فەزیلەتی گوڵ
10:07 - 07/06/2021
پەیکار عوسمان
ئەگەر بە دە پۆینت بیپێوین، شەڕ ئەگەری ئەخیرەو ئەوەیە کە بە نۆ ڕێگا، خۆتی لێ لائەدەیت و لە خاڵی دەشدا، هێشتا تۆ هەر نایکەیت، بەڵکو ئیتر ئەو خۆی ڕووئەدا. کاتێ کە وات کرد، ئیتر شەڕەکە ڕوو نادات، یان تەنیا لە دۆخی ڕەوای خۆیدا ڕووئەدا. جگە لەوێش، لە هەر خاڵێکی تردا ڕووبدا، ئیتر هەر بەشێکە لە ناڕەوایی. ناڕەواییش ناتوانێ نوێنەرایەتی قەزییەی ڕەوا بکات، بۆیە شۆڕشەکانی ئێمە، نەیانتوانیوە بیکەن و خۆشیان هەر بوونەتەوە بە ناڕەوایی و بە ستەمێکی تر!
عەقڵی ئاگا، ئەوەیە کە لە ئەگەری ئەخیردا ئەکەوێتە شەڕەوەو عەقڵی ناگا ئەوەیە، کە لە ئەگەری یەکەم و دووەمدا خۆی تێناوە. ئا لێرەشدا کوردو دوژمنەکانی، لەسەر هەمان عەقڵن، بۆیە هەمیشە پێکەوە، شەریکی هەمان شەڕو ستەمکاری و ناڕەوایین!
ئەسڵەن عەقڵی ئاگا، شەڕ ناکاو کاتێکیش کە ئەکەوێتە ناوی، ئەوە شەڕ نیە ڕووئەدا، ئەوە حەقە ڕووئەدا. کاری تۆش هەرئەوەیە کە نەیەڵی بکەویتە ناو ناحەقیی. کاتێکیش کە ئەم کارەت بە باشی کرد، ئیتر تۆ ئەکەوێتە ناو حەق، نەك ناو شەڕ. ئیتر تۆ لەگەڵ تەرەفی بەرامبەردا هاوشێوە نیت و لەگەڵیدا نابێتە شەریکی هەمان ستەم و ناڕەوایی. بەڵکو تۆ لای خۆتەوە، خەریکی ڕەوایەتییت و کارت بەسەر ئەویترەوە نیە کە خەریکی ناڕەواییە. یەعنی ئەگەرچی هەردوکتان لە هەمان شەڕدان، بەڵام لە دوو ئاستی جیاوازی ئەخلاقیی و ئاگاییدان!
عەقڵی ژمارە یەك، عەقڵی هێزەو ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ، لەغەریزەی هێزو سوڵتەو زاڵێتی و سەپاندنەوە، کێشەکانی چارەسەر ئەکات. (کە لەڕاستیدا چارەسەری ناکات، بەڵکو دروستیان ئەکات) چونکە ئەم ئاستەی عەقڵ، شوێنی ستەمکردن و دروستکردنی کێشەکانە، نەك شوێنی چارەسەرکردنیان!
عەقڵی ژمارە دوو، تەنیا کاردانەوەی عەقڵی ژمارە یەکەو وەکو کەو بۆی ئەسەنێتەوە. لێرەشدا ململانێ ی کوردو دوژمنەکانی، هەروەها ململانێ ی ناوخۆی کورد، لەسەر ئەم دوو ئاستەی عەقڵەو هێشتا لەم ناوچەیەدا، هیچ کام لە تەرەفەکانی ململانێ، نەگەیشتوونەتە ئەو عەقڵەی کە ڕەواترین شوێنی ململانێیە!
شوێنێك هەیە، ئا لەوێدا پێویستە جیاوازبیت لەویترو ئەگەر لەوێدا جیاواز نەبیت، ئیتر هەموو جیاوازییەکانی تر، تەنیا فشەو ڕووکەشەو کە واشبوو، ئیتر هەم داگیرکەرو داگیرکراو، هەم شۆڕش و خیانەت، هەم دەسەڵات و موعارەزە، هەم ئیسلامی و علمانی، هەم پارتی و پەکەکە.. هەمووی وەکو یەکی لێدێتەوە. ئەو شوێنەش دوو ئاستەکەی خوارەوەی عەقڵە، کە ناشکوری نەبێ هەموومان لەوێداین!
کە ئەوێ، شوێنی گڕێ و عوقدەکانە. شوێنی دەمارگیری و دۆگمایە. شوێنی بت و کۆیلەکانە. شوێنی ڕق و جیاکارییە. شوێنی فریشتاندن و شەیتاندن و ڕەشوسپی کردنی دنیایە. شوێنی بوونی مێگەلەکان و نەبوونی تاكە ئازادەکانە. شوێنی عەقڵێکە کە لەبری هەمووان بیرئەکاتەوەو شوێنی نەبوونی خودی عەقڵی بیرکەرەوەیە.
جا گرنگە مرۆڤ بە بیرکردنەوەو بەکارهێنانی عەقڵی خۆی، بچێتە دەرەوەی میگەڵەکان و کۆتایی بەوە بهێنێ، کە لەبری ئەو بیربکرێتەوە. گرنگە مرۆڤ، بە "خۆ ڕەخنەکردن" خۆی لە دۆخی فریشتەیی ڕزگارکاو بچێتە ئاستی بەرپرسیارێتی مرۆیی و ئیتر بەرپرسیارێتییەکە هەڵنەداتە سەر شانی ئەوێکی شەیتان. لەبری شەڕو چەلەحانێ ی بەرگریکردن لە بتەکانیش، گرنگە هەر یەکەو بتی خۆی بشکێنێ و هەمووش لەوێوە، بکەوینە ناو ئازادی و هۆشیاریی و هاوبەشی و گفتوگۆ. ئاخر بە بتەوە ئازادی و هۆشیاریی نیەو هاوبەشی و گفتوگۆش دروست نابێ!
تاکی ئازاد ئەوەنیە کە هەریەکەو لە ئاوازێك ئەخوێنێ و هیچ ڕەبتێکی بەویترەوە نیە. بەڵکو ئەوەیە کە هەریەکەو لەناو ئازادیی و هۆشیاریی خۆیدا، ئەگاتە ناسینی شتە هاوبەش و گشتییەکان. مێگەلیش ئەوەیە، کە کۆیلەکان، وەهمەکەی خۆیان و بت و دۆگماکەی خۆیان، لێئەبێ بە شتە گشتی و هاوبەشەکەو خۆیان یەکسان ئەکەن بە هەموو!
مەسەلەن خۆی یەکسان ئەکات بە هەموو دین یان بە هەموو نەتەوە یان بە بەرەی گەل و بە هەموو خەڵك.. جا چونکە هەموو خۆیەکسانکردنێك بە هەموو، فاشیستانەیەو پێشێلی جیاوازی و سنوری ئەوانیترە،، ئیتر ئەم مێگەلانە، بەر یەك ئەکەون و لەو پێکادانەشدا، هەریەکەیان خۆی زۆر پێ عاقڵترو جیاوازترە لەویتر، لەکاتێکا هەموویان لە هەمان ناگاییدان. وە هەریەکەیان پێیوایە چاکی ئەکات، لەکاتێکدا هەموویان لە هەمان پرۆسەی خراپکردندان.
ئیتر لە هەموو ئاڕاستەو ڕەنگەکانەوە، فاشیزمێکت هەیە، لێوانلێوە لە نەفەسی قۆرخکردنی حەقیقەت و لە نەفەسی ڕق و سڕینەوەی ئەوانیتر. ئیتر هەر یەکەو جەمال عەبدوڵای بت و دۆگماکەی خۆیەتی و تێگیراوە لەگەڵ جەمال عەبدوڵای تەرەفەکەی ترداو هەمووشیان پێکەوە، پێیان ناوە بەوەدا کە هاوبەش و گشتییەو دەستیان گرتووە بەوەوە کە نزم و حیزبی و ئایدۆلۆژی و سایکۆلۆژییە.هەڵبەتە ئەو جەمالە ئاماژە نیە بۆ کەسێك، بەڵکو ئاماژەیە بۆ مۆدێلێك لە (ژەهر ڕشتن) کە هەموو حیزب و ئایدۆلۆژیاکان هەیانەو ئا لەم کاتەشدا کە پارتی و پەکەکە تێکگیراون، ئیتر من دوای تەواوکردنی ئەم نوسینە، ڕێك دەسئەکەم بە ئەنفرێندکردنی جەمالەکانی هەردولا.
ئینجا (کوردستان یەکە) لە ئاگایی و هەستی گشتی کوردبووندا، نەك بۆ هەژموونگەرایی حیزبی و کلك درێژکردنی پارتی و پەکەکە بۆ ناو هەموو پارچەکان.
(کوردستان یەکە) بۆ ئەوەی من لە باشورەوە خەمی ڕوژئاوامبێت، نەك بۆ ئەوەی پارتی تەجروبەی دووئیدارەیی و فیفتی بە فیفتی ئێرە بگوازێتەوە بۆ ئەوێ.
(کودستان یەکە) بۆ ئەوەی من لە هەولێرەوە، دڵم لای ئامەدبێ، نەك بۆ ئەوەی پەکەکە، شەڕەکانی ئەوێ بهێنێتە ئێرەو کونێکی تر بکاتە ئەو شەرواڵەی، کە خۆی هەزار کونی تێدایە.
(کوردستان یەکە) بۆ ئەوەی ئەمە، هەستێکی هاوبەش و گشتی بێت و خۆشبەختانەش کە هەیەو وایە. بەڵام کێشەکە ئەوەیە، حیزبەکان تێکی ئەدەن و ئەم باڵا گشتییەت، بۆ ئەکەنەوە بە گرگنییەکی حیزبی.
کێشەی کورد، نەبوونی سەقافەتی پێکەوەژیانەو قەزییەکەشی هەر لەناو پێکەوەژیاندا حەل ئەبێت. بۆیە کاتێ پێکهاتەی تورکمان، داوای مافێکی خۆیان ئەکەن (بە نیەت سافیی بێت، یان بە تەحریکی موخابەراتیی) پێویست ناکات کورتانی فاشیزم فڕێدەین و ڕێك یەکسان ببینەوە بەو تورکە فاشیستەی، کە هەر بە بیستنی مافەکانی کورد، یاتاغی ئەسوڕێت. سەقافەتی پێکەوەژیانیش، ئەوەنیە کە لەوی داوا ئەکەیت، ئەوەیە کە لە خۆتدا بەرجەستەی ئەکەیت. کاتێ کە لە خۆتدا بەرجەستەی ناکەیت و لەوی داوائەکەیت، ئیتر ئەمە درۆیەو ئەچێتە چوارچێوەی (کلمة الحق یراد بها الباطل).
مەسەلەن ئێمە هەمیشە بە عەرەبەکان ئەڵێین، جارێ خۆتان مافی کوردو ئەمازیغەکان بدەن، ئینجا باسی ماف و مەزڵومییەتی فەلەستینییەکان بکەن. دەی ئەمە بۆ پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگا ڕەنگاوڕەنگەکەی خۆشمان هەر ڕاستەو ئێمەش هەر ئەبێ وابکەین! یان هەمیشە لە بەغدا، داوای شەراکەت و هاوبەشی و فرەیی ئەکەین و خۆمان لە هەولێرو سلێمانی تاكڕەوانە حوکم ئەکەین! یان ئەمانەوی کورد، لە دەستورو سرودو ئاڵاو هەموو پنتێکی عێراقی نوێدا هەبێ و کەچی ئەگەر هەمان داوا، عەرەبەکانی کەرکوك و تورکمانەکانی هەولێر لێمانی بکەن، بە کفری ئەزانین! یان کۆمەڵگای کوردستان فرەباوەڕییە، کەچی داوای دەستورێکی ئیسلامیی بۆ ئەکەین، بەبیانووی زۆرینەی موسوڵمان. دەی ئەگەر سبەینێ زۆرینەی کۆمەڵگا چوونە سەر دینەکەی پیرلوقمان، ئایا ئیسلامیی و موسوڵمانەکان، ئەوکاتیش هەر قبوڵیانە دەستورەکە دینی و بە زۆرینە بێت؟ یان لە ئەوروپای "زۆرینە مەسیحیی"، ئەوە باشە کە دەستورەکان علمانین و هەموو هاوڵاتی یەکسانین، یان دەستور مەسیحیبووایەو موسوڵمانەکان هاوڵاتی پلەدوو بوونایە؟
باشترین بەرگری بەرامبەر تورکیاو ئێران و کۆی داگیرکارە دەرەکییەکان، ئازادبوونە لە هەژموونی داگیرکارە ناوخۆییەکان. کە لێرەدا حیزب و ئایدۆلۆژیاکان، درێغییان نەکردوەو هەر یەکەو لایەکی کۆمەڵگای داگیرکردوەو عەقڵ و ئیرادەی بەشێکی ئینسانەکانی لەکارخستووە. ئەم هەموو ئینسانە پووچ و خەسارەش، هەریەکەو لە ڕێگەی مێگەلەکەی خۆیەوە، ئەکەوێتەوە ناو ئەجندایەکی دەرەکیی و بەمجۆرە ئیتر هەموومان، هەر خەریکی ئەوەین کە دوژمن ئەیەوێ!
تۆ هەمیشە خۆت شین و مۆرکردۆتەوە بۆ لایەك، دژی لایەکی تر. دەی ئەوەی کە خەسارو داگیری کردوی، لەڕاستیدا ئەوەیان نیە کە شەڕی لەگەڵ ئەکەیت، ئەوەیە کە شەڕی بۆ ئەکەیت. بت و دۆگماکەی ئێمە، ئەوەنیە کە لە دەرەوەیەو بەرامبەرمانەو ئەیبینین، ئەوەیە کە لەناومانایەو خۆمانی سریوەتەوەو بووە بە ئێمەو بووین بەو،، ئیتر ناشیبین!
یەعنی ئێمە لە هەولێرو دهۆك، پێویستمان بە خۆپیشاندانێك نیە، دژی پەکەکەو بۆ پشتگیری پارتی. لە سلێمانیش، پێویستمان بە نمایشی ئاڵاو دروشمەکانی پەکەکەو جنێودان بە پارتی نیە. بەڵکو لە هەموو شوێنەکان، پێویستمان بە ناڕەزاییەکە دژی تورکیا بە پلەی یەکەم. بە پلەی دووەمیش دژی پارتی و پەکەکە هەردوکیان و هیچیان نەبوورین لەو چەپڵەیەی کە بە دوو دەست لێئەدرێ و دەستی هەردوکیشیان "بە کردەیی" دایمە بۆ ئەمە حازرەو کاتێکیش کە "بە دەم" پێچەوانەکەی ئەڵێن، لەڕاستیدا درۆ ئەکەن!
- ئینجا خیانەت، عەقڵیەتی یەکترسڕینەوەیە، کە هەموومان لەو عەقڵەداین.
- خیانەت کەوتنە ناو ئەجندا دەرەکییەکانە، کە بە زانینی دێزانەبێت، یان بە مەستیی شۆڕشگێرانە، هەموومان سەرمان تیایەتی.
- خیانەت عەقڵی هەژمونگەرای تاکڕەهەندە، کە چ بە فۆڕمە تەقلیدی و خێڵەکییەکەی پارتی بێت و چ بە فۆڕمە مۆدێرن و ئایدۆلۆژییەکەی پەکەکە بێت، هەمان دەسەڵاتی ڕەهاو نادیموکراتی ئەوێت.
- خیانەت بە کۆیلەکردنی تاك و بە مێگەلکردنی کۆمەڵە، کە هەموو لاکان بە چڕیی کاری بۆ ئەکەن.
- خیانەت چەکی تەخوینە، کە هی هەموویان دایمە لەسەر پێیەو بە موناسەبەو بێ موناسەبە بەکاریئەهێنن.
- خیانەت نەبوونی زمانی گفتوگۆیە، کە هەموومان لێرەدا لاڵین، بەڵام بۆ پێچەوانەکەی، دەمهەراش و زمان درێژین.
- خیانەت شەڕی ناوخۆیە، کە هێزەکانی ئێمە، دایمە بۆی ئامادەن و چ سەرکردەکانیان زۆر ئاسان بڕیاری ئەمە ئەدەن و چ چەکدارەکانیان زۆر توند جێبەجێ ی ئەکەن و چ ناچەکدارەکانیان بەردەوام ژەهری بۆ ئەڕێژن.
- خیانەت کەلەڕەقی و عینادییە، کە لێرەدا هەمووی هەمان دەماغی هەیەو وەکچۆن کەون و کائینات ناتوانێ پارتی و بارزانی لە بڕیارێکی هەڵەی وەکو ڕیفراندۆم پەشیمان بکاتەوە،، کەون و کائیناتیش ناتوانێ قەناعەت بە پەکەکە بهێنێ، کە خەباتی چەکداری کاتی نەماوەو مریشکێکە، کە هێلکەکەی بۆ دوژمنەو تەنیا ڕیقنەکەی بۆ خۆمانە.
- خیانەت نەفەسی دوژمنکارییە، کە لێرەدا هەمووی بەو نەفەسە سیاسەت و ململانێ ئەکاو لەڕاستیدا ئێمە پێویستمان بە دوژمن نیەو دوژمنیش نەبێت، دابەشکاریی و ڕق و کێشەکانی ناوخۆ هەر وەکو ئێستا ئەبێت. چونکە لە ئەساسەوە خەلەلەکە ناوەکییە نەك دەرەکیی.
* ئەوانەو زۆری تریش، پاساونین بۆ فۆڕمە دیارو ڕاستەوخۆکەی خیانەت، کە جاسوسی و مورتەزەقەییەو کە ئەمە شایەنی ئەوپەڕی ڕسواکردنە. بەڵام فۆڕمە ناڕاستەوخۆو نادیارەکانی خیانەتیش، شایەنی باس و لەسەر وەستانن، چونکە لەڕاستیدا "دیارەکە" لە نادیارەکەوە دێت!
ئێستا تۆ، لە دێڕی یەکەمەوە چاوەڕێیت، من پارتیت بۆ بخەمە تەنەکەی خۆڵەوە لە بەرژەوەندی پەکەکە. یان پەکەکەت بۆ بخەمە تەنەکەی خۆڵەوە لە بەرژەوەندی پارتی. بەڵام لەڕاستیدا تەنەکەی خۆڵەکەم، بڕێك گەورەیەو جێ ی هەردوکیانی تێدا ئەبێتەوە، لەو کاتەدا کە هەردوکیان، ڕێك خەریکی ئەوەن کە تورکیا ئەیەوێ.
موحەمەد دنیای دابەشکرد بۆ قۆناغی جاهیلی و ئیسلام. نە جاهیلییەکەو نە ئیسلامەکەش، هیچ پەیوەندی بە ئیمان و نوێژو ئەم شتانەوە نیە کە بە هەڵە وا تێگەیەنراین. بەڵکو پەیوەندی بە حەقانیەت و عەصەبیەتەوە هەیەو "جاهیل" ئەوەیە، کە بە حەق و ناحەق لەگەڵ تەرەفەکەی خۆیەتی و "هۆشیار" ئەوەیە، کە حەقی ئەوێت، تەنانەت ئەگەر لای بەرامبەرەکەش بێت.
لێرەشدا پارتییەکان و ئاپۆچییەکان و حیزبیی و ئایدۆلۆژیستەکانی تریش، هەموومان هێشتا لە قۆناغی ئەبوجەهلاین و نەچووینەتە قۆناغی موحەمەد. یەعنی هێشتا پارتییەکمان نیە، بە پارتی بڵێ تۆ هەڵەیت و هێشتا پەکەکەیەکمان نیە، بە پەکەکە بڵێ تۆ هەڵەیت. هەمووی هەر لە عەصەبیەت و دەمارگیری خۆیدایەو شەقێکی لە حەق و هۆشیاری هەڵداوە لە پێناو بت و دۆگماکەی.
دەی جەهلیش هەر ئەوەیەو دەی بەم جەهلەشەوە، هەر ئەبینەوە بە لەعابەی ناو یارییەکانی ئەوانیترو نە دەوڵەت و نە شۆڕش و نە ئازادی، لە جەهل و دەمارگیرییەوە نایەن و لە عەقڵێکی هۆشیاری حەقسەنتەرەوە دێن!
ئینجا فەزیلەتی گوڵ لەوەدایە، کە لەناو دڕك و کەلاوەشدا ئەڕوێت و ئەو خەریکی گوڵێتی خۆیەتی و کاری بە دڕکێتی و زبڵێتی چواردەورەکەوە نیە. لەناو ئەم جەنگەڵ و زەلکاوەشدا، (کانی) ئەلبومێکی ناوازەی بڵاوکردەوەو ئاشنای کردینەوە بە فەلسەفەی گوڵ.