حه‌وته‌وانه‌يه‌ك له چاوى حه‌مدوون)
11:42 - 05/04/2021
ڕێبوار حەمە تۆفیق
ئه‌و قسه‌يه هه‌موو جار دروست نييه كه به توانجه‌وه ده‌وترێت (خۆ كوێر نييت!) چونكه زۆر جار ئه‌وه‌ى كوێر به چاوى دڵ ده‌يبينێت، كه‌م چاوى ژێر برۆ په‌ى پێ ده‌بات! له‌م لايه‌نه‌وه، چه‌ند توانايه‌ك له مه‌لا حه‌مدوون (١٨٦٠-١٩١٧) ده‌گێڕنه‌وه... به‌داخه‌وه تاوه‌كو ئێستا وەک پێویست ئاوڕ له‌م شاعيره مه‌زنه‌مان نه‌دراوه‌ته‌وه...
١- كه‌ى كاتژمێره‌كه‌ى به‌رباخه‌ڵى چڵكن بووبێت، له‌سه‌ر ده‌سته‌سڕه‌كه‌ى هه‌ڵى وه‌شاندووه و پاكى كردووه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت جارێكيان ده‌قيقه‌ژمێره‌كه‌ى ون بووه و هه‌ر خۆى له توێكڵى قاميش بۆى دروست كردووه‌ته‌وه!
٢- بێچووى نيشانه‌كراويان بۆ تێكه‌ڵى بێچووى تر كردووه و ئه‌و توانيويه‌تى بيدۆزێته‌وه! وتويه‌تى: ئه‌وه‌يان درێژ و باڵابه‌رزه‌كه‌يه و ئه‌وه‌يان كورته‌كه‌يانه!
٣- جوان ناشرينى به ده‌نگدا جيا كردووه‌ته‌وه! جووجه‌ڵه‌يه‌ك كه تازه ده‌ستى به خوێندن كردووه له ماڵه‌كه‌يان دزراوه و له پاش ساڵێك له گه‌ڕه‌كێكى تر و به ده‌نگى خوێندنيدا ناسيويه‌تييه‌وه و سه‌ندويه‌تييه‌وه!
٤- له‌سه‌ر ده‌ستڕاستى و نيشانشكێنى ده‌گێڕنه‌وه: شه‌وێكيان گورگێك دێته سه‌ر بزنه‌كه‌ى، كه حه‌مدوون خه‌به‌رى ده‌بێته‌وه، به جوڵانه‌وه‌ى گوريسى بزنه‌كه‌دا -كه به‌ده‌ستى خۆيه‌وه به‌ستويه‌تييه‌وه- ئاستى گورگه‌كه ده‌ستنيشان ده‌كات و فيشه‌كێكى پێوه ده‌نێ و ده‌يكوژێ!
٥- له يارى شه‌ترنج و دامه‌دا كه‌س نه‌بووه لێى به‌رێته‌وه!
٦- مه‌لا ڕه‌شيدى برازاى به‌هۆى ئه‌وه‌ى به كوشتنى كه‌سێك تۆمه‌تباريان كردبوو، ماوه‌يه‌ك سه‌رى خۆى هه‌ڵده‌گرێ و ده‌چێت بۆ ئێران... دواى چه‌ند ساڵێك دەیەوێت به نهێنى بێته‌وه بۆ سلێمانى و سه‌ردانێكى باوك و دايك و كه‌س و كارى بكات. له نيوه‌شه‌وێكا خۆى ده‌كات به ماڵدا، مه‌لا حه‌مدوون كه گوێى له ده‌نگى ده‌رگاكه ده‌بێت، ده‌ڵێ: ڕه‌شيد ئه‌وه كه‌ى هاتيته‌وه؟!
٧- له ژوورى خۆى دانيشتووه له‌گه‌ڵ خێزانيدا، ده‌نگى ته‌په‌ى پێ له سه‌ربانه‌كه هاتووه، له پاش نيو سه‌عات دووباره دەنگی ته‌په‌كه هاتووه‌ته‌وه! مەلا حه‌مدوون به ژنه‌كه‌ى وتووه: هه‌ر دوو ته‌په‌كه هیی قاچى يه‌ك كه‌س بوو، كه ڕۆى كچ بوو، بەڵام له‌و سه‌ره‌وه کە گه‌ڕايه‌وه كچه بوو به ژن! دواتر كه ده‌چنه بنج و بناوانيه‌وه، قسه‌كه‌ى ڕاست دەرچووه!
هەروەک خۆیشی وتوویەتی:
هه‌رچه‌نده كه كوێرم به به‌سه‌ر وه‌سفى قه‌مه‌ر كه‌م
لاكين به زه‌كا مومكينه سه‌معم به به‌سه‌ر كه‌م
ـ