بۆچی کوردەکانی عێراق وڵاتی خۆیان جێدەھێڵن؟
10:54 - 19/11/2021
ئاژانسی بلوومبێرگی ئەمەریکی راپۆرتێکی لەسەر هۆکارەکانی
کۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوروپا لەژێر ناوی " بۆچی کوردەکانی
عێراق خاکی خۆیان جێدەهێڵن" بڵاوکردۆتەوە و تێیدا باسی لەوەکردووە کە هەرچەندە
ناوچەکە لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیرە، بەڵام بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی لەسەرانسەری عێراق
و مەیلی هەولێر بەرەو دیکتارتۆر بوون و دەمکوتکردنی بەرهەڵستکاران و رۆژنامەنووسان
وایانکردووە خەڵک بیر لە کۆچکردن بکەنەوە.
بلوومبێرگ لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت"بارودۆخی
کۆچبەران لەسەرسنووری پۆڵەندا و بیلارووسیا زۆر خراپە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە ڕێگر نییە
لەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەدوای دەرفەتێکدا بگەڕێن بۆئەوەی خاکی خۆیان جێبهێڵن
و بەختی خۆیان لە ئەوروپا تاقی بکەنەوە".
ئاژانسەکە ئاماژەى بەوەشکردوە، زۆرێک لە ئەوروپی
و ئەمەریکییەکان بەلایانەوە سەیرە کە هەزاران هاوڵاتی کوردی عێراق سەری خۆیان هەڵدەگرن
و روو لە سنوورەکانی پۆڵەندا و بیلارووسیا دەکەن، بەڵام پێدراوەکانی بڵاوبوونەوەی
گەندەڵی لەسەرانسەری عێراقدا هۆکارەکانی ئەو کۆچکردنە رووندەکاتەوە.
ئەوەش هاتووە: زیادبوونی ژمارەی ئەو کوردانەی عێراق
دەیانەوێت لە وڵاتەکەیان رابکەن، ئەو ئومێدە لەبارەی بوونی دەرفەتی ئابووریی و سیاسیی لەهەرێمەکە لەدوای ساڵی 2003 بەبا دەدات و ڕاستییەکەی ئێستا ئەوەیە کە هەرێمی
کوردستان لە نێوان دۆخێکی ئابوریی ناڕوون و لە نەبوونی چاکسازی سیاسیدا بووەتە پەناگەیەک
بۆ هەڵاتووەکانی وڵاتانی نزیک، بەتایبەت کە دوو سەرۆک هۆز دەستیان بەسەر ژیانی سیاسیی
هەرێمەکەدا گرتووە و حکومەتی هەولێریش زیاتر مەیلی بەرەو دیکتاتۆرییەت و زیندانیکردنی
بەرهەڵستکاران و دەمکوتکردنی رۆژنامەنووسان هەیە، خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی
ساڵی رابردووش هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر کەمکردنەوەی گەندەڵیی لەهەرێمەکەدا نەبووە.
بلوومبێرگ روونیکردەوە، حکومەتی عێراق بەدرەنگەوە
هەوڵەکانی بۆ گێرانەوەی عێراقییە کۆچبەرەکان دەستپێکردووە، بەڵام ئەو راپۆرتانەی لەسەر
سنووری پۆڵەندا و بیلارووسیاوە دێن ئەوەیە کە کۆچبەرەکان پێیان باشترە بەرگەی سەرما
و سۆڵەی زستانی ئەوێ بگرن لەوەی بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
لە ئیندیپێندت وەرگیراوە