سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی ورده‌كاری كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ وه‌زیری دارایی ده‌خاته‌روو
10:08 - 13/10/2020
سازدانی: فه‌ره‌یدون
بێوار
زیاد جه‌بار سه‌رۆكی
فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌په‌ر‌له‌مانی كوردستان و هاوكات سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و
ئابووریی، له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ دیجیتاڵ میدیای "زه‌مه‌ن"، باسی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی
لیژنه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ ئاوات شێخ جه‌ناب وه‌زیری دارایی و وه‌زیری هه‌رێم بۆ
كاروباری په‌رله‌مان ده‌كات و ئاشكرای ده‌كات، كه وه‌زاره‌تی دارایی عێراق داوای
له‌وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم كردووه، موچه‌ی مانگی 9 بدات.
جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه،
ئه‌گه‌ر چاكسازی راسته‌قینه ئه‌نجام نه‌درێت و له‌گه‌ڵ عێراق رێكه‌وتن نه‌كرێت،
ئه‌وا دۆخی دارایی هه‌رێم له‌ساڵی 2021 له‌مساڵ خراپتر ده‌بێت.
زه‌مه‌ن: ئه‌مڕۆ وه‌زیری دارایی بۆچی هات بۆ لیژنه‌ی دارایی پهvله‌مان و ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه
له‌سه‌رچی بوو؟
زیاد جه‌بار: ماوه‌یه‌كی
دوور و درێژه موچه دواده‌كه‌وێت و لێبڕینی نایاسایی هه‌یه و هه‌روه‌ها حكومه‌تی
هه‌رێم بڕیاریداوه كه موچه‌ی مانگه‌كانی 4و5و6و7و8 نه‌درێت و راسته‌وخۆ موچه‌ی
مانگی 9 بدات. ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كی زۆریی بۆ موچه‌خۆران دروستكردووه‌و ژیان و
گوزه‌رانی موچه‌خۆران له‌وپه‌ڕی بێئومێدی و خراپیدایه.
حكومه‌تی هه‌رێمیش وه‌ك
پێویست روونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی بڕیاره‌كه‌یه‌وه نه‌دابوو، بۆیه ئه‌مڕۆ وه‌زیری
دارایی و وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروباری په‌رله‌مان سه‌ردانی لیژنه‌كه‌ی ئێمه‌یان كرد
و روونكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر موچه داینێ. پرسیارێكی زۆریی ئاراسته كرا‌و ئه‌ویش
روونكردنه‌وه‌ی داینێ.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا
وه‌زیری دارایی باسی له‌وه‌كرد، كه ئه‌و سێ موچه‌یه‌ی كابینه‌ی پێشوو، بڕیاردراوه
پاشه‌كه‌وت بكرێت. هه‌روه‌ها دوو موچه‌كه‌ی ساڵی 2020یش كه نه دراوه، باسی له‌وه‌كرد
كه ئێستا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی له رێكه‌وتندان، هه‌ر كات حكومه‌تی عێراق موچه‌ی
ئه‌و دوو مانگه‌شی نارد، ئه‌وكات موچه‌كه ده‌درێت.
زه‌مه‌ن: وه‌زیری
دارایی خۆی موباده‌ره‌ی هاتنی كرد، یان خۆتان بانگێشتان كرد؟
زیاد جه‌بار: لوتفیان
كرد و خۆیان هاتن بۆ لیژنه‌كه.
زه‌مه‌ن: سه‌باره‌ت
به‌و پاره‌یه‌ی كه به‌ناوی سیاسیه‌تی خۆگونجاندن له موچه ده‌بڕێت پێیده‌ڵێن لێبڕین، چاره‌نووسی چی ده‌بێت و له‌وباره‌وه
قسه‌تان كرد؟
زیاد جه‌بار:هه‌تا ئێستایش
مه‌سه‌له‌ی بڕینی له 21% و 18% ناروونه
و دووجاریش وه‌ك لیژنه‌ی دارایی داوامان له‌حكومه‌ت كردووه، كه روونكردنه‌وه
بدات. وه‌زیری دارایی‌ش باسی له‌وه‌كرد، كه ئه‌و لێبڕینه ده‌كه‌وێته زمنی ئه‌و ئیلتیزاماته
داراییه‌ی كه له‌داهاتوو ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێم بیداته‌وه.
خۆگونجانه‌كه مه‌به‌ستی
لێی ئه‌وه‌یه كه نووسراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی عێراق هاتووه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی
هه‌رێم، داوایكردووه كه ئه‌و پارانه‌ی ده‌ینێرێت بدرێت به‌موچه‌ی ئه‌و مانگه‌ی
كه ده‌ینێرێت، ناكرێ موچه‌ی مانگی كۆنی لێبدرێت. واته ئه‌وان فه‌رزیان كردووه
له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم كه ده‌بێ موچه‌ی مانگی 9 بدات.
زه‌مه‌ن: ئه‌و گۆڕانكارییه
هیچ له‌واقیع ده‌گۆڕێت؟ یان هه‌روا دروسته
به‌وشێوه‌یه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بن و موچه‌ی مانگی 4 بده‌ن؟
زیاد جه‌بار: نه‌خیر
نایگۆڕێت، نه‌ك هه‌ر نایگۆڕێت به‌ڵكو بێئومێدیشی ده‌كات له‌وه‌ی كه موچه‌ی ئه‌و پێنج
مانگه ده‌كرێته(پاشه‌كه‌وت، خۆگونجاندن، لێبڕین) ئه‌و ده‌سته‌واژه تازه‌ی كه
حكومه‌ت دایهێناون.
زه‌مه‌ن: له‌پاش
هاتنه‌كه‌ی وه‌زیر، خوێندنه‌وه‌تان بۆ دۆخی دارایی هه‌رێم چۆنه؟ ئایا به‌ره‌و
باشبوون ده‌ڕوات یان وه‌كخۆی ده‌بێت؟
زیاد جه‌بار: دۆخی
دارایی هه‌رێم به‌وه باش ده‌بێت كه حكومه‌تی هه‌رێم هه‌وڵی چاكسازی راسته‌قینه
بدات و ئیراده‌یه‌كی سیاسی به‌هێز هه‌بێ بۆ چاكسازیكردن له‌سه‌رچاوه‌كانی داهاته
نه‌وتییه‌كان و نانه‌وتییه‌كان.
ئێمه پێشتریش
رامانگه‌یاندووه، كه 822 كۆمپانیای بواری نه‌وتی له‌هه‌رێم هه‌ن، پێویسته ئه‌و
كۆمپانیانه باج بده‌ن و ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی له‌كۆمپانیاكانی نه‌وتدا هه‌یه،
حكومه‌ت چاكسازی تێدا بكات، هه‌روه‌ها چاكسازی له‌خاڵه سنوورییه‌كان و باج و
رسومات بكات، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌م چاكسازییانه نه‌كات و به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستا
به‌رده‌وام بێت، ئیدی بارودۆخ به چی باش ده‌بێ؟
هه‌روه‌ها پێویسته
په‌له بكرێت له‌و رێكه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌كرێت، نه‌ك كه نرخی نه‌و‌ت به‌رزبووه
حكومه‌تی هه‌رێم نه‌چێته ژێرباری و كه نرخی نه‌وتیش دابه‌زی حكومه‌تی عێراقی نه‌چێته
ژێر باری. بۆیه پێویسته په‌یوه‌ندییه‌كی جدی و رێكه‌وتنێكی باش له‌گه‌ڵ عێراقدا
بكرێت. ئه‌وكات دۆخی دارایی هه‌رێم باش ده‌بێت.
زه‌مه‌ن: به‌ده‌ر له
سه‌رنج و ره‌خنه‌تان له‌سه‌ر ئه‌دای حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی دارایی، به‌ڵام له ماوه‌ی
ساڵێك و دوومانگی ئه‌م كابینه‌یه‌دا (5) جار ئه‌م وه‌زیره هاتۆته په‌ڕله‌مان، 3
جار بۆ لیژنه‌كه‌ی ئێوه و دوو جاریش بۆ كۆبۆنه‌وه‌ی ناوهۆڵ، راتان له‌سه‌ر ئه‌وه
چیه؟
زیاد جه‌بار: پرۆسه‌ی
سیاسی پرۆسه‌یه‌كی گشتگیره و بریتییه له‌سه‌رجه‌م ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی كه له‌هه‌رێم
هه‌ن وه‌ك سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه و لایه‌نه سیاسییه‌كان، بۆ گه‌شه‌پێدانی پرۆسه‌ی
سیاسی، پێویسته دام و ده‌زگاكان هه‌مووان رێز و ته‌قدیری یه‌كتری بگرن و پشتیوانی یه‌كتری بن و هه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌ك
كاروباره‌كانی خۆی بكات.
ئه‌وه 7 ساڵه پڕۆژه‌یاسای
بودجه نه‌هاتووه‌ته په‌رله‌مان و چاودێری كردنیش وه‌ك پێویست نییه. ئه‌و هێزانه‌ی
له‌حكومه‌تن پێیانوایه كه نابێ چاودێری بكرێن، ئه‌وه تێگه‌یشتنێكی هه‌ڵه‌یه، بۆیه
پێویسته هه‌موو ئه‌م بابه‌تانه رێكبخرێنه‌وه‌و بایه‌خ به‌كتری بدرێت.
بێگومان هاتنی ئه‌وان
و روونكردنه‌وه‌كانیان و پڕسیاره‌كانی ئێمه‌ش، بۆ هه‌ردوولامان كاریگه‌ریی هه‌یه
و باشه. ته‌نات بۆ پرۆسه‌ی حكومڕانی و سیاسی هه‌رێمیش باشه.
زه‌مه‌ن: ئێوه وه‌ك
لیژنه‌ی دارایی، چیتانكردووه بۆ چاره‌سه‌ریی قه‌یرانی دارایی و كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی؟
زیاد جه‌بار: ئێمه پێش
دوو مانگ راپۆرتێكی باشمان ئاماده‌كردو پێشكه‌شی حكومه‌تمان كردووه، كێشه‌كانمان
دیاریكردون و پێشنیاریشمان بۆ چۆنییه‌تی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه داراییه‌كان
خستووه‌ته‌ڕوو. هه‌روه‌ها سه‌ردانی خاڵه سنوروییه‌كانمان كردووه‌و ره‌خنه و تێبینی
زۆرمان هه‌یه و داوامان كردووه كه دانیشتنی تایبه‌تی له‌سه‌ر بكرێت. له‌راپۆرته‌كانماندا
ئاماژه‌مان به گه‌نده‌ڵییه‌كان و داهات و سه‌رچاوه‌كان و ناشه‌فافییه‌ته‌كان
كردوه‌و پێشنیاریشمان كردووه كه له‌چیدا چاكسازی راسته‌قینه بكرێت.
زه‌مه‌ن: به‌رای ئێوه،
دۆخی دارایی هه‌رێم له 2021 چۆن ده‌بێ؟
زیاد جه‌بار: وه‌ك پێشتر
باسم كرد، ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ئیراده‌یه‌كی باشی بۆ چاكسازی هه‌بێ و له‌گه‌ڵ
حكومه‌تی عێراق رێبكه‌وێت، ئه‌م قۆناغه تێده‌په‌ڕێنین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو
خاڵه ئه‌نجام جێبه‌جێ نه‌كرێت. ساڵی 2021 له 2020 خراپتر ده‌بێت.