دیمانە

فازڵ نەبى: حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به‌دوو مانگ یه‌كجار مووچه‌ بدات

05:56 - 07/10/2020 145 جار خوێندراوەتەوە

زەمەن
فازڵ نه‌بی بریكاری پێشووتری وه‌زاره‌تی دارایی عیراق ده‌ڵێت"به‌بۆچوونی من هه‌فته‌ی داهاتوو كێشه‌ی مووچه‌ به‌گشتی له‌ عێراق چاره‌سه‌ر ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌گشتی چاره‌سه‌ر بوو ئه‌وه‌ حكومه‌تی عیراقی 320 ملیاره‌كه‌ی كوردستانیش ده‌نێرێت.

 
ده‌شڵێت" ئه‌گه‌ر به‌غداد مووچه‌ی نه‌نارد حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ئێستادا ده‌توانێت مانگانه‌ له‌ 50% ی مووچه‌ واته‌ به‌ دوو مانگ مووچه‌ی ته‌واوی بدات به‌ڵام له‌ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێم نایه‌وێت ئه‌مه‌ بكات".

فازڵ نه‌بی ئه‌وه‌شی وت" تاكه‌ چاره‌سه‌ر ئه‌نجامدانی چاكسازییه‌ له‌خه‌رجییه‌كان و داهاتدا چونكه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت چاكسازییه‌كی توند بكات ئه‌وكات خۆی ده‌توانێت مانگانه‌ مووچه‌ی خه‌ڵك بدات به‌ لێبڕینێكی كه‌م.."

بریكاری پێشووتری وه‌زاره‌تی دارایی عیراق لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ دەنگى ئەمریکا، وتی" له‌ڕاستیدا مه‌سه‌له‌ی مووچه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی ژیانه‌ له‌كوردستان، پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ دابین كردنی مووچه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌روه‌كو "به‌ڕێز" سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زیری دارایی ووتیان كه‌ ئه‌وان ناتوانن به‌ئاسانی مووچه‌ ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غداد بكه‌ن، ئێستا هه‌ماهه‌نگیه‌ك هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد تا كۆتایی ساڵ ده‌بێت به‌غداد مانگانه‌ 320 ملیار دینار بداته‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌رێمی كوردستانیش له‌به‌رامبه‌ردا نیوه‌ی داهاتی سنورییه‌كان بداته‌ به‌غداد، ئه‌گه‌ر ئه‌و 320 ملیاره‌ بێت حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت مووچه‌ بدات به‌ڵام به‌ لێبڕین، واته‌ مووچه‌ به‌ته‌واوی نادات، هه‌روه‌كو چۆن له‌دوو مانگی پێشووتر 21% ی بڕیبوو، له‌و سنوره‌ ده‌توانێت مووچه‌ بدات به‌ڵام پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاكسازی كرداری بكات، نه‌ك چاكسازی ته‌نها وه‌كو یاسا ده‌ربچێت له‌ په‌رله‌مان چاكسازی دوو به‌شه‌ چاكسازی له‌ خه‌رجییه‌كان و چاكسازی له‌ داهات، چاكسازی خه‌رجییه‌كان، یاسای بۆ ده‌رچووه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ 1/7 وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ به‌ جێبه‌جێكردن به‌ڵام تا ئێستا به‌و شێوه‌ "مه‌لموسه‌" جێبه‌جێنه‌كراوه‌ كه‌ده‌رئه‌نجامی باشی هه‌بێت."

فازڵ نه‌بی ئه‌وه‌شی وت" حكومه‌تی كازمی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی ناردووه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ یاسای بودجه‌دا هه‌بوو 452 ملیار بوو به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك كێشه‌و گرفت هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ یاسای بودجه‌ی 2019 ناكرێت وه‌كو خۆی جێبه‌جێبكرێت له‌ 2020له‌به‌ر یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی، بۆیه‌ ڕێكه‌وتنێكی تركرا واته‌ ئه‌وه‌ی پێشتر یاسای بودجه‌ بوو كه‌ 452 ملیاریان ده‌نارد مانگانه‌ هه‌موو مانگه‌كان ناردیان به‌ڵام دواتر كه‌ كازمی هات كێشه‌و گرفت دروستبوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌، زۆر له‌ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كان وتیان به‌گوێره‌ی یاسای به‌ڕێوه‌بردنی دارایی نابێت ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ كوردستان بچێت ئیتر ڕێكه‌وتنێكی تریان كرد، ڕێكه‌وتنی 320 ملیار دینار بوو، ئه‌و 320 ملیاره‌ له‌ دوو مانگ مانگی پێشووتر ناردی به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌به‌رئه‌وه‌ی خۆی دوچاری ته‌نگه‌ژه‌ی دارایی بۆته‌وه‌ عیراق خۆی تا ئێستا نه‌یتوانیووه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی خۆی بدات هی مانگی 9، بۆیه‌ ئه‌و 320 ملیار دیناره‌ی نه‌ناردووه‌، بڕیار وایه‌ له‌هه‌فته‌ی داهاتوودا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت له‌به‌غداد.ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر بوو له‌ به‌غداد، ئه‌و كاته‌ی مووچه‌ی خۆیان سه‌رف كرد، 320 ملیاره‌كه‌ی كوردستانیش ده‌نێرن و هیچ كێشه‌ی نابێت."

فازڵ نه‌بی ئه‌وه‌شی وت" ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا بێت بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عیراقی پاره‌ بنێرێت، حكومه‌تی هه‌رێم ده‌توانێت به‌دوو مانگ یه‌كجار مووچه‌ بدات، واته‌ 50% مووچه‌ مانگانه‌، به‌ڵام پێویست به‌وه‌ ده‌كات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یاسایه‌كی تر ده‌ربكه‌ن له‌په‌رله‌مانی كوردستان، یاسای چاكسازی له‌بواری داهات بێت له‌ بواری خه‌رجییه‌كان بووه‌ به‌ڵام له‌بواری داهاته‌كان نییه‌، ئه‌گه‌ر بێتو ئه‌و دوو چاكسازییه‌ زۆر به‌ ڕێكوپێكی جێبه‌جێبكرێت له‌ كوردستان ئه‌و كاته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت مانگانه‌ به‌ لێبڕینێكی كه‌م مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بدات."

بریكاری پێشووتری وه‌زاره‌تی دارایی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌شڵێت" حكومه‌ت نایه‌وێت جارێ خۆی تووشی ئه‌و كێشه‌یه‌ بكات كه‌ 50% مووچه‌ بدات مانگانه‌، حكومه‌ت ده‌یه‌وێت هه‌وڵ بدات زۆرترین مووچه‌ بدات به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غداد به‌ڵام به‌ بۆچوونی من ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێ ئومێدبوو له‌ به‌غداد ئه‌و كاته‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ خۆیان چاره‌سه‌رێك ده‌دۆزنه‌وه‌ كه‌ مانگانه‌ ڕێژه‌یه‌ك له‌ مووچه‌ بده‌ن باشتره‌ بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك بتوانێت بژێوی خۆی دابین بكات."

قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی هه‌رێم وتی" له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ لایه‌نی عیراقی بۆ خۆشی پێم وتوون كه‌ ئاماده‌ین هه‌موو داهاتی خاڵه‌ سنورییه‌كانتان ڕاده‌ست بكه‌ین".

فازڵ نه‌بی له‌و ڕوه‌وه‌ ده‌ڵێت" ئه‌و قسه‌یه‌ی كاك قوباد له‌وانه‌یه‌ بۆ گاڵته‌ كردن و جه‌و خۆش كردن بێت حكومه‌تی عێراق پێشتر ڕێكه‌وتنێكی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی كه‌ له‌بودجه‌ی ساڵی 2020 هه‌یه‌، به‌ڵام بودجه‌كه‌ كه‌ چووه‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندنه‌كرا و جارێكی تر گه‌ڕێنرایه‌وه‌ له‌و بودجه‌یه‌ ڕێكه‌وتنیان هه‌یه‌ 250 هه‌زار به‌رمیل ڕۆژانه‌ هه‌رێمی كوردستان بیداته‌ به‌غداد له‌گه‌ڵ نیوه‌ی داهاتی خاڵه‌ سنورییه‌كان له‌به‌رامبه‌ردا به‌غداد مووچه‌ی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت به‌پێشمه‌رگه‌وه‌ كه‌نزیكه‌ی 12 تریلیۆن ده‌كات ساڵانه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و یاسایه‌ كه‌ڕۆیشته‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ندیان نه‌كرد، دوو هه‌فته‌ پێش ئێستا گه‌ڕێنرایه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی دوباره‌ پێداچوونه‌وه‌ی پێدا بكه‌نه‌وه‌."

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت" خۆی هه‌ندێك ڕێكه‌وتن هه‌یه‌ له‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 یش هه‌ندێ ڕێكه‌وتنی تر ده‌كرێت به‌ڵام تائێستاش شتێك نییه‌، ئێمه‌ ده‌ڵێین ڕێكه‌وتن ده‌كرێت " ئینشاالله‌" ئه‌وه‌یه‌ بابه‌ته‌كه‌ حكومه‌تی عێراق به‌ مه‌سه‌له‌ی داهاتی خاڵه‌ سنورییه‌كان ڕازی بێت یان ڕازی نه‌بێت، ئه‌وه‌ ڕێكه‌وتنه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا كراوه‌ و ته‌نها یه‌ك شت هه‌یه‌ كه‌حكومه‌تی عێراق ده‌یه‌وێت هه‌ندێك له‌ كارمه‌ندانی عێراقی له‌و خاڵه‌ سنوریانه‌بن بۆئه‌وه‌ی كه‌ دڵنیابن له‌چه‌ندایه‌تی داهاته‌كانی ئه‌و خاڵه‌ سنوریانه‌."

فازڵ نه‌بی ئه‌وه‌شی وت" به‌بۆچوونی من له‌ كۆتایدا هه‌رێم ڕازی ده‌بێت چونكه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ مه‌سه‌له‌ی بژێوی ژیانی خه‌ڵكه‌."

عێراق پابه‌نده‌ به‌ ڕێكه‌وتنه‌كه‌ به‌ڵام عێراق داهاتی نییه‌، واته‌ پاره‌ی نییه‌ " سویله‌ی نه‌قدی" نییه‌ ده‌نا پابه‌نده‌ به‌ڕێكه‌وتنه‌كه‌وه‌ به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ خۆیان " سویله‌ی نه‌قدیان" نییه‌ كه‌مووچه‌ی خه‌ڵكی خۆیان بده‌ن ئیتر چۆن 320 ملیاری هه‌رێم بده‌ن.ده‌بێت به‌ كێشه‌ بۆیان له‌به‌غداد بۆیه‌ عێراق چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ قه‌رز وه‌ربگرێت و مووچه‌ی خۆیان بدات و 320 ملیاره‌كه‌ بنێرێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌ر نه‌گه‌یشتنه‌ ڕێكه‌وتن گریمان، له‌و كاته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویست به‌وه‌ ده‌كات كه‌ چاكسازیه‌كی زۆر توند له‌ خه‌رجییه‌كان و داهاته‌كان بكات ئه‌و كاته‌ خۆی ده‌توانێت مانگانه‌ی مووچه‌ی خه‌ڵك بدات به‌ لێبڕینێكی كه‌م."

فازڵ نه‌بی ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات " مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت مه‌سه‌له‌یه‌كی حه‌یاتییه‌ ، مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌داهاتووی میلله‌تێك، ناكرێت ئێمه‌ مه‌سه‌له‌ی ده‌وڵه‌ت به‌هه‌ندێك مه‌سه‌له‌ی تره‌وه‌ ببه‌ستینه‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر هاتوو ده‌وڵه‌تی ڕاگه‌یاند ئه‌و كاته‌ دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تمان ده‌بێت به‌ته‌واوی نه‌ك وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا هه‌یه‌ كه‌دامه‌زراوه‌ی ده‌وڵه‌تیمان هه‌بوو ، ده‌توانیین چاكسازی له‌زۆر شته‌وه‌ بكه‌ین ده‌توانین به‌دوای هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ی داهاتی تردا بگه‌ڕێین وه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆمان به‌ڕێوه‌ببه‌ین به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئیراده‌ی سیاسی له‌كوردستان یه‌ك نییه‌، وه‌ ئیراده‌ی سیاسی بۆ چاكسازی نییه‌ به‌بۆچوونی من ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌وترێت قسه‌یه‌ و چاكسازیه‌كی كه‌مه‌ له‌و یاسایه‌ی كه‌ هه‌یه‌، به‌بۆچوونی من ئه‌وان ناتوانن 50% چاكسازییه‌كان جێبه‌جێبكه‌ن له‌به‌رنه‌بوونی ئیراده‌یه‌كی سیاسی یه‌كگرتوو له‌كوردستان دیسان جه‌خت ده‌كه‌مه‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاتوو ئێمه‌ چاكسازی ڕاسته‌قینه‌ له‌ داهاتوو خه‌رجییه‌كان بكه‌ن نه‌ك چاكسازی قسه‌ به‌ڵێ ده‌توانیین وڵاته‌كه‌ی خۆمان وه‌كو گوڵ به‌ڕێوه‌به‌رین."

بریكاری وه‌زاره‌تی پێشووتری دارایی عیراق ئه‌وه‌شی وت" به‌بۆچوونی من حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌تا هه‌فته‌ی داهاتوو چاوه‌ڕوان بكات چونكه‌ به‌ بۆچوونی من به‌گوێره‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی كه‌ من هه‌مه‌ له‌گه‌ڵ به‌غداد هه‌فته‌ی داهاتوو كێشه‌ی مووچه‌ به‌گشتی له‌ عێراق چاره‌سه‌ر ده‌بێت ئه‌گه‌ر به‌گشتی چاره‌سه‌ر بوو ئه‌وه‌ 320 ملیاره‌كه‌ی كوردستانیش ده‌نێرێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و مه‌سه‌له‌ هه‌ر ته‌گه‌ره‌ی تێكه‌وت و كێشه‌ی بۆ دورست بوو به‌بۆچوونی من حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌كه‌ی خۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌به‌ر ده‌ستیه‌تی به‌چه‌ند له‌سه‌د ده‌توانێت مووچه‌ بدات دابه‌شی بكات و چاوه‌ڕوانی به‌غداد نه‌كات كه‌ی ئه‌وه‌ی به‌غداد هات ده‌توانێت ئه‌و كاته‌ی باقیاتی مووچه‌كه‌ دابه‌ش بكات."

دوێنێ سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌ندامانی كابینه‌ی وت"خه‌ڵك پێمان ده‌ڵێت ئێمه‌ (وه‌ك كوردستان) نه‌وت ده‌كڕین یا ده‌یفرۆشین"
به‌ڵام فازڵ نه‌بی ده‌ڵێت" من له‌ هه‌ندێك به‌پرسی گۆڕان سه‌رم سوڕده‌مێنێت ناكرێت ئه‌و قسانه‌ بكه‌ن و خۆشیان به‌شداربن له‌حكومه‌ت وه‌زاره‌تی دارایی له‌ده‌ست خۆیان بێت. ئه‌و قسه‌یه‌ كه‌سێك ده‌یكات كه‌ له‌ئۆپۆزیسیۆن بێت و له‌ناو حكومه‌ت نه‌بێت، ئاگاداری بارودۆخی حكومه‌ت نه‌بێت، به‌ بۆچوونی من پێویست ناكات ئه‌و جۆره‌ قسانه‌ بكه‌ن یان له‌ حكومه‌ت بكشێنه‌وه‌ ئینجا به‌كه‌یفی خۆیان چی ده‌ڵێن بیڵێن. ئینجا وه‌زیری دارایی گۆڕانه‌ و بابێت سه‌ر ته‌له‌فزیۆن به‌جوانی ئه‌و بابه‌ته‌ بۆ خه‌ڵك شی بكاته‌وه‌."

به‌ڵام به‌شێك له‌به‌رپرسانی گۆڕان"ده‌ڵێن وه‌زاره‌ته‌كه‌یان به‌خه‌زێنه‌یه‌كی به‌تاڵ وه‌رگرتووه‌ داهاتی نه‌وت و ئه‌ه‌وانی تر ناگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی."

له‌وه‌ڵامدا فازڵ نه‌بی ده‌ڵێت" خه‌زێنه‌ی به‌تاڵ جیایه‌ له‌گه‌ڵ ئێستا، ئه‌وان خه‌زێنه‌یه‌كی به‌تاڵیان وه‌رگرتووه‌ به‌ڵام فه‌رموو ئێستا ئیش بكه‌ن و داهات په‌یدا بكه‌ن، بۆ نمونه‌ من ده‌بم به‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت با خه‌زێنه‌یه‌كی به‌تاڵ وه‌ربگرم یان حكومه‌تێك پێكده‌هێنرێت ، به‌ڵام خۆم چی ده‌كه‌م ئه‌و ماوه‌یه‌ ئه‌ی من بۆ حكومه‌تم؟!"

فازڵ نه‌بی باس له‌وه‌ش ده‌كات" له‌ساڵی 2014دوای ڕێكنه‌كه‌وتنی به‌غداد و هه‌رێم كێشه‌ دروست بوو زۆر هه‌وڵمدا كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌م پێم چاره‌سه‌ر نه‌بوو ئیتر بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غداد بڕا من ئه‌و كاته‌ بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی بووم كه‌ به‌رامبه‌ر ده‌ بریكاره‌ له‌ ئیش دا به‌ڵام كاتێك چوومه‌ لای سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و كاته‌ به‌ڕێز مالكی بوو وتم ئه‌گه‌ر ئێمه‌ مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نه‌نێرین من ناتوانم له‌به‌غداد بم یه‌كسه‌ر ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌م پێشكه‌شكرد و هاتمه‌وه‌ كوردستان مرۆڤ ده‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ ئیش بكات، من كه‌ هاتمه‌وه‌ كوردستان توانیم قسه‌ بكه‌م."

مه‌سه‌له‌ی نه‌بوونی مووچه‌ حكومه‌ت یه‌ك پاكێجه‌ و هه‌موو لایه‌نه‌كانی حكومه‌ت به‌رپرسن لێی، واته‌ هه‌موو ئه‌و سێ كوتله‌یه‌ی كه‌ ئێستا له‌ حكومه‌ت به‌شدارن (پارتی، یه‌كێتی، هه‌روه‌ها بزوتنه‌وی گۆڕان)، هه‌رسێكیان لێی به‌رپرسن، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك به‌گۆێره‌ی به‌رپرسیارێتی خۆی ده‌بێت "ته‌حه‌مولی" به‌رپرسیارێتی بكات، من له‌حكومه‌ت بوومایه‌، كاتێك كه‌ نه‌توانم مووچه‌ی خه‌ڵك بده‌م، ئه‌و كاته‌ به‌ئاشكرا ده‌هاتمه‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن و ڕوونم ده‌كرده‌وه‌ كه‌هۆكاری چییه‌ و من پێم ناكرێت و ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆم پێشكه‌ش ده‌كه‌م. به‌ڵام ناكرێت من له‌ حكومه‌ت بم بشڵێم ئێمه‌ ناتوانیین مووچه‌ بده‌ین ئه‌ی بۆ له‌حكومه‌تم.!"

ده‌رباره‌ی قه‌رزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌زیاتره‌ له‌ 28 ملیار دۆلار، فازڵ نه‌بی وتی" به‌داخه‌وه‌ من لێپرسراو نیم له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌رای من ئه‌و پرسیاره‌ له‌ به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌یت چونكه‌ من ورده‌كاری ئیشه‌كانی ئه‌وان نازانم شته‌ گشتیه‌كان ده‌زانم به‌ڵام ورده‌كاری ئیشی ئه‌وان نازانم ڕه‌نگه‌ من ورده‌كاری ئیشی به‌غداد زۆرتر بزانم، زۆر له‌ ورده‌كاری به‌غدا شاره‌زام و ئاگادارم ڕۆژانه‌ به‌ڵام هی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌زیری دارایی هه‌یه‌ كه‌ ده‌كرێت ئه‌و پرسیاره‌ له‌وان بكه‌ن."

دواتر 1 2 3 4 5 6 7 پێشتر 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement