ئایندەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؛ فیدراڵیەتێكی ناجێگیر
03:51 - 18/01/2021
زه‌مه‌ن_هه‌رێمی كوردستان
سەنتەرى لێکۆڵینەوەى ئایندەیى، توێژینه‌وه‌یه‌كی
بڵاوكردوه‌ته‌وه له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق، تێیدا
ئاماژه به‌وه‌كراوه، هەنووکە پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق، بە دۆخێکی نە چارە و
نەجیابوونەوەدا گوزەر دەکەن، لەم حاڵەتەشدا نە عێراق دەتوانێت بێمنەت بێت لە هەرێم
و نە هەرێمیش دەتوانێت بێباک بێت بەرامبەر دۆخەکە.
"ئایندەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا؛ فیدراڵیەتێكی ناجێگیرپاشخان،
لایەنە کاریگەرەکان، سیناریۆ و ڕاسپاردەکان" ناونیشانی توێژینه‌وه‌كه‌یه.
سەرەتا
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پڕن لە هەوراز
و نشێو، ئەم پەیوەندییانە بە سروشتی خۆیان و بەهۆی دیدگا پەڕگیرەکان و گۆڕاوەکانی
نێو پەیوەندییەکانی هەردوولا، لە کارەکتەرە ناوخۆییەکانەوە بگرە تا دەگاتە هەرێمی
و نێودەوڵەتی، نەتوانراوە نە چارەسەرێکی ڕیشەیی پیادە بکرێت، نە ئەوەش بووە کە یەخانگیرییەکی
سەختدا تێپەڕێت و لە پەشێوییەکی یەکلاکەرەوەدا کۆتایی پێبهێنرێت، لەم دۆخە یەکلانەبووەوەی
دەیان ساڵەشدا ئەوەی ڕەنجەکەی زیاتر کێشاوە هاووەڵاتییانی عێراق و کوردستان بوون.
هەنووکە پەیوەندییەکانی هەرێم و عێراق، بە دۆخێکی
نە چارە و نەجیابوونەوەدا گوزەر دەکەن، لەم حاڵەتەشدا نە عێراق دەتوانێت بێمنەت بێت
لە هەرێم و نە هەرێمیش دەتوانێت بێباک بێت بەرامبەر دۆخەکە، بۆیە لەهەردوولاوە هەوڵ
دەبینرێت بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسێی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکان، ئەگەر بە چارەسەری بەشێکی
ئەم گرفتەکانی ئەم پەیوەندییانەش بێت.
لەبەرئەوەی لە قۆناغی یەکەمی هەوڵەکانی ڕێکخستنەوەی
پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدادا، تا ڕادەیەک لێکتێگەیشتنی بەرچاو لە وەفدی
دانوستاندنکاری هەرێم و بەغدا بینرا و چاوەڕوان دەکرێت پاش پرۆسەی پەسەندکردنی
بوودجەی ٢٠٢١ی عێراقیش لە پەرلەمان، دۆخی پەیوەندییەکان بچێتە قۆناغێکی دیکەوە، هەر
بۆیە ڕانانی ژمارە هەشت تەرخانکراوە بۆ تاوتوێکردنی پاشخان، دیدگاباوە کاریگەرەکان،
چێوەی کێشەکە، لایەنە کاریگەرەکانی نێو پرۆسەکە و لە کۆتاییشدا سیناریۆی چاوەڕوانکراو
و پێشنیاری توێژەران خراوەتەڕوو.
تەوەری یەکەم:
پاشخان و سروشتی پەیوەندی
تەبایی و ناتەبایی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا،
وەنەبێ تەنها وابەستەی کابینە حکومەتییەکانی هەردوولا هەبێت و بە هاتنی یەکێک و ڕۆشتنی
ئەوی دی ئاسۆی چارەسەر بکرێتەوە، ڕاستییەکەی ئاڵۆزی پەیوەندییەکان و کەڵەکەکاری کێشەکان
درێژەی کێشاوە و زۆرکاتیش بە چارە و سڕکەری کاتیی هەندێ لەو کێشانە داپۆشراون و
دواجار خودی ئەو چارەسەرانەش جارێکی دیکە بوونەتەوە بارتەقای ناسازیی پەیوەندییە
ئاڵۆز و پڕ قەیرانەکانی پێشتر. وا پەیوەندی پڕ هەوراز و نشێوی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی
کوردستان و عێراق تەمەنی لە ١٠٠ساڵ نزیک دەکاتەوە و هێشتا هەندێک لەو داواکارییانەی
کوردستان، لەو عێراقەی کە لە ١٩٢٠ەوە بەشێکی سنوورەکەی بە بێ کوردستان دیاری‌کرا، نەچەسپیوون
و بەغداش سەرەڕای وەرچەرخانی سیاسیی و ئایدۆلۆژیی و کۆتایی ئینتیداب و ئیستیعمار و
چوار جار و جۆر لە گۆڕانی ڕژێمی سیاسیی لە عێراقدا (ئینتیداب، پاشایەتی، کۆماریی
ناوەندگەرا و کۆماریی فیدراڵی) چاویان لێ دەپۆشێت. هەنووکە هەمان خواستی کوردستان
هەر بەردەوامە و هەمان نەیاریی ئەودەمیش هێشتا میراتگرانی لە بەغدادا هەر هەن و
سازی سیاسی‌یان لەگەڵ ئاوازی مافی هەرێمدا ناتەبایە.
لەمێژووی نزیکیشدا و نزیكه‌ی هه‌ژده‌ساڵ به‌سه‌ر روخانی رژێمی سه‌ددام
و شازده ساڵ به‌سه‌ر داڕشتنی ده‌ستوری عێراقدا تێده‌په‌ڕێت، هێشتا شوناسیی سیستمی
سیاسی عێراق جێگیر نه‌بووه. هه‌رچه‌ند له مادده‌ی یه‌كه‌می ده‌ستوردا به ئاشكرا
باس له ده‌وڵه‌ت و سیستمی سیاسی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی فیدڕاڵی ده‌كات، به‌ڵام ئه‌زمونی
شانزه ساڵه‌ی عێراقی پاش ٢٠٠٥ ده‌ریخستوه هیچ كاتێك سێ لایه‌نه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی
عێراق كۆك نه‌بون له‌سه‌ر شێوه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی به‌ناو فیدڕاڵی. كورد
وهه‌رێمی كوردستان و شیعه داڕێژه‌ری سه‌ره‌كی عێراقی پاش ٢٠٠٣ بوون، جیاواز له
جاران په‌یوه‌ندییه‌كانیان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه و به‌ره‌و ئاڵۆزی و ساردی
و گرژی چووه، به ڕاده‌یه‌ك كه مه‌ترسی له سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی
عێراق وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی فیدڕاڵی یه‌كگرتوو دروستكردوه.
بۆیە سەرچاوەی کێشەکان وەک ئەوەی ئێستا دەنوێنێت،
تەنها مووچە و بڕێک موستەحەققانی مادی نییە، بەڵكو خودی گەیشتن بەم جۆرە پەیوەندییە
لە بنچینەدا نە خواستی بزوتنەوەی سیاسیی کوردستانە و نە دانپێدانانی قەناعەتپێهێنراوی
لایەنە عێراقییەکانە، بەڵکو هەردوولا نیگەرانی و ترس و دانپێدانەنانێکی ڕاشکاو بە
جۆری هەبوونی هەردوولا، ناچاریی کردوون بگەنە ئەم ئاستەی پەیوەندی، لە بری ئەوەی
چارەسەرێکی ڕیشەیی کە جارێکی دیکە نەگەڕێنەوە هەمان چوارچێوەی یەکەم.
مێژووی بەرزی و نزمی جۆری هەوڵەکانی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی
هەرێم و عێراق، درێژ و چەند مۆدێلە: دوولایەنە(کورد و ئینگلیز)، سێ لایەنە(کورد، عێراق
و ئینگلیز)، دوولایەنەی عێراقی (کورد و کۆماریی١٩٥٨، کورد و کۆماریی بەعسیزم،
ئازاری١٩٧٠)، ئاستێکی نێودەوڵەتییانە (کورد و هاوپەیمانان لە ١٩٩١دا، هەرێمی
کوردستانی کردە واقیع)، هەروەها سێ لایەنەی نوێ (عێراق، ئەمریکا و کورد، کە لە ژێر
چاودێری ئەمریکادا ئەم پەیوەندییە کاریگەرتر خۆی نواند و پرسی فیدراڵیزم و مافەکانی
کوردستانی دەستووری کرد، جۆرێک تێگەیشتنی نوێی عێراقی هێناوەیە کایەوە و لە ساڵی
٢٠٠٣تا ٢٠١٤ ئەم پەیوەندییە سەرەڕای بەرزی و نزمی بەڵام چوارچێوەیەکی گونجاوی بۆ هەرێم
و عێراقیش لێ وەبەرهات. بەڵام لە سڵی ٢٠١٧ەوە ئەم پەیوەندییە نەک بەرەوپێشچوونی بە
خۆوە نەدیووە بەڵکو ئاستی هەماهەنگی پەیوەندی سیاسیی و ئەمنی و دارایی هەولێر و بەغدای
هێنایە خوار و لە بودجە و یاسا کورتمەداکانی وەک قەرزدا کورت کرایەوە. ئێستا ئەوەی
لای هەرێم گرنگە، دەستووری عێراقە و دەیەوێت بنەمانی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان بێت،
بەڵام دیدگایەکی عێراقی کاریگەریش (کە لە چەند ڕێچکەیەکی جیاوازیی سیاسیشەوە سەرچاوە
دەگرێت) داواکاری پێناسەکردنەوە، ماناکردنەوە و داڕشتنەوەی دەستوورە بە جۆرێک کە هەرێم
سنوورداتر بکات. لەهەر حاڵەتێکدا بێت دەبێت سەرچاوەی ئاراستەی بیرکردنەوە و پەیوەندییەکانی
هەولێر و بەغدا بیرکردنەوە بێت لە نەخشەڕێی ڕیشەیی و کۆتاییهێنان و دانپێدانان بە
سروشتی کێشەکان نەک هەڵهاتن و سپاردنی کێشە بە کێشە و زەمەن و نەوەی دیکە، کە
دوجار لێڕۆیشتنی مرۆیی، دارایی و تێکشکانی زیاتر و ناجێگیری بۆ هەردوولا بە دووی خۆیدا
دەهێنێت.
چوارچێوەی کێشەکە پاش ٢٠٠٣
ده‌ستوری ٢٠٠٥ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی لە ڕوانگەی زاڵی شیعە و كورد
نووسرایه‌وه، كورد یه‌كێك له ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كانی خۆی كه فیدراڵییه جێگیرکرد.
به‌ڵام سه‌رباری ئه‌م ده‌سكه‌وتە، هه‌رله‌كاتی نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورەوە به‌شێك له
كێشه‌كان نه‌تواندرا چاره‌سه‌ر بكرێن، سه‌ره‌كیترینیان كه‌ركوك وناوچه كێشه له‌سه‌ربووه‌كانی
تر بوو، هه‌روه‌ها سه‌رباری دانپێنانی ناڕاسته‌و‌خۆ به هێزی پێشمه‌رگه و ته‌مویلكردنی
له‌لایه‌ن به‌غداوه، كێشه‌ی ته‌مویلی پێشمه‌رگه و ته‌نانه‌ت خودی هه‌رێمی
كوردستان له ده‌ستوردا ڕون نه‌كرایه‌وه. به‌م شێوه‌یه مه‌سه‌له‌ی ناوچه‌جێناكۆكه‌كان
و پێشمه‌رگە و بودجه پاش ٢٠٠٥، بوونه تایتڵی سه‌ره‌كی كێشه‌كانی نێوان هه‌ردولا،
به‌پێی دۆخی سیاسیش به‌غدا و هه‌ولێر ده‌هاتنه سه‌ر راداری گرژیی په‌یوه‌ندییه‌كانیان.
له‌لایه‌كی تره‌وه پاش گه‌ڕانی هەرێم به‌دوای نه‌وت وگاز و دۆزینەوەی
بڕێكی زۆری نەوت و گاز و ده‌رچوونی یاسای نه‌وت وگاز له په‌رله‌مانی هه‌رێمدا لە
ساڵی ٢٠٠٧ و ناڕازیبوونی حكومه‌تی فیدراڵی له ده‌رچوونی ئه‌م یاسایه پێش یاسای فیدڕاڵی،
كێشه‌ی نه‌وتیش چیتر بووە سەرباری کێشە سه‌ره‌كییەکانی تری نێوان هه‌ولێر و به‌غدا،
پاش بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه له ٢٠١٤ەوە، هه‌رێم بێ گه‌ڕانه‌وه
بۆ به‌غدا، تاكلایه‌نانه نه‌وتی بۆ بازاڕه‌كانی جیهان هه‌ناردەكرد.
پاش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم وداگیر‌كردنه‌وه‌ی ناوچه جێناكۆكه‌كان له
لایه‌ن به‌غداوە، پاش ١٦ی ئۆکتۆبەری٢٠١٧، بێمتمانه‌ییه‌كی ته‌واو سروشتی په‌یوه‌ندییه
دوقۆڵییه‌كی نێوان هه‌ردولای تەنی. كێشه سه‌ره‌كییه‌كانی چاره‌نوسی كه‌ركوك
وناوچه جێناكۆكه‌كانی تر و پێشمه‌رگه‌و بودجەش هێنده‌ی تر كێشه‌كانی هه‌ردولای قوڵتر
كردەوه. به‌ڵام به‌هۆی قه‌یرانی دارایی و دابه‌زینی به‌های نه‌وت كێشه‌ی ئابوری
زه‌قترین كێشه‌ی هه‌ردوو لایه کە خۆی دەبینێتەوە لە: پرسی چەندێتی و چۆنێتی ڕادەستکردنی
نەوت و سودلێوەرگرتنی دوولایەنە، پرسی شایشتەی دارایی هەرێم لە بەشە بوودجە و نەختینە
و قەرزەکانی عێراق و هەلە سیاسییەکانی دیکە کە عێراق وەک دەوڵەت سوودیان لێوەر دەگرێت
و هەرێم هەنووکە لێیان بێبەشە.
بنه‌مای ناڕەزایی و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداوه، سیاسه‌تی
نه‌وتی هه‌رێمە، به‌تایبه‌ت هه‌نارده‌كردنی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی داهاته‌كه‌ی بۆ خه‌زێنه‌ی
فیدراڵی. هه‌رچه‌نده له ماده‌ی ١١١ و ١١٢ ده‌ستوردا باس له نه‌وت و گاز و مو‌ڵكدارێتی
بۆ هه‌موو عێراق و بەڕێوەبردنی كێڵگه‌كانی ئێستا(٢٠٠٥) له لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی
له‌گه‌ڵ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان کراوە، به‌ڵام ورده‌كاری به‌ڕێوه‌بردنه‌كه به‌تایبه‌ت
له كێڵگه‌كانی پاش ٢٠٠٥ دیارنیه، كه پێویست بوو به پێی ماده‌ی ١١٢ ده‌ستور، یاسایه‌كی
تایبه‌ت رێكی بخات و تاهەنووکە نەخراوە.
به‌ڵام سه‌رباری هێنانی پرۆژه یاسای نه‌وت و گاز بۆ په‌رله‌مانی عێراق
له ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١١ په‌رله‌مانی عێراق نه‌یتوانی ئه‌م یاسایه ده‌ربكات، رێكنه‌كه‌وتن
له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و مافه‌كانی هه‌رێم و پارێزگا به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان، رێگری سه‌ره‌كی
بوو له‌سه‌ر دەرنەکردنی، سه‌ره‌نجام هه‌رێم به پشتبه‌ستن به یاسای تایبه‌تی خۆی
(ساڵی ٢٠٠٧) له غیابی یاسایه‌كی فیدراڵی نه‌وت و گازی خۆی به‌ڕێوه‌برد و كێشه‌كانی
دوولایەنیش زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند.
تەوەری دووەم:
دیدگا باوەکان و لایەنە کاریگەرەكانی پەیوەندی
دیدگا باوەکان:
بەر لە دیاریکردنی لایەنە کاریگەرەکانی نێو کێشە
دێرینە-نوێکانی هەولیر و بەغدا، باشترە لە ئاستێکی گشتیدا، وەک ئەوەی لە مێژووی پەیوەندییەکاندا
دەرکەوتووە، دوو دیدگای باو و کاریگەر لە بەریەککەوتندا کە هەردەم ئامادەییان هەبووە
لە بەرزی و نزمی پەیوەندییەکان نێوان هەردوولادا دیاریبکرێن:
دیدگای یەکەم:
دیدگای هەرێمی کوردستانە کە بە پلەی یەکەم هەوڵدەدات
جارێکی دیکە عێراقێکی ناوەندگەرا بە هەر دیدگایەکی نەتەوەیی، ئایدۆلۆژیی و مەزهەبی
دروست نەبێتەوە، بە پلەی دووەمیش جوڵانەوەی سیاسیی کوردستان لە بنەڕەتەوە لە سنووری
قەوارەکەیدا لە چوار پارێزگای هەنووکەییدا لە ١٩١٨ەوە کێشەی نەبووە، بەڵکو ئەوەی کێشەی
سەرەکی هەر بڕگەیەکی زەمەنی جوڵانەوەکە بووە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان بووە کە
هەرکات ئینتیدابی بەریتانی ئەوسا و لایەنەکانی عێراقی دواتر، نکوڵییان لەو مافە
کردبێت سەرجەم پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی دوولایەنەی سفر کردۆتەوە و گەڕاوەتەوە سەر
چوارچێوەی یەکەم، جوڵانەوە سیاسییەکەی هەرێم ئەم دوو هێڵەی وەک سوور نمایش کردووە،
چونکە لەگەڵ هەرسێکیاندا تاڕادەیەک یەک ئاکامی چنینوەتەوە کە لە هەر گەشەیەک یان قەیرانێکدا
لانیکەمی مافەکانی هەرێم بە ئاسانی پایماڵ کراون و لە هەر هەوڵیکی هەرێمیشدا تەنانەت
بە دەستووریش بێت بۆ ئاساییکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، دەستبەجێ
دیدگای ئەمنی و ناوەندگەرایی بەغدا و هاوکارە هەرێمییەکانی چەند بەرامبەر نکوڵییان
کردووە و بگرە نەک پەیوەندییەکان ئالۆسکێنراوون بگرە تا ئاستی هێرشی سەربازییش سنوور
و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان سنووردار کراوە.
دیدگای دووەم:
دیدگای دەوڵەتی عێراقە بە حکومەت و زۆرینە پەرلەمانییەکانیەوە،
ئەم دیدگایە هەمیشە کابووسی لەتبوونی عێراق و مەترسی گەورەتربوونی هەرێم لەسەریدا
جوڵێنەری هەنگاوەکانییەتی و دیاریکەری ئاستی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەرێمی پاش و
پێش خستووە. ئەم دیدە گەرچی لە فۆرمی جیاوازیشدا خۆی دەنوێنێت، بەڵام بۆ پێناسەی فیدراڵیزمیش
ڕاڤەی خۆی هەیە نەک پێناسە باوەکانی شیرازە فیدراڵییەکان، بە جۆرێک کە فیدراڵیزم لە
ماناکەی خاڵی دەکەنەوە و وەک پێدرێژکردنی هەولێر سەیری دەکەن تا نەخشەڕێیەک بۆ هێشتنەوەی
عێراق بە یەکگرتوویی. ئەمەش سەرچاوەکەی بۆ ئەو تێڕوانینە دەگەڕێتەوە کە لەسەر بنەمای
ترس و نیگەرانی بیناکراوە نەک ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ئەرک، ماف، پابەندی
دوولایەنە، دابەشکاریی سامان و دەسەڵات وەک بنەماکانی فیدراڵییەت.
لایەنە کاریگەرەکان:
یەکەم: ده‌وڵه‌تی فیدراڵی
ئاشكرایه لایه‌نی سه‌ره‌كی كێشه‌ی به‌غدا و هه‌ولێر،
داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تی فیدڕاڵییه(حكومه‌ت و په‌رله‌مان). ده‌سەڵاتدارانی به‌غدا
به‌تایبه‌ت پاش ٢٠١٧، مه‌یلێكی به‌هێزی فراوانكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوەندییان
به‌سه‌ر هه‌رێم و پارێزگاكاندا لا گه‌ڵاڵه بووه. هه‌رچه‌ند هه‌ڵوه‌شاندنەوه‌ی
سه‌رجه‌م ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكانی عێراق وه‌ك هۆكاری روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ڕاگەیەنرا،
به‌ڵام لەپەنایدا هه‌وڵێكیش بوو بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ته خۆجێییەکان،
ئه‌م مه‌یله به ئاشكرا له نێو په‌رله‌مان و لای سه‌ركرده گه‌نجه‌كان و زۆر له
سه‌ركرده حزبییه‌كان دەبینرێت.
تێزی سه‌ره‌كی ئه‌م بۆچونه ئه‌وه‌یه كه ته‌نها
به به‌هێزكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناوەندی ده‌تواندرێت ئاسایش وگه‌شه‌پێدانی ئابوری
فه‌راهه‌م بكرێت، به‌ئاشكراش ره‌خنه له هه‌ندێ بڕگەی ده‌ستور كه تایبه‌ته به
ده‌سه‌ڵاتەکانی هه‌رێم و پارێزگاكان ده‌گرن و هه‌وڵی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن.
له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌هۆی لاوازی پێگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستا
له نێوپه‌رله‌مانی فیدراڵ‌دا و ئاماده‌یی هێزه هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له عێراق،
حكومه‌تی هەنووکە توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی لاواز بووه، ئه‌م ڕاستییه چه‌ندێک
بۆ كێشه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوری عێراق راسته، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ ناوچه جێناكۆكه‌كان
و هه‌رێمی كوردستانیش ڕاسته.
به‌م شێوه‌یه به‌هۆی نزیكبونه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردن
و به‌هۆی زاڵبوونی هێزه سیاسییه شیعییه باڵاده‌سته‌كانی نێو په‌رله‌مان به‌سه‌ر
ئیراده‌ی سیاسیی حكومه‌تدا، په‌رله‌مانێك كه پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان له قازانجیدا نیه
حكومه‌تێك وسه‌ره‌ك وه‌زیرانێكی به‌هێز له ئارادا بێت، سه‌ره‌نجام بكه‌ری سه‌ره‌كی
كێشه‌كه نه له توانا و نه لە قازانجیدایه ئه‌م كێشانه چاره‌سه‌ر بكات.
ئاراستەی بیرکردنەوەی لایەنی عێراقی و فیدراڵ،
سەبارەت بە پرسی بەڕێوەبردنی نەوتیش وەک گرێکوێرەی ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان، لە
چوار ڕوانگەوە سەرچاوەی گرتووە، ئەوانیش:
أ- لە ڕوانگەی سەروەری دەوڵەت و کارایی حوکمڕانییەوە،
لای عێراقییەکان بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بتوانێت کۆنترۆڵی سەرجەم هێزە ڕکابەرەکانی
سەروەریی دەوڵەت بکات، بەتایبەت ئەو هێزانەی کە لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ و ڕوونتر لەدوای
گۆڕانکارییەکانی ٢٠٠٣ەوە دەرکەوتوون، دەبێت کۆی بریارە داراییەکان لەژێر چنگی خۆیدا
بێت، تا بتوانیت بەمە ژێرخانی مانەوە و سەرچاوەی بەردەوامبوونی ئەو هێزە دەرە-ناوەندانە
وشک بکات، بۆیە بەڕای هەندێک لە عێراقییەکان ڕکێفکردنی ئابوو‌ریی کورد کە ئامرازی
لاوازکردنی هێزەکەشیەتی (پیشمەرگە)، یەکەمین وێستگەیەک بۆ جڵەوکردنی گروپ و هێزە چەکدارە
نانیزامییەکانی تریشە. مانەوەی پێشمەرگە لە دەرەوەی کۆنتڕۆڵی ناوەند بیانووە بۆ
ملکەچنەبوونی هێزەکانی دیکەش.
ب- لە ڕوانگەی گەشەپێدانەوە، لای هەندیک لە عێراقییەکان
زوو تێپەڕاندنی قۆناغی ڕاگوزەر و دەربازبوون لە سیماکانی دەوڵەتی فشەڵ و
شکستخواردوو، دەخوازێت کۆی تواناکان لە چنگی دەسەڵاتی ناوەندیدا گیر بکرێت، مانەوەی
دۆسێی نەوتی کوردستانیش لەدەرەوەی دەسەڵاتی ناوەند، گەورەترین کۆسپە لەبەردەم ئەو
گەشەپێدانە خوازراوەدا، کە دەرئەنجام کۆی گەلی عێراق و پێکهاتەکانی تریش دەکاتە
قوربانیی بەرژەوەندیی کورد.
ج- لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە؛ پەرتکردنی توانای
دارایی عێراق و بەشکردنی ئیرادەی مامەڵەکردن بە مەلەفی نەوت لە نێوان کورد و حکومەتی
ناوەنددا، هەر تەنها ڕەهەندێکی ئەو پلانی لاوازکردنەی پێگەی ستراتیژی عێراق نییە کە
لە دوای جەنگی دووەمی کەنداوەوە گیراوەتەبەر، بەڵکو داردەستێکی دەرەکیشە بۆ ڕێگرتن
لە دووبارە بەدەستهێنانەوەی ئەو پێگە بەهێزە لەدەستچووەی کە عێراق لە ڕابردوودا هەیبوو.
د- لە ڕوانگەی ململانێی ناوخۆییشەوە؛ نەوت و
داهاتەکەی، وەک سەرجەم سەرچاوە ئابورییەکانی تری داهات و دارایی، کەرەستەیەکی سەرەکی
مامەڵە پێوەکردنی نادروستی گەندەڵییە، کە لە ململانێ ناوخۆییە حیزبی و دەستەگەرییەکاندا
بۆ خۆبەهێزکردن و کۆکردنەوەی پشتیوانی و دەستوپێوەند بەکاردەهێنرێت، بۆیە خواستی هەندێک
لە لایەنە عێراقییەکان بۆ سەندنەوەی مەلەفی نەوت لە هەولێر تەوەرێکی ئەو ململانێ
نادروستەیە، نەک ئامانجی بەهێزکردنەوەی ئابوو‌ریی عێراق.
دووەم: هه‌رێمی كوردستان
به‌درێژایی پانزه ساڵی رابردوو، هه‌رێم سیاسەتێكی سه‌ربه‌خۆی ئابوو‌ریی
به‌ڕێوه بردووه، هه‌رێمی كوردستان پێی وابووه ئه‌م سیاسه‌ته‌ی له‌گه‌ڵ ده‌ستور
هه‌ماهه‌نگە و به تایبه‌ت هەماهەنگی ماده‌كانی ١١٢ و ١١٤ و ١١٥ە. له ڕووی سیاسییه‌وه
بوونی نیمچه سه‌ربه‌خۆیی ئابوو‌ریی بۆ هه‌رێم لای زۆر له سه‌ركرده‌كانی وه‌ك گه‌ره‌نتییه‌ك
بۆ نیمچه سه‌ربه‌خۆیی سیاسی و نه‌چوونه ژێر فشاری به‌غدا لێك ده‌درایه‌وه. هه‌رچه‌ند
له‌سه‌ره‌تاوە، سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ئابوری لەنێو پارته سیاسییه‌كاندا كۆده‌نگی
له‌سه‌ر نه‌بوو، هەندێک پێیان وابوو كه كێشه له‌گه‌ڵ به‌غدادا دروست ده‌كات، به‌ڵام
سه‌ره‌نجام ئه‌م سیاسه‌ته باڵاده‌ست بوو و كرا به سیاسه‌تی فه‌رمیی حكومه‌تی هه‌رێم.
ئێستا و به تایبه‌تی پاش بڕینی به‌شه بوودجه‌ی هه‌رێم، ئه‌م سیاسه‌ته
ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنەی ناخۆیی بووەته‌وه، خراپبوونی دۆخی دارایی هه‌رێم به‌هۆی دابه‌زینی
نرخی نه‌وتیشەوە، هەڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی لاوازتر كردوه.
گەر وردتر لە دیدگای کوردستانی بڕوانرێت بەتایبەت
لە دۆسێی نەوتدا دەکرێت، چوار ڕوانگەی سەرەکی بۆ تێگەیشتن لە دۆسێکە لەبەرچاو بگیرێن
کە لەسەر سروشتی پەیوەندیەکانی بەغدا و هەولێر کاریگەرن:
أ- لە ڕوانگەی نەتەوەییەوە؛ لای کورد مامەڵەکردن
بە نەوت بنیچینەی گوزارشتکردنە لەو سەربەخۆییە ڕێژەییەی کە لە دوای ڕاپەڕینەوە لەچوارچێوەی
عێراق و ناوچەکەدا چنگیان کەوتووە، لەپێناو دەربازبوونیان لەو پەراوێزخستن و گۆشەگیرییەی
کە لە دەیان ساڵی پێش ڕاپەڕیندا دووچاری بوون.
ب- لە ڕوانگەی فیدراڵییەوە؛ لای کورد وەک چۆن بەپێی
دەستوری ٢٠٠٥ دەبێت فیدراڵی بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات و بریارە سیاسییەکان بێت لەسەرجەم
ئاستەکانی یاسادانان و دادەوری و کارگێریدا، هەرواش دەبێت فیدراڵی و ناناوەندێتی
داراییی بنەمای دابەشکردنی داهات و بڕیارە داراییەکان بێت.
ج- لە ڕوانگەی دیموکراسییەوە؛ لای کورد ئەگەر بڕیار
وایە بونیادنانەوەی دەوڵەتی عێراق لە دوای گۆڕانکارییەکانی ٢٠٠٣ەوە، بە پێچەوانەی نەریتی حوکمڕانی ڕژێمی بەعس
و ڕژێمەکانی تری پێشووە و بە شێوازێکی دوور لە چەقگەرایی دەسەڵات و سەرکوتکردنی
ناوچەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی ناوەند بێت، ئەوا پێدانی دەسەڵاتی دارایی بە ناوچەکانی
دەرەوەی ناوەند یەکێک لە ڕەهەندەکانی کۆنترۆڵکردنی دەسەڵاتی ناوەند و ڕێگرتنە لە
دووبارە گەڕانەوە بۆ ڕژێمی ستەمگەرایی ناوەند و پەراوێزخستنی ئەوانی دیکە.
د- لە ڕوانگەی ململانێی ناوخۆییەوە؛ لای هەندێک
لە لایەنە کوردییەکان نەوت و داهاتەکەی تەوەرێکی ململانێی حیزبی و باڵانسکردنی هێزە
لەنێوان زۆنە سیاسی-جوگرافییەکانی هەرێمی کوردستاندا، بۆیە هەر جۆرە سپاردنەوەیەکی
ئەم مەلەفە بە حکومەتی ناوەندی دەشێ جۆرێک لە ئاڵۆزکردنی ئەو ململانێیە و تێکدانی
ئەو پارسەنگەش بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە ئەمەش ڕەنگە نەک هەرێم بەڵکو کۆی عێراقیش بەرەو
نائارامییەکی نەخوازراو ببات.
بەڵام لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و جوڵانەوە ناڕازییەکانی
بە جۆری بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، ڕایه‌كی
گشتی له هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌ته‌كه‌ی دروست بووه بۆ سه‌رله‌نوێ پشت به‌ستنی
زیاتر به عێراق له ڕووی دارایی و ئابورییه‌وه و چاره‌سه‌ركردنی كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان
به پێی بڕگه‌كانی ده‌ستور. به‌ڵام لاوازی ئابوو‌ریی هه‌رێم و یه‌كنه‌خستنی شێوه‌ی
مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌لایه‌ن پارته سه‌ره‌كییه‌كانی كوردستانەوە له‌لایه‌ك
و نه‌بوونی حكومه‌تێكی وا له به‌غدا كه توانای جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی هه‌بێت
بووە‌ته گرێكوێره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ردوولا.
سێیەم: هێزه هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان
شاراوه نیه عێراق، به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه،
گۆڕه‌پانی به‌هێزی ململانێی هێزه نێوده‌وڵه‌تی و هەرێمییەكانه، ئه‌م ململانێیه
ئه‌مریكا و ئێران تیایدا ئەکتەری سه‌ره‌كیین، جگه له بوونی چه‌ندین ئه‌كته‌ری دیکەی
وه‌ك توركیا، ئه‌وروپا، روسیا و سعودیه. بوونی ئه‌م ململانێ فراوانه له عێراق
به تایبه‌ت به هۆی ئاماده‌یی رێكخراوه تیرۆریستییه جیهانییه‌كان لە ناوچه جیاجیاكانی
عێراقدا، وڵاتەکەی خستۆته ژێر ڕكێفی جه‌مسه‌رگیرییه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه
جیاوازه‌كانه‌وه. به‌م شێوه‌یه په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا هیچ كاتێك له
كاریگه‌ری و ململانێكانی ئه‌م هێزانه دوور نه‌بووه زۆربه‌ی كات ئه‌م هێزه ده‌ره‌كییانه
ڕۆڵییان له قوڵكردنه‌وه یان لاوازكردن هه‌ندێ جاریش باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی
به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌بووه.
تەوەری سێیەم:
سیناریۆ و پێشنیارەکان
سیناریۆکان:
بۆ تێگه‌یشتن له ده‌رئه‌نجامی گفتۆگۆكان و
خستنه رووی وێنه راسته‌قینه‌كه، پێویسته سیناریۆكانی په‌یوه‌ندی و ئاینده‌ی
په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو لایه‌نی دانوستاندن بخرێته روو، راسته له‌و پرۆژه یاسایه‌ی
کە ئێستادا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق گفتوگۆی له باره‌وه ده‌كرێت، لە دەقەکانی
تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دا به‌لانی كه‌مه‌وه له رووی
فه‌رمیه‌وه، حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان به رێكه‌وتن پێی گه‌یشتوه، جێگه‌ی ره‌زامه‌ندییه.
به‌ڵام له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران گفتوگۆی له باره‌وه ده‌كرێت و ئه‌گه‌ری زۆره
كه برگه‌و ماده‌كانی په‌یوه‌ندیدار به پشكی هه‌رێمی كوردستان و به دیاریكراوی
بابه‌تی نه‌وت یان داهاتی نه‌وت وه‌كو ئه‌وه تێنه‌په‌ڕێت كه حكومه‌ت پێشنیاری
كردوه ، بۆیه ئاینده‌ی ئه‌م بابه‌ته به‌ستراوه به‌ڕێكه‌وتنی سیاسی و ئیراده‌یه‌كی
سیاسی و تێگه‌یشتنی سیاسی هێزە سیاسیه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان. له‌به‌رئه‌وه
بژارده‌ی دروست و یه‌كلاكه‌ره‌وه ئه‌وه‌یه ده‌بێت دانوستان و گفتوگۆ بكرێت، بۆ
ئایندەی گفتوگۆ و دانوستان له‌سه‌ر ئه‌م دۆسێیەش دەشێت ئه‌م سیناریۆیانه كار بكه‌ن:
یه‌كه‌م: سیناریۆی ڕێكه‌وتن
هه‌ردوو كاراكته‌ری دانوستاندن، سیناریۆی رێكه‌وتن
وه‌كو چاره‌سه‌ر پێشنیار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له سه‌ر ورده‌كاریی جیاوازی هه‌یه، پێشنیاری
پرۆژه بوودجەی عێراق (بۆ هه‌رێمی كوردستان) جێگه‌ی ره‌زامه‌ندییه، تاڕاده‌یه‌ك
پشت ئه‌ستوره به ده‌ستور و مافی به‌رێوه‌بردنی سامانه سروشتییه‌كانی هاوبەشانە
بە هەردوولا داوە، ئه‌م بابه‌ته‌ش له گفتوگۆكاندا حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر پێداگری
لەسەر دەکات و بە خاڵی به‌هێزی هه‌رێم هەژمار کراوە، حكومه‌تی فیدراڵیش داوای
پابه‌ندبون و نیازپاكی له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات به ورده‌كاری و ڕاده‌ستكردنی
نه‌وت به كۆمپانیای سۆمۆ.
لە ئەگەری بەرجەستەبوونی ئەم سیناریۆیەدا، دەکرێت
سیناریۆکە لە دوو سیناریۆدا نمایش بکرێنەوە:
١. چاره‌سه‌ری گشتی یان نیمچه‌یی: وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌شێك له نەوته‌كه ڕاده‌ست
بكرێت و به‌شێكی بهێڵێته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کابینەکانی عه‌بادی و عه‌بدولمه‌هدیدا
كرا. لێره‌دا هه‌ردوولا له به‌شێكی داواكارییه‌كان چاوپۆشی دەکرێت لەبه‌رامبه‌ر
چاره‌سه‌رێكی مامناوه‌ندیدا.
٢. چاره‌سه‌ری كۆتایی ڕیشەیی: به دیاریكردنی شێوازێكی جێگیری ته‌مویلكردنی
هه‌رێمی كوردستان وه‌ك زۆربه‌ی فیدراڵییه‌ته جێگیر و پێشكه‌وتوه‌كانی جیهان، ئه‌م
چاره‌سه‌ره بۆ هه‌ردوولا به سوود ده‌بێت، به‌ڵام له دۆخی سیاسی ئێستای عێراقدا
به‌دو‌ر ده‌زانرێت كه هه‌نگاوێكی وا له مه‌ودایه‌كی نزیكدا ببینرێت.
دووەم: سیناریۆی ڕیكنەكه‌وتن
ئه‌م سیناریۆیه زیاتر كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات
كه لایه‌نی عێراقی داوای ڕاده‌ستكردنی هه‌موو داهات و دۆسیه‌ی نه‌وت بكات، كه ئێستا
له په‌رله‌مان وه‌كو كارتێكی هه‌ڵبژاردن و فشار كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت، ده‌ویسترێت
له‌م ڕێگه‌یه‌وه كۆی داهاتی نه‌وت و داهاتی ناوخۆی هەرێم له‌ڕێگه‌ی حكومه‌تی بەغداوە
به‌ڕێوه ببرێت، چونكه به پێی بۆچوونی حكومه‌تی عێراقی، نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان
جگه له‌وه‌ی له بازاڕ به كه‌متر ده‌فرۆشرێت و بڕی تێچونی به‌رهه‌مهێنانی نزیكه‌ی
بیست دۆلاره بۆ هه‌ر به‌رمیلێك، ئه‌مه‌ش وا لێكده‌درێته‌وه كه زیان به سامانی
گشتی ده‌گەیێنێت، ئه‌مه جگه له تۆمه‌تباركردنی هه‌رێم به بوونی گه‌نده‌ڵی و
ناشه‌فافی له به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی نه‌وتدا. بەڵام لای حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌م
داواكارییه جگه‌له‌وه‌ی پێشێلكاریی ده‌ستوری عێراقه، له‌هه‌مان كاتدا بچووكردنه‌وه‌ی
قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستانه. ئه‌م ئاراسته‌یه لای حكومه‌تی هه‌رێم ئاراسته‌ی عه‌قڵیه‌تی
ناوه‌ندگەرایی و مامه‌ڵەكردنه له‌گه‌ڵ هه‌رێم وه‌ك پارێزگایەک.
لە ئەگەری بەردەوامی و پەرەگرتنی ئەم سیناریۆیەدا
یان ئەوەیە:
- مانه‌وه‌ی دۆخەکە وه‌ك ئێستا؛ واته بێچاره‌سه‌ریی
و كه ئه‌گه‌ری به‌هێزتریش ئەوەیە تا كاتی هه‌ڵبژاردن و پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ.
- یاخود تێكچونی زیاتر دێتە ئاراوە، ئەمەش
بەهۆی خراپی ئابوو‌ریی هه‌رێم و چاره‌سه‌رنه‌كردنی كێشه‌كه دور نیه هه‌رێمی
كوردستان هه‌نگاوی هەڵکشاوانە هەڵبنێت، لەوانەش گه‌ڕانه‌وه بۆ كاركردن به ده‌رئه‌نجامه‌كانی
ڕیفرەندەم و دو‌ركردنه‌وه‌ی زیاتر و كشانه‌وه لە پرۆسەی سیاسیی بەغدا. ئه‌م سیناریۆیه
به‌هۆی یه‌كده‌نگنه‌بونی پارته‌كانی هه‌رێمی کوردستان له ئێستادا به دور ده‌زانرێت.
سێیەم: سیناریۆی نێوه‌ندگیری
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوا له لایه‌نی سێیه‌م
بكات به پله‌ی یه‌كه‌م نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و پاشان ئه‌مریكا یان ئێران، تا
بتوانرێت پێش په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه تێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش دروست بكه‌ن. ئه‌م
سیناریۆیه‌ش ئه‌گه‌ر له نزیكترین كات كاری له‌سه‌ر نه‌كرێتبەسەر دەچێت (گەر بەسەر
نەچووبێت)
سیناریۆی به‌هێز وا دێتە بەرچاو، كه سیناریۆی
دووەهەمی ڕێکنەکەوتن بێت و په‌رله‌مانی عێراق به‌و پێشنیاره‌ی حكومه‌تی عێراق ڕازی
نه‌بێت و داوای ڕاده‌ستكردنی هه‌موو دۆسیه‌ی نه‌وت بكرێت، هه‌رێمی كوردستانیش به‌م
داوایه رازی نه‌بێت ، چونكه لانیکەمی هۆی ڕازیینەبوونی: پێشێلكردنی ده‌ستوری عێراقییە.
پێشنیارەکان:
له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر
و به‌غدا و بۆ ئه‌وه‌ی نەبنە هۆکاری ده‌ستوەر‌دانی ده‌ره‌كی و ناجێگیری سیاسی و
ئاسایشیی عێراق به هه‌رێمی كوردستانه‌وه ئه‌م ڕاسپاردانە بە گرنگ دەبینرێن:
یه‌كه‌م: بۆ لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی
- کارکردن بە هەستی متمانەوە نێوان خۆیان
وهه‌رێمی كوردستاندا و خۆپاراستن له هه‌ر شێوازێك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وەی دژ به هه‌رێم
و به‌كارنه‌هێنانی مه‌سه‌له‌ی هه‌رێم كوردستان وه‌ك ماده‌یه‌كی هه‌ڵبژاردن و خۆبه‌هێزكردنی
چەند لایەنێک لە رێی ئەم پرسەوە. بنه‌مای هه‌ر رێكه‌وتنێكی ئاینده‌یی متمانه‌یه،
ئه‌م به‌هایه به‌تایبه‌تی پاش ریفراندۆم و دەستبەسەرداگرتنی سەربازی کەرکوک و
ناوچەجێناکۆکەکان لەلایەن عێراقەوە لاوازتر بووە و پێویستی به دوباره به‌هێزكردنه‌وه
هه‌یه.
- جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری ده‌ستوری
و دووركه‌وتنه‌وه له‌و داواكارییانه‌ی كه هانی گۆڕینی ده‌ستور و بۆ به‌ژه‌وه‌ندی
تاكلایه‌نه دژ به پێكهاته‌كانی تر دەدات. ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه له ده‌ستوردا
ئاماژه‌ی پێدراوه و تا هەنووکە فەرامۆشکراوون و هاوکات هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسا
ناوەندگەراکان.
- ده‌ركردنی به‌په‌له‌ی یاسای نه‌وت و
گاز له‌سه‌ر بنه‌مای به‌نده‌كانی ١١١ و ١١٢و ١١٤ و ١١٥ ده‌ستور، دانانی میكانیزمێكی
جێگیر و به‌رده‌وام بۆ شێوه‌ی دابه‌شكردنی داهاته نه‌وتییه‌كان و ئیداره‌دانی دۆسێی
نه‌وت و گاز له‌گه‌ڵ هه‌رێم و پارێزگاكان.
- دروستكردنی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی تایبه‌ت
به بەڕێوەبردنی دادگەرانه‌ی داهاته نه‌وتییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی كه له ماده‌ی
١٠٦ی ده‌ستوردا هاتووه.
- له پێناو قووڵكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ و گه‌یشتن
به چاره‌سه‌ری كێشه به‌رده‌وامه‌كان، گرنگه كار بكرێت بۆ دروستكردنی ئه‌نجومه‌نی
فیدراڵی (ئه‌نجومه‌نی دووه‌م) كه نوێنه‌ری هه‌رێم پارێزگاكانه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له
ماده‌ی ٦٥ی ده‌ستوردا هاتوه و كاری له‌سه‌ر نه‌كراوه.
دووه‌م: بۆ لایه‌نی هه‌رێمی كوردستان
- كردنه‌وه‌ی به‌غدا و حكومه‌تی فیدڕاڵی
به چه‌قی سه‌ره‌كی كاری سیاسی و زامنی سه‌ره‌كی مافه سیاسی و ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێم،
په‌یڕه‌ونه‌كردنی سیاسه‌تی (متاره‌كه) كه به زیان بۆ هه‌رێم ده‌گه‌ڕێته‌وه.
- كرانه‌وه‌ی زیاتر به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بیی
عێراقدا (شیعه‌و سوننه)، به سه‌رجه‌م كێشه و خواستەكانیه‌وه و خۆپاراستن له‌هه‌ر
سیاسه‌تێكی هه‌رێم كه ده‌بێته هۆی گۆشه‌گیربوون و دووركه‌وتنه‌وه له ڕه‌هه‌ندی
فیدراڵی و نیشتمانی عێراقی.
- یه‌كلاكردنه‌وه‌ی دۆسێی نه‌وت به پێی
ده‌ستور و مافه حه‌سڕییه‌كانی عێراق و هاوبه‌ش و تایبه‌ت به هه‌رێم، دووركه‌وتنه‌وه
له هه‌ر هه‌نگاوێكی تاكلایه‌نانه‌ی هەڵکشاوانە كه نیگه‌رانی زیاتر و كه‌مكردنه‌وه‌ی
متمانه له‌گه‌ڵ خۆی پەرەپێبدات.
- سودوه‌رگرتنی زیاتر له‌و گه‌شه‌سه‌ندنه‌ی
له بواری ئابوو‌ری و ژێرخانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی
هه‌رێم و به‌غدا و تێكه‌ڵبوونی زیاتری ئابوو‌ری له‌گه‌ڵ پارچه‌كانی تری عێراق، كه
دواجار لێکتێگه‌یشتن و نزیكبوونه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و كولتووری لێده‌كه‌وێته‌وه.
- هاوکاریکردنی بەشەکانی دیکەی عێراق بۆ
دروستبوونی هەرێمی دیکەی فیدراڵی، وەک زەمینەیەک بۆ چەسپاندن و پایەداریی سیستەمی
فیدراڵی.
سێیه‌م: بۆ هەردووک لە ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی و
حکومەتی هەرێم
لەو ڕوانگەیەوە کە هەردوو لا هاوڕان کەلەسەر ئەوەی
کە دەبێت دەستور بنەمای سەرەکی لێکتێگەیشتن و یەکاڵاکردنەوەی کێشەکان بێت، دەشێت بەپێی
ئەو ڕاڤە جۆراوجۆرانەی بۆ هەر دوو مادەی (١١١ و ١١٢)ی دەستوری ٢٠٠٥ کراوە، لەژێر ڕۆشنایی
ئەزموونی وڵاتانی فیدراڵی لە جیهاندا، کار بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوت و بودجە
بکرێت بەپێی یەکێک لەم ئامرازانە:
- دابینکردنی زۆربەی خەرجی هەرێم لەلایەن
حکومەتی فیدراڵییەوە (وەک لە وڵاتانی بەرازیل و فەنزویلا کاری پێدەکرێت)، بەرامبەر
قایل بوون بە باڵادەستی حکومەتی فیدراڵی بەسەر زۆربەی سەرچاوە سروشتییەکانی کۆکردنەوەی
داهاتی وڵات.
- تەرخانکردنی خەرجی هەرێم بەهاوبەشی هەرێم
و حکومەتی فیدراڵی (وەک لە وڵاتی نیجیریا کاری پێدەکرێت) لەسایەی زامنکردنی سەرچاوەی
پێویست بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ هەردوولا.
- دابینکردنی هەموو یان زۆربەی هەرەزۆری
خەرجییەکانی هەرێم لەلایەن هەرێم خۆیەوە (وەک لە وڵاتی ئیمارات کاری پێدەکرێت) بەرامبەر
بە بەجێهێشتنی زۆربەی سەرچاوە سروشتییەکانی کۆکردنەوەی داهات لە دەستی هەرێمدا.
چواره‌م: بۆ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی
ده‌كرێت هێزه هه‌رێمی و هێزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان رۆڵی ئه‌رێنی له
چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ردولادا ببینن. واقعی ئێستای عێراق و هه‌رێم رۆڵی هێزه
هەرێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی پێوه دیاره. ده‌كرێت ئه‌م هێزانه به دوورخستنه‌وه‌ی
ململانێكانیان له عێراق و هه‌رێم و هاندانی هه‌ردوولا بۆ دانوستاندنی قوڵ و هه‌مه‌لایه‌نانه
كه‌شێكی گونجاو بۆ سه‌رخستنی وتووێژه‌كان دروست بكه‌ن، عیراق بکەنە زەمینەیەک بۆ لێکتێگەیشتنییان
و ستراتیژی براوە-براوە بگرنەبەر. به پێچه‌وانه بوونی عێراق و كوردستان به گۆڕه‌پانی
ململانێ، هه‌ردولا لاواز ده‌كات بوار بۆ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی هێزی توندڕە‌وی وه‌ك
داعش و قاعیده فه‌راهه‌م دەکاتەوە و زیانەکەی تەنها عێراق ناگرێتەوە. لێره‌دا ئێران،
ئه‌مریكا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ده‌توانن رۆڵی سه‌ره‌كی بنوێنن و دەکرێت له‌رێی
نه‌ته‌وەیه‌كگرتووه‌كان یان دووقۆڵی ئه‌و رۆڵه بگێڕن له درو‌ستكردنه‌وه‌ی متمانەی
نێوان هه‌ردوولا.
توێژەران:
د.یوسف گۆران، د.ئومێد رفیق فتاح، د.عابد خالد
رسول، د.هەردی مهدی میکە