فۆرمی گەڕان فۆرمێکی نوێ بۆ شیعر نووسین
08:11 - 11/05/2021
ناڵە حەسەن -تایبەت بە کولتووری زەمەن
گەڕان ٢ ...
( وەرزەکان ، هیوا ، تەنیایی
، عاشق ، جەنگ ، کتێب ، گەڕان ، یاخیبوون ،
موسافیر
، مردن ، دابڕان )
١/ ( ....... )
لە ژێر ڕەشماڵی ئاگر ڕادەکشێت
و
لە نێو مەمکۆڵەکانی بەفر سەما
دەکا
خەون دەکات بە نیشتیمانی خۆی
ئەفسانە ئیرۆسییەکان
دەخوێنێتەوە
بە زمانی گوڵ قسە دەکات و
مانگ و باڵندە تەنیاکانیش
دەلاوێنێتەوە
٢ / ( ....... )
لە نێو خۆیدا
مەودای نێوان
ژیان و لە دایکبوونەوە
نزیکتر دەکاتەوە
مەودای نێوان ژیان و مردنیش
دوور
ڕووناکی دەکات بە نیشتیمانی
خۆی
خۆرەتاو بە نێو کۆڵانە
تاریکەکاندا دەگێڕێ
٣/ ( ....... )
بەسەر شەپۆلەکان بازدەدات و
ئاوڕ لە دەریاکان ناداتەوە
ڕەشەبا دەکات بە نیشتیمانی
خۆی
بۆ ئەستێرە بەرزەکان
ناچەمێتەوە
بە زمانی زریان قسە دەکات و
فرمێسکەکانی نائومێدی
دەسڕێتەوە
٤ / ( ....... )
عەشق لەگەڵ باراندا دەکەن
پەیکەرەکانی کات نوێ دەکەنەوە
ڕەنگەکان دەکەن بە نیشتیمانی
خۆیان
مانایەک بە خاک و عەشق
دەبەخشن
٥ / ( ....... )
ڕێگە باریکەکانی تاریکی
دەگرێتە بەر
لە نێو کۆڵانەکانی با
دەگیرسێتەوە
کەناری دەریاکان دەکات بە
نیشتیمانی خۆی
ئایەتەکانی ئومێدیش لە
بۆشاییدا دەنووسێتەوە
٦/ ( ........ )
هەموو دەرگا و پەنجەرەکان
بە ڕووی ژیان دا دەخات
مەرگ دەکات بە نیشتیمانی خۆی
ژیان دەکات بە زیندانێکی
تاریک
٧ ( ....... )
گوڵەباغێک
لە نێو قووڵایی تەنیاییدا
ئاگر لە سێبەری خۆی بەردەدا
دۆزەخ دەکا بە نیشیمانی خۆی
بە پارچە خەلووزێکی ڕەش
لە سەر دیوارە سپییەکانی خەون
بیرەوەرییەکانی خۆی
دەنووسێتەوە
تێبینی :
١- خوێنەری خۆشەویست ناونیشانی ئەم وردە
شیعرانە لەو وشانەی سەرەوە هەڵبژێرن، هەندێکیان زێتر لە ناوێک لەخۆدەگرن. خۆتان
ئازاد و سەرپشکبن لە دانانی ناونیشانەکان ...!
_ مانیفێستۆکەیەک
یان ئامانجمان لە فۆرمی ( گەڕان )
سەرەتا / فۆرمی ( گەڕان )
فۆرمێکی نوێیە بۆ شیعر نووسین ، ئامانجمان لە داهێنانی ئەم فۆرمە ئەوەیە ،
١/ گەڕان بە دوای ناونیشان دا
، واتە گەڕان بەدوای( شوناس ) دا ، چ لە ئاستی تاک یان ئاستی کۆ ، واتە لە ئاستی (
کۆمەڵگە ) .
٢/ بەشداریکردنی کارای خوێنەر
لە بەرهەمهێنان یان تەواوکردنی دەق ، بە دانانی ( ناونیشان ) واتە ، ئاوێزانبوونی
خوێنەر لە ڕووبەرە شاراوەکان و تاریکەکانی دەق .
٣/ بەرینترکردن و فراوانکردنی
دەسەڵاتی خوێنەر .
٤/ دەرکەوتنی خوێنەر وەک
بوونێکی ( ئازاد ) ، هاوکات لەبەردەم هەڵبژاردنی چەند ئۆپشنێک .
٥/ ئیشکردن لەسەر گومان و
ڕەتکردنەوەی بوونە ڕەها و جێگیرەکان ، واتە هەڵوەشاندنەوە و دوبارە بونیادنانەوەی دەستەواژەکان
و چەمکە میتافیزیکی و جێگیر و چەسپاوەکان .
تێبینی ٢:
ئەم فۆرمە چەند
دەقێکی شیعریمان پێی نووسیوە، ئەو نموونەیەی سەرەوە یەکێکە لەوان، هەموو
دەقەکانی ئەم فۆرمە وەک بەشێکی سەربەخۆ، بەشێکن لە کتێبێکی شیعریم کە ئامادەیە
بۆچاپ بەناوی (کۆڵانە زەردەکە) .