482 کوردستان

لە 10 مانگدا 65 پیاو خۆیان كوشتووە

02:07 - 19/11/2021

زەمەن- پشتیوان جەمال

تەنها لەماوەی ئەمساڵدا 463 سكاڵا لەلایەن پیاوانەوە تۆماركراون و 65 پیاویش خۆیان كوشتووە، راوێژكارێكی مافەكانی مرۆڤیش رایدەگەیەنێت، بەداخەوە ئێستا خەریكە هاوكێشەكە پیچەوانە دەبێتەوە و توندوتیژی بەرامبەر پیاوانیش لەزیادبووندایە.

ئەمڕۆ 19ی تشرینی دووەمی 2021 رۆژی جیهانی پیاوانە، بەڵام رەنگە كەمترین پیاو لە كوردستان ئاگاداری ئەم رۆژەی خۆیان بن، بەپێی ئاماری یەكێتی پیاوانی كوردستان كە بە "زەمەن" دراوە، لەماوەی 10 مانگی ئەمساڵدا 463 سكاڵا و توندوتیژی بەرامبەر پیاوان تۆماركراون، هەروەها 54 پیاو خۆیان كوشتووە، 6 پیاویش لەلایەن ژنەكانیانەوە بەهاوكاری كەسانی دیكە كوژراون.

بورهان عەلی، سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان بە "زەمەن"ی راگەیاند، دیارترین كێشەكانی ئەمڕۆ دەستوەردانی خێزانی و سۆشیاڵ میدیایە كە هۆكاری سەرەكی جیابوونەوەكانن، جاران دەستوەردانی كەسوكار بۆ چارەسەر بوون، بەڵام ئێستا بۆ جیابوونەوەیە، پاشان كێشەكانی سۆشیاڵ میدیا بۆتەهۆی دروستبوونی ناپاكی و چاولێكەری.

ناوبراو روونیكردەوە، ئێستا دەركردنی پیاوانیش لەماڵەوە دیارترین حاڵەتی ئەمساڵی توندوتیژییەكانە، بەجۆرێك هەر ژنێك سكاڵا لەسەر پیاوەكەی تۆمار بكات و كاتێك تۆمەت بۆ پیاوەكەی دروست دەكات بەوەی دەیەوێت بیكوژێت، ژنەكە سكاڵا تۆماردەكات و یاساش دەستبەجێ فەرمانی دەركردنی پیاوەكەی لە ماڵەوە دەردەكات.

لەو بارەیەوە محەمەد گۆمەشینی، راوێژكاری خێزانی و چاودێری مافی مرۆڤ بۆ "زەمەن" رایگەیاند، دیاریكردنی رۆژێك بۆ پیاوان هاوشێوەی توێژەكانی دیكە وەبیرهێنانەوەیە بۆ مافەكانی پیاوان یان ئەو چەوسانەوانەی بەرامبەریان دەكرێت، ساڵانی رابردوو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ كاریات بۆ ئەوە دەكرد كە توندوتیژی بەرامبەر ژنان كەمبكرێتەوە و مافەكانیان زیاتر پارێزراو بێت، بەداخەوە ئێستا دەبینین توندوتیژی ئافرەتان كەمبۆتەوە، بەڵام خەریكە هاوكێشەكە پیچەوانە دەبێتەوە و توندوتیژی بەرامبەر پیاوانیش لەزیادبووندایە.

گۆمەشینی روونیكردەوە، بەتایبەتی بەهۆی قەیرانی دارایی و كێشەی كۆمەڵایەتییەكان و بەرنامەی هەندێك لە كەناڵەكان و دراما دۆبلاجكراوەكان رۆڵی پیاو بە لاواز نیشان دەدرێت، ئەو هەڵمەتانەشی هەندێجار بەناوی پارێزگاری لە مافەكانی ژنان ئەنجام دەدرێت ئارَاستەكەی رێچكەیەكی دیكە وەردەگرێت، واتە لە جیاتی ئاشتبوونەوە لەنێوان ژن و پیاو یان هەردوو رەگەز دروست بكرێت، بەڵام دەبینرێت لە هەڵمەتەكان بەجۆرێك پیاو بەرامبەر ناشرین دەكەن، وەك دوو دوژمن وێنەیان دەكەن كە ئەوەش زۆر خراپە و كاریگەری خراپ لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیریش دەكات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن