245 کوردستان

شاندنی هه‌رێم و به‌غدا به‌ ئاماده‌بوونی پلاسخارت له‌سه‌ر شنگال كۆده‌بنه‌وه‌

03:07 - 17/11/2020

"زەمەن"


بە بەشداری جێنین ھێنیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، هەریەک لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال تاوتوێ دەکەن
.

کۆبونەوەکە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و تیادا نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە بەشداری جێنین ھێنیس پلاسخارت باس لە هەنگاوەکانی چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال تاوتوێ دەکەن.

- رێککەوتننامەی شنگال

رۆژی نۆی تشرینی یەکەم، هەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزای شنگال رێککەوتن، رێككه‌وتنه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی جیاوازی لێكه‌وته‌وه‌ و به‌شێك له‌ ئێزدییه‌كان ناڕازین.

بەپێی رێککەوتننامەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.

حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:

١- تەوەری کارگێڕی:

- دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێککارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.
- لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەش کە لەلایەن ھەردوولاوە پێکدەھێنرێت، دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا رەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەکان دەکرێت.

٢- تەوەری ئەمنی:

- تەنھا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی قەزاکە لە ئەستۆ دەگرن و ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شنگال دوور دەخرێنەوە.

- بەھێزکردنی ئاسایش لە قەزاکەدا لە رێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی کە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی ئاوارەی کەمپەکان لە خەڵکی ناوچەکە.

- کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال و ناوچەکانی دەورووبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.

٣- تەوەری ئاوەدانکردنەوە:

پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا و ئاست و وردەکارییەکانی ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت.

٤. بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا پێکدەھێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە رێککەوتننامەکەدا ھاتووە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن