تالیبان: ڕیش تاشین و مۆسیقا قەدەغەیە
09:45 - 27/09/2021
زەمەن_جیهانی
لە پێشهاتێكی نوێدا بزوتنەوەی تالیبان كە لە ناوەڕاستی مانگی ئابەوە دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتووە، رێنمایی بۆ سەرتاشخانەكان دەركرد.
بەپێی ئەو نوسراوەی گشتاندنی بۆ كراوە، لەلایەن بەرپرسانی تالیبانەوە لە ویلایەتی هلمندی باشوری وڵات دەرچووە، رێگری دەكات لە سەرتاشەكان ریشی خەڵك كورت بكەنەوە و لە كاتی ئیشدا مۆسیقا لێبدەن.
دەسەڵاتدارانی ویلایەتەكە، رۆژی یەكشەممە رایانگەیاند: لەسەر تەواوی سەرتاشخانەكان پێویستە كە بەهیچ شێوەیەك ریشی خەڵك نەتاشن و لە سەرتاشخانە و ئارایشتگاكانیش مۆسیقا لێنەدرێت.
ئاماژەبەوەشكراوە، سەرپێچیكاران سزا دەدرێن و مافی ئەوەشیان نابێت سكاڵا تۆماربكەن.
ئەم رێكارە نوێیە، جارێكی دیكە ئەگەری تارمایی رابردووی سەردەمی حكومی تالیبان لە ساڵانی نەوەدەكان بەبیر خەڵكدا دەهێنێتەوە كە مەرج و رێكاریی توندی بەسەر خەڵكدا سەپاندبوو.
سەرەتای ئەم مانگە تالیبان ژمارەیەك پەیمانگای مۆسیقای داخست، هاوكات هێشتا رێگە نادات كچان بچنەوە قوتابخانە.
ئەم رێكارانە سەرچاوەی نیگەرانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتین، چەندینجار داوای رێزگرتنی مافەكانی مرۆڤی كردووە لەلایەن تالیبانەوە.