717 کەلتور

کاتژمێرەکان ناهێڵنن گەورە ببم

01:50 - 11/10/2021

سوارە کافرۆشی-کلتوری زەمەن


بە کاتژمێرە کۆنینەکەی باخەڵی پایز
بەرەو ئێوارە هەنگاو دەنێم
بە کاتژمێرەکەی دەستی باوکم من هێشتا منداڵێکی بچکۆلانەم
دایکم تەماشای کاتژمێر ناکات
ئەو نایەوێ گەورە ببم
بە کاتژمێری خەونەکانم گەنجێکم پرم لەسەرکێشی
بە ئێوارەیەکی تەنیادا دادەکشێم
بە کاتژمێری منداڵیم
دوا نیوەڕۆیەکی گەرمە بە ئەسپە ئاسنینەکەم
بەرووی ئاسۆدا هەڵدەزنێم
کاتژمێرەکان ئەو شارەیان لەمن سەندەوە کە دەبوو تێیدا گەورەببم
دیوارەکان کاتژمێری زەبەلاحیان هەڵچنیوە
جوانی شاریان لەچاو ونکرد
ژیانیان کردووە بە زیندان
ریتمی هەناسەیان تەنگ کرد
بە کاتژمێری دەستی باران
شێوەی مەلێکی باڵشکاوم
لە کەناری دەریایەکدا راکشاوم
بە کاتژمێرەکەی دەستی تۆ
ئێوارەیەکی خەمگینە
نازانم تۆ لە پایز ئەچیت یان کاتژمێرەکەت
پایزانە کات ئەژمێرێت
بە کاتژمێری بوڵێڵە
شەو خەریکە لەم ئاسمانە رادەکشێت
لەدامێنی شەوێکی قەترانییەوە دێم و
پرچت پڕە لە وردە ئەستێرەی مەراقێکی درێژی من،
بەدەم وێرد و زیکری ئەوینەوە
ئەستێرە دەکەم بە ماچ و لەسەر لێوانت دەنیشێتەوە
کاتژمێرەکان برینی منن
بە کاتژمێری ئەستێرە خامۆش بووەکانی ئەمشەو
نەورەسێک لە گوێمدا ئەیجریوان
بە هۆرەیەک دوا کۆپلەی خۆی بۆ وتم
بە کاتژمێری رەشەبایەک
دارهەنارێک بە کزەیەک لەرز گرتی و
هەنارێک لە باوەشییەوە کەوتە خوارێ و
سەری شکا، خوێن فچقەی کرد 
زەوی سوور سوور ئەچووەوە
شەقام گریا
بە کاتژمێری دەستی مەرگ
زەوی پڕە لە ئێسک و پروسک
لە تاریکی و 
لە تەم توومان
دەرگاکان ئاوەڵا دەکەم کازیوەیەک ئەم تەمە ناڕەوێنێتەوە،
رۆشنایی تراویلکەیە و هەر دەڕۆم و پێی ناگەم،
ئەڵێی کات چەقی بەستووە 
سەراپای کاتەکان لە بولێڵدا گوزەر دەکەن
کاتژمێر مێژووی دڵتەنگییە
جەنگە
زریکەی منداڵێکی ساوایە
تۆفانی بە کەنیزەک کردنی کیژۆڵانە
دەنگێکی گوێکاسکەرە
پڕ بە کەون هاوار دەکات..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن