1213 کوردستان

ژمارەیەك "نەژادپەرستی تورك" هێرشیان كردە سەر خێزانێكی كورد و یەكێكیان كوشت

09:41 - 21/07/2021

زەمەن_كوردستانی

لە ناوچەی مەڕمەڕەی کۆنیای تورکیا، کۆمەڵێک نەژادپەرستی تورک کە ژمارەیان ٦٠ کەس بووە، هێرشیان کردوەتە سەر خێزانێکی کورد و لە ئەنجامدا ئەندامێکی ئەو خێزانە کوردە کوژراوە.

 

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، لە چارکلکۆی مەڕمەڕەی کۆنیای تورکیا، خێزانێکی خەڵکی شاری ئامەدی باکوری کوردستان هێرشیانکراوەتەسەر. ئەو خێزانە ٢٠ ساڵە لەو ناوچەیە دەژین، کۆمەڵێک نەژادپەرستی تورک کە لە ٦٠ کەس پێکهاتبوون، بە چەک هێرشیان کردوەتەسەر خێزانە کوردەکە و لە ئەنجامدا حەکیم دالی تەمەن ٤٣ ساڵ، بە دەستی نەژادپەرستە تورکەکان کوژراوە و زۆر جاری تر هەڕەشە لەو خێزانە کراوە.

حەمدی دال برای حەکیم  وتویەتی: لەبەرئەوەی ئێمە کوردین بۆیە هێرشمان کراوەتە سەر، پێمان دەڵێن دەبێت ئێوە خانووەکەتان بفرۆشن و لێرە بڕۆن، لە گوندەکانی دەوروبەریشمانەوە  گوشاریان لێکردوین و دەیانەوێت لێرە بڕۆین و هەڕەشەشیان لێکردوین.

باسیلەوەكردووە, کاتێک شوانەکەی ئێمە  خەریکی لەوەڕاندنی مەڕەکانمان بوو، گوێمان لە دەنگەدەنگ بوو، بینیمان ٦٠ کەس هاتن و هێرشیان کردە سەرمان، ئێمە سێ کەس بووین  و لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا براکەی من کوژرا.

شایەدحاڵی ڕووداوەکە محەمەد ئەمین، دەڵێت: نەژادپەرستەکان، چەند جاری تر ویستبوویان هێرشبکەنەسەر ئەو خێزانە و وتی: لە ڕابردوودا سێ جار هەوڵیاندابوو هێرشبکەنەسەر ئەو خێزانە.

لە گەڕەکی باخچەشەهیری مەڕمەڕەی کۆنیا، لە ١٢ی مانگدا، نەژادپەرستە تورکەکان هێرشیان کردبووە سەر خێزانێکی کورد، کۆمەڵێک نەژادپەرست وتبوویان “ئێمە نەژداپەرستی تورکیین، ئێمە ناهێڵین ئێوە لێرە بژین” و هێرشیان کردبووە سەر خێزانێکی کورد؛ لەو هێرشەی نەژداپەرستە تورکەکاندا چوار ژن و حەوت کەسی تری کورد بە سەختی بریندار بووبوون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن