766 کەلتور

خەڵاتی دووەمی کارۆ بەخشرایە نووسەرێکی پڕ بەرهەم

10:52 - 28/11/2020

کولتووری زەمەن

ئیوارەی ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و نەقیبی هونەرمەندانی کوردستان و بەڕێوەبەری چاپخانەی کارۆ و دەستەیەک لە نووسەران و هونەرمەندانی کورد، لە مەراسیمێکی گەورەو فراواندا، خەڵاتی دووەمی کارۆ بەخشرایە ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل. خەڵاتەکەش لەلایەن شاعیر و ڕۆماننووس ماردین ئیبراهیم بەخشرایە ئەو چیرۆکنووس و وەرگێڕە.


 عەتا مەحمود، بەڕێوەبەری جاپخانەی کارۆ، هێمای بۆ ئەوە کرد، هەڵبژاردنی ئەم نووسەرە گەنجە بۆ بەخشینی خەڵاتەکە، وەک پێزانینی دوو نەوەیە، لە ئەدەبیاتی کوردیی. نەوەی ڕابردوو، کە مامۆستا ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل هەڵبژێراوە. نەوەی نوێ، کە ماردین ئیبراهیمە.
لە مەراسیمەکە، جگە لە عەتا مەحمود بەڕێوەبەری گشتی خەڵاتی کارۆ، هەریەک لە پارێزگاری سلێمانی و د.مارف عومەر گوڵ و شەفیقی حاجی خدر و چەند کەسێکی تر، وتەیان پێشکەشکرد. دەستخۆشی هەڵبژاردنی ئەم نووسەرەیان کرد بۆ خەڵاتی ئەمساڵی کارۆ. پارێزگاری سلێمانی دەستخۆشی لە چاپخانەی کارۆ کرد، کە هەمیشە پشتیوانی نووسەران و هونەرمەندانی کوردە، لە چاپکردنی بەرهەمەکانیاندا.

د، مارف عومەر گوڵ، یەکێ لەئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردنی کاندیدی ئەمساڵی خەڵاتی کارۆ، لە وتەیەکدا هێمای بۆ کاریگەریی و دەوڵەمەندی ئەزموونی ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل کرد، لە بواری چیرۆکنووسین و وەرگێراندا. بەتایبەتیش ئەو بەرهەمانەی هەڵیدەبژێرێت و دەیانکاتە کوردیی، بەرهەمی دانسقە و گرنگن، بۆ ئەدەبیاتی کوردیی.
بڕیارە، ساڵانە، کارۆ خەڵاتێکی نموونەیی بە نووسەرێکی کورد ببەخشێت و یەکێ لە بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە چاپ  و بڵاوبکاتەوە.

خەڵاتی یەکەمی کارۆ، بەخشرایە فاتیح عیزەدین-شاعیر، وەک یەکێ لە دەنگە جیاواز و فەرامۆشکراوەکانی ئەدەبیاتی کوردیی. خەڵاتی ئەمساڵیش، بەخشرایە ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل، وەرگێڕ و چیرۆکنووسی پڕ بەرهەمی کورد، کە نزیکەی ٥٠ کتێبی چاپکراوی هەیە و بەشێکی زۆری بەرهەمەکانی یەشار کەمال و نازم حیکمەتی کردووە بە کوردیی. ئەمە جگە لە چەندین کۆمەڵە چیرۆک و ڕۆمانی بە زمانی کوردیی نووسیووە.

 

لیژنەی هەڵبژاردنی خەڵاتی ئەمساڵی کارۆ، بریتیبوون لە: (بەختیار عەلی، مارف عومەر گوڵ، بەیان سەلمان) بەڕێوەبەری گشتی خەڵاتی کارۆ، عەتا مەحمود. هەر ساڵە و بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدی خەلاتی کارۆ، لیژنەیەکی سێ کەسی نووسەرێک، لە شارێکی کوردستان هەڵدەبژێرن  بۆ بەخشینی خەڵاتی کارۆی ساڵ .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن