کەلتور

کارەکتەرسازی لە نێو ڕۆماندا

06:28 - 14/06/2021 347 جار خوێندراوەتەوە

گۆران سەباح-کلتوری زەمەن

خوای گەورە شێوەی ئادەمی لە قوڕ دروست کرد، ماوەیەک لێی گەڕا، دواتر ڕوحی تێ خست. تۆ بڵێی هەروا، بێ بیرکردنەوە و پلان، ئادەمی دروست کردبێ؟ بێ شک، نا. ڕاستە (کون فیکون)ە، بەس دروستکردنی ئادەم پڕۆسەیەک بوو.
ڕۆماننووسیش خالقە، کارەکتەر دروست دەکات. بێو پڕۆسەکە بێ پلان، بیرکردنەوە و لەخۆوە بێت، کارەکتەرەکان دوور دەبن لە ڕاستی، خوێنەر باوەڕیان پێ ناکات. ئەمەش ڕۆمانەکە کرچ دەکات.
زۆربەی ڕۆمانەکان لەبارەی خەڵکن. توخمەیلی ڕۆمان (پڵۆت، ڕووداو، سێتینگ، هتد) لە پێناو کارەکتەرەکان دروست دەبن. لینکی خوێنەر زێتر لەگەڵ کارەکتەرە. هێندەی کارەکتەر لە هزری خوێنەردا دەمێنێتەوە، هێندە ڕووداو و کات و شوێن نامێننەوە.
هەر کارەکتەرێک لە مێشکی خوێنەردا مایەوە، واتە باش هاتووەتە دروستکردن. بۆ نموونە، هاری پۆتەر، جۆکەر، ئایرن مان، مولازم تەحسین، مانی و ئاهی لە ڕۆمانی میدیا، هتد.
پێش باسکردنی تەکنیکی دروستکردنی کارەکتەر، با باسی جۆرەکانی کارەکتەر بکەین. دیاریکردنی جۆری کارەکتەر مشتومڕی لەسەرە (بێرناردۆ، ٢٠١١)، بۆیە کراونەتە چەند پۆلێک:


پۆلی یەکەم

 ناسراوە بە (١٢) جۆرەکە (هۆک، ٢٠١١). دەروونناسی سویسری کارل جەنگ، بیردۆزناسی ئەمریکی جۆزف کامپێل و چەندان نووسەر و سیناریست لەسەری کۆکن:
1-دڵدار (lover): دڵ ڕێبەری ئەم جۆرە کارەکتەرە دەکات. هێزەیلی ئەم کارەکتەرە ئەمانەن: سۆز، خۆشەویستی، قەناعەت، لایەنی مرۆیی. خاڵی لاوازیان ئەمانەن: ساویلکە و نائەقڵانی. بۆ نموونە: مەم و زین، ڕۆمیۆ و جولیێت.
2-پاڵەوان: ئەم کارەکتەرە فریادڕەسە. شکۆمەند، بەهێز، بەغیرەت و کۆڵنەدەرە. خاڵی لاوازی ئەوەیە بێتام متمانەیان بەخۆیانە و لە هیچ شتێک سڵ ناکەنەوە. بۆ نموونە: ئاکیلیس؛ (هەڵۆ) لە ڕۆمانی فریشتەی دۆزەخ.
جۆرەکانی سێ تا ١٢ ئەمانەن: ساحیر، یاخی، گەڕۆک، دانا، بەریئ، دروستکەر، حاکم، خەمخۆر، ڕەشوڕووت، نوکتەچی.


پۆلی دووەم

 حەفت جۆرە کارەکتەر هەن بەپێ ئەو ڕۆڵەی پێیان دەدرێت لە گێڕانەوە (سمیس، ١٩٩٥):
یەکەم: پڕۆتاگۆنیست: واتە کارەکتەری سەرەکیی چیرۆکەکە.
دووەم: ئەنتاگۆنیست: واتە خراپەکار لە چیرۆکەکە.
سێیەم: جێی بایەخ و خۆشەویستی: واتە ئەوەی پڕۆتاگۆنیست لای گرنگە و خۆشی دەوێت.
چوارەم: متمانەپێکراو: واتە ئەو کەسەی پڕۆتاگۆنیست متمانەی پێ دەکات، هاوکاری پڕۆتاگۆنیست دەکات.
پێنجەم: دیوتراگۆنیست (dueteragonist): هێندەی پڕۆتاگۆنیست گرنگە، بەڵام چیرۆکەکە لەبارەی ئەو نییە.
شەشەم: تێشیەری (Tertiary): کارەکتەری لاوەکین و لە دیمەنێک یان ڕووداوێک زۆر گرنگن.
حەفتەم: فۆیل (foil): ڕێک پێچەوانەی پڕۆتاگۆنیستن و کێشەی بۆ دروست دەکەن.

 

پۆلی سێیەم
ئەم پۆلە لە پێنج جۆرە کارەکتەر پێک هاتووە (هۆفمان، ١٩٩٦). لەسەر بنچینەی گۆڕان و نەگۆڕانی کەسەکان ناویان لێ دەنرێت.
1-گۆڕاو (dynamic): ئەم کارەکتەرە گۆڕانی بەسەردا دێت. سەرەتا ترسنۆکە، دواتر ئازا دەبێت؛ سەرەتا ڕەشبینە، دواتر گەشبین دەبێت.
2-قابیلی گۆڕان (Round): ئەم کارەکتەرە نێزیکە لە کارەکتەری گۆڕاو، بەڵام هەر لە سەرەتاوە پێیەوە دیارە کە دەتوانێت بگۆڕێت و کارێک بکات.
3-جێگیر (static): ئەم کارەکتەرە لە سەرەتاوە تا کۆتایی ناگۆڕێت. هەندی جار پێی دەگوترێ فلات کارەکتەر.
4-دامەزراو (stock): کارەکتەرێکی نموونەییە و کۆمەڵێک سیفەتی نەگۆڕی هەیە.
5-سیمبولی (symbolic): نوێنەرایەتی تێمایەک یان مانایەکی گەورەتر لە خۆیان دەکەن.


 چۆن کارەکتەری باش دروست بکەین؟

بۆ دروستکردنی کارەکتەرێکی لەبیرنەکراو، کارەکتەرێک خوێنەر لەگەڵی بژی، خوێنەر باسی بکات، دەبێ کارەکتەر ڕاستی بێت (بێرنارد، ٢٠١١). کارەکتەری ڕاستی ڕابردووی هەیە، هەست و سۆزی هەیە، خاڵی لاواز و بەهێزی هەیە، سیفەت و خەوشی هەیە (هۆک، ٢٠١١).  
دەتوانین ئەم تەکنیکانەی خوارەوە ڕەچاو بکەین بۆ دروستکردنی کارەکتەری ڕاستی (مێلیسا، ٢٠٢١):

 

یەکەم: دیالۆگ
هەر کەسە و بە جۆرێک قسە دەکات. ستایلی قسەکردنی من جیایە لەگەڵ هەر حەفت ملیارەکەی تر. کەواتە دەبێ کارەکتەرەکانت ستایلی خۆیان هەبێت. بۆ نموونە، سەیری ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان بکە، شووشە و سامی و ڕام و مێتال و ئیمام حەکیم ستایلی تایبەتی خۆیان هەیە، لە یەک ناچن کاتێ قسە دەکەن.
دووەم: ناو
ناوی کارەکتەر پەیامە. ناوێک نییە و بەس، بگرە پەیامێکی لە پشتە. ناو دەبێ لەگەڵ کەسایەتیی کارەکتەر بێتەوە. بۆ نموونە، (هەڵۆ) لە ڕۆمانی فریشتەی دۆزەخدا ناوێکە پڕ بە پێستی کارەکتەرەکە. شووشە ناوێکە پڕ بە پێستی کات و شوێن و کەسایەتییەکەی. دەکرێ ناوی پاڵەوانەکەت (عەبدولمەجید) بێ؟
سێیەم: جەستە
باڵا، ڕەنگی پرچ، چاو، قەبارەی لوت، شێوازی ڕۆیشتن و ستایلی جل، هتد. کارەکتەر بەمانە دێتە ناسینەوە. دەبێ بەپێی پێویست هەندێ لەو سیفەتانە وەسف بکرێن.
چوارەم: ڕابردوو
هەر کارەکتەرێک ڕابردووێکی هەیە. ڕەنگە ئەزموونی هەبێ. دەبێ لە شوێنێک، بەپێی پێویست، باس لە ڕابردووی کارەکتەر بکرێت.
پێنجەم: ئامانجی کارەکتەر
هەندێ جار تەواوی ڕۆمانەکەت بەندە بە ئامانجی کارەکتەرەکەت. ناڕوونی ئامانجی کارەکتەر گێڕانەوەکە بێتام دەکات.
شەشەم: خاڵی لاواز و بەهێز
ئەگەر کارەکتەرێک هیچ خاڵێکی لاوازی نەبێت، واقیعی نییە. سەیری شووشە، پاڵەوانی ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان، بکەن: سەقەتە، دەترسێ، دەگریێ، هتد.
حەفتەم: خێزان و هاوڕێ
هیچ مرۆڤێک نییە هاوڕێیەکی یان ئەندامێکی خێزانەکەی کاریگەری لەسەر نەبێت. دەبێ ئەوانە باس بکرێن.
هەشتەم: ئەرک

ئەرکی کارەکتەرەکەت چییە؟ کاری چییە؟ چی دەکەن بۆ بژێوی ژیانیان؟
نۆیەم: کێشەی کارەکتەر
هەندێ بەربەست هەن لە ژیانی هەر یەکێکماندا. دەبێ ئەوانە ئاوێتەی گێڕانەوەکە بن.
دەیەم: توانا و توانست
هەموو کەسێک لە شتێک زۆر باشە، توانای لە شتێکدا هەیە. دەبێ ئەمە ڕەنگ بداتەوە لە چیرۆکەکە.  
یازدەم: سیفەت و تەبیعات و خووەکان
هەیە لە سەری بدەن ناوکی سەمون ناخوات. هەیە هەموو بەیانیان سەعات پێنج بەخەبەرە. هەیە بە گەرما تێک دەچێت، هەشە تەقەی سەری دێت. دەبێ شارەزای کارەکتەرەکەت بی.
دوازدەم: ترس


هەموو کەسێک لە شتێک یان چەند شتێک دەترسێت. کارەکتەرەکەت لە چی دەترسێت؟ چی بەسەر دێت کاتێ ڕووبەڕووی ترسەکەی دەبێتەوە؟


سەرچاوەکان:

 
Bernardo, K. (2011). Types of Characters in Fiction. Vancouver, Canada: Colin Welch Teaching Resources
Hauke, Christopher; Alister, Ian (2001). Jung and Film. Psychology Press.
Hoffman, Michael J; Patrick D. Murphy (1996). Essentials of the theory of fiction (2 ed.). Duke University Press, 1996. p. 36.
Donovan, M. (2021). Twelve character tips for fiction writers. Retrieved June 12, 2021 from https://www.writingforward.com/storytelling/12-character-writing-tips-for-fiction-writers
Smith, M. (1995). Engaging characters: Fiction, emotion, and the cinema. Oxford: Clarendon Press.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement