340 کوردستان

به‌رهه‌م ساڵح سه‌ردانی بارزانییه‌كان ده‌كات‌

04:18 - 17/11/2021

"زه‌مه‌ن"


به‌رهه‌م ساڵح، سه‌ركۆمارى عێراق، به‌ جیا سه‌ردانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ مه‌سعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی كرد.


پێش نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی كوردستان له‌ سه‌لاحه‌دین پێشوازی لە به‌رهه‌م ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی كورتدا باره‌گای بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، بارودۆخی سیاسیی عێراق و قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕێگەچارەكان بۆ ڕاستەڕێكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و تێپەڕاندنی تەحەددیات و پرسە هەنووكەییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان تەوەرەكانی ئەو دیدارە بوون.

دواتر به‌رهه‌م ساڵح سه‌ردانی نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانی كرد.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بڵاوكرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا دۆخى عيراق به‌گشتى و قۆناغى دواى پرۆسه‌ى ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عيراق و ئه‌نجامه‌كانى، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌وڵه‌كانى چاره‌سه‌ركردنيان، پرسى دامه‌زراندنى حكوومه‌تى داهاتووى عيراق، شه‌ڕى تيرۆر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، خرانه‌ به‌ر باس و بيروڕايان له‌باره‌يانه‌وه‌ گۆڕييه‌وه‌.


هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى هێز و لايه‌نه‌ عيراقييه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنى ته‌حه‌دييه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌ كرده‌وه‌ و هاوڕا بوون كه‌ هه‌مووان پێكه‌وه‌ بۆ جێگيركردنى سه‌قامگيرى و هێنانه‌كايه‌ى حكوومه‌تێكى خزمه‌تگوزار و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ بۆ چاوه‌ڕوانى و داواكارييه‌كانى هاووڵاتيان كار بكه‌ن و پرۆسه‌ى سياسى و وڵات بخه‌نه‌ سه‌ر ڕێچكه‌ و پێگه‌ى دروستى خۆى.


سه‌ردانه‌كانی به‌رهه‌م ساڵح هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی دانوستان و گفتوگۆكان له‌سه‌ر پۆسته‌ باڵاكانی سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عێراق.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن