کەلتور

پەیامێک بۆ بەڕێز د.بەختیار سەجادی

06:32 - 23/09/2020 254 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژ هەڵەبجەیی

...شیعر دەتوانم بڵێم لەهەموو ژانرەکانی تر سەخترو دژوارترە ئەگەر بەشێوەیەکی جوان بەرهەمی بهێنین وبینووسین بگاتە ئەوەی تۆزی زەمەن و لافاوی زەمەن ڕای نەماڵێت..هەمیشە ئەو شیعرانە دەمێننەوە کەتێکستێکی کراوەن.دەقی کراوەش فرە ڕەهەندو فرە تەئویلە، یان دێڕەکانی پڕە لەنەوتراو و نەزانراو وەک ئەدۆنیس دەڵێ
شیعر ئەوەیە هەمیشە لەدیارەوە بڕۆین بۆ نادیار دواتر تێکستی بەهێز و جوان ئەوانەن شتێکت پێ دەڵێ پێشتر نەتبیستووە،دێڕەکان ڕاتدەچڵەکێنن و تووشی سەر سوڕمانت دەکەن..ئەمە پێی دەوترێ مەعریفە یان زانستی شیعر لەنەنووسراو نەوتراو نەبیسراو..ئەوە پەیامی شیعری باش و نەمرە،کەئەم فاکتەرانەی هەبێت. بۆ ئەوەی شیعری باش بمێنێتەوە دەبێت بیرلەشیعر نووسینێک بکەینەوە کە بۆ (100) ساڵ دوای مردنی خۆمان بەرگەی مانەوە بگرێت.. بۆ نمونە شیعرەکانی نالی و مەحوی کە کلاسیکن هەتا ئێستا هەر نەمرو زیندوون چونکە پڕ تەکنیک و ستاتیکای شیعری کلاسیکن.. ئەمەش جێی شانازی میللەتی کوردە ئەم کەڵە شاعیرانەی هەیە.کەبڵێین ئێمەش هەین لەپاڵ ئەو هەموو کارەسات و مەرگەساتەی بەسەر کوردا هاتووە،بەڵام بەداخەوە کورد کییاننێکی نەبووە یان دەوڵەت نەبووە تاشاعیرەکانی لەلۆکاڵیەوە ببنە جیهانی،تاجیهانیش بزانێ میللەتێکی ژێر دەستە،کەناوی کوردە شیعری جوانی هەیە..باسەرتان نەیەشێنم دەمەوێ بێمە سەربابەتەکە ،کەمەبەستمە لەڕۆژانی فێستیڤاڵی گەلاوێژی ئەم ساڵ وەک هەرکەسێک چووم بۆ دیداری شیعری ئەو فێستیڤاڵە،کەهەموو ساڵێک دەڕۆم بۆ گوێ گرتن لەشیعرەکانی ئەو فێستیڤاڵە..دواتر دوای خوێندنەوەی شیعرەکان گفتووگۆ دروست بوو لەسەر شیعری ئەمڕۆی شیعری کوردی و جیهانی خۆم یەکێک بووم لەو کەسانەی گفتووگۆم کرد، کەشیعری کوردی ئەمڕۆ گەشتۆتە کوێ و چۆن دەنووسرێ گرنگە هەموو شاعیرێک ئاگای لەڕەوتی پێشکەوتنی شیعر بێت، گرنگە هەموو شاعیرێک خودی خۆی بێت و ستایلی خۆی هەڵبژێرێ نەک سێبەری پێش خۆی بێت..ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەوانی پێش خۆمان تێپەڕێنین هەق نییە پێمان بوترێ شاعیر..ئاماژەش بەوە دەکەم شیعری کوردیی،  لە نالییەوە هەتا ئێستا، ئەگەر جوانتر نەبێ کەمتر نییە لەشیعری جیهانی..لەوگفتووگۆیەدا دکتۆر بەختیار سەجادی، کە دکتۆری زانکۆیە لەشاری سنە میوانی فێستیڤاڵ بوو. یەکێکیش بوو لەئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوە. لەوگفتووگۆیەدا د.بەختیار وەک ئێمە خوێندکار بین لەهۆڵی موحازەرەوئەویش دکتۆرمان بێت. پێی وتین من دەوێ پرسیارێکتان لێبکەم بزانم کەس لەئێوە دەتوانن وەڵامم بدەنەوە پرسیارەکەش ئەمەیە (تیۆری شیعرو مناڵ) کێ نووسیویەتی؟ یان دەڵێ من لێرەدا دەتوانم دەیان پرسیاری تیۆری ومەعریفیتان لێبکەم لەسەر بابەتی شیعر
کە ناتوانن وەڵامم بدەنەوە.. من لێرەوە بە دکتۆر دەڵێم/تۆ دەزانیت شیعر ئەکادمییەت نییە، ئایا ئەوەت لەبیرە ئێمە خوێنکاری تۆ نین لەهۆڵی موحازەرەدا، ئایا ئەوە دەزانیت شیعر جوانییەو پەیامی جوانی بەرهەم دێنێ نەک تیۆرو موحازەرە؟؟ من لەگەڵ ئەوەدام شاعیر هۆشیار و یاخی بێت نەک ئەکادمییەت پیادە بکات شیعر باڵە فڕە کەی شوناسی قەفەسە.کەی دەخرێتە چوار چێوە؟؟ خوای گەورە کەئەم شتانە دەبیسم خەریکە دەهری دەبم خەریکە بڵێم کاتی ئەوەهاتووە قفڵ مەکەن بەبەرۆکی شیعرا...بۆ نمونە وەلی دێوانەمان هەیە کەشوان بووەو یەک پیت چییە خوێنەواری نەبووە..کەچی ئەو شیعرە باڵایانەی نووسیوە، کەدەکرێنە گۆرانی بۆ نمونە (یاران وەستێتم) بەدەنگە خۆشەکەی هونەرمەندی کۆچکردوو (کەریم کابان) کەهەتا ئێستا لە گوێمانا زرنگەی دێ وبۆتە پاشخانێکی گۆرانی جوانی ئێمە، یان هەر لەو گفتووگۆیەدا باسی ڕێبازە ئەدەبییەکان دەکات نمونەی ڕێبازی بونیاتنەری و ڕۆمانتیک وڕیالیست..هتد

دەڵێ ئەم ڕێبازانە لەئەوروپاوە سەریان هەڵداوە کەدووسەدساڵ لەمەوپێش هەبوون کورد تازە بەتازە ئەم ڕێبازانە دەهێنێتە نێو شیعری کوردی.قسەی دکتۆر ئەوە دەگەیەنێ شیعری کوردی هیچ پاشخانێکی خودی خۆی نییە یان ئەو ئاستە بەرزەی نییە،لەچاو شیعری ئەوروپای و جیهانی.من لێرەوە دەڵێم کاک دکتۆر یەکێک ڕێز لەشیعری نەتەوەکەی خۆی نەگرێ چۆن دەتوانێت ڕێز لەشیعری جیهانیش بگرێت.بەندە دنیایەک شیعری تەرجەمە کراوی شیعری ئەوروپام خوێندۆتەوە لەڕامبۆوە تابۆدلێر تالۆرکا....هتد بەڵام کەسییان لەو شاعیرانە نەیانتوانیوە من ڕاچڵەکێنن نەیانتوانیوە تینینوێتیم بشکێنن لەشیعری جوانا هەر چەندە تەرجەمەێ شیعر ئەگەر شاعیر تەرجەمەی نەکات پێم وایەڕۆح و موزیکی ناوەکی دەکوژرێ کەدوو فاکتەری شیعرن،چونکە شیعر شتێکی ڕۆحییە تەرجەمەی  دژوارە..وەک هەمزە تۆڤ دەڵێ(ئەودیوی قاڵییەکەیە) بەهەرحاڵ هەموو ڕێبازە ئەدەبییەکان وەک عەبەسی و دادای و زاهری و لامەعقول وبنیاتنەری وسریالیست و ڕۆمانیک ڕیالیست هەموو ئەمانە جەنگی یەکەم و دووەم
دروستیان کرد..کە لە ئەوروپاوە سەریان هەڵدا، لەکاتێکدا ئەو ڕێبازانە دروست بوون ،کوردستانی ئێمە دابەشییان کرد بەسەر چوار دەوڵەتدا..کاک دکتۆر شیعری جوان بە ڕێباز ناپێورێ،بەشیعرییەت و پڕ زانیاری دەپێورێ،کەپێی دەوترێ دەقی کراوە..ئەمە شتێکی کۆن بوو باستکرد نەک تازە دەمێکەئەو ڕێبازە کۆنانەی ئەوروپامان جێهێشتووە کەشایەنی باسکردن نییە.شیعری کوردی زۆر لەشیعری ئەوروپای ساردو سڕ جوانترە بائەوەشت پێ بڵێم شیعر یانی ڕۆژهەڵات تابەرەو ڕۆژهەڵات بڕۆین شیعر ڕۆحی و جوانتر تابەرەوڕۆژئاوا بڕۆین شیعر بێ ڕۆح و ساردو سڕ چونکە وەک وتم شیعر پێش هەمووشتێک ڕۆحییە ..

 

یەک شتی تر بابیرمان نەچێت کەلتورێکی سەقەتمان هەیە کەهەر لەکۆنەوە بۆمان بەجێماوە هەمیشە خۆمان بەبچووکتر دەزانین لەئاست دراوسێکانمانا..هەمیشە ئەوکەلتورە دووبارە دەبێتەوە کە خود بچووک کردنە بەرامبەر بەدراوسێ و بەرامبەر ئەوروپاییەکان..وەک ئەوان مرۆڤێکی تر بن باڵاتر لێرەوە تکا دەکەم بابەس بێت کەلتوری خۆ بچووک کردنەوە..بۆ نمونە شوانێکی ئەوروپی ڕوو لەکوردستان دەکات .هەموومان هەوڵ ئەدەین وێنەیەکی لەگەڵ بگرین..حەیف بۆ کورد ئەمەندە کەلتوری خۆبچووکردنەوە پیادە دەکات.ئەم خۆ بچووکردنەوەیە هەر خەڵکە گشتییەکەی نەگرتۆتەوە بگرە ڕۆشنفکرو ڕوناکبیرەکانیشی گرتۆتەوە..ئافەرین بۆ تورک ئەوەندە زمانی خۆی لاگرنگە دەڵێن ئێمە تورکی دەزانین ئیتر چ پێویست دەکات زمانی تر بزانین..ئافەرین بۆ فارس ڕۆشنبیرو بگرە سەرۆکەکانیشیان ئەوەندە زمانی فارسییان لا گرنگ و جوانە زمانی تریش دەزانن،کەچی هەر بەفارسی ئەدوێن..بەهەرحاڵ نەدەبوو ئەم قسانە لێرەدا بکەم یان ئەم پەیامە بنێرم بۆ دکتۆر بەختیار دەبوایە بەرامبەری خۆی بموتایە بەخاتری ئەوەی میوانی فێستیڤاڵ بوو نەمکرد میوانیش هەرکەسێکیش بێت ئەزیز و خۆشەویستە...
بەڵام جوانی تۆ لەوەدابوو دکتۆر، دکتۆری هۆڵی موحازەرەو ئێمە خوێنکاری هۆڵ لەگەڵ ڕێزمدا...!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement