عوسمان حاجی مەحمود: ئەم حوکمڕانییە پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی هەیە
08:57 - 01/03/2021
زهمهن_ههرێمی كوردستان
عوسمان حاجی مەحمود کەسایەتی سیاسی، رایدهگهیهنێت: ئەم حوکمڕانیەی ههرێم
پێویستی بە گۆڕانکاری ریشەیی هەیە. دهشڵێت: بەمجۆرە حوکمڕانیە شکست خواردوە وڵات
بە ڕێوە نابرێت.
عوسمان حاجی مەحمود کەسایەتی سیاسی، کە بەناوی هاوڕێیانی خوالێخۆشبوو قادری
حاجی عەلیەوە لە یادی ئهو سهركردهیهدا وتارێکی خوێندەوە، بهپێویستی زانی دەسەڵاتدارانی
کوردستان دوور بکەونەوە لە ئەقڵیەتی غرور، بێباکی، گوێنەگرتن، سەپاندنی ئیرادە و
گوشار دروست کردن بۆ بەرتاسک کردنەوەی ئازادیەکان.
وتیشی: ئێستا تا هەناسەیەکی تیا ماوە تا زۆر درەنگ نەبوە، ئەم ئەقڵیەت و جۆرە
حوکمڕانیە پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی و بنەڕەتی هەیە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتداران
بە ئیرادەوە بەرەو ڕووی ئەم دۆخە ببنەوە و لەسەر بنەما و بەها و پرنسیپە ئەخلاقی و
نیشتیمانیەکان، بناغەی سیستەمێکی تەندروستی هاوچەرخ دابنرێت بۆ حوکمڕانی.
دهقى وتارهكهى عوسمانى حاجى مهحمود
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان بنەماڵەی بەڕێزی قادری حاجی عەلی بەگ ئامادەبوانی
بەڕێز..
بەناوی هاوڕێیانی خوالێخۆشبو قادری حاجی عەلی، بە گەرمی بەخێرهاتنتان دەکەین
بۆ ئەم یادە و سوپاسی ئامادەبونتان دەکەین. بەداخەوە ئەمڕۆ لە ساڵرۆژی لە دایکبونیدا
کە ڕێکەوتی ١\٣ یە یادی مەرگی ناوادەی پێشمەرگە و تێکۆشەری نیشتیمانپەروەر و سەرکردەی
ڕیفۆرمخواز، قادری حاجی عەلی دەکەینەوە کە لە (١٠-١١-٢٠٢٠) دا بە هۆی نەخۆشی کۆرۆنا
ماڵئاوایی لێکردین، لەم بۆنە خەمناکەدا سەری رێز بۆ قادری حاجی عەلی و تێکڕای شەهیدانی
کوردستان دادەنەوێینین.
دیارە سازدانی ئەم یادەش بە مەبەستی ئەوەیە بۆ هەمیشە بیری نیشتمانپەروەری
و مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازی ئەو بەرز ڕابگرین و درێژەپێدەری خەون و ئامانجەكانی بین
لە پێناو بیروڕای ئازاد و دادپەروەری و دیموکراسی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلەکەمان.
هاوخەمی هاونیشتمانیان و دڵسۆزانی گەلەکەمان لە مەرگی ناوادەی خوالێخۆشبوو
قادری حاجی عەلی و قەدرگرتنی خەبات و تێکۆشانی ئەو لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە، سەبوری
و خۆراگری و هێزی بەردەوامی بە هەموومان بەخشی، ئەو پەرۆشییە دڵنیای کردینەوە کە رێگای
خەباتی هەمەلایەنەی ئەو لەپێناو خۆشگوزەرانی هاوڵاتیاندا رێگا هەرە راستەکەیە، هەر
ئەمەش وایکردوە کە یاد و یادەوەری قادری حاجی عەلی و هەموو نیشتیمان پەروەرە سەر ڕاستەکان
بۆ هەمیشە بە زیندووی بمێنەوە و ئەو ڕێگایەی ئەوان گرتویانەتەبەر درێژەی هەبێت و
هاوڕێیانییان هانبدات، کە بەردەوامبن تا خەون و ئاواتەکانی قادری حاجی عەلی و هاوخەباتەکانی
بە ئامانج دەگات.
بەڕێزان؛ خوالێخۆشبوو قادری حاجی عەلی وەک سەرکردەیەکی چالاک و کارامە لە گۆڕەپانی
خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتیدا هەر لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانەوە تا کۆچی دوایی، ڕۆڵی
دیاری لە زۆرێک لە کایەی سیاسی و روداوە گرنگەکان دا هەبووە. ئەو وەک سەرکردەیەکی
هێمن و ژیر و دوربین، هەموو خەبات و تێکۆشانی لە پێناوی ڕزگاری نیشتمان و دامەزراندنی
حوکمڕانی دامەزراوەیی و بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و دادپەروەری و یەکترقبوڵکردن
و ململانێی دیموکراسی بوە و دژی یەکتر سڕینەوەو پەراوێز خستن و بێڕێزی كردن بووە،
وە بە هۆی بەبنەما گرتنی ئەو تێڕوانینەوە لەهەر شوێن و پلە و بەرپرسیارییەتیەکدا
بوبێت کۆکەرەوە و پێکەوەگونجێنەری هەموو دژ و نەیارەکان بوە بەلەبەرچاوگرتنی جیاوازیەكانەوە.
هەر دۆست و نەیارێکیش لەگەڵ خوالێخۆشبوو
قادری حاجی عەلی مامەڵەی سیاسی کردبێت شاهیدی رۆڵی جوامێرانەی ئەون لە هەوڵدان بۆ
کوژاندنەوەی ئاگری ناکۆکی و بەدیهێنانی ئاشتی و تەبایی سیاسی، هەر لەم روانگەیەشەوە
لەو قۆناغانەی لێپرسراوێتی لەسەر شانبوە رۆڵی بەرچاوی هەبوە لەبەشێکی زۆر لە گفتوگۆ
و رێککەوتنە سیاسییەکان لەنێوان هێز و لایەنە ناکۆکەکانی کوردستان دا، هەمو ئەمانەش
لەپێناو بەدیهێنانی ژیانێکی شایستە و کەشێکی سەقامگیر بوە بۆ گەل و نیشتمانەکەی.
خوالێخۆشبوو قادری حاجی عەلی لە خەباتی شاخ و شاردا، نمونەی کەسایەتیەکی
سادە و بەهەڵوێست و خاوەن پرەنسیپ بوە، هەمیشە ئەرکە گەورەو قورسەکانی سەر شانی بە
دڵسۆزی و بە باشترین شێوە ئەنجام داوە، ئەو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٠ وازی لە پۆستی ئەندامێتی
کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی هێنا، ئەمە لە کاتێکدا بو کە وازهێنان لەو پۆستە باڵایەدا
هەڵوێست و بڕیارێکی نوى و تا ڕادەیەک نامۆ بو، یەکێتیش لە هێزە سەرەکیەکانی
کوردستان بو وە خاوەن پێگەی بەهێز و کاریگەر بوولە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان دا، ئەم
هەنگاوە رچكەشكێنی بوو بۆ کەلتورێکی هەڵوێست نواندن تاهانی سەرکردەی کورد بدات لە
لوتکەی دەسەڵاتدا لەسەر هەڵوێست وەرگرتن دەستبەرداری پلەوپایەی حیزبی بێت و لەناو
خەڵک و لەگەڵ خەڵک دەست پێ بکاتەوە.
ئامادەبوانی بەڕێز؛ خوالێخۆشبوو قادری حاجی عەلی هەنگاوی سەرەتایی خەباتکردنی
لە شاری سلێمانی، شاری پڕ لە ژیان و پێشەنگ و پایتەختی بەرەنگاربوونەوە بە دڵسۆزی
و ڕۆحی یاخیبوون لە غەدر و نادادی بە بۆن و بەرامەی دیدی نیشتمانیانە دەست پێکرد،
هەر ئەوەش وایكرد هەر بەلاوی وەك سەركردەیەكی شۆرشگێری سیاسی سەنگین بناسرێت و لەلای
جەماوەریش وەك كەسایەتیەكی بەهەڵوێست و سەرڕاست و خاوەن متمانە بمێنێتەوە و لەهەر
شار و گوندێکی ئەم کوردستانە هەستی بە ستەم کردبێت دەنگی هەڵبریوەو خەڵكیش بەردەوام
بە پشت و پەنای خۆیانیان زانیوە. ئێمە بەهاوخەمی و نیگەرانی قوڵی لاوان و رۆشنبیران
و میدیاکاران و رۆژنامەنووسان و نوسەران و هەمو قەڵەمە ڕەسەن و ئازا و بوێرەکاندا
دەزانین كە ئەو چ پاڵپشتێکی بەهێزی دەنگە بوێرو قەڵەمە ئازاكانی ئەم وڵاتە بووە، بۆیە
بە كۆچی ئەم جوامێرە گەلی کوردستان سیاسەتمەدارێکی بە ئەزموون و داکۆکیکارێکی بەهێزی
داوا ڕەواکانی لە دەستدا کە بە ئاسانی جێگای پڕنابێتەوە.
بەڕێزان؛ ئێمە لە کاتێکدا وەک هاوڕێیان و دۆستانی خوالێخۆشبوو قادری حاجی عەلی
یادی مەرگی ناوادەی ئەم سەرکردەیە دەکەینەوە، هاوکات بە هۆی خراپی و شکستی ئەقڵیەت
و دونیا بینی و شێوازی حوکمڕانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانەوە، کەئەم جۆرە ئەقڵیەت
و ئیدارەدانە بۆتە یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبونی قەیرانەکانمان لە ساڵانی ڕابردوو
ئێستاشماندا و هاونیشتیمانیان و نیشتیمانەکەمانی خستۆتە بەردەم دۆخێکی ئاڵۆز و نادیار،
لە هەمان کاتدا بۆتە هۆی هێنانەدی سێ کوچکەی گەندەڵی و نادادی و نایاسایی و هاوڵاتیانی
دووچاری چەندین نەهامەتی و کێشەی هەمەجۆر کردوەتەوە، بەهۆی ئەو دۆخەوە ناڕەزایەتی
و بێزاری بەشێکی فراوانی چین و توێزەکانی کۆمەڵگای گرتۆتەوە. بۆیە جێگای خۆیەتی لەم
یادەدا ئاماژە با دوا وتاری بڵاوکراوەی خوالێخۆشبوو قادری حاجی عەلی بدەین کە دەڵێت
(چاری بکەن تا هەناسەیەکی تیا ماوە)
ئێمە ئەمڕۆ لێرەوە لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ نیشتیمانەکەمان و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان
بە پێویستی دەزانین جارێکی تر جەخت بکەینەوە کە پێویستە ئاوڕێکی جدی لە ڕابردوو
بدرێتەوە بۆ ئەوەی ئایندەمان دیار و ڕوونتر بێت، ئەوا پێویستە دەسەڵاتدارانی
کوردستان دوور بکەونەوە لە ئەقڵیەتی غرور، بێباکی، گوێنەگرتن، سەپاندنی ئیرادە و
گوشار دروست کردن بۆ بەرتاسک کردنەوەی ئازادیەکان. ئێستا تا هەناسەیەکی تیا ماوە
تا زۆر درەنگ نەبوە، ئەم ئەقڵیەت و جۆرە حوکمڕانیە پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی و
بنەڕەتی هەیە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتداران بە ئیرادەوە بەرەو ڕووی ئەم دۆخە ببنەوە
و لەسەر بنەما و بەها و پرنسیپە ئەخلاقی و نیشتیمانیەکان، بناغەی سیستەمێکی تەندروستی
هاوچەرخ دابنرێت بۆ حوکمڕانی، هەرچەندە ئەم جۆرە بڕواو چاوەڕوانیە لە دەسەڵاتدارانی
ئەمڕۆی کوردستان وەک تێڕوانینێکی نامۆو ئەستەم لێکدەدرێتەوە، بەڵام گرنگە لەپاڵ ئەوەشدا
بوترێت چیتر بە ئەم جۆرە حوکمڕانیە شکست خواردوە وڵات بە ڕێوە نابرێت، ناکڕێت خەڵک
بە پینەوپەڕۆ ڕازی بکرێت، وە ئاشکراشە ئەم بارە خوارەی ئەمڕۆ بە تۆمەت بەخشینەوە و
دروشمی بەتاڵ ڕاست ناکرێتەوە. لەحاڵەتی گوێپێنەدان و بەردەوامیدان بە ئەم شێواز و
دۆخەی ئێستا، نیشتیمانەکەمان نغرۆی شکست و قەیرانی زیاتر دەبێت و بە شێوەیەکی
فراوانتر و بەرجەستەتر دەبێتە مەیدانی ململانێ و تەراتێنی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان
و بەریەککەوتن و ئاڵوگۆڕی خواست و بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابووری و هەواڵگریەکانیان،
لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمان.
دیارە لە وەها حاڵێکیشدا ڕۆژبەڕۆژ بازنەی بێزاری و ناڕەزایەتی خەڵک
فراوانتر دەبێت، دەسەڵاتدارانیش ناتوانن درێژە بە بێباکی بدەن و تاسەر لەمپەر و بەربەست
لە بەرامبەر ئیرادە و داواڕەواکانی خەڵک و جوڵەی مێژوویی کۆمەڵگادا دروست بکەن،
چونکە ئەوە حوکمی مێژوەو مافی ڕەوای خەڵکیشە بۆ ژیانێکی شایستەتر و باشتر تێبکۆشن.
ئامادەبوانی بەڕێز؛ لەم بۆنە پڕشکۆیەدا جارێکی تر تەئکید دەکەینەوە ئێمە وەکو هەمیشە
لەبەرەی گەل دەبین و بەردەوام دەبین لە داکۆکی کردن لە مافە ڕەواکانیان.
لە کۆتاییدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێز و خانەدان و تێکۆشەری نیشتمان پەروەری
قادری حاجی عەلی و خۆمان و خەڵکی کوردستان دەکەین. جارێکی تر ئێوەی بەڕێزیش بەخێربێن....
هاوڕێیانی قادری حاجی عەلی ١\٣\٢٠٢١ - سلێمانی