زیاتر لە 52 هەزار دەرچوو داوایان بۆ وەرگرتنی زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەشكردووە
10:46 - 14/10/2021
زەمەن-
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 52 هەزار خوێندكاری 12ی ئامادەیی داواكارییان بۆ وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگەكان پێشكەشكردووە.
ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئامادەبوونی بریكاری وەزارەت و سەرجەم سەرۆك زانكۆ حكومییەكان و راوێژكار و بەڕێوەبەرانی گشتی تایبەتمەند، كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت لە سەرۆكایەتیی زانكۆی چەرمو لە قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەچوو.
بەپێی راگەیەنراوی وەزارەت، وەزیری خوێندنی باڵا رایگەیاندووە، بە رەچاوكردنی كوالێتی خوێندن و لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی پلانێكی تۆكمە، كار بۆ وەرگرتنی خوێندكاران لە زانكۆ و پەیمانگەكان دەكەن، سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی دەرچووان كە داواكارییان بۆ وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكانی هەرێمی كوردستان پێشكەَش كردووە و ژمارەكەیان بریتییە لە 52 هەزار و 533 دەرچوو.
هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە، پرسی ئەژماركردنی ماوەی مانەوەی خوێندكارانی خوێندنی باڵا لە دەرەوەی وڵات كە بە شێوەی ئۆنلاین بەردەوام بوون، دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی تایبەتمەند بەو بابەتە و گفتوگۆكردن، پێشنیازی لیژنەكە پەسەند كرا؛ هەروەها چەند بابەت و پرسێكی دیكەی پەیوەست بە پێشخستنی ئاستی زانستی و ئەكادیمیی زانكۆكانی كوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و پەسندكران.