395 کوردستان

سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌گه‌ڵ برێت مه‌كگۆرك و وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا كۆبوه‌وه‌

03:22 - 20/11/2021

"زه‌مه‌ن"

مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ برێت مەکگورک و وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا له‌ مه‌نامه‌ی پایته‌ختی به‌حره‌ین كۆبوه‌وه‌.


ئەمڕۆ شەممە، مەسرور بارزانی لە شاری مەنامە، لە گەڵ برێت مەکگورک ڕێکخه‌ری کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئەفریقا له‌ کۆشکی سپی کۆبووەوە.

نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بڵاویكرده‌وه‌، لە دیدارەکەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاوتوێ کرا. جەخت لە برەودان بە هەماهەنگیی و هاریکاری کراوه‌ته‌وه‌ لە پێناو ئارامی و سەقامگیربوونی دۆخی عێراق و ناوچەکە .

هه‌ر ئه‌مڕۆ شەممە له‌ هه‌مان شار، مەسرور بارزانی له‌گەڵ لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا کۆبوه‌ته‌وه‌.

 لە کۆبوونەوەکەدا ، وەزیری بەرگری ئەمریکا ، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان، هاوبەش و هاوپەیمانێکی گرنگی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا و دووپاتیشی کردەوە کە ئەمریکا، بەردەوام دەبێت لە پشتگيریکردنی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعش. به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت.


لایخۆیه‌وه‌، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمریکای کردوه‌ و جەختیشی لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەبوونی هەماهەنگیی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کردەوە .

دایەلۆگی ستراتیجی ئەمریکا و عێراق و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی کۆبوونەوەکە بووه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن