پنتی ئەرخەوانی لە ڕۆمانی بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانیدا
02:30 - 11/10/2020
کارزان عەلی
یەکێک لە بنەماکانی
گێڕانەوەی سەرکەوتوو بە تایبەتی لە ڕۆماندا، دەست ڕاگەیشتن و فریا کەوتنە بە کۆی پێکهێنەرەکانی
گێڕانەوە. واتە نوسەری ڕۆمان، مافی تەواو بدات بە پێکهێنەرەکانی گێڕانەوە، کە لە ڕوداو
و کەسێتی و شوێن و کات و گرێدا بەرجەستە دەبن. هەر یەکێک لەم بنەمایانە،
دەکرێت کەم و زۆر کورت بهێنن، و پێکەوە بونیادی ڕۆمان بەهێزتر بکەن، نەک ئەوەی نوسەر
مافی بنەمایەک، لەسەر بنەمایەکی تر بەهێز بکات.
ئیمبرتۆ ئیکۆ بە
یەکێک لەو تیۆریستە گرنگانەی ئەم بوارە دادەنرێت، ئەو لە شوێنێکدا دەڵێت" من هەمیشە
هەستیاریم بەرامبەر ئەو ڕۆمانانە هەیە کە بە ناوی کەسێتی سەرەکییەوە ناو دەنرێت، چونکە
ناتوانم جگە لەو کەسێتییەی کە ڕۆمانەکەی پێ ناونراوە، بە دوای هیچ شتێکی تری ڕۆمانەکەدا
بڕۆم". بۆ ئەمەش نمونەی ئۆلیڤەر تویست و دەیڤد کۆپەرفیڵدی چارڵز دیکنز دەهێنێتەوە و قسەی لەسەر دەکات.
ڕۆمانی بیرەوەری
مەحرەمانەی خێزانی، لە نوسینی محمد قاسم زادە
و بە وەرگێڕانی هاوڕێی ئەزیز مەریوانی هەڵەبجەیی، لەمساڵدا بڵاو کراوەتەوە.
هەر لە ناونیشانی
ڕۆمانەکەوە، تێدەگەین کە ئەم ڕۆمانە دەچێتە خانەی بیرەوەرییەوە، واتە گێڕانەوەیەک کە
پاڵپشتە بە گێڕانەوەی بیرەوەری ئامێز. کە ئەمەش کێشە لە تێڕوانینی ئێمەدا دروست دەکات
کە ئایا نوسەر بۆ ئەم ڕۆمانە وەک بیرەوەری دەناسێنێت.
ڕوداوەکانی ڕۆمانەکە،
بە شێوەی کرۆنۆلۆژی و بەدوای یەکدا، چیرۆکی تێکەڵ بوونی خێزانێکمان بۆ دەگێڕیتەوە کە
لە ڕێگەی بەکارهێنانی فێڵەوە، دەیانەوێت بەرژەوەندی و لایەنی ماددی خێزانەکە بەهێز
بکەن.
لێرەدا بەر خێزانێک
دەکەوین، ئامادەیە پەنا بباتە بەر هەموو ململانێیەکی نا شەرعیانە بۆ ئەوەی پێگە و ئابووری
خۆیان لە کۆمەڵگەدا بەهێز بکەن. بۆ ئەمەش هەر خێرا هەلێک دەقۆزنەوە، بۆ ئەوەی بەشداری
بکەن لە دوو حیزبی سیاسیدا لە وڵاتەکەدا. ژن و دایکێک، بەرامبەر برایەک و زاوایەک.
زاوایەک کە لە ئۆتێللۆی ڕەش پێستی ناو شانۆنامەی ئۆتێللۆی شەیسکپیرەوە وەرگیراوە.
بەدەر لەوەی ئەم
ڕۆمانە، سەرەتا وەک کۆمیدیای ڕەش دەردەکەوێت، بەڵام لە خۆیدا هەڵگری کۆی ئەو ناکۆکیانەیە،
کە دەکرێت سیاسەت بیخاتە هەر ماڵێکەوە، تەنانەت خوشک و دایک، بکات بە دوژمنی برا و
زاوا.
لە دوو توێی ڕۆمانەکەدا،
بەر هەمان ئەفسانەی ئادەم و حەوا دەکەوین، ئادەمی قوربانی و حەوای فێڵباز. کە لە چەندین
ڕوداوی دەرکردن و لێدان لە براکە و تەنانەت زیندان کردنیشی لە ماڵەوە و لێسەندنەوەی
مافی قسەکردن بۆ هەر دەزگا و میدیایەک.
لێرەدا نوسەر جەخت
لە قوربانی بوونی پیاو دەکاتەوە، لە بەرامبەر فێڵ و تەڵەکەکانی ژناندا، کە لە مەبەستی
شاراوەی دایک و خوشکەکەدا دەردەکەوێت، تەنانەت لە هاوسەرگیری سیاسیانەی دایکەکەدا،
کاتێک لەگەڵ گەورە وەزیرێکدا هاوسەرگیری دەکەن و خوشکێک و دوو برا، کە یەکیان، لە ڕووی
تەندروستیەوە تەواو نییە، بە تەنها جێ دەهێڵێت.
تا ئێرە کۆی ڕوداوەکانی
ڕۆمانەکەیە. بەڵام ئەگەر بە وردی سەیری پێکهاتە و داڕشتنی ئەم ڕۆمانە بکەین، بەر زنجیرەیەکی
دانەبڕاوی گێڕانەوەی ڕووداو دەبین، بە شێوەیەک هەندێکجار، وەک زنجیرەیەکی تەلەفیزیۆنی،
یان وەک ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی، لەگەڵ ڕۆمانەکەدا دەڕۆین.
من لێرەدا دووبارە
دەگەڕێمەوە سەر ئیمبەرتۆ ئیکۆ، بۆ ئەوەی چەمکێکی تیۆریی گرنگی لێ قەرز بکەم و ئەم ڕۆمانە
لەو دیدەوە لێک بدەمەوە.
ئیکۆ لە نوسیبە تیۆرییەکانیدا
هەمیشە جەخت لەسەر خاڵێکی گرنگ و نهێنیامێزی ناو گێڕانەوە دەکات و ناوی دەنێت
"پنتی ئەرخەوانی".
ئیکۆ ئەم چەمکە بە
یەکێک لە بنەما شاراوە و گرنگەکانی گێڕانەوە دادەنێت، مەبەست لە پنتی ئەرخەوانی، وەرگرتنی
وچانێکی کورتە لە لایەن خوێنەرەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت، کۆی ڕووداو و کەسێتی و گرێکانی
ناو ڕۆمان، لای خۆی شی بکاتەوە و بتوانێت بە نەفەسێکی تازەترەوە دووبارە دەست بکاتەوە
بە خوێندنەوە. یان دەکرێت پێدانی وچانێکی کورت بێت، کە نوسەری ڕۆمان، خۆی بیدات بە
خوێبەر، دیارە لێرەدا دەچینەوە ناو تیۆرەی وەرگرتن (نظرية التلقي ) و بەرگری کردن لە
خوێنەر وەک بەشێکی گرنگی تەواوکردنی دەق.
ئەوەی لە ڕۆمانی
بیرەوەری مەحرەمانەی خێزانیدا، بەرخوردی دەبین، نەبوون یان وون بوونی ئەم بنەمایەیە
لە کۆی گێڕانەوە لەم ڕۆمانەدا. بە شێوەیەک کە خوێنەر، هەست دەکات بۆمبارد دەکرێت بە
ڕووداو، ڕووداوی یەک لە دوای یەک و یەکبینە گێڕانەوەی ڕووداوەکان.
کۆی ئەم ڕوداوانە
بە شێوەیەکن، هیچ نەفەس یان وچانێک بە خوێنەر نادەن، ڕوداوەکانی تری سەرەتا یان ناوەڕاست
لە مێشکی خۆیدا بهێڵێتەوە، بەڵکو دەیەوێت زووتر بگات بە کۆتایی ڕووداوەکان و بڕانی
ئەو زنجیرە بەردەوامەی گێڕانەوەی ڕووداو.