1652 ئابوری

مەسرور بارزانی: خزمه‌تكردن تەنیا دابه‌شكردنی موچه‌ نییه

12:42 - 20/10/2020

زەمەن-هەولێر

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی کردنەوەی رێگای روڤیا – گۆپالدا رایگەیاند، "خزمه‌تكردن تەنیا دابه‌شكردنی موچه‌ نییه‌."


ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ، دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌، لە رێوڕەسمێكدا رێگەی ستراتیژیی رووڤیا – گۆپال-ی كردەوە و لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "هه‌ندێكجار پرسیاری موچه‌ زۆر دێته‌ پێش، حكومه‌ت چۆن ده‌بێت پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری بكات، به‌ڵام موچه‌ له‌كاتی خۆی دابه‌ش ناكات، حه‌ز ده‌كه‌م وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌، حكومه‌ت هه‌رچییه‌كی پێ بكرێت بۆ دابینكردنی موچه‌ی هاوڵاتیان، كه‌مته‌رخه‌می ناكات و نه‌یكردووه‌."

وتیشی، "داهاتی هه‌رێم به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی كه‌مبووه‌، پێشتریش چه‌ندینجار ئاماژه‌م پێكردووه‌، كه‌ په‌تای كۆرۆنا، تێچكوونی ئابوری جیهانی، كاریگه‌رییه‌كی زۆر نه‌رێنییان خستووه‌ته‌ سه‌ر ئابوری هه‌رێمی كوردستانیش، دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هه‌رێم خه‌رجییه‌كانی خۆی بۆ كه‌مترین ئاست كه‌مكرده‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتدا هه‌وڵیدا كه‌ داهاتی ناوخۆ زیاتربكات، نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین هاوڵاتیانی ئێمه‌ چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌ن حكومه‌ت پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی بۆ ئه‌وان جێبه‌جێ بكات."

روونیشیکردەوە، "خزمه‌تكردن به‌س دابه‌شكردنی موچه‌ نییه‌، خه‌ڵك داوای ئاو، كاره‌با، نه‌خۆشخانه‌ و قوتابخانه‌ ده‌كات، خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان هه‌موو كه‌رته‌كان ده‌گرێته‌وه‌، به‌جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆژانه‌ش دیسان بۆ خزمه‌تی هه‌موو هاووڵاتیانه‌، هه‌موو هاوڵاتیانی كوردستان مووچه‌خۆر نینه‌، ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ن و مافی خۆیانه‌ له‌ پڕۆژه‌كانی حكومه‌ت سوودمه‌ند بن."

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن