870 کوردستان

مێرمنداڵێكی 15 ساڵ خۆی كوشت

05:21 - 18/11/2021

زه‌مه‌ن_رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

مێرمنداڵێکی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی نەسوود سەر بە شاری پاوە لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا دوایی ئەوەی چەند سەر لە هێسترەکانی کە بۆ کاسبی بە قەرز کڕیبووی و لەلایەن هێزەکانی سەرسنوورە کوژران، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

 
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكرده‌وه‌، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی سرووش ڕەحمانی خەڵکی گوندی “هانەگەرمەڵە” سەر بە شاری نەوسوود و دانیشتووی شاری پاوە له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی سرووش ڕەحمانی بە هۆی هەژاری و قەرزدارییەوە خانووەکەیان لە گرەوی بانکدا بووە و باوکی سرووش تووشی شێرپەنجەیە، سروش بۆ ئەوەی هاوکاری بنەماڵەکەی بکات چەند سەر ئەسپی بە قەرز هێناوە و لە سنووری نەوسوود سەرقاڵی کۆڵبەری بووە کە چەند ڕۆژ پێش هێزەکانی سەرسنوور ئەسپەکانیان داوەتە بەر دەسڕێژی گولە و کوشتویانە.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، سرووش لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو تووشی خەمۆکی بووە و دوێنێ لە کاتێکدا کە بە تەنیا لە ماڵەوە بووە لە باڵکۆنی ماڵی باوکیدا خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن