومەتەکەی پەسەندکرد دوای ئەو خۆپیشاندانانەی کە لە هەرێمەکانەوە
تەشەنەیان سەند بەرەو شارە سەرەکییەکان، هەر لە سەروەختی ئاهەنگەکانی سەری ساڵەوە
نرخی سوتەمەنی و بەنزین بەرزبۆوەوە.
ئەم نائارامیە گەورەترین تاقیکردنەوەیە بۆ تۆکایێڤی
تەمەن 68 ساڵ کە لە ساڵی 2019 هەڵبژێردراو جێی نەزەربایڤ ی سەرۆکی پێشووی حیزبی کۆمۆنیستی
ئەو وڵاتەی گرتەوە کە بوو بە درێژترین فەرمانڕەوای ئەو وڵاتە لە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو.
نەزەربایڤ تەمەنی 81 ساڵە و هێشتا وەک سەرۆکی پارتی دەسەڵاتدار و سەرۆکی ئەنجومەنی
ئاسایش دەسەڵاتێکی باڵای هەیە.
کازاخستان هاوپەیمانێکی نزیکی ڕوسیایە و کرێملین
وتی پێشبینی دەکات ئەو وڵاتە خێرا کێشە ناوخۆییەکانی چارەسەر بکات و وڵاتانی دیکەش
ئاگادار بکاتەوە کە دەست وەرنەدەنە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیان.
سەرچاوە: ئاژانسی رۆیتەرز_دهنگی ئهمریكا