لێمگه‌ڕێن به ده‌ردی خۆمه‌وه بمرم!
10:20 - 28/11/2021
ڕێبوار سیوەیلی
حه‌ز ئه‌كه‌م
به ده‌ردی خۆمه‌وه بمرم
له دوو
تویی گه‌ڵای كهلهمێكدا
وه‌ك خاڵخاڵۆكه
له مابه‌ینی
چڵێ كهوهردا په‌نهان
وه‌ك مێروویه‌كی
سه‌رمابرده‌ڵه
له نێوان
گه‌ڵای گوڵێكدا
مه‌ستی شیله
سه‌رخۆش
به‌بۆنی ڕیحانه
له نێوان
دوو مه‌مكدا
وه‌ك مه‌دالیا
شۆڕ
وه‌ك مێخه‌ك
تهڕڕ..
وه‌ك قالۆنچه‌یه‌كی
ڕووشكاو
به لاشیپانی
ده‌رگایه‌كه‌وه
هاوخه‌م
به فرمێسكی مناڵ
وه‌ك
پووشكه بهقوونهیهك
تا دوا
هه‌ناسه گوێ بگرم
له خووڕه‌ی
ئاو..
به‌ده‌ردی
خۆمه‌وه كۆچدهكهم
تا دۆزینه‌وه‌ی
مارمێلكه‌یه‌ك له بیابان
له بنی
جانتای ژنێكدا
وه‌ك
پاكه‌ت و شقارته
وه‌ك ده‌سته‌سڕێكی
كلینكس
به فرمێسك،
خووساو..
سه‌فه‌ر
به‌ناو فرمێسكی ژن‌دا ده‌تباته‌وه بۆ زوڵمه‌ت..
هه‌ر ئه‌وه‌یه
ئاواتم
وه‌ك
قرژاڵێكی عاشق
بچمه‌وه
كونێك پڕ بێ له قه‌وزه
هیچم ناوێ
له گه‌یینی گێلاس زیاتر
گیلاس پڕژێنم
كه‌ن له‌وه‌رزی ماچدا
ئه‌مه‌یه
سه‌ركه‌وتن
كه به‌به‌ژنی
ژن‌دا بچمه‌وه لای هه‌ناسه
پێشمردن
لێمگه‌ڕێن،
یه‌كجاری تر بیمژم
لێوی
شاتوو
خۆم له ڕه‌نگی
به‌ڵاڵووك هه‌ڵكێشم
وه‌ك ڕیشۆڵه‌یه‌ك
له مه‌یدانی باڵندان
له خه‌یاڵی
خۆمدا،
بچمه‌وه
سه‌ر ته‌ل..
ببمه‌وه
به مه‌ل..
لێمگه‌رێن،
به‌ده‌ردی خۆمه‌وه
به
ئاودا بكه‌ومه بۆقه‌مه‌له
باوه‌ش
به كهروێشكێكدا كه‌م
تا قسه
نه‌رمه‌كانی دایكم بیركهویتهوه
له به‌رده‌م
كیسهڵێكدا
بزانم حیكمه‌ت
بۆ كوێم ده‌با
له بن
باڵی كۆترێكدا
تێبگه‌م
ئازادیی مانای چی..
لێمگه‌رێن
پێش هاتنی
چه‌قۆ
بۆن به
شه‌مامه‌وه كه‌م
له‌سه‌ر
تهنوورێك
بچم به‌پیریی
نانی گه‌رمه‌وه
هیچم ناوێ
به‌ر له
مردن،
مردن ببینم
به‌ده‌ستی شه‌هیده‌وه..
ده‌مه‌وێ
بزانم سه‌بر تا كوێم ده‌با
ده‌مه‌وێ
بزانم، تاكوێم هاتووه: تا،
تا كوێ
غه‌مگین،
گه‌ره‌كمه
بزانم
چ نهێنییه‌كی
بۆ هه‌ڵگرتووم: تێك‌شكان!
خۆشه
مردن به ده‌ردی خۆته‌وه
له ته‌نیایی
شارێكدا به‌بێ هاوڕێ
له كونجی
قاوه‌خانه‌یه‌كدا
به دیار
هاتنی یاره‌وه..
به ده‌م
داگیرساندنی پاییپێكهوه
بینینه‌وه‌ی
ڕووناكایی سیمای دۆست
له پێچی
كۆڵانێكدا
عاشقبوون،
به یه‌كه‌م نیگا..
ده‌مه‌وێ
به‌ر له‌مردن،
بێوه‌فایی
عاجزكهم
سپڵه‌یی
ته‌ریق كه‌مه‌وه
دوو قسه
به فیتنه‌یی بڵێم
ده‌مه‌وێ
دووزمانیی له دووڕیانێكدا
سه‌ری لێتێكبچێ..
ده‌مه‌وێ،
له‌م دووره‌وه،
له پشتی
مایكرۆفۆنێكهوه
به خۆشه‌ویستی
بڵێم: سوپاس
له پشی
لۆرییهكدا به مناڵیی بڵێم: ئاخ!
ده‌مه‌وێ
ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خۆم
له وشه‌یه‌كدا
به هه‌ڵمی
هه‌ناسه‌یه‌كی گه‌رم،
له‌سه‌ر
په‌نجه‌ره بنووسمه‌وه
ده‌مه‌وێ
خۆم له ئاوێنه
بشارمه‌وه..
لێمگه‌ڕێن
به‌ده‌ردی خۆمه‌وه بمرم
له نیگای
كوندهپوودا ببمه پرسیار
له‌گه‌ڵ
گه‌یینی هه‌ناردا بقڵیشێمهوه
خۆش بوو..
به زمان
بڵێم له ڕه‌گه‌وه ههڵمكێشه
بمده‌ره
باخه‌وانێك
له ڕیزی
گوڵه‌كاندا بمنێژێ
تا له ڕیزی
مرۆڤه‌كاندا نهخنكیم..
خۆش
بوو.. پێش مردن
نه‌هه‌نگێ
قووتمبا
تا له
قوتبی سه‌روو ببمه مرواری
خۆش‌بوو
نهوڕهسێك
له سهركهشتییهك
بمدۆزێته‌وه
پێشمردن،
به‌ده‌ردی خۆمه‌وه ببمه وته‌یه‌ك
له‌سه‌ر
زاری بودا..
له‌سه‌ر
لوتكه‌یه‌ك: به ئاگر
له بێده‌نگیی
ئه‌وپه‌ڕی دنیای عارفێكدا
ببمه
ئاوازێك بۆ شمشاڵ
ببمه
ترپه‌ی ده‌ف، له ڕووخساری دهروێشێكدا..
بیری پاكیی
ده‌كه‌م
یه‌ك جار
پاكییم له گریانی مناڵێكدا بینی
له
خواحافیزهی عاشقێكدا
پاكیی ته‌نیایی
دڵێك بوو به شكاوی
ههڵڕژابووه
كۆشی ڕێبوارێكهوه
ده‌بوو بڕوا..
بیری
ئاسووده‌یی له گه‌ڵای كهلهمدا
بیری خه‌ولێكه‌وتن
له‌سه‌ر
لقی بێداری
چواله..
بیری
هاتنه‌وه‌ی ڕێواس، له نیگای به‌هار
بۆنكردنی
پنگهڵه، له هه‌ناسه‌ی چه‌م
هه‌ڵكێشانی
ڕه‌گیی سپیی كوزه‌ڵه
له ئاو!
بیری خۆلادان
له گهسگهسكه
له ترسی خووران..
بیری لێكردنه‌وه‌ی
هه‌نجیر به دزیی،
بۆنی ماچ
له قه‌یسی
بۆنی خرۆشان
له قۆخ
بۆنی مه‌ستیی
له ڕه‌ز
بۆنی
سنگفراوانی له بێ
بۆنی لێبوورده‌یی
له قه‌زوان
بۆنی یوسف
له هه‌نار
بۆنی غه‌ریبی
له داییك
بۆنی جه‌سته
له خاك
بۆنی ڕۆح
له با،
بۆنی ژن
له خودا..
خۆزگه پێش
مردن با ده‌یبردم
مردن بۆنی
هیچی لێنایه‌ت
مردن بۆلای
(من) نایه‌ت
كه ئه‌و
دێت (من) لێره نیه،
كه (من)
لێره‌یه ئه‌و نایه‌ت..
خۆزگه
به‌ده‌ردی خۆمه‌وه ده‌مردم
بریا به‌ر
له‌وه‌ی ده‌مردم
له‌گه‌ڵ
مردن‌دا
ده‌مردم..
نازانم
تا كوێم ده‌با،
وه‌لێ
وه‌كئه‌وه‌ی
لێم ڕوون بێ،
مردن بۆ
كوێم ده‌با..
وه‌كئه‌وه‌ی
بزانم
وه‌كئه‌وه‌ی
دڵنیابم
مردن به‌بێ
بۆن
به‌بێ
تام
به‌بێ ڕه‌نگ
دێت و له‌گه‌ڵ
خۆی
به‌ته‌نیا
بێده‌نگ
ئارام
هه‌ر هێنده‌ی
فڕینی چۆله‌كه‌یه‌ك
هێنده‌ی
پێوه‌دانی هه‌نگێك
خشانی
مارێك
ههرهێێندهی
وتنی خۆشمده‌وێی
هه‌ر هێنده‌ی
ماچێك
چێژێك،
شه‌رمێك
هه‌ناسه‌یه‌ك
هه‌رهێنده‌ی
ئاشتبوونه‌وه‌یه‌ك
دێت و ده‌مبا..
ده‌م با..
ده‌م
با
ده‌م...
*لە فەیسبوکی شاعیر، وەرگیراوە.