885 ئابوری

پسپۆرێكی ئابووری: پێدەچێت ئابوری كوردستان بەرەو باشبوون بڕوات

02:05 - 19/12/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال

د.خالید حەیدەر، پسپۆری ئابوری رایدەگەیەنێت، بەپێی ئاماژە تەندروستی و سیاسییەكان پێدەچێت ئابوری هەرێمی كوردستان بەرەو باشبوون بڕوات، بەڵام ئەوەی گرنگە لە حكومەتی داهاتوودا عێراق كورد رۆڵێكی گرنگی هەبێت.


دوای نزیكەی دوو ساڵ لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئێستا كاریگەرییەكانی ئەو ڤایرۆسە كەمبۆتەوە و بەرەو پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیش هەنگاو دەنرێت، د.خالید حەیدەر، پسپۆری ئابووری بە "زەمەن"ی راگەیاند، ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت لەڕووی سیاسی و تەندروستییەوە دۆخەكە ئەرێنییە، هەرچەندە ئەم دوو مانگە دابەشكردنی مووچە لە كاتی خۆیدا دواكەوت، بەڵام بەگشتی وا باس دەكرێت كە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراقدا هەیە و هەرێمی كوردستانیش بەهۆی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراقەوە كە ژمارەیەكی باش كورسی بەدەستهێناوە، لایەنە شیعە و سووننەكانیش كە دێن لەگەڵ حیزبەكان گفتوگۆ دەكەن، دیارە لە داهاتوودا پەیوەندییەكان باشتر دەبن، ئەوەش مانای ئەوەیە دۆخەكە باشتر دەبێت.

هەرچەندە بڕیار بوو لە كۆتایی ئەمساڵدا، هێزەكانی ئەمەریكا بە تەواوی لە عێراق بكشێنەوە، بەڵام دوایین بڕیاری كۆشكی سپی ئەوەیە كە ژمارەیەك هێزیان وەك راوێژكار دەمێننەوە، د.خالید پێیوایە بوونی ئەمەریكا وەك هێزی سەربازی یەكەم لە جیهان لە عێراق، دڵنیایی باش بە كوردستان و ناوچەكە دەبەخشێت كە داعش بەئاسانی ناتوانێت بگەڕێتەوە كە ئەوەش لەڕووی ئابورییەوە زۆر گرنگ و ئومێدبەخشە.


دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق، ئێستا لایەنە سەرەكییەكانی هەڵبژاردن سەرقاڵی گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقن و كوردیش لە هەڵبژاردندا 62 كورسی بەدەستهێناوە.

ئەم پسپۆرە ئابوورییە ئاماژەی بەوەكرد كە ئەگەر لایەنە كوردییە براوەكانی هەڵبژاردن بە یەك تیم بڕۆنە بەغدا بۆ پێكهێنانی حكومەت خاڵێكی گرنگە و دەبنە بڕیاردەرێكی گرنگ لە نەخشەی داهاتووی حكومەتی عێراق ئەوەش خاڵێكی ئیجابی دەبێت بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە ئابوورییەكان و بوژانەوەی ئابوری هەرێمی كوردستان.

ساڵانی رابردوو پارێزگای سلێمانی بەهۆی ململانێی سیاسییەوە تووشی كەمبوونەوەی جوڵەی بازرگانی بۆتەوە، ئێستا دەوترێت دوای رووداوەكانی هاوینی ئەمساڵ، خەریكە یەكێتی بەرەو ئاڕاستەیی دەڕوات لە بڕیاردان.

لەو بارەیەوە د.خالید جەختیكردەوە كە لە هەر ناوچەیەك تا ژینگەی چالاكییە ئابوورییەكان ئارامتر بێت كە یەكێكیان ئارامی سیاسییە، ئەوە بۆ وەبەرهێنەر باشترە و دەزانێت ئەو سەرمایەیەی دەیخاتە وەبەرهێنان داهاتووەكەی لێ دیارە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەگەر وەبەرهێنەر ئاسۆی داهاتووی لێ دیار نەبێت و ژینگەكەی لەبار نییە، كاریگەری نەرێنی دەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن