385 کەلتور

دەچمە پاریس !

10:14 - 29/10/2020

دڵشاد عەبدوڵڵا

 

دەمەوێ عاشقةكان ببينم
دەمەوێ هەورەکان ببينم بەباوەشی درەختەوە
ئەو چۆلەکانە ببینم کەڕاستەوخۆ
ئاو لەلەپی هەورەکان دەخۆنەوە
كتێبەکان - ئەوانەی خۆشمویستوون دەگێڕنەوە:
لەپاریس هەموو شتێک دەچێتە دۆخی ڕاستەقینەی خۆیەوە
لایەنی سێیەم نامینێ بۆ پەیوەندی
بۆ نموونە: ماچ پێویستی بەلێو نامێنێ بۆ لەززەت
دەنگ پێویستی بەهەوا نامینێ بۆ گەیشتن بەدڵ
هەروەها چاو پێویستی بەبینین نامینێ.
دەچمە پاریس!
دەمەوێ شاعیرەکان ببینم
دەمەوێ ئەو پیانۆیە ببینم کە لەئەزەلەوە ئاواز دادەنێ بۆ گەردوون
ئەو نادیارە ببینم کە دایکزای هەموو دیارەکانە
دەمەوێ قەقنەسەکان ببینم لەوادەی گەرا دانانا
- دەزانی لەپاریس قەقنەس گەرا دادەنێ هەمووی پشکۆیە -
دەمەوێ بۆدلێر ببینم ـ باوكي ناشەرعی هەموو نوێخوازەکان ـ
رِامبۆ ببینم لەشێوەی خودای سەرگەردان
دەمەوێ شەپۆلی( گۆڕستانی دەریایی ) ببینم
دەتوانم بپرسم: شوێنێک ماوە لەوێ
بۆ پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی؟
دەمەوێ ڕستەی شیعریی سان جۆ پێرس ببینم بەڕووتی،
سينگی بخشێنێ لەشیعرم
ئەو هەموو مەمکە لەناو بایەکان حەجمانیان هەبوو؟
ئەو هەموو بسکە بەسەر شەپۆلی دەریاکانەوە
تك تك لەززەتیان لێ دەچۆڕا
ئەو هەموو كوڵمە لەناو بەفردا بریسکەیان دەدا
مەدح و ستایش کاکڵەی شیعر بوو
بەپانایی زەوی هەر لافاوی تازەگەریی
بەدرێژایی ژیان ڕستەی مالارمێ
هەر گرێیەک و عومرێکی دەویست بۆ کردنەوەیان
ئارەقەی ڕەش و شینم ڕشت بۆ دۆزینەوەیان.
دەچمە پاریس !
دەمەوێ بەرد ببینم لەچڕیندا
وشەی بێ لێو ببینم، هی بێ سیما لەسەر فەرشی شەو،
لای ئیف بۆنفوا.
تووند دەست بگرم بەکەمەری شەماڵە ژنێکەوە لە بۆڵڤار سان ژێرمان
دەمەوێ لە دی فلۆر پایپەکەی سارتەر ببینم
بەدیار ( بوون و عەدەم ) ەوە
دەستنووسەکە چەند ماندووە بەدەست ئەو هەموو کوژاندنەوەو
زیادکردن و ئەو هەموو تیرەوە
ئەو کتێبە دەتووت دەوارە بۆ نیشانچییەکان.
دەچمە پاریس!
دەمەوێ ئەندرێ پریتۆن بخوێنمەوە بە بەیانێکی سوریالی
چەند شیرین بوو سەدای جارانی
دەمەوێ گوێبگرم لەگفتوگۆی چەپەکان لەبارەی فڕینەوە
باڵندە لەچەپەوە دەفڕێ
بەفر لەچەپەوە دەبارێ
باخچە لەچەپەوە دەڕوێ
هەروەها هەموو شتەکان لەچەپەوە دەستپێدەکەن
چۆن دەگەن بەڕاست؟
دەمەوێ لەسەر چینچکان بەدیار ڕۆسۆ و ڤۆڵتێرەوە دانیشم
ڕۆح پڕبکەم لە تەنویر و شنەی شۆڕش لە لۆبرۆکۆپ
ئایا ماون ئەو شوێن ئەو شنەیە؟
بەزەحمەت لەدەریای ناوەڕاست پەڕییەوە ئەو بایە!
چۆکم شل بوو لەچاوەڕوانی گۆدۆ!
ماندووبووم بەدەست بیرکردنەوەکانمەوە
خۆم دەدەمە بەر چەقۆ لەتابلۆیەکی ماکس ئارنستدا
ئەو جۆرە ژیانە هەردەبێ بەم چەشنە کۆتایی بێ.
دەچمە پاریس!
دەمەوێ گۆڕی ئەلبێر کامۆ بەراووردبکەم لەگەڵ غەریبیی
مردنی ئەو لێک تێنەگەیشتن بوو
کە بێهوودەبوو دەستی لەژیان بەردا و خستیە ئەستۆی.
دەمەوێ لەناو حەفت تەبەقەی ئاسمان ( میری بچکۆڵە ) ببینم
بەتەنیشت میری گەورەوە،
دڵی دەدەنەوە.
دەچمە پاریس!
دەمەوێ هەورێک بمبارێنێ
دڵ لە جەستە دەرپەڕێ
ئەو جوانییە شایانی ئەو دیتنەیە.
ساڵۆنەکان لەکوێن؟ کێیان لێیە کێ؟
لەتۆفانەوە تاسەردەمی عەولەمە هەر شاعیرەکان ئێشکچین!
هەقیان چییە ئەو شوێنە فرانکفۆنییە یان ئیگلۆساکسۆنی
ئاریاییە یان سامی
موسڵمان یان کریستیان یان جوو، فەرقیان چییە؟
دەچمەپاریس لای شاژنی لۆڤەر دەحەسێمەوە - ئەگەر تاقەتی مابوو-
دنیا بەداوی ئەو سیحرەوە گرێدراوە کەبەدەست ژنەوەیە
هەتا دنیادنیایە ناپسێ!
دەچمە پاریس شیعر دەگەم بەگۆمێک بۆ ئایین
ئەوجا ئەفلاتوون دەبێتە بۆقێکی دەنگ نووساو بەلێواری ئەو گۆمەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن