وەزیرانی دارایی و ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ یەکێتی بەڵێندەران کۆبونەوە
09:07 - 27/09/2021
زەمەن - هەولێر
رۆژی دوشەممە 27/9/2021، لە دیدارێکی هاوبەشدا،
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری و دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو
نیشتەجێکردن، لەگەڵ شاندێکی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان کۆبونەوە.
ئامانج لە کۆبونەوەکە، گفتوگۆکردن بو سەبارەت بە
داواکارییەکانیان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران لە لایەن حکومەتی هەرێمی
کوردستانەوە، لە بەرامبەر ئەو پڕۆژانەی لە هەرێمی کوردستان جێبەجێی دەکەن.
لەمڕوەوە وەزیرانی دارایی و ئاوەدانکردنەوە، وێرای
تیشکخستنە سەر بارودۆخی ئابوری و دۆخی دارایی حکومەت و هەوڵدان بۆ دابینکردنی موچەو
ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان، جەختیان کردەوە لەسەر هەوڵەکانیان بۆ
دابینکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران و پاڵپشتی و پشتیوانی خۆیان بۆ داواکارییەکانیان
دوپات کردەوە.
هاوکات رزگار جەمال، سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەران
رۆڵی هەردو وەزیری دارایی و وەزیری ئاوەدانکردنەوەی لەماوەکانی رابردودا بەرزنرخاند
کە خەمخۆر و پشتیوانیان بون و داواشیان کرد؛ دامودەزگاکانی حکومەت کارئاسانی زیاتر
بۆ بەڵێندەران بکەن لەکارەکانیاندا.
هەر لە کۆبونەوەکەدا بڕیاردرا کە درێژە بە هەماهەنگی
و کۆبونەوەکان بدرێت بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان و جێبەجێکردنی داواکاریەکانیان.