گرفتی بیرنەکردنەوە
10:16 - 05/08/2020
حسێن لەتیف
مەرگی شێرکۆ بێکەس، لەکاتی خۆیدا، بۆنەیەکی گرنگ بوو بۆ دووبارە
خوێندنەوەی ئەدەبەکەی، هەریەک لە بەختیار عەلی و مەریوان وریا و ئاراس
فەتاح قسەیان لەسەر کردەوە.بەختیار وەک دیاردەیەکی دەگمەنی مێژووی شیعری
کوردی وەسفی کرد. ئاراس فەتاح لەڕوانگەیەکی کۆمەڵناسیی شارەوە قسەی لەسەر
کرد، مەریوان وریا سێ تێما(ئازادی،خۆشەویستی ژن،خۆشەویستی نیشتمان) بۆ قسە
لەسەر کردن دەست نیشان کرد،کۆی ئەو،نووسینانەیش لە یەکێک لە ژمارەکانی
ڕۆژنامەی ئاوێنە دا بڵاوکرانەوە. ئێستا کە حەوت ساڵ
بەسەر مەرگی شێرکۆدا تێدەپەڕێت من هەست بەوەدەکەم ئێمەهێشتا لە ناو
ڕۆشنبیرییەکی بیرنەکەرەوە دا دەژێین،ڕۆشنبیرییەکمان هەیە دەکرێت بە (
ڕۆشنبیریی ئیعجاب) ناوی ببەین. ساڵیادی مەرگی شێرکۆ بێکەس نەک قسە و
بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لێنەکەوتووەتەوە،بەڵکو پێمان دەڵێت
شاعیرەکان،نووسەرەکان،لەبریتی خوێندنەوەی ڕەخنەگرانە بۆ ئەدەبەکەی
ئەو،بەلێشاو سەرسامی خۆیان بۆ شیعری ئەو دەردەبڕن بەبێ ئەوەی ڕوانگەیەکی
ئەدەبی لەپشت سەرسامیەکەیانەوە هەبێت یان نیشانمان بدەن. ئەوان لەبریتی
پرسیار کردن لە وێستگە جیاوازە شیعرییەکانی شێرکۆ بێکەس،پرسە
دەگێڕن،لەڕاستی دا هەموومان نیگەران بووین بۆمەرگی ئەو شاعیرە،بەڵام بەبێ
دەست بەرداربوون لە کەلتوری ئیعجاب،بەبێ گومان و ڕەخنەکردنی ئەو ئەزموونە
شیعرییەی تەمەنی لە پەنجا ساڵ نزیک بوویەوە،بە ئاستەم دەتوانرێت پرۆژەی
لەدایک بوونی ئەزموونێکی شیعریی تر سەر پێ بخرێت.من ناڵێم شیعری کوردی
تەنها ئەزموونێکی تێدایە،نەخێر چەندین ئەزموونی جیاوازو جوانی تێدایە،بەڵام
شێرکۆ بێکەس بەهۆی تەمەن درێژی ئەزموونەکەی لە لایەک، دەست ڕۆیشتنی
لەناو میدیادا لەلایەکی ترەوە،ئەزموونەکەی زیاتر لە ئەزموونی شاعیرانی تر
دەرکەوت.
بەڵام چونکە لە بریتی کەلتوری خوێندنەوەو ڕەخنە،کەلتوری
سەرسامی زاڵە لەم ڕۆشنبیریەدا،پێناچێت زایەڵەی نازناوی "شاعیری گەورەی
گەلەکەمان"کە زیاتر نازناوێکی سیاسیە نەک ئەدەبی کپ ببێتەوە.سەرسامی بەر
لەهەر شتێک خەسارێکە لە ئەزموونەکەی شێرکۆ دەدرێت.