2085 دیمانە

مه‌لا عه‌بدوڵڵای په‌رخی: خه‌ڵك به‌هۆی نه‌وشیروان مسته‌فاوه‌ زاتی شكاو فێری قسه‌كردن بوو

01:09 - 28/07/2020

"زه‌مه‌ن"

ڕیشێكی سپی و خودان شه‌رم و حه‌یایه‌كی زۆر میوانی ئه‌مجاری گوڵخانه‌كه‌ی گوڵناره‌، ئه‌و بۆن و به‌رامه‌ی كورده‌واریی لێدێت و له‌و مه‌لایانه‌یه‌ كه‌ گوڵنار خۆشی ده‌ون و تۆز و غوباری ئایدیۆلۆژیا و چه‌قبه‌ستوویی نغرۆی نه‌كردوون! به‌ تێروسه‌لی باسی له‌ ئه‌زموونی حوجره‌ و خوێندنی خۆی بۆ كردین، به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌ و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسیی و ئه‌ده‌بییه‌كانی كوردیی دیتوون، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ خێرایی به‌سه‌ر ئه‌و وێستگانه‌ی ژیانی دا هه‌نگاومان هه‌ڵهێنایه‌وه‌ و له‌ دیده‌نییه‌كی نه‌وشیروان موسته‌فادا ئۆقره‌مان پێگرت و قورسایی ده‌مه‌ته‌قێیه‌كه‌مان خسته‌ سه‌ر ئه‌و دیده‌نیی و كۆبوونه‌وه‌یه‌.
سازدانی: گروپی گوڵنار


گوڵنار: مامۆستا خوێندنت کەی بوو؟ چۆن دەستت پێکرد؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: با عەرزت بکەم دوو مامم هەبوو هەردووکیان مەلا بوون، یەکێکیان مەلا عەبدولڕەحیمی پەرخی یەکێک بووە لە مەلا باشه‌کانی سلێمانی، ئه‌وی تریشیان مەلا عەلی چاییچی بووه‌ و موختەسەری خوێند، بەڵام لە دوایی دا سه‌ركه‌وتوو نەبوو مەلایەتی بکات، بۆیه‌ بووە چاییچی لە مەیدانی دارەکەی سلێمانی، کە ئێستە لای بەلەدیە کۆنەکەیه‌ و دوایی بوو بە چایخانەی مەلا حەمەئەمین، مەلا حەمەئەمینیش هەر پورزای ئەوان بوو، لەوێ ئەویش (مامم) بوو بە چاییچی لای ئەو چایخانەی مەلا حەمەئەمین، وه‌ پاشتر چایخانەی مەلا عەلی مەشهور بوو لای بەلەدیە کۆنەکەی ئێستای ناو شارە، کە لەوێ دەخوێنێت و پاشتر دەبێت بە چاییچی ئەم مامەیەم، پێش ئەوەی بێتە سلێمانی و قەرار وابێت ببێت بەچاییچی، لە گوندی ئێمە و لە ماڵی باوکم دا بوو لەگەڵ مامێکی ترم کە ساڵحی ناو بوو و باوکی من برا گەورەیان بوو، باوكم بەم دوو برایەی خۆی خوێندووە کە مەلا ڕەحیم و مەلا عەلی بوون، برایەکی تریشی هه‌بووە ناوی ساڵح بووه‌، ئەو نەیخوێندووە ئیتر دووانیان توانیویانه‌ ببنه‌ خزمه‌تكاری ئایین و زانست، چونكه‌ چوار برا بوون دوانیان خوێندوویانه‌ و دوانیان نەیانخوێندووە، ئەو مامە عەلییەم له‌ گونده‌كه‌ی خۆمان و پێش ئه‌وه‌ی بێته‌ سلێمانی و ببێته‌ چاییچی لەوێ ڕاووشكاری دەکرد لە بێتاقەتی دا بۆ کەوکوشتن و ئەوانە، بەڵام بە هەرحاڵ باوکی من و سێ پیاویتر لە ڕیش سپییەکانی گونده‌کەمان و شێخانی كربچنه‌ی ئەو وەختە تەکلیفیان لێکردن خەڵوەیەک بکێشن، خەڵوەکێشان زۆربوو لە كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وسای کوردستان دا، خەڵوە کۆمەڵێک زیکر بوو پێیاندەگوت چلەکێشی، ئەو چل ڕۆژە کۆمەڵێک زیکر فەرز دەکرا لەسەریان، له‌ هه‌ر زیكرێك چەند هەزار لەو، چەند هەزار لەوی تر، چەند هەزار لەوی تر، به‌و شێوه‌یه‌ زیکرەکە دەکرا و بە سوجدەوه‌ تەواو دەکرا، ئەو حوجرە بچووکەیان کردبووه‌ جێنه‌زرگای خۆیان، زۆریش بچووك بوو، کە ئەوان خوێندنەکەیان تەواو کرد و دەورەکەیان تەواو کردەوە، حوجرەکە مایەوە باوکم و ئەو سێ کەسە، گوتیان: مەلا عەلی ئێمە مناڵمان هەیە، وە ئێمە لێرەدا چلەی خۆمانمان کێشاوە، ئەم حوجرەیه‌ تەرخان بکە مناڵەکانمان بێنە ئێره‌ قورئانیان پێ بڵێ، ئەو مامە عەلییه‌م بوو بە مامۆستای ئێمە، من زمانم نەگرتبوو و زمانم لاڵ بوو، ڕەنگە شەش ساڵ بووبم تەقریبەن، لەدوایی دا هەر چۆنبوو ئاگام لێیە تا سووره‌تی یاسینی پێمانخوێند، من بە هەزارحاڵ جوزئی عەمەم تەواو کرد، تا ئەمەمان خوێند و کرد گرانیه‌كه‌ی ساڵی 1946 درووستبوو، (سن و كوللە‌) به‌ وڵات دا بڵاوبوونه‌وه‌ و قات و قڕی برسێتی و گرانی و ماڵکاولی خەڵکی گرته‌وه‌ و بڕستی له‌ خه‌ڵك بڕی، هەموو ئێمە پازدە تا بیست تەلەبە بووین، هەموو بڵاوەمان لێکرد لەبەر بێ ژیانی و گوزه‌رانی، فەقیریی وای لێکردین دەسەڵاتمان نەما و نه‌مانتوانی درێژه‌ به‌ خوێندنه‌كه‌مان بده‌ین، ئیتر من لە خزمەت باوکم دا و برایەکی گەورەم هه‌بوو کە ئێستەش هەر ماوە ئەو سێ ساڵ لە من گەورەترە و لە من بەکارترە لە خزمەتی باوکم دا وە براده‌رانی تریش هەر یەکە لە خزمەت باوک و برای خۆیان دا چوون بوون بە کاسب و خه‌ریكی كار و كه‌سابه‌ت بووین بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه‌كانی ئه‌و گرانییه‌ی كه‌ له‌ ژیانی هه‌موومان دا درووستی كردبوو! یەکێک چەند حەیوانێکی دەلەوەڕاند و یەکێک چەند وڵاخێکی دەلەوەڕاند و یەکێک جووتی دەکرد لەگەڵ باوکی دا، وەلحاسڵ گرانییەکە هەتا لەو فەترەیه‌دا بوو کە جمهوورییەتی كوردستان له‌ مهاباد فه‌وزای بەسەردا کرا و موئامەرەی نێوده‌وڵه‌تی لێکرا و قازی شەهیدکرا و ئیعدام کرا و ئەو چەکانەی مابوونه‌وه‌ و هی كۆمه‌ڵێك پێشمه‌رگه‌ی ڕاكردووی كۆماره‌كه‌ بوون دەیانهێنان لە گونده‌كه‌ی ئێمه‌ ده‌فرۆشران.


گوڵنار: كه‌وایه‌ تۆ به‌ بیرت دێ كه‌ کۆماری كوردستان هەرەسی هێنا؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: به‌ بیرم دێ و دەمزانی کە چەکەکانیان دەهێنا، ئێمه‌ش دەگریاین، چه‌كه‌كانیان بۆ فرۆشتن هێنابوون، دەگریاین و دەگریاین و باوکەڕۆ باوكه‌ڕۆمان بوو و ده‌مانگوت کورد کوژراوە و دەوڵەتی کورد تێکچووە و ئا له‌م هه‌ست و ده‌ربڕینانه‌، من یەکێک بووم لەوانەی کە دەگریام به‌ڵام عەقڵیشم پێ ‌دەشکا کە بۆچی دەگریم، ده‌مزانی كه‌ ماڵكاولییه‌ك بووه‌ و به‌رۆكی كوردی گرتووه‌ته‌وه‌! چونكه‌ له‌و كاته‌دا من گه‌وره‌بووم و ته‌مه‌نم 12 ساڵ بوو، به‌ڵام چونكه‌ پێشتر خه‌به‌ر و باسێكی ئه‌وتۆمان له‌باره‌ی كۆماره‌كه‌ و خودی قازی موحه‌ممه‌ده‌وه‌ نه‌بووبوو، ئیتر زۆر ئاگادار نه‌بووین، تا زیاتر بۆی خه‌فه‌تبار بین.

گوڵنار: ئەی هەواڵتان بیست کە قازی شەهید کراوە؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: بەڵێ، پیرەژن هەموو دەگریان، پیاوە پیرەکان هەموویان دەگریان، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌ بوو كه‌ کوردی قوڕبه‌سه‌ر هیچی بەخۆیەوە نەدیبوو جگه‌ له‌ ماڵكاولیی و ده‌ربه‌ده‌ریی، كۆماری كوردستان تەنها ڕووناکییەک بوو بۆ كورد و چوارپارچه‌ی كوردستان، كه‌چی نه‌یارانی كورد ئه‌و ڕووناکییەشیان کپکردەوە، لەبەر ئەوە هەموو کەس دەگریا، له‌ گونده‌كه‌ی ئێمه‌ كه‌س نەبوو نەگریت بۆ ئه‌و هه‌ره‌س و داڕمانه‌، عەقڵم بەوە دەشکا کە کورد زەرەرێکی گەورەی کردووە.

گوڵنار: ئەوکاتە وەك ده‌ڵێ مێردمندالێک بووی، ئێستا یەکێکی لە زانا بەرجەستەکانی کورد و كوردستان، مەبەستم ئەوەیە ئێستا لە ئەوجی عیلم و زانست دایت، وەکو زانایەک هەستت چۆنە و سەرنجت چییە لەسەر پێشەوا قازی موحەممەدی شه‌هید؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: من پێموایە پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌دی ڕه‌حمه‌تی کوردێكی پاك و ڕاساڵ بووه‌، کوردایەتیی ڕاستەقینەی کردووه‌ بێ غه‌ل و غه‌ش، ئەوەی من تێدەگەم وابزانم هەر ئەو ڕاست بووە، بە پیاوێکی ڕاستی دەزانم بۆیە شه‌هیدبوو له‌ پێناو مه‌بده‌ئ و بیروباوه‌ڕه‌كه‌ی دا.


گوڵنار: کەی و چۆن بوو به‌ خزمه‌تی قانعی شاعیر گه‌یشتی؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: وەڵا ئەو وەختەی بە خزمەتی گەیشتم لە دەوری فەقیریی دا بوو، ئەو بە فەقیری لە دایک بووە و بە فەقیری ژیاوە و بە فەقیری مردووە، خەڵک موتەهەمی ده‌كرد کە خۆ قانع بۆته‌ شیوعی، بەڵام خۆیشی لە شیعرەکانی دا خۆشی گوتویەتی من شیوعیم، بەڵام دەرکەوتووە کە سلوکی شوعیی نەبووە و نەبووەته‌ شیوعی، قانع گریانی شەوی هه‌بووە، قورئانی خوێندووە، شەونوێژی هه‌بووە، ئەمجا ئیتر بەس فەقیر بووه‌، خەڵک بە نۆعێکی تر لێی تێگه‌یشتوون و بە شیوعیەتیان زانیوه‌، ئینجا خه‌ڵكی ئێمه‌ ئه‌وسا وه‌ك له‌ناوبه‌ری جیاوازییه‌ چینایه‌تییه‌كه‌ ده‌بوونه‌ شیوعی، ئه‌گه‌رنا فەلاحەکانی ئێمە هەمووی ببوون بە شیوعی و له‌سه‌ر كێڵگه‌كانیشیان به‌رده‌وام نوێژیان ده‌كرد.

گوڵنار: ئەی بێخودو موفتی پێنجوێنی و زێوەرت بینیون؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: وەڵاهی من پەروانەی ده‌وری بێخودم!

گوڵنار: له‌ ژیانت دا به‌ خزمه‌تی گه‌یشتی؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: ئه‌ره‌وه‌لا به‌ خزمه‌تی گه‌یشتم، زۆریش به‌ خزمه‌تی گه‌یشتم، من پەروانەی بێخودم، ته‌نانه‌ت ئەبودوجانەیەکی بۆ نووسیوم، من کە نەخۆش بووم، باوکم چوبوو بۆ خزمەتی ئه‌و ئەبودوجانەیه‌ی بۆ منی نووسیوە. هەر وەختێک بینیبێتم دەستم ماچ کردووە، واته‌ به‌بێ ویستی خۆم نەمتوانیووە بیبینم و دەستی ماچ نەکەم. بێخود سۆفی بووە، واته‌ پیاوێکی موته‌سه‌ووفی پاك و بە مەعنای کەلیمە پاك، نەک كه‌سێكی خۆپه‌سه‌ند و دونیاپه‌رست، شێخانی تەریقەتیشی خۆشویستوون، بەڵام ناتوانم ناوی بێنم و بڵێم لە خزمی فڵان شێخە یا خزمی فڵان شێخی تره‌، بەڵام لەگەڵ شێخانی بیارە په‌یوه‌ندی گەرمیشی هه‌بووە، بەس ئیتر من بەو تێکەڵییە ڕانه‌ده‌هاتم، من ورد و مناڵ بووم، من شەرمم دەکرد، ته‌نانه‌ت من شێخ موحەممەدی خاڵ بەو هەموو پیرۆزییەی خۆیه‌وه‌ من دووجار نەمدەتوانی بچمە خزمه‌تی و له‌ حوجره‌كه‌ی دانیشم.

گوڵنار: لەبارەی شێخ مەحموودی حەفیدەوە چی ده‌ڵێیت؟ ئایا بینیووتە؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: بە خزمەتی گەیشتووم لە بازیان، کە لە مۆرتکە خوێندوومە لەوێ بە خزمەتی گەیشتم، منداڵتر بووم، به‌ڵام لێرە واته‌ لە سلێمانی دا لە مزگەوتە کۆنەکەی مزگەوتی گەورە کە ئێستا تێکدراوە، ئەو مزگه‌وته‌ دڵۆپەی دەکرد، شێخ مه‌حموودی حه‌فید لەوێ نوێژی دەکرد و لەبەردەم پایەیەک دا بوو، من کەوایەکی تازەم لەبەردابوو و ڕۆیشتم و چوومە خزمەتی و دەستم ماچکرد و ئه‌ویش ناوچاوی منی ماچکرد، ئیتر من چووم بۆ نوێژ و ئەو هه‌ر خەریکی نوێژەکەی خۆی بوو ئیتر، به‌ڵام هه‌ركاتێك به‌ خزمەتی گەیشتبام دەستم ماچ ده‌کرد. چونكه‌ زۆرم خۆش دەویست. به‌ڵام من دوای ڕمان و هه‌ره‌سی شۆڕشه‌كانی ده‌مبینی، چونكه‌ من له‌ كاتی شۆڕشه‌كانی دا له‌ دایك نه‌بووبووم، ئه‌وكاته‌ به‌داخه‌وه‌ شۆڕشه‌كانی له‌باربرابوون، وەڵا شێخ مه‌حموود خۆی پیاوی چاکبوو بەڵام شێخەکانی ده‌ورووبه‌ری خراپیان کردبوو.


گوڵنار: جارێك له‌ جاره‌كان نه‌وشیروان موسته‌فا ده‌یه‌وێ كۆمه‌ڵێ مه‌لای ناودار و خاوه‌ن پێگه‌ ببینێ، یه‌كێك له‌و مه‌لایانه‌ جه‌نابتی، جا پێمخۆشه‌ له‌باره‌ی ئه‌و دیده‌نیی و كۆبوونه‌وه‌یه‌وه‌ قسه‌مان بۆ بكه‌ی، ئایا هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی و خۆشه‌ویستی بووه‌ یا په‌یوه‌ندی به‌ سیاسه‌ت و حوكمداریی و ئیداره‌ی وڵاته‌وه‌ هه‌بوو؟!
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: له‌ ماڵی خۆمان دانیشتبووم شه‌وێكیان، ئه‌و شه‌وه‌ بوو كه‌ گوتیان به‌یانی زێره‌ڤانی و پارتی دێن سلێمانی داگیر ده‌كه‌ن و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ گرده‌كه‌دا ده‌كه‌ن، مه‌لایه‌كی براده‌رم ته‌له‌فۆنی بۆ كردم و گوتی: نۆزده‌ مه‌لا هه‌ڵبژێردراون بچن بۆلای نه‌وشیروان موسته‌فا، منیش گوتم: كێ و كێن؟ ناوی چه‌ند مه‌لایه‌كی هه‌ڵدا منیش حه‌زم نه‌ده‌كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا بچم. دوایی گوتیان مامۆستای دەڵگەییشمان لەگەڵدایە، گوتم دە باشە مادام ئەوتان لەگەڵدایە، دێم. چونکە مامۆستای دەڵگەیی تۆزێک چووەتە دونیاوە و دونیای بینووە و به‌ڵام باش بزانن من حیزبی نیم بەڵام ئەو هەرچۆنێک بێت جێی خۆی کردۆتەوە و لە پاڵ حیزبی ئیسلامیی دا ناسراوە، کە گوتیان منیش گوتم: ئەوە هاتم! كه‌ چووم و دەگەمە ئەوبەرەوە و كه‌س نه‌ماوه‌ نه‌یه‌ت و هه‌موویان هاتبوون، یەک دوانێک له‌و مه‌لایانه‌ قسە دەکەن، به‌ جۆرێك قسه‌یان ده‌كرد وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ نەوشیروان موستەفا وەزیری ئەوقاف بێت و هاتووە ئیش بۆ مەلا و ئێمه‌ بكات.
ئاوا قسەیان دەکرد و زۆر ناخۆشبوو، مەسەلەکەش وانییە و ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ نه‌چووبووین، ئه‌سڵه‌ن ئێمه‌ نه‌چووبووین و به‌ڵكو ئه‌و بانگهێشتی كردبووین و ده‌بوو ئه‌و ته‌رحی مه‌سه‌له‌ و قسه‌ی خۆی بكات، نه‌ك ئێمه‌ بچین تا پله‌ و مووچه‌مان به‌رز بكاته‌وه‌ وه‌ك چۆن ئه‌و دوو مه‌لایه‌مان وا تێگه‌یشتبوون و ڕووی ده‌م و داوا و خواستیان له‌ نه‌وشیروان موسته‌فا كردبوو! مەسەلەکە ئەوەنیە، مەسەلەکە مەسەلەی سیاسەت و باری ناوخۆی كۆمه‌ڵگه‌ و گرژییه‌كانی ئه‌وكاته‌ بوو! مەسەلەکە شەڕی دوو حیزبە، مەسەلەکە شەڕی براکوژییە و ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵێك مه‌لای عه‌مامه‌ پاك و ده‌مڕاست بكه‌ونه‌ نێوانه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی كوڕی خه‌ڵك جارێكی تر نه‌ڕژێته‌وه‌، مەسەلەکە شەڕی مەعاش نییە، مەسەلەکە مەسەلەی شەهادە نییە، مەسەلەکه‌ مەسەلەی تەعدیل و نقڵ نییە. كه‌چی هەرچی مەلا ده‌یگوت هەر لەو بارە دەخولایەوە، هەمووی لەو بارە خولایەوە منیش ڕەشبووم! بووم بە داخی ڕەش، له‌ دڵی خۆم دا گوتم: ئەمانه‌ لە گوێی ئاش دا نووستوون! ئەمانه‌ چین و بۆ وا ده‌كه‌ن؟! ئەم مەلایانه‌ به‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ بۆ بوون به‌م كه‌سایه‌تییه‌ و ئەم پیاوە (نه‌وشیروان موسته‌فا) کێیە و ئەو مەلایانە داوای چی لەو پیاوە دەکەن؟! مامۆستای دەڵگەییش لە پاڵمدایە، گوتم: مامۆستا بۆ خاتری خوا حەیامان چوو، تۆ قسە بکە، تۆ قسەی سیاسەت و سیاسییانه‌ بکە کە بۆ ئەمرۆ بشێ، تۆ قسەی ئەمڕۆ بکە، گوتی: وەڵا من قسە ناکەم، کەس نەما هه‌مووی به‌ ویست و مه‌یدانی خۆی پێوای و خۆی تاقیكرده‌وه‌ و قسه‌ی كرد، منیش گوتم: کاک نەوشیروان به‌ ئیجازەت منیش ده‌مه‌وێ دوو کەلیمەت عەرز بکەم و به‌ کورتەیەک ده‌یبڕمه‌وه‌! كاك نه‌وشیروان له‌ناو ئاماده‌بووان دا قسه‌یه‌كی كرد، من ئێستا قسه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كه‌مه‌وه‌ ئیتر حەق بێت یان ناحەق بێت قسەکەی نەقڵ دەکەم، گوتی: مامۆستا تۆ موفتی ئێمەیت، موفتی میللەتەکەی ئێمەیت، وەڵا وەڵا هەرچی بڵێی و پێم بکرێت بە گوێت دەکەم و بۆتی ده‌كه‌م، ئەم شاهیدی دانه‌ بۆیه‌ ده‌گێڕمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دەبێت من سادقانە قسە بکەم، منیش گوتم: کاک نەشیروان ڕۆڵی ئێوە بۆ ئۆپۆسزیۆن و موعارەزەیە، پێشەکی من بە ئه‌زموونی خۆم، بە عەقڵییەتی خۆم پیرۆزباییت لێ دەکەم بۆ موعارەزەبوونت و لەم ڕۆڵەت کە دەیبینیت و ده‌یگێڕیت، چونکە ئەگەر موعارەزه‌ و ئۆپۆسزیۆن نەبێت دیکتاتۆریی و ئیستیبداد سوار كۆڵی حکومەت دەبێت، لەبەر ئەوە پیرۆزباییت لێدەکەم، لەو گۆشەیەوە ئەمە یەک خاڵ و یەک خاڵی تریشم ماوە، خاڵی دووهەم کاک نەشیروان من چی بە تۆ بڵێم؟! تۆ پێشمەرگەیەکی دێرینیت، ئاگات لە ئەحداسەکان هەیە، چی لە کورد کراوە؟ چی بۆ کورد کراوە؟ چی بەسەر هاتووە؟ چی مەسیری مەعدومی ڕەشیەتی هەر هەمووی تۆ لە پێش چاوتە! ئێمەش وەک مەلایەکی کۆن تەئریخێکمان هەیە، هەندێک له ژیانی تۆ دەزانین، وە مەسیری میللەتەکەی خۆشمان دەزانین بەرەو کوێ دەڕوات، ئیتر من چی بە تۆ بڵێم باسی ئەنفالت بۆ بکەم، باسی کیمیابارانت بۆ بکەم، باسی دەربەدەرییت بۆ بکەم، باسی قوڕبەسەرییت بۆ بکەم، کەوابوو من یەک کەلیمە قسەم ماوە، دووهەمەکەم ئەم کەلیمە قسەیەیە، تو زاتی خوا، ئەمجارەش تو زاتی خوا ئەگەر ئیمکانت هەیە و دەسەڵاتت هەیە یەکبوون بكه‌نه‌ بنه‌مای كاره‌كانتان، یەک بن، کورد یەک بخه‌ن، ئیتر بەسییەتی یەک بن با دوژمن ته‌فره‌مان نه‌دا له‌مه‌ زیاتر، ئەگەر یەک بوون ئیتر جارێکی تر چەکمە ڕەق سواری ملمان نابێتەوە، وە السلام علیکم!

کاکە ئەو پیاوە (نه‌وشیروان موسته‌فا) پێشتر كه‌ مه‌لاكان قسه‌یان بۆ كردبوو و داوای به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سیی خۆیانیان كردبوو ڕەش داگیرسابوو، وه‌ڵا به‌ قسه‌كانی من گەش بووەوە وەکو ئەو گڵۆپەی لێ هات كه‌ به‌سه‌رمانه‌وه‌یه‌، گەش بوەوە بە قسەکانی من چونکە هەر چی باسكرا بوو باسی خانه‌نشینی و باسی مەعاش و باسی تەرفیع شەهادە و ئەمەی بۆ کرابوو پێشتر، بیست کەس به‌ عه‌مامه‌ و جلی مه‌لایه‌تییه‌وه‌ ئەوە بڵێت و ئه‌وه‌ باس بكات و ئه‌وه‌ داوا بكات توخوا ئەمە عەیب نییە؟! یەک کەلیمە سیاسەتی تێدا نەبێت توخوا ئەمە عەیب نییە؟ ئەی تۆ لە سیاسەت نازانی بۆ دەچیت؟


گوڵنار: ئەی کاک نەوشیروان چی گوت دوایی؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: کاکە نەوشیروان گوتی: مامۆستا سوێند بە خوا، ئه‌مجاره‌ش دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه‌ سوێند بەخوا ئەمجارەش ئەگەر دەسەڵاتم هه‌بێت، ئەگەر توانام هه‌بێت، ئەگەر بۆم بکرێت و ڕێم پێ بده‌ن وەڵاهی ئەوەی تۆ دەیڵێیت من ئەوە دەکەم و ئه‌وه‌ ئامانج و ئاواتمه‌، وەڵا لا نادەم لەوە، ئه‌و قسانه‌ی تۆ كردتن قسه‌ی دڵی منیشن و مه‌بده‌ئ و ڕێبازی ژیانی منیش بوون!


گوڵنار: مامۆستا خودی نه‌وشیروان موسته‌فات بە پیاوێکی چۆن هاتە بەرچاو؟!
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: ئەو زروفە وه‌زعی زۆر باش بوو، ئێ خۆ ئەوەی لێ دەرچوو ئێستەش لەوەوە خەڵک فێره‌ قسە بوو، خەڵک لەوەو پێش هەر نەیدەوێرا قسە بکات، چی بکرایە هەر دیکتاتۆریەت بوو، هەر فەرز فەرز بوو، بەڵام خەڵک هیچ نەبێت به‌هۆی نه‌وشیروان موسته‌فاوه‌ زاتی شکا، بەهۆی ئەوانەوە بووه‌، چونکە قوەتێک بوون ئەو بەشێکی هەبوو لە حیزبێکی گەورە.


گوڵنار: باسی ئایین و ئیسلام و په‌یوه‌ندی به‌ كورده‌وه‌ بۆ نه‌كردن، یا باسی ئه‌وه‌ی نه‌كرد كه‌ ئایا ئیسلام چاره‌سه‌ره‌ بۆ كۆمه‌ڵگه‌؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: نەیکرد، هیچی تری نەکرد و نه‌گوت، ئەمە دەقی قسەکەیە کە عەرزم کردی، کەلیمەم نەپەڕاندووە، نە زیادم گوتووە نە کەم، بۆیەشه‌ بە دەقیقی عەرزم کردی بۆ ئه‌وه‌ی سەد لە سەد لێم وەرگریت.


گوڵنار: تۆ وەکو زانایەکی ئایینی و ئیسلامیی چ ئومێدێکت بەو هەبوو تا لە ژیاندا بوو بەوەی کە هیچ نەبێت جیاوازتربێت له خەڵک و ده‌سه‌ڵاتداری تر؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: وەڵاهی ئەوەی ئاخیرم پێ باش بوو (بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و ئۆپۆسزیۆن بوونه‌كه‌ی)، ئەوەی کە لەوەو پێش کردبووی من هەموویم بەلاوە مسۆگەر نەبوو، هەندێکیم بە ڕاست دەزانی و هەندێکیم بە ڕاست نەدەزانی، بەڵام وەکو حیزبێکی سیاسیی لە ناو سیاسەتێک دا ژیاوە و ده‌مزانی بیروباوه‌ڕ و ڕەفیقەکانی کێن، بەڵام بە جدی وەکو ئەمەلی دین و ئایینداری وەڵا ئەمەلی دینم بە هیچ حیزبێک نییە.


گوڵنار: کە نه‌وشیروان موسته‌فا کۆچی دوایی کرد هەڵوێستت چی بوو؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: وەڵا پێم ناخۆشبوو حەزم دەکرد نەمردایە لەو کاتەدا، چونکە ئەمەلێک بوو به‌هۆیه‌وه‌ خەڵکێکی تریش باش بێت، ئەو ئەمەلەم نەما! بەڵام ئه‌وه‌م بیرچوو كه‌ له‌ دیده‌نییه‌كه‌مان له‌گه‌ل مه‌لاكان، كه‌ هاتینه‌ ده‌ره‌وه‌ و ئه‌ویش بۆ به‌خێرهێنانمان به‌ڕێی كردین، دەستی گوشیم و گوتی: مامۆستا بەڕاستی، بەڕاستی زۆر سوپاست دەکەم، زۆر دڵخۆشبووم بە قسەکانت، ئەوەندەی بە من گوت و نەیشیهێشت كه‌سیش گوێی لێبێت، دوای ئەوە خەڵکەکە بانگ دەکات خەڵکی بە زۆر لەوێ بوون، بانگیان دەکات یەکێک لەوانە کوڕەکانی مامۆستا مه‌لا سەعیدی زمناکۆیی بوون، لەوەوپاش وەزیر بوون، یانی زۆر نزیک بوون لێوەی، لە دوایی دا خزمێکی ئێمە ئێستەش لەوێیە و من نەمدەزانی لەوێیە موحەممەدی ناوە، کوڕێکی نوێژکەرە و باوکی پارتیە، خۆی زوڵم و فەقیری وای لێ کردووە چووە بۆ کرێکاری بۆ ئەوێ، بەڵام کە دەچێتە ئەوێ چوونی ئەوێی سادقانە ئیشی خۆی دەکات و وە زەرەریشی بۆ کەس نییە، وەکو ڕەسمیات ئەندامێکە لەوێ، (كاك نه‌وشیروان) بانگی ئه‌و كوڕه‌ دەکات و دەڵێ وەرە موحەممەد و خەڵکەکەش بانگ دەکات و دەڵێت: خەڵکینە وەڵا وە بیلا وە تەڵایی، سوێند بەخوا ئەو مەلایانەی ئێمە ئا ئەم تاقە مەلایەی لێده‌رچێ و هه‌ر ئه‌مه‌مان هەیە کە خۆی نەفرۆشتووە بە سیاسەت، کە هیچ حیزبێک نەیتوانیوە بیکڕێت، ئه‌م قسەیه‌ قسەی ئەوە، ئیتر ئەو قسەیەیان هێنا بۆ من، گوتم: وەڵا من سوپاسی دەکەم، کە ئەو شایەتییەی بۆ من داوە و وەڵا ممنونیم و بەخوا ڕاست دەکات من بە پارە خۆم نەفرۆشتووە بە کەس، وەڵا ساڵێک چوومەتە دەرەوە لە هەموو کەس فەقیرتربووم وەڵاهی ئەو ساڵە کە لە دەرەوە پێشمەرگە بووم وەڵا غەیری ڕاستی عه‌بدوڵڵا نەیکردووە، غه‌یری ڕاستی نه‌مگوتووه‌، وە لە هەموو مەلاکانیش عاجز بووم، وە له زۆربەی پێشمەرگەکانیش عاجز بووم چونکە بە دڵم نەبوون، وەڵاهی وە بیلاهی خۆی پێشمەرگایەتی پیرۆزە، بەڵام پێشمەرگە بیت و سته‌م بكه‌ین مرۆڤێكی قێزه‌ونت لێده‌رده‌چێت! تا ڕۆژێک بە کۆمەڵێکم گوت: گوتم نە خەڵک بکوژن، نە عەسکەر بکوژن، چونكه‌ عەسکەریش خەڵکێكی سڤیل و بێده‌سه‌ڵاته‌، به‌ڵكو جاش بکوژن، جاش پارە وەردەگرێت و ئێوە دەکوژێت، پارە لە حکومەت وەردەگرێت بۆ کوشتنی ئێوە و پێشمەرگە، به‌ڵام زۆرجار ڕێكده‌كه‌وێت من عەسکەرم و بە شەق دەمنێرن و چەکم دەدەنێ بێم ئێوە بکوژم، من چی بکەم، نەتانکوژم، ئێوه‌ دەمکوژن لە دواوە، ئێوە شەڕ لەگەڵ عەسکەر مەکەن، شەڕ لەگەڵ جاش بکەن، ئەگەر جاش نەمێنێت کەس نامێنێت کورد بکوژێت.


گوڵنار: مامۆستا پەیوەندیت لەگەڵ سۆفیگەریی و ته‌سه‌ووف دا چۆن بوو؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: من خۆم کوڕە دەروێشم، باوکم دەروێشە، باوکم دەروێشێکی شەرعی بوو الحمدالله، باوكم مامۆستاکەی مامم بوو كه‌ باسمده‌كرد و له‌ گونده‌كه‌ی خۆمان ده‌رسی پێده‌گوتن، تەبعەن باوکم برا گەورە بوو مامم برای دووهەمیان بوو، بەڵام باوکم دەروێشێکی شەرعی و ڕاسته‌قینه‌ بوو، باوه‌ڕم پێ بکە نەڵێم باوکی خۆمە لە تەمەنی فەقێیەتی و مەلایەتیمەوە نەمتوانیوە یەک تاقە نوقتەی ناشەرعی و خیلافی شەرع لە باوکم دا بدۆزمەوە، یەک نوقتە خیلافم تێدا نەدۆزیوەتەوە لە خوا بەزیادبێت، هەموو ژیان و دانیشتنی شتێکی شەرعی بوو و بەس، گریانی هه‌بوو لەبەر خوا، زیکری هه‌بوو لەبەر خوا، شەونوێژی هه‌بوو لەبەر خوا، بەڵام ئەوەی کە دەروێش و دێوانە دەیکه‌ن پێی درووست نه‌بوون، ئەو هەلەی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی نه‌ده‌قۆسته‌وه‌، دونیا ببووایە بە ئاگر ئەو بەخەیاڵی دا نەدەهات، دونیا ببووایە بە دوپشک و مار شتێکی وای نەدەکرد خه‌ڵكێك بڵێن ئه‌مه‌ ده‌روێشه‌، دونیا ببووایە بە تێغبازی پێی پەسەند نەبوو.


گوڵنار: جه‌نابت به‌ خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا عه‌بدوڵڵای بێژوویی گه‌شتووی؟
مەلا عه‌بدوڵڵا پەرخی: قوربان کە بە خزمەتی دەگەیشتم، دەیفه‌رموو: ئەوە هاربووی گەیشتیتە ئێرە؟! منیش بۆ ئەوەی هەروام پێ بڵێ دەچووم سەلامم لێ دەکردەوە، حەزم دەکرد ڕۆژی سەدجار وام پێ بڵێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن