کەلتور

ڕوانگەی عاریفانەی گۆران بۆ زمان

11:11 - 30/07/2020 168 جار خوێندراوەتەوە

  حسێن لەتیف
زمان،چەندە سەر زەمینی ئاشکراکردنی نەوتراوەکانە،ئەوەندەش ژێرخانی شاردنەوەی ئەو مەبەستانەیە دەمانەوێت بیڵێین. هەر بۆیە ڕەخنە بەگشتی و ڕەخنەی دەروونی لەتێکست دا،بەدوای ووتنی نەوتراوەکاندا دەگەڕێت.هەوڵی نشیاندانی نەبینراوەکان دەدات.ئایا زمان دەرەقەتی ووتنی هەموو شتێک دێت؟یان ئەوە سانسۆرە ڕێگا نادات زمان هەموو شتێک بڵێت؟نەوتراوەکان دەچەپێنرێن و بۆ کات و شوێنی گونجاو دەگەڕێن بێنە دەرەوە؟ئەگەر فرۆیدیانە بیر بکەینەوە دەبێت بگەڕینەوە بۆ بۆ "ئاگایی " و "نا ئاگایی". ئاگایی بریتییە لە ووتن و کردنی هەموو ئەو شتانەی کۆمەڵگە حەڵاڵی کردوون،لەمەش دا تاک هیچ ئاریشەیەکی بۆ درووست نابێت و دەتوانێت بە ئاشتی لەگەڵ کۆمەڵگەدا بژێت.بەڵام نائاگایی بریتیە لە شوێنی کەڵەکەبوونی هەموو ئەوشتانەی کۆمەڵگە حەرامی کردوون،لەووتن وکردنیاندا تاک ئاشتی و ئارامی تاک لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەکەوێتە مەترسییەوە.هەربۆیەشە ئەدەب و هونەر دەبنە سەر زەمینی دەربڕینی ئەو حەرامانە.ئەگەر مارکس مێژوو بە ململانێی چینەکان بزانێت و فرۆید مێژوو بە چەپاندن بزانێت،ئەوا بەدیوێکی تردا مێژووی داهێنانە ئەدەبی و هونەریەکان ،مێژووی چەپاندنە. مێژووی ئەدەب و هونەر پڕە لەنموونەی ئەوبەرهەمانەی کە چەپاندنی سیاسی وکۆمەڵایەتی وفەرهەنگی ،بوونەتە ماکی داهێنانیان.تائێرە ئەمە ڕوانگەیەکی باوە بۆ ئەوەی چەپاندن چۆن دەچێتە ناو زمانەوەو سەر هەڵدەداتەوە.لەم ڕوانگە فرۆیدیەوە لەناو کەلتورە چەپێنەرەکاندا زمان توانای ووتنی هەمووشتەکانی نییە،ئەگەر بیشیڵێت ئەوا بە ڕەمز و پەنهانی دەیانڵێت،بۆ پەنکوێر کردن، بەڵکو زمان لە ژینگەی ئازاد دا دەتوانێت هەموو شتێک بڵێت. لەم دیدگاوە ئەوەی بە ئاشکرا قسەی لەسەر کراوە ڕۆڵی کەلتورە لە چەپاندنی و بێهێز کردنی زمان دا. لەبەرانبەر ئەم ڕوانگەدا بۆ ووتن، ڕوانگەیەکی عاریفانە هەیە،ڕوانگەی ئەلنەفەری یە.ئەلنەفەری پێی وایە زمان هەموو کات ناتوانێت گوزارشت لەوە بکات دەمانەوێت بیڵێین، ئەو دەڵێت(هەتا بینین فراوانتر بێت گوزارە بەرتەسک تر دەبێت)،ئەوە جیهانبینی ئێمەیە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات لە زماندا جێگای دەبێتەوە یان نا.ئەوە زمان نییە بڕیار لە مەوداو فراوانی جیهان بینی بدات،یان توانی جێکردنەوەی مەبەستەکانی ئێمەی لەخۆیدا هەبێت. گۆران زوو درکی بە شکستی زمان لەبەرانبەر جیهان بینی دا کرد،رکی بە زاڵبوونی دەسەڵاتی خەیاڵ بەسەر دەسەڵاتی وشە دا کرد. گۆران ووتی:(هەرچەند دەکەم ئەو خەیاڵەی کە پێی مەستم/ بۆم ناخرێتە ناو چوار چێوەی هەڵبەستم/لێکدانەوەی دەروون وشەی زمانم/بۆچ وەها دوورن لەیەک نازانم)؟! ئەوەش شکستی گۆران نییە لە بەردەم زماندا،بەڵکو لە ڕوانگەی عاریفانەی ئەلنەفەری یەوەشکستی زمانە لە بەرانبەر خەیاڵ دا. ئەگەر شیعر لە دیدی مەولانای ڕۆمییەوە جێکردنەوەی دەریایەک بێت لەگۆزەیەکدا، ئەوا لەڕوانگەی ئەلنەفەری یەوە،تا خەیاڵ گەورەتر بێت زمان هێزی گوزارشتکردنی کەمتر دەبێتەوە.خەیاڵی گۆران لە گۆزەی زماندا جێگای نابێتەوە،گۆران مەودایەک لەنێوان خەیاڵ و زمانی دا دەمێنێتەوە. ئەو مەمودایە ڕووبەرێکە بۆبینین وبیر لێکردنەوە. ئەمە ڕەهەندێکی تری گۆرانمان بۆ ئاشکرا دەکات،ئەویش ئەوەیە ئێمە هەتا ئەمڕۆ گۆرانمان وەک شاعیری ئافرەت و سروشت ناسیوە.گۆرانمان وەک ئەوەناسیووە زمانێکی ڕەوان و پاراوی هەبووە،گۆرانمان بەو شێوە نەناسیوە دیدێکی هاوتای ئەلنەفەری بۆ زمان هەبێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن

Advertisement