وەزیری بەرگری توركیا بانگەشەی شەهیدكردنی نزیكەی 33 هەزار گەریلاو شەڕڤان دەكات
08:04 - 16/11/2021
"زەمەن"
خولوسی ئاکار وەزیری بەرگریی تورکیا، بانگەشەی ئەوە دەكات لە ماوەی شەش ساڵدا نزیكەی 33 هەزار گەریلا و شەڕڤانیان شەهید كردووە.
خولوسی ئاکار لە میانی پێشکەشکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٢ی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە لیژنەی پلان و بودجە لە پەرلەمانی تورکیا راگەیاند.
وەزیری بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەكردووە، بەرەنگاربوونەوەی "رێکخراوە تیرۆریستییەکانی" فەتۆ، پەکەکە پەیەدە، داعش بەشێوەیەکی توند و چالاک و بێوچان بەردەوامە و لە زیادبووندایە.
لەو بارەیەوە باسیلەوەكرد، لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠١٥وە بۆ ئەمڕۆ لە ناوەوەی توركیا، "باکووری عێراق و سوریا"دا کۆی گشتی ٣٢ ھەزار ٩٠١ و لە سەرەتای ئەمساڵەوە دوو ھەزار و ٤٢٦ "تیرۆریست لە چالاکی خراون".
بەرپرسانی توركیای دەستەواژەی"تیرۆریست" بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان و یەكینەكانی پاراستنی گەل بەكاردەهێنن، "زەمەن" وەك بڵاوكردنەوەی زانیارییەك لێدوانەكانیان دەگوازێتەوە و لە سیاقی قسەكانیاندا ئەو دەستەواژانە وەك خۆی دادەنێتەوە.