265 کوردستان

دوایین زانیاری سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی شنگال

05:56 - 29/10/2020

"زه‌مه‌ن"

تیمی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بە هاوکاری لایەنی پەیوەندیداری عێراقی به‌رده‌وامن له‌ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی هەر دوو گوندی کۆجۆ و سۆراخ لە سنووری قەزای شنگال.


سیروان جەلال بەڕێوەبەری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هه‌رێم، رایگه‌یاندووه‌ "بە هەستیاری مامەڵە لەگەڵ گۆڕە بە کۆمەڵەکان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین بە دروستی و زانستی کار بکەین، بۆیەش پرۆسەکە بە سستی و خاوی بەرێوە دەچێت".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شی به‌ئاژانسی ئه‌نادۆڵ وتووه‌ "تا ئێستا هیچ تەرمێکیان دەرنەهێناوەتەوە و تەنها جلوبەرگەکان بە دیارکەوتن و لە چەند رۆژی داهاتوودا، دەگەن بە تەرمەکان و دەریاندەهێننەوە".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ تیمەکانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان رۆژانە لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە دەستبەکار دەبن و تا کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ سەرقاڵی کارەکانیان دەبن.

رۆژی شەممە ٢٤ی تشرینی یەکەم، پڕۆسەی ھەڵدانەوەی دوو گۆڕی بەکۆمەڵی ئافرەتانی ئێزدی لە شنگال دەستی پێکرد، کە دەگوترێت ماوەی ١٧ رۆژ دەخایه‌نێت و پێشبینی دەکرێت لە ھەردوو گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا، رووفاتی ٩٠ ئافرەتی ئێزدی تیادابێت.

ئەمە چوارەم قۆناغە کە بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە سنووری شنگال ئەنجام بدرێت.

لە ساڵی رابردوودا، بە سێ قۆناغ تیمەکانی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی حکوومەتی عێراق بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە ھەرێمی کوردستان، ١٧ گۆڕی بە کۆمەڵیان لە شنگال ھەڵدایە کە رووفاتی ٢٣٥ کوردی ئێزدی تیایدابوون و ناسنامەی بەشکیان ئاشکرا کراون، بەڵام تا ئێستا تەرمەکان لە پزیشکی دادوەری بەغدا دەپارێزرێن و رادەستی کەسوکارەکانیان نەکراوەنەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن