سەرۆكی لیژنەی شارەوانی: بەمنزیكانە چارەسەری كێشەی پێوەری ئاو دەكەین
11:06 - 15/12/2021
663 جار خوێندراوەتەوە
زەمەن- پشتیوان جەمال
سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گەشت و گوزار لە پەرلەمانی
كوردستان رایدەگەیەنێت، لیژنەكەیان كۆمەڵێك میكانیزمی بۆ كێشەی نەبەستنی پێوەری ماڵان
دیاریكردووە و بەمنزیكانەش لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی ئەو كێشەیە یەكلایی دەكەنەوە.
لەماوەی رابردوو وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێم
لەسەر نەبەستنی پێوەری ئاوی ماڵان سزای هاوڵاتیانیان دەدا و هەروەها ئەو پارەیەشی
بۆ هاوڵاتیان دەهاتەوە بە نرخێكی زۆر دادەنرا، ئەوەش نیگەرانی هاوڵاتیانی لێكەوتەوە.
لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنەی شارەوانی و گەشت و
گوزار لە پەرلەمانی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "زەمەن"دا باسی رێگەچارەكانی
پێوەری ئاو و هەروەها تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكان دەكات.
زەمەن: چارەسەری سزای نەبەستنی پێوەری ئاو كە
ماوەیەكی زۆری بۆتە كێشەی هاوڵاتیان گەیشت بە كوێ؟
لوقمان وەردی: رێگەچارەكان لای ئێمەوە دیراسە دەكرێن
و لەكۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی رێككەوتووین كە پێكەوە هەماهەنگ بین بۆ
چارەسەری ئەم پرسە، پێشتر كۆبوونەوەیەكمان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ لەوەزارەتی
شارەوانی كرد و لەسەر كۆمەڵێك میكانیزم رێككەوتین بۆ رێگەچارە، پاشان لەكۆبوونەوەی
لیژنەی شارەوانی، ئێمە سەرپشككراین بۆ ئەوەی بەرنامەیەك دابنێین و هەوڵ دەدەین لەسەر
چەند خاڵێك رێكبكەوین بۆ چارەسەری پێوەر، ئەو كەموكوڕییانەی هەیە و ئەو غەرامەیەی
بۆ خەڵك هاتۆتەوە چارەسەری بۆ بدۆزینەوە.
زەمەن: ئەگەر بكرێت بزانین میكانیزمەكە چۆنە؟
لوقمان وەردی: هێشتا لەسەر میكانیزمەكان یەكلایی
نەبووینەتەوە، بەڵام ئەوەی نیەتمانە لابردنی ئەو پارە زۆرەی سەر هاوڵاتیان و وەرگرتنی
ئەو بڕە پارەیە لەسەر سیستەمی كۆنەكە بەپێی رووبەر كە پێشتر وەردەگیرا، دیاریكردنی
كاتێك لانیكەم لە شەش مانگ كەمتر نەبێت بۆ ئەو هاوڵاتیانەی كە پێوەریان نەبەستووە،
دوای ئەوەی هەموو كەموكوڕییەكانی پێوەری ئاو چارەسەر دەكرێت، واتە پێوەرێكی ئۆرجیناڵی
ستاندار بێت و هەوا و پارەی زیاد نەخوێنێتەوە و دامەزراندنی وەرشەی پێوەر لەهەموو
شوێنەكان، پێوەریش بە بێ بەرامبەر بە هاوڵاتیان بدرێت.
زەمەن: ئەوە میكانیزمی لیژنەكەی ئێوەیە یان
حكومەتیش ئەوەی پێباشە و دەتوانن لەسەری رێكبكەون؟
لوقمان وەردی: ئێمە لەمانگی رابردوو لە وەزارەتی
شارەوانی داوای دۆزینەوەی چارەسەرمان كرد، ئەوە داواكاری ئێمەیە وەك لیژنە، وەزارەتیش
تێگەیشتنی زۆر باشی هەیە لەگەڵمان بۆ چارەسەر، بۆیە بەدڵنیاییەوە لەداهاتوویەكی نزیكدا
دەگەین بەڕێككەوتن.
زەمەن: بۆ وەرگرتنی پارەی ئاو باسی رووبەڕت
كرد، بۆچوونێكیش هەیە وەرگرتنی ئەو پارەیە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان بێت، نەك
رووبەڕ، ئەوەتان پێ چۆنە؟
لوقمان وەردی: نەخێر وەرگرتنی پارەی ئاو ناكرێت
لەسەر ژمارەی دانیشتوان بێت ئەو بۆچوونە لای ئێمە پەسەند نییە، ئەو رووبەڕەی باسی
دەكەین بەهۆی كەڵەكەبوونی ئەو قەرزەی سەر هاوڵاتیانە كە هەندێك هاوڵاتی مانگانە 80
هەزاریان بە ناوی پارەی ئاو بۆ دێتەوە كە ئێمە ناومان ناوە غەرامە، هاوڵاتیش هەیە
لەسنوری ملیۆنێك دینار پارەی بۆ هاتۆتەوە، ئەوە دەبێت پارەی مانگانە بەپێی سیستەمەكەی
پێشتر بێت، بەڵام ئەگەر پارەی ئاو لەسەر ژمارەی دانیشتوان بێت ئەوە داتا و ئاماری
دەوێت و كارێكی ئاسان نییە.
زەمەن: كەواتە لەو باوەڕەدان ئەم كێشەیە بەتەواوی
چارەسەر بكرێت؟
لوقمان وەردی: بەدڵنیاییەوە لەچەند هەفتەی
داهاتوودا لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی لەسەر ئەم كێشەیە یەكلایی دەبینەوە.
زەمەن: ئەی حكومەت چۆن لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە رێكدەكەوێت
بۆ دانانی پێوەرەكە؟
لوقمان وەردی: حكومەت دەبێت لەگەڵی رێكبكەوێت،
بەڵام لای ئێمە هاوڵاتی ئەولەویەتە، نەك كۆمپانیا، ئێمە دەزانین ئەوە بۆتە بارگرانی
لەسەر هاوڵاتیان و ناڕەزایی زۆری لێكەوتۆتەوە و لەلایەن ئێمەشەوە.
زەمەن: بابەتێكی دیكەی خەڵك مەسەلەی تاپۆكردنی
خانووە بێ تاپۆكانە، هەمواری یاساكە كرایەوە ئایا هاوڵاتیان كەی دەست بە مامەڵە بكەن؟
لوقمان وەردی: تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكان دەستی
پێكردووە، ئێستا لەپارێزگای هەولێر دەست بە چالاككردنەوەی لیژنەكان كراوە بەسەرۆكایەتی
سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان، یاساكە دەرچووە و رێنمایی پێ دەركراوە، ئێستا دەبێت دەست
بە جێبەجێكردنی حوكمەكانی یاساكە بكرێت، هاوڵاتیان دەتوانن لەماوەی ساڵێكدا
داواكاری تاپۆكردنی خانووەكانیان پێشكەش بكەن و شارەوانیش لە ماوەی سێ ساڵدا جێبەجێی
دەكات ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو ناوچانەی نەخشەی بنەڕەتی و ماستەرپلانیان نییە دەبێت بۆیان
دابین بكرێت.
زەمەن: پێشتر كێشەی پارەی رسومات هەبوو، ئێستا
ئەو پارەیە چەندە؟
لوقمان وەردی: وەرگرتنی پارەكە بەپێی هەمواری یاساكە
لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانە، لە 5% لە نرخی هەقیقی زەوییەكەیە، حیكمەتی هەموارەكە لە
نرخدا بوو، چونكە یاساكەی پێشتر لە ناحیەكان بۆ تاپۆكردنەكە لە 5 تا 8 هەزار، لە قەزاكان
10 تا 15 هەزار، لە پارێزگاكان 15 تا 30 هەزار بوو، بەڵام نرخی زەوی لە گەڕەك بۆ گەڕەكێكی
دیكە یان لە ناحیەیەك بۆ ناحیەیەكی دیكە جیاوازە، بۆیە لەهەموارەكەدا نرخی هەقیقی
زەوی وەرگیراوە بۆ نموونە ئەگەر نرخی هەقیقی زەوییەك 10 هەزار دۆلار بێت، بە 500 دۆلار
لەسەر هاوڵاتییەكە تاپۆ دەكرێت.