950 دیمانە

بۆچی مردن له‌ هه‌ولێرو دهۆك زیادیكردووه‌؟ بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ چاوپێكه‌وتنێكی "زه‌مه‌ن" دا

06:56 - 25/03/2021



سازدانی: هەردی عوسمان

سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌تی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌به‌رامبه‌ر دۆخی ئێستاو داهاتووی كۆرۆنا كه‌ به‌رده‌وام ئاماره‌كان روو له‌ هه‌ڵكشانه‌و، دابه‌شكردنی ڤاكسین به‌سه‌ر هاونیشتیمانیاندا، "زه‌مه‌ن" ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ دكتۆر ره‌هێڵ فه‌ره‌یدون، بریكاری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان سازكردووه‌.

زەمەن: كۆرۆنا زیادی كردووە، پێشبینیتان وایە بگاتە 1600 توشبووی ڕۆژانە وەك لە مانگی 11 ڕابردوو ڕویدا؟


دكتۆر ڕەهێڵ:  ئەم نەخۆشیە پەیوەندی بە خۆپارێزی خەڵكەوە هەیە، ئەگەر بێت و خەڵك پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان بێت ژمارەی توشبوون كەم دەكات، وە ئەگەر پێچەوانەش بێت بەدڵنیای ژمارەی توشبون و مردن ڕوو لە هەڵكشان دەكات، لای هەمووانیش ڕوونه‌ بەداخەوە لە بۆنەكانی بەهار و نەورۆزی ئەمساڵدا بینیمان خەڵك تا ڕادەیەكی بەرچاو پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان نەبوون و خۆپارێزیان نەدەكرد، ئەوەی بینرا هی سەردەمی پێش كۆرۆنابوو، نەك سەردەمی كۆرۆنا، بۆیە ئەگەری هەیە رێژەكە ڕوو لە زیادبوون بكات.

زەمەن: هۆكاری ئەو زیابوونە جگە لە كەمتەرخەمی خەڵك، بەشێكی دامەزراوە تەندروستیەكانیش هۆكار نین؟ كە بە نیسبەتێك لە جێبەجێكردنی ڕێوشوێنەكان ساردبونەتەوە؟

دكتۆر ڕەهێڵ: دامەزراوە تەندروستیەكان هەوڵی تەواوی خۆیان داوە لە ئێستاو لە ڕابردووشدا، هەرلە بڵاوكردنەوەی هۆشیاری تا دەگاتە خزمەتكردن و گرنگی پێدان، بەڵام تەنها لایەنی تەندروستی بەس نیە بۆئەوەی هاوڵاتیان ڕێنماییەكان جێبەجێ‌ بكەن، ئێمە لەسەر بنەمایی بارودۆخەكە و ئامارەكان بەرچاوڕوونی دەدەینە هەموولایەك و هەفتانە هەڵسەنگاندن بۆ ئامارەكان دەكەین و شیكردنەوەی بۆ دەكەین دەبینین ئامارەكان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوولە زیادبوونەو بۆیە كاری هەموو لایەكە كە بابەتەكە بەجدی وەربگرن هەر لە هاوڵاتیەكی ئاساییەوە، تا به‌ڕێوەبەری فەرمانگەكان و هەموو دامەزراوەیەكی تر. بۆیە دەگەڕێمەوە بۆ ئەو پەندەی كە دەڵێت چەپڵە بەدەستێك لێنادرێت، من نازانم كەمترخەمیەكە لەكوێدایە بەس ئەوەی پێویست بووە دامەزراوە تەندروستیەكان بە زیادەوە كردویانه‌، هەربۆیە ڕێكخراوی تەندروستی و قونسوڵی وڵاتان دەستخۆشیان لە وەزارەتی تەندروستی كردووە بۆ ڕوبەڕِوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئێستاش پێویستە هەموو لایەنەكان بێنەوە سەرخەت و بە جدیتر بڕوانە بارودۆخەكە .

زەمەن: ئامارێكتان لەبەردەستە كە منداڵان ڕێژەی چەندی ئەو توشبوانە بێت كە دوو سێ‌ هەفتەیه‌ زیادی كردووە؟

دكتۆر ڕەهێڵ: هێشتا ئەو ئاماره‌مان نەكردووە، بەڵام ئەیكەین و ڕەنگە دوو مانگێكی تر یان سێ مانگی تر بخایەنێت و ئەوسا دەردەكەوێت منداڵان لە چ پلەیەكدان، بەڵام ڕێژەی توشبووان له‌ناو منداڵاندا بەو جۆرە مەترسیدار نیە بڵین كە لە ڕیزبەندی پێشەوەی ئامارەكە بێت .

زەمەن: قوتابخانەكان بە داخراوی دەمێنەوە؟

دكتۆر ڕەهێڵ: ئەوە بڕیاری لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی كۆرۆنایەو ئەوان بڕیاردەدەن، بەڵام ئێمە هەڵسەنگاندن بۆ بارودۆخەكە دەكەین و دەمانەوێت و ڕاوبۆچونی هەموو لایەك كۆبكەینەوە لەسەربنەمایی زانستی چ پێشنیارێك بدەینە لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبونەوەی كۆرۆنا كە ئایا دەرگای قوتابخانەكان بكرێنەوە یان بە داخراوی بمێنێتەوە.

زەمەن: بۆچی ڕێژەی مردن لە هەولێر و دهۆك بە بەراورد بە سلێمانی زیادی كردووە ؟

دكتۆر ڕەهێڵ:  لێكدانەی زۆر دەكرێت بۆ ئەم بابەتە ، بەڵام بەڕای من تاكە هۆكار هاتنی گەشتیارانە بۆ ئەو دووشارە، ساڵی پار سەرچاوەی نەخۆشیەكە لە ئێرانەوە هات زیاتر سنوری شاری سلێمانی و هەڵەبجە و دەڤەری ڕاپەڕینی گرتەوە و زۆرترین ژمارەی توشبوون و مردن  لەو شوێنانە تۆمار دەكران كە ئاماژەم بۆكرد، بەڵام ئەگەر سەیری ئامارەكان بكەین دەبینین لە ڕاپەڕین و گەرمیان و هەڵه‌بجە ژمارەی توشبون و مردن بە ڤایرۆسەكە زۆر كەمە، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە گەشتیار كەمتر سەردانی ئەو ناوچانە دەكەن كە باسمكرد، پێدەچێت لە دوومانگی داهاتودا ناوچە گەشتیارییەكانی هەڵەبجەو شوێنەكانی تر ئاماری ڕوو لە زیادبون بكات، بۆیە ئەوەش ڕوونە لە هەرشوێنێك ژمارەی توشبوون زیاد بێت بە دڵنیای ژمارەی مردنیش ڕوولە زیادبوون دەكات.


زەمەن : وابڕیارە ئەمڕۆ و سبەینێ 43 هەزار ژەمە ڤاكسینی تر بگاته‌ هه‌رێم، بە گەیشتنی هەر بە سەركارمەندانی تەندروستیدا دابەشی دەكەن یان چین و توێژەكانی تری كۆمەڵگەش؟

دكتۆر ڕەهێڵ: بەپێی ئەو ڕێنماییەی كە دەرچووە ڤاكسینەكە یەكەمجار دەدرێت بەو كارمەندانەی كە لەنەخۆشخانەكان له‌ سەنتەرەكانی هێڵی پێشەوەی ڕووبەرووی كۆرۆنا كاردەكەن، دوای ئەوە ئەو ستافانەی تر كە لەگەڵ كۆرونا ئیش دەكەن و پاشان ستافەكانی تری تەندروستی، دوای ئەوان دەدرێت بە كەسانی كە تەمەنیان هەیە و نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، دوای ئەوان دەدرێت بە هێزە ئەمنیەكان ئینجا دەدرێت بە هاوڵاتی ئاسایی.

زەمەن: جگە لەو ڤاسینەی لەبەغداوە دێت، حكومەتی هەرێم خۆی لەگەڵ كام كۆمپانیای تر گرێبەستی كردووە؟ گرێبەستەكە بەردەوامە یان گرفتی بۆ دروستبووە؟ 
دكتۆر ڕەهێڵ: پێش سێ‌ مانگ حكومەتی هەرێم لیژنەیەكی پێكهێنا بۆ ئەوەی ئەگەر بەغداد نەیتوانی یان ئامادەنەبوو بڕی ئەو ڤاكسینەی كە دیاریكراوە بۆ هەرێم بینێرێت. له‌دواتردا ئێمە لەوەزارەت ئەو لیژنەیەمان بە فەرمی ناساند بە بەشێك لەو كۆمپانیایانەی كە ڤاكسینەكە بەرهەم دێنن، تەنانەت بابەتی زانستی و نوسراوی ڕەسمی گۆڕدراوەتەوە لەگەڵ كۆمپانیای سینۆفارم ڤایسەر و كۆمپانیا بەریتانی و ڕوسیەكەش و كۆمەڵێ هەنگاوی باشمان بە ئێستاشەوە هەماهەنگی هەیە.

زه‌مه‌ن: ئێستا گرفته‌كه له‌ كوێدایه‌؟

 دكتۆر ڕەهێڵ: گرفتەكە هەر ئێمە نین خۆتان ئاگادارن كۆمەڵێ ووڵات پێش ئێمە داوایان كردووە رێكەوتنەكەش بەوجۆرەیە كە دەبێت ئەو ووڵاتە پێشتر وەریگرن، بۆیە پرۆسەكە زۆری پێدەچێت و كارێكی ئاسان نیە، ئێمە ئێستا لە ناو پرۆسەكەداین و لە مامەڵەو رێكەوتنداین لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كە باسمكرد جاری نەگەیشتوینه‌تە هەنگاوی گرێبەست لە گەڵیاندا، بەڵام ئۆفەری خۆیان و نرخ و ئەو داواكاریانەی ئەوان نێردراوە بۆ ئێمە و ئێمەش داواكارییەكانی خۆمان ناردۆتەوە و چاوەڕێن.







سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن