366 کەلتور

ژەنیاری تەمەکان

09:56 - 21/09/2020

د.سەردار عەزیز

لە نیوەڕۆیەکی گەرمی بێ کارەبای گەرمیاندا، لە بن دارتویەکی گەورەدا، ڕۆمانۆکەی ژەنیاری تەمەکانی ڕۆماننوسی عێراقی عەلی بەدرم خوێندەوە. دەقەکە کورتە، بەڵام دەوڵەمەندە. عەلی بەدر، بە زمانێکی چڕی سینەمایی، وەک زمانی هەمەنگوای، سەربوردەی کەسێکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە هەناو کۆمەڵێک زۆر لە دژایەتیدا دەژی. دەکرێت بە ئاسانی بڵێین کە پێکەوەگرێدانی دژەکان تیمای سەرەکی ڕۆمانەکەیە. ئەم تیمایە لە پێکەوەگرێدانی ئەوروپا و عێراق، شاری دۆزەخیی بەغدا و گەڕان بە دوای شاری باش یان یوتوپیای ئەوروپی، کە خۆی لە چەمکی شاری فازیلەی فارابیەوە دەردەربرێت. لە هەمانکاتدا دژبونی واقیع و یوتوپیا. پاڵەوانەکە ناوی نەبیلە، کەسێکە لە چینی ناوەندی شاری بەغدا، کار و حەزی مۆسیقایە. بەڵام لە هەوڵی ئەوەدایە کە کاری تر بکات بۆ بژێوی. لە میانەی کارەکانیدا، هەمیشە شکست و بێزاری دەرئەنجامی دەبێت، بۆیە لە دواجاردا بڕیاردەدات کە سەفەر بکات بۆ ئەوروپا.
ئەم تیمایانە زیاتر لە بیست ساڵە من تیایدا دەژیم و ئەزمونی دەکەم و بیری لێدەکەمەوە و دەمەوێت بینوسمەوە. نەبیل لە گەڵ خەڵکی دەروبەریاندا تەبانیە. ئەو بێزارە لێیان، بە تایبەتی ئەوانەی کە لە چینی خوارەوەن. بۆ وەسفکردنی بێزاری لەم خەڵکانە هەردوو وەسفی مارکسی و فارابییانە بەکاردەهێنێت. لێرەدا هەردوو فەیلەسوف هاوڕان، چەمکی لۆمپین-پرۆلیتاریات یان چینی خوارەوەی خاشاک، هەمان دیدی فارابیشە. وەک چینی ناوەند جێگای سەرسوڕمان نیە نەبیل ڕقی لە ئەوانەی خوار خۆی بێت و ئیرەیی بە چینی باڵاببات. ئەمە سروشتی خەڵکی چینی ناوەندە، کە بەردەوام لە ناسەقامگیری بێزاریی و ئیرەییدا دەژین. لای نەبیل خەڵكە خاشاکەکە لە سەردەمی سەددامدا زۆربەیان فیدایی سەدام بون، لە ئەمڕۆشدا چەکداری میلیشیاکانن.
نەبیل لەم دونیا پڕ لە شکست و بێزارییەدا، زۆربەی کاتی لە شوقەکەی خۆی بە تەماشاکردن فلیمی پۆڕن بەسەر دەبات. ئەم فلیمانە لە ڕێگای ئەو چەند کەناڵەوە تەماشا دەکات کە لە دوکانی ئیسلامییەکانی سەر سوچەکە شفرەکەیان بۆ لابردوە. لێرەدا جارێکی تر ڕوبەڕوی دژایەتی دەبینەوە لە نێوان ئیسلامی و پۆڕندا. لە پاشاندا توشی دژایەتیەکی تر دەبین لە سێکسی ئەوروپی و سیكسی عێراقی، کاتێک ئەوروپی بە ئاشکرا و لە دەرەوە سێکس دەکات و لە عێراق سێکس لە تاریکی وبە نهێنی دەکرێت.
ئەو ڕۆژەی نەبیل لە گەڵ قاچاخچیەکەدا ڕێکدەکەوێت کە سەفەر بکات، خەریکی تەماشاکردنی فلیمێکی ڕوتە کە ژن و پیاوەکە لە دەرەوە سێکس دەکەن، بەڵام قاچاخچیەکە ناهێڵێت تەواوی بکات ناچاری دەکات کە لە گەڵیدا بڕوات. دیارە لە بەر شێوازی کۆمیدی و کاریکاتێری ڕۆمانەکە: هێندە بە ورودەکارییەوە لە ڕوداو و هەنگاوەکان وورد نابینەوە.
قاچاخچیەکە دەیگەیەنێتە سەر سنوری تورکیا. لەوێ بیرکردنەوە لە وڵات و ڕۆشتن و گەڕانەوە دایدەگرێت.
لێرەدا ڕوانگەیەکی فارابیانە دەردەبڕێت: فارابی دەڵێت، ئەگەر کەسێکی باش لە شارێکی خراپ ژیا، ئەوا دەبێت ئەو کەسە باشە لەو شارە خراپە نەمێنێت و بڕوات بۆ شارێکی باش. ئەمە سەرتاپا فەلسەفەی هەڵاتنی ئەوە. چیرۆکی زۆری قۆڵبڕین و فریودان و ترسناکی قاچاخچیەکانی بە بیردا دێتەوە. لە سەر سنوری تورکیا قاچاخچیەکی تر دەیخاتە ناو لۆرییەکەوە بۆ ئەوەی هەتا برۆکسل بیبات.
لە جێگایەک دەوەستن بۆ پشو، کۆچکەرێکی ئەفغانی پێی دەڵێت: ئێرە پۆڵۆنیایە. ئەو نازانێت ئایا پۆڵۆنیایە یان نا، بەڵام ناوی پۆڵۆنیا کۆمەڵێک یادەوەری دەخاتەوە یادی، کاتێک مامی لە بەغدا کچە پۆڵۆنییەکی هاوڕێی سەردانی دەکات و ئەمیش هەرچەندە تەمەنی منداڵبوە بەڵام لە ماڵەوە دەنێردرێت لە گەڵ مامیدا. مامی بەبەرچاوی ئەمەوە، سیكس لە گەڵ هاوڕێ پۆڵۆنییەکەیدا دەکات. دیسانەوە عەلی دەمانخاتەوە بەر بەرکەوتەکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا. چۆن پۆڵۆنیەک لە ڕۆژهەڵات ڕۆژئاواییانە هەڵسوکەوت دەکات.
کە دەگات، شاحینەکە لە ناوچەیەکی بیانی نشینی شاری برۆکسل دایدەبەزێنێت. ئەو دەترسێت کە ئەو جێگایە شارە یوتوپییەکە نەبێت. کاتێک دەچێتە شوقەکە ئاڵای تورکیا و مەغریب دەبینێت. پاشان هەرزوو گوێی لە دەنگی بانگی مزگەوت دەبێت. دەترسێت کە لە جێگایەکی دەروبەری عێراق بێت. کاتێک لە پەنجەرەکەیەوە لە دەرەوە دەڕوانێت بۆی دەردەکەوێت کە جێگایەکی نزیک بە عێراق نیە، بەڵام نازانێت کوێیە.
کە لە شوقەکەی دەچێتە دەرەوە، ڕوبەڕوی خەڵکانی ڕۆژهەڵاتی زۆر دەبێتەوە کە لە ئەو ناوچەیەدا دەژین. ڕۆژێک نازانێت مانگی ڕەمەزانە لە جێگایەکدا سەلەفییەک بەهۆی خواردنی پیتزاوە لێی توڕەدەبێت و داوای لێدەکات کە دەبێت کەفارەت بدات. کەفارەت بریتیە لە بڕی پارەی وەرگیراو لە بەرامبەر کارێکی خراپدا وەک سزایەک. لێرەدا عەلی بەدر توشی کۆمەڵێک کێشەی ئەم ڕۆژگارەمان دەکاتەوە، چۆن ئەوانەی لە بەغدا لە دەستیان هەڵدێت، لە برۆکسل توشی دەبنەوە، دێنە ناو ژیانی تایبەتیەوە، سزای دەدەن، هەرەشەی لێدەکەن.

بەڵام کاتێک فانی، کچە بەلجیکیە چەپەکە دەناسێت لە چینی ناوەندی بەلجیکی کەمێک ژیانی دەگۆڕێت.
کاتێک لە گەڵ فانیدا سێکس دەکەن، فانی بە دەنگی بەرز ئاه و هاواریەتی. بە جۆرێک هەموو شوقەکانی تر گوێیان لێدەبێت. هەندێک پێی توڕە دەبن، هەندێک پێی پێدەکەنن، هەندێکی تر چێژی لێدەبینن. ڕۆژێک پاش سێکسکردن، باوکێکی تورک کە چەند کچێکی موحاجەبەی پاکیزەی هەیە، ڕێگەی پێدەگرێت و پێی دەڵێت دەبێت بەو کچە بەلجیکییە بڵێیت هێندە بە دەنگی بەرز هاوار نەکات لە کاتی سێکسدا. لێرەدا دیسانەوە توشی بەریەککەوتنی ڕۆژهەڵاتی ڕۆژئاوایی دەبێنەوە لە ئاشکرابونی سێکس و نهێنی بونی. کاتێک فانی بەئەمە دەزانێت زۆر لە تورکەکە توڕە دەبێت پێی دەڵێت لە وڵاتی خۆمدا بەوجۆرە هەڵسوکەوت دەکەم کە دەمەوێت. لێرەدا ڕوبەڕوی یەکێک لە هەرە ئاڵۆزییەکانی توێژی چەپی ئەوروپی دەبینەوە کە چۆن لە نێوان ڕەگەزپەرستی و سنگفراوانیدا جۆلانێ دەکات. ئەمە زیاتر زەق دەبێتەوە لە جۆری پەیوەندی لە گەڵ وڵاتدا، چەپەکان بە گشتی، وەها خۆیان دەنوێنن کە دژ بە وڵاتەکەیانن و بە وڵاتێکی خراپ و دواکەوتوو لە قەڵەمی دەدەن، بەڵام کاتێک بیانییەک هەمان ئەو شتانە بە وڵاتەکەیان بڵێت، کە خۆیان دەیڵێن، ئەوا خێرا دەکەونە بەرگری لە وڵاتەکەیان و لە کەسی بیانی توڕە دەبن و پێی دەڵێن ئەگەر ئێرەت پێخۆش نیە بگەڕێوە، یان دەبێت سوپاسگوزاربێت کە لێرە ڕێگەیان پێداوی بمێنیتەوە. بۆ نەبیل ئەم دوفاقیە لە گەڵ تێزەکەی فارابی لە بواری مۆسیقادا یەکناگرێتەوە چونکە فارابی مۆسیقا وەها دەبینێت کە کۆمەڵێک دەنگی جیاوازن پێکەوە دەنگێکی پڕ لە هارمۆنی دروست دەکەن. ئەم دیدە دەکرێت بۆ کەلتورەکانیش بگوێزرێتەوە.
لەم روانگەیەوە نەبیل ڕۆژێک کە لە شوقەکەی فانی دەبێت دەبینێت لە ڕۆژنامەدا هەواڵی ئەوە هەیە کە فاشیستە بەلجیکیەکان چەند ڕۆژێک تر دژ بە پەنابەران خۆپێشاندان دەکەن. ئەویش بڕیار دەدات بڕوات هەتا لەم ڕوانگەی فارابیەوە قسەیان لە گەڵدا بکات. بەڵام لەوێ کاتێک لێیان نزیک دەبێتەوە و دەیەوێت قسەیان لە گەڵدا بکات، هێرشی دەکەنە سەر و دەیخەنە ژێر پێلەقە. لە ڕۆژی دوایی لە ڕۆژنامەدا وێنەی بڵاودەکرێتەوە لە ژێر ناونیشانی سەلەفیەک لە لایەن توندڕەوانەوە هێرشی کراوەتە سەر. نەبیل کە لە دەست سەلەفیەت هەڵات دەکرێت بە سەلەفی!

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن