کەلتور

جوگرافیای مێگەلە پەرتەکان

09:31 - 19/10/2020 125 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد سوبحی

لە ڕۆژی یەکەم: خوێن سنووری بۆ جووڵەی لەشەکان کێشا
لە ڕۆژی شەشەم: خێڵە بەردینەکان کڕنووشیان بۆ پێکەنینی چەکەکان برد و بە نھێنیی یەکەمین کوشتن ڕوومەتی گوڵەگەنم ڕەش بوو.
لە یەک چرکەدا...
نان و ھەنگاوەکان لەودیوی بازنەی چەقۆکاندا قەتیس مابوون 
لەمدیوەوە مێگەلێکی گریاو شیوەنی فرمێسکە خەسارەکانیان دەکرد
لەناو جەماوەری مێروولە ماندووەکانەوە ھاوارێک:
(ئەم بنمیچە ئاسمان نییە و ئەستێرەیەکی نەزیفە.)
بڕواننە...
ئەو مەرگانەی لە چرکەیەکدا ھەزاران درۆ بەرھەم دێنن.
(مردن ڕەسەنە، یان درۆ؟)
بڕواننە...
ئەو بۆشاییە گۆپاڵی نەمریی بە دەمامکەکان بەخشیوە
ئەمە سەرەتای کۆمیدیایە.
(وەرن.. ئامادەبن.. ئێرە زەمەنی بوونێکی ڕەھایە، با مێژووی ناوگەڵی خۆی بە جەستەتان بشوا و خاوێن ببنەوە، دووربین و بێشکەکانتان بە ژەنگ داپۆشن، فرمێسکەکانتان فڕێدەنە ئاودەستەکانەوە و بەسەر باڵی پەپوولە و مانگا ئاوسەکاندا بازدەن، لاواندنەوە و دەریاکان بڕژێننە کونی قفڵەکانەوە.
ئەوە منم
من بۆشایی
پەیامبەری مەرگ و ڕزینەکانتانم
با توانەوە ماناداربێ
شکۆمەندین و بە باڵای دڵەکوتێ و ڕیخۆڵە و خەونەکانتانداھەڵزنێن تا دەگەن بە...)
ھیچ
بە داماوی لە پەراوێزی پەنجەرە ڕۆژھەڵاتییەکاندا ژەنگمان دەخوارد
ڕووخانی واتاکان و ژیانەوەی دیوارەکانمان بینی.
لە ترسی ئاوێنەکانمان خزاینە ناو ئەو پەنجەرانەی بوونە ھێڵی سووری نێوان گۆرانی و ھەنگاوەکانمان.
ئەوە ئێمە بووین
نەمانتوانی گۆرانی بڵێین و سێبەرەکانمان لەژێر سەنگی قەوارە نامۆکاندا جێھێشت.
قەتیس ماوین
ماندوو بووین و ئەم سەرەتا بێھوودەیەش نابڕێتەوە
لەژێر ساپیتەی خوێنبردووی بارانە زەردەکاندا، چۆن بۆ ئەو زەوییە بگەڕێینەوە
کە پێی نەگەیشتین؟
ئازاری نێوان ڕەگ و دووربین ڕووبەرێکی کەڵەگەتە
گۆڕستانە بزرەکان بە باڵایدا دەشەکێنەوە.
(نەخشەکانی خۆڵەمێش ڕوخساری ئاو جێناھێڵن.)
لەم وەرزەی ڕاوەستانەی نێوان قوڕ و ئاسۆدا 
پردەکان بوونە بەندیخانە و پەڕینەوە.
سەرابێکی قەشەنگە لەپشت کەلاکی (ئاو)ەوە بۆمان دەگری. لە کون و قڵیشی دەرپێ دڕاوەکەی مێژووەوە
ئاسنگەرەکان، تابووت و شکۆمەندی دەبارێننە سەر قەرەوێڵەکانمان.
(ئەو قەرەوێڵانەی تەمەنیان لەناو قوڕی سەربازگە و چڵمی گەراجەکاندا بەسەر برد.)
لە کەلێنەکانی حەشری خێڵە بەربەرییەکانەوە، پەپوولە درۆزنەکان داس و عاتیفە و چەکووش و کلیلەکانیان لێ دزین و بە ئاماژە سواوەکان نەمریی گریانیان ڕاڤە کرد.
پەیام وەھمە
منداڵیی خەون
وێنەیەکی ڕۆمانسی:
خەونێک: (گالیسکەیەکی شکاو). لە توانەوەیدا فرمێسک و گوێزان دەئاخنێتە کونی دەنگەکانەوە و لەودیو ڕەنگەکانی حەرباوە وڵاتێکی مەییو...
لە ژماردنی کەللەسەر و لاشەکان ماندوو نابێ
لە کرۆژتنی چاوەکانی خۆی تێر نابێ.
لەنێوان کلکی ڕێوی و ھەرەسی گەدەکاندا، دەنگە/ھەنگە برسییەکان دەقیژێنن
(ئەم بوونە خەونە، یان مەرگە؟)
ئەو مێژووەی نەیتوانی قیژەی بوونەوەرە پەرتەکانی بشارێتەوە،
گرمۆڵەیە و بۆ ئەو ھۆزە جەنگاوەرانە ناگری، کە فرمێسکەکانیان ڕاونا شمشێرەکان، بەناو منداڵیی شتەکاندا سەفەریان کرد 
خەندە و دووربینەکانیان لەودیو سنووری خوێنەکانەوە، بە کوژراوی جێھێشت.
قەڵغانەکان
ئاسمانەکان
نەیانتوانی پیرێتیی بوون داماڵن، ھەڵدێرەکانی تەوێڵی ئاسۆ بسڕنەوە..
کێ فرمێسک و پلیکانە ونبووەکان ئەدۆزێتەوە.


تێبینی:
خودا لە (٢٠١٤/١٠/٢٦) ھەموو ھێزە مرۆییەکەی لە ئازاد سوبحی وەرگرتەوە. خودی ڕۆشنی گەیشت بە نەزاندراو و ئەزموونی بە قووڵایی پابەند بوو، وێنەی چڕ و ڕوونی لەناو شیعری کوردییدا نەخشاند. (ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشە) ساڵی (٢٠١٥) بەھایان بۆ ئاست و توانای دانا و شیعرەکانیان وەک کۆشیعرێک لە ٢٥٥ لاپەڕەدا چاپ کرد.


سەرەتای نەوەدەکان من و ئازاد لە ڕۆژنامەی: (ئاڵای ئازادی) بەیەکەوە کارمەند بووین. ئەو سەرپەرشتی لاپەڕەی فیکری دەکرد و من سەرپەرشتی لاپەڕەی ئەدەب. ڕۆژانە شەش کاتژمێر بەیەکەوە بووین و ڕۆژانێکی پڕ یادگاری ئەدەبیین. شیعر فۆرمی ھەموو ھەستەکانمان بوو. پێویستیی نووسین تێکەڵ پێویستیی ژیان دەبوو، دۆخی ھاوشێوەیان وەردەگرت. ھەموو شیعرەکانی خۆی بۆ دەخوێندمەوە، بەڵام ھەرچی بۆچوونت بەرانبەری ھەبووایە، یەک پیتیشی نەدەگۆڕی و وەک خۆی دەیھێشتەوە. دوای خوێندنەوەی ھەموو دەقێکی بە شێوەی بڕوابوونێکی پڕاوپڕ، دەستی ڕەزامەندی دەجووڵاند و دەیگوت: (دەقی ڕەسەن).
کە کۆشیعرەکەی چاپ کرا شیعری: (جوگرافیای مێگەلە پەرتەکان)ی، کە لە ڕێکەوتی: (١٩٩٢/١٠/١٤)، ژمارە: (٢١٥)ی ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ بڵاو کردبووەوە، تێیدا نەبوو. بە یادی شەش ساڵ سووڕانەوە بەسەر دوا کۆچی، دووبارە بڵاوی دەکەمەوە، بەو نیازەی ئەگەر کۆشیعرەکەی جارێکی تر چاپ کرایەوە، بەڵکو ئەم شیعرەشی بێتەوە ناو شیعرەکانی. ھەروەھا شیعری: (بوونەوەرێک بەقەد لەزەتی گومان)، کە لە کۆشیعری: (باخچەکانی باوکم) بڵاو کراوەتەوە، لە کۆشیعری: (ئاگرەکەم مەسڕنەوە) سێ چارەگی لادراوە و چارەگێکی بڵاو کراوەتەوە. نازانم ئەو کەمتەرخەمی و شێواندنە بۆ؟! بەھیوام لە چاپێکی تردا ئەم شیعرەش دۆخی ھەقیقەتی خۆی وەربگرێتەوە.
ھەستە سادەکانی تێکەڵ بە یاد بوو، چووە دۆخێکی بەھێزتر و ڕەھەندی چڕی پێویستەوە. ھێزی شیعری داھێنەرێکی بەھێزی وەرگرت. (ھێزی یادی شیعری بێگەرد).

سه‌باح ڕه‌نجده‌ر
ھەولێر

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement