174 جیهان

پەرلەمانی ئەورووپا داوا دەکات مافی خاوەندارێتیی سەر ڤاکسینەکانی کۆرۆنا هەڵبگیرێت

08:00 - 10/06/2021

زه‌مه‌ن_جیهانی

 

پەرلەمانی ئەورووپا، داوای کرد کە مافی خاوەندارێتیی لەسەر ڤاکسینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ هەڵبگیرێت.

لە دانیشتنی ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی ئەورووپادا کە لە شاری سترازبێرگ بەڕێوەچوو، پرۆژە بڕیاری مافەکانی خاوەندارێتیی ڤاکسینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پەسەند کرا.

پرۆژە بڕیارەکە، بە کۆی ٣٥٥ دەنگی بەڵێ بەرامبەر ٢٦٣ دەنگی نەخێر پەسەند کرا و ٧١ ئەندامیش دەنگیان نەدا.

لە پرۆژە بڕیارەکەدا، داواکراوە بەشێوەیەکی کاتیی مافەکانی خاوەندارێتیی هەڵبگیرێت بۆ خێراکردن لە گەیشتنی ڤاکسینەکە بە جیهان و جێگیرکردنی نرخی گونجاو بۆ ڤاکسینی کۆرۆنا و بەرهەمە تەندروستییەکانی ئەو بوارە.

هەروەها لە پرۆژە یاساکەدا داواکراوە بڕیارەکانی ئەمریکا و بەریتانیا لەبارەی قەدەغەی سەر هەناردەکردنی ڤاکسین و ماددەی خاو هەڵبگیرێت و بە پێویست زانراوە زانیاری تەکنیکی و گواستنەوەی تەکنەلۆجیا بکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی ڤاکسین زیاد بکرێت بۆ ماوەیەکی زۆر.

لە پرۆژە بڕیارەکەدا، هەروەها داوای پشتیوانی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کراوە و داواکراوە زیاتر پشتیوانی بکرێت لە بەرنامەی جیهانیی دەست گەیشتن بە ڤاکسینی کۆرۆنا کە ئامانج لێی دەست گەیشتنی وڵاتانی کەمدەرامەتە بە ڤاکسینەکان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن