ئارێز عەبدوڵا: فشارەكان گەیشتووەتە ئێسقانی یەكێتی
06:17 - 19/04/2021
زەمەن_هەرێمی كوردستان
ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی، پارتی تۆمەتبار دەكات كە
پابەند نەبووە بە رێكکەوتنەكەیان لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمدا و دەڵێت:»
فشارەكان گەیشتووەتە ئێسقانمان لە حكومەتی هەرێمداو ئەگەری كشانەوەمان هەیە».
ئارێز عەبدوڵا، بە رۆژنامەی هاوڵاتی راگەیاندووە، یەكێتی گەیشتووەتە
ئێسقانی لەوەی كەپارتی هەوڵی چارەسەركردنی كێشە ئابووری و سیاسییەكان نادات،
بەجێبەجێكردنی بەرنامەی كابینەی نۆیەم پابەند نابێت بەو رێككەوتنانەش پابەند نابێت
كە لەنێوان یەكێتی و پارتی ئەنجامدراوە، بۆیە لەناو یەكێتی فشارێكی زۆر زۆر هەیە
كە یەكێتی هەڵوێستی هەبێت.
ئارێز عەبدوڵا، دەڵێت: دەبێت پارتی لەگەڵ هاوبەشەكانیدا لەحكومەتی
هەرێم گفتوگۆ بكات و بەرنامەی حكومەت جێبەجێ بكات لەگەڵ رێككەوتنەكاندا، دەبێت
سیستمی ناناوەندێتی جێبەجێ بكات، دەبێت پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم ئاشكرا بن و
پەیوەندییە حزبی و حكومییەكان لێك جیابكرێتەوە.
لە بارەی كشانەوە لە حكومەت، ئارێز عەبدوڵا
وتویەتی: ئێمە بەپێی رێككەوتن بەشدارین لەحكومەت، كاتێك دەبینین ئەو رێكکەوتنە
جێبەجێ ناكرێت، دڵنیاین كەحكومەت هەنگاو نانێت بۆ چارەسەركردنی قەیرانە
داراییەكان، ئەوكاتە بێگومان مادام پێی قایل نییە هەڵوێستی دەبێت، هەڵوێستی یەكێتی
یەكێك لەئەگەرەكان ئەوەیە لە حكومەت بكشێتەوە.