ڕاپۆرتێكی ئەمریکى: قەیرانی قووڵی ئابووری هەڕەشە لە تەختی ئەردۆغان دەکات
09:29 - 20/11/2021
"زەمەن"
دراو، ئابووری توركیا دەهەژێنێت، هەڕەشەیە لەسەر دەسەڵاتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان كە نزیكەی دوو دەیەیە بەردەوامە، ئاستی بژێوی بەشێوەیەكی مەترسیدار دابەزیوە لە وڵاتێكدا كە ساڵانی خۆشی رابوارد بەهۆی گەشەكردنەوە، بەم رستانە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرنالی" ئەمریكی رەوشی توركیای رونكردوەتەوە.
لیرەی توركیا رۆژی پێنجشەممە نزمترین ئاستی بەرامبەر دۆلار تۆمار كرد دوای ئەوەی بانكی ناوەندی بەهای سوی دابەزاند، لە مانگی مارسی رابردوەوە لیرە سێیەكی بەهاكەی لە دەستداوە.
رۆژنامەكە پێیوایە دابەزینی بەهای لیرە برینێكی تایبەتە بۆ ئەردۆغان، دابەزاندنی نرخی سوو لە رۆژی پێنجشەممەدا سێیەمجارە لە سێ مانگدا، كە ئەردۆغان زنجیرەیەک لە بەرپرسە گەورەکانی لە کار لادا کە دژی تێڕوانینە ئابوورییە نافەرموونەکەی بوون.
ئەردۆغان لە ساڵی 2003ەوە کە بۆ یەکەم جار بوو بە سەرۆک وەزیران و لایەنگری چینی ناوەندی توركیایە، لە ئێستادا ڕووبەڕووی یەکێک لە جدیترین گرفتەکانی فەرمانڕەوایی خۆی دەبێتەوە.
بەپێی راپۆرتەكە، فشارەكان لەسەر كرێ و بەرزبونەوەی نرخی شتومەكە سەرەكییەكان لە نمونەی خۆراك و دەرمان و ووزە بووەتە هۆی كەمبوونەوەی لایەنگرانی ئەردۆغان و وادەكات ئەوانەی پێشتر دەنگیان پێداوە ئەمجارە لێی دووربكەونەوە.
هاوڵاتیەكی تورك دەڵێت "ئێمە لە كارەساتدا دەژین، هەموو شتێك گران بووە و دراوەكەشیمان تێكشكاوە، پارەكەمان هەموو بەهایەكی لە دەستداوە".
بەپێی راپرسیەكی MetroPOLL توركی، رێژەی لایەنگرانی ئەردۆغان بۆ سەدا 38و پۆینت 9 دابەزیوە، چوارشەممەی رابردوو دوو لە گەورە سەركردەكانی ئۆپۆزسیۆن داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان كرد، كە بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتوو لە ساڵی 2023دا بكرێت.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەڵێت "ئەم حکومەتە هیچ دەرفەتێکی نییە و ڕۆژ بە ڕۆژ دەنگی لایەنگرانی کاڵتردەبێتەوە ئەوان دەیناسن و ئێمەش دەیناسین".