دەقی تەمەن / 23
11:50 - 22/06/2021
ناڵە حەسەن-کەنەدا
١
من لەنێو
ئارامی شەوێکی دۆزەخی دا
دۆزەخی ئارامی شەوێک دا
شەوی دۆزەخێکی ئارام دا
بە تاقی تەنێ
بە ڕێگایەکی تاریک تاریکدا دەڕۆیشتم
لەم شەوە هێمن و بێدەنگەدا
نەمدەزانی
بۆچی هێندە نائارام و دڵ بە
پەرۆشم
بەڵام / کە گەیشتمە سەرەتای کۆتایی
ڕێگاکە
داخی گرانم نە تۆم دۆزییەوە نە خۆیشم
٢
لەنێو کۆڵانە زەردەکەی
منداڵیم و
لەنێو زەردەپەڕی منداڵێتی
ئارەزووەکانم
ئەو گۆزە نەخشێندراوەی
لە سەرشانی کچێکی چاوشینم
شکاند
کە گەورەبووم / ئینجا لەوە
تێگەیشتم
ئەوە گۆزەی خەونە سپییەکانی
خۆم بوو
٣
نە خۆم خاوەنی دڵی خۆمم نە تۆ
نە تەنیایی غوربەتم ماڵی ئەبەدیمە
نە پەرستگە درەوشاوەکەی تۆ
دڵی من وەکو شیعر /
گەریدەیەکی گەڕۆکە
لەگەڵ هاتنی هەر وەرزێک
ڕوخساری خۆی نوێ دەکاتەوە
لەسەر هەر کانییەک / قومە
ئاوێ
لەسەر هەر سەکۆیەک / پشییە
خەوێ
لە باوەشی هیچ ئەستێرەیەکیش /
بۆ تاهەتا نامێنێتەوە ...!
٤
هەموو ڕۆژێ
شتێک وەکو بەفر دەتوێتەوە /
لەنێو مندا
شتێک وەکو خەڵووز ڕەش
هەڵدەگەڕێ / لەنێو مندا
شتێک وەکو گەڵا هەڵدەوەرێ /
لەنێو مندا
شتێک وەکو مۆمی دەم با
دەکوژێتەوە / لەنێو مندا
شتێک وەکو ڕەگی پیرەدارێک
دەمرێت / لەنێو مندا
منیش / بیر لەهەموو شتێک
دەکەمەوە / بەس عەشق نا ...!
٥
گوڵە گیانم
ئەوە قەدەری منە
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە
خەونەکانی نیشتیمانم
بە مردن کۆتاییان دێت
شیعر و قەسیدەکانی منیش / بە
نەفرەت
٦
گەر بە قووڵی
لەنێو چاوەکانی چۆلەکەیەک
بڕوانین
چیمەنێکی تەڕ و سەوز دەبینین
لەنێو دڵۆپە بارانێکیش
بەهارێکی بێگەرد
لەنێو خەونی مرۆڤەکانی ئەو
سەردەمەش
نائومێدی و ڕەشبینیەکی ڕەش
ڕەش
ئێمە هەموومان / لە مردن
ڕادەکەین تاکو بژین
بەڵام / چۆن ژیانێک
جەلاد و قوربانی / بەیەکەوە
ماسک دەپۆشین
چ بوونێکی زەلیل و
تابلۆیەکی چەند شێواوی / ئەو
مرۆڤ ...!؟
٧
من / وەکچۆن دڵم موڵکی خۆم
نییە
ژیانیشم بە هەمانشیوە
بەڵام / قەڵەمەکەم هی خۆمە
...!
٨
لە بیابانی ئەو غوربەتەم
هەناسەکانی عەشقی
من بە ئاگر / خۆی فێنک
دەکاتەوە
٩
من لە جنسی ئەستێرەم و
پرشنگێکم لە ڕووناکی
بە ڕێکەوت کەوتوومەتە سەر
زەوی
بۆیە کە ئێوارە دادێ / پڕ
دەبم لە دڵتەنگی
چونکە دەبێ لەگەڵ خۆر ئاواببم
لەتۆ دوور بکەومەوە
بەڵام هێندە نابا
لەگەڵ مانگ دەردەکەومەوە
وەکو جاران شەوەکانت
دەدرەوشێنمەوە
من لەنێوان ئەم ئاوابوون و
دەرکەوتنەوەیەمدا
بوومەتە قەسیدەیەکی درێژی
گەنم ڕەنگی
هەموو دەم
بزەی گەرم و نیگای نەرم و
خەم و خۆزگە و خەونەکانت /
دەنووسمەوە ...!
١٠
مرۆڤە بچووکەکانی نێو ڕووبەری
داهێنان
وا خەریکە پەتی ئارامییان
دەپچڕێ
چونکە دەیانەوێ
پەنجە بخەنە نێو چاوەکانم
بەڵام / هێندەی دەکەن
دەستییان نامگاتێ ...!
١١
من لە نێوان
شیعر و سەفەر و کەیف و سەفا
بەهەشت و شەڕاب و حۆرییەکانی
خودا
کورسی و پلە و پایە و ماڵی
دونیا
بەبێ هیچ دوودڵییەک
یەکەمینییان هەڵدەژێرم
چونکە من ساڵانێکە
ڕامگەیاندووە و
وا دیسان دەیڵیمەوە
( من ژیانم بۆ شیعر دەوێت
...! )
١٢
گەر لێم بپرسن
تۆ دەتەوێت ( حەفتا ) ساڵ
بژیت
یان ( شەست و نۆ )
بەبێ هیچ وردبوونەوەیەک /
دەمودەست
دووەمینییان هەڵدەبژێرم
چونکە من ساڵانێکە
لەنێو ( دەقی تەمەن )م گتومە
( من ژمارەی تاکم لە ژمارەی
جووت خۆشتر دەوێت ...! )
١٣
من / لەوبەر سنوورەکانی
دڵتەنگیم
مسم تواندەوە
بەسەر قەڵەمەکەی خۆمم داکرد
بەفرم تواندەوە
پەیکەرێکی ئاویم لێ دروست کرد
ئاگرم تواندەوە
لەسەر سەری خۆمدا ڕامگرت
لەنێو هەموویان دا /
وێنە و نیگار و زەردەخەنە
پایزییەکەی تۆم بەدیکرد
وەکو دایکم گوتەنی
( ئەوە تۆ چیت
هەی ئاگر و پەنگر هەی موسیبەت
...! )
١٤
من لەنێو سیاسەت دا
وام هەست دەکرد / کۆیلە و
دەستەمۆم
لەنێو عەشقیش / بەهەمانشێوە
بەڵام لەنێو شیعر
لە نووسینی یەکەمین وشەوە تا دواهەمیین
ئەوە زێتر لە ( سی ساڵە )
هەمیشە هەستم بەئازادییەکی
ڕەها کردووە
١٥
گوڵە گیانم
من وای دەبینم
ئەلبومەکانی نیشتیمان
پڕن لە وێنەکانی
مردن و جەنگ و نائومێدی
باخچەکانی دڵی تۆش
لەبەر خەم و هەستەکانی
تەنیایی
شوێنی نەمامێکی تریان تیا
نەماوە ...!
پووشپەڕی 2021