ناسر هەركی، پەرلەمانتاری پارتی: فواد حسێن تاكە وەزیرە؛ هیچ مەلەفێكی ناشەرعی لەسەر نیە
06:29 - 21/05/2020
سازدانی: زەمەن
ناسر هەركی، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق، گەشبینە بە حكومەتی نوێی عێراقو دەڵێت چاوەڕوانی كردارن لە مستەفا كازمی.
ناسر هەركی، لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ "زەمەن" پەرتەوازەیی لایەنە كوردییەكان ناشارێتەوەو هۆكارەكەشی بۆ "بەرژەوەندی حزبی" دەگەڕێنێتەوە. سەبارەت بەكاندیدكردنی فواد حسێن كە كاندید پارتیە بۆ وەزیری دەرەوەی عێراق, هەركی وتی كە ئەو كەسێك پاكەو ئومێدیان وایە لە رۆژانی داهاتوودا لە پەرلەمان دەنگی تەواو بەدەستبهێنێت.
زەمەن: با لە حكومەتی نوێی عێراقەوە دەستپێبكەین، پێتانوایە پشكو سەنگی كورد لە كابینەكەی مستەفا كازمی رەچاو كراوە؟
ناسر هەركی: سەرەتا ئێمە لەگەڵ ئەوەبوین حكومەت دەنگی پێبدرێتو حكومەتی كازمی متمانە وەربگرێت، چونكە لەم قۆناغەدا عێراق لە دۆخێكی ناهەموارو هەستیاردایەو مەترسی لەسەر هەموو عێراق بە كوردستانیشەوە دەبێت، بۆیە هەر لەسەرەتاوە پشتگیریمان لە كازمی كردو دەنگیشمان پێدا، ئێمەش چاوەڕوانین بزانین چی دەكات، كێشەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عێراق داننەنانە بە مافی خەڵكی هەرێمو رەنگە یەكێك بێت لە هۆكارەكانی ناسەقامگیری عێراق، دەركەوت ئەو سیاسەتانەی پێشتر پەیڕەو كراون نە لە بەرژەوەندی شیعەو سوننە نە لە بەرژەوەندی كوردیشدا نەبوون، ئێستا دەسەڵاتێكی نوێ هەیەو دەبێت سود لەو هەڵانە وەربگرێت كە بەرامبەر خەڵكی عێراق كراون، دەبێت سیاسیەتی پەراوێزخستن وەلابنێن بیر لە شێوازێكی نوێ بكەنەوە.
زەمەن: لەسەر كێشە هەڵپەسێردراوەكان كازمی هیچ بەڵێنێكی بە لایەنی كوردیداوە؟
ناسر هەركی: زۆر كەس قسەی كردووەو بەڵێنیداوە، ئێمە چاوەڕوانی كردارین لە مستەفا كازمی، ئێمەش خاوەنی قەوارەیەكی دەستوورینو وانەبێت كە هیچمان لە دەستنەیەت، داننان بە مافی كورد هەر لە بەرژەوەندی كورد نیە لە بەرژەوەندی هەموو عێراقە هەتا ئێستا ئەوەی هەستی پێدەكەین بیركردنەوەیەك هەیەو ئەمەل هەیە لە داهاتوودا عێراق بەرەو قۆناغێكی باش بڕوات.
زەمەن: بۆچی لایەنە كوردییەكان بە جیا هەم گفتوگۆیان لەگەڵ كازمی كرد هەمیش كاندیدیان هەبوو؟
ناسر هەركی: خۆت ئەزانی لە كوردستاندا پەرتەوازەیی هەیە ناتوانین بیشارینەوە، لە پێش هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانەوە هەوڵماندا كورد ببێتە یەك لیستو بە یەك تیم بچێتە بەغدا، ئەگەر هاتوو هێزە عێراقییەكان ئامادەنەبن دان بە مافی كورددا بنێن هەر بەشداری هەڵبژاردن نەكەین ئێمە لەسەر ئەم سیاسیەتە بەردەوامین، خۆتان دەزانن جەنابی سەرۆكی هەرێم چەند خەمی تەباییو یەكڕیزی هەیە و لیژنەی تایبەتی دانا، بەڵام بەداخەوە تائێستا ئەم هەوڵانە سەركەوتوو نەبوون لەبەرئەوەی لێرەو لەوێ هەندێك خەڵك بیر لە بەرژەوەندی خۆی دەكاتەوە، لاوازی هێزە كوردستانیەك لاوازی كورددە لە بەغدا.
زەمەن: لایەنەكان رەخنە لە پارتی دەگرن و دەڵێن داوای یەكڕیزی دەكاتو بەڵام پۆستەكانی بۆ خۆی دەوێت؟
ناسر هەركی: ئێستا لە بەغدا سێ پۆستی وزاری هی كوردن ئێ نابێت لایەنێك 25 كورسی هەبێتو لایەنێكیش یەك كورسی هەبێت وەكو یەك مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت، شتێكی ئاسایی داوای ئیستحقاقی هەڵبژاردنی خۆت بكەیت مانای ئەوە نیە داوای حەقی لایەنی تر دەكەیت، دوو پۆستی وزاری بەشی پارتینو بۆ پۆستەكانی تر گفتوگۆ بەردەوامەو یەكلانەكراونەتەوە.
زەمەن: ئێستا ئاستی بەشداری كورد لە سلكی ئەمنی و حكومی عێراق چەندە؟
ناسر هەركی: ئێستا باوەڕ ناكەم لەسەدا یەكو دوو تێپەڕ بكات، رێژەی كورد لە ناو دامودەزگا ئەمنیەكانی عێراقدا زۆر زۆر كەمەو بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، بەشداریكردن لە دەزگا ئەمنیەكاندا بۆ ئێمە زۆر گرنگە، بەڵام بەداخەوە هۆكارەكەی پەرتەوازەیی لایەنە كوردییەكانو بەشێكیشی ئەوەیە خەڵكی ئێمە ئامادە نیە وەكو سەربازێك بچێتە ناو سوپای عێراق.
زەمەن: پێتانوایە هۆكارەكەشی ئەوەبێت ئێستا لە كوردستاندا هەر كەس باسی عێراق بكرێت پارتیو راگەیاندنەكانی بە عێراقچیەتی تۆمەتباری دەكەن؟
ناسر هەركی: نەخێر وانیە، ئێستا ئێمە هەموومان بەشێكین لە عێراق، پارتی بەرژەوەندی گەلی كوردستانی دەوێت و هەوڵمانداوە هەموو كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەین كە ئەوەش داخوازی خەڵكی كوردستانە، بۆ هەر بڕیارێكی سیاسیش بێت عێراق بۆ ئێمە گرنگە، هیچ كات پارتی ئامادەنەبوو موساوەمە لەسەر بستێك خاكی كوردستان و مافە دەستوورییەكانی بكات.
زەمەن: بەڵام ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربین لەگەڵ كابینەی مستەفا كازمی ئەوەندەی باسی پۆست كراوە ئەوەندە باسی كێشە هەڵپەسێردراوەكان نەكراوە؟
ناسر هەركی: نەخێر، لیژنەی مفاوەزات كاتێك چووەتە بەغدا پاكێجێكی پێبووە، كێشەی سەرەكی كورد لەگەڵ هەموو حكومەتەكان كێشەی ماددەی 140و پێشمەرگەو یاسای نەوتو غازە، لە هیچ دانوستانێكدا ئەو مەسەلانە پشتگوێنەخراون.
زەمەن: پۆستی وەزیری دەرەوە بەر پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتووەو فواد حسێن كاندیدە پێتوایە لە پەرلەمان دەنگی پێویست بهێنێت؟
ناسر هەركی: ئێمە شانازی بە دكتۆر فوادەوە دەكەین تاكە وەزیرێك بوو بە شاهیدی كوتلە عەرەبیەكان هیچ مەلەفێكی ناشەرعی لەسەر نیەو كاری وەزارەتی كردوەو تەنیا پارێزگاری لە قوتی خەڵكی كوردستان كردووە، ئەو كەسایەتیەكی دیارو دیبلۆماسیەو پاكەو سەركەوتوو دەبێت، ئێمە ئومێدمان وایە لە رۆژانی داهاتوودا لە پەرلەمان دەنگی تەواو بەدەستبهێنێت.
زەمەن: گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا بەكوێ گەیشتوون ئایا بەردەوام دەبن؟
ناسر هەركی: بێگومان بەردەوام دەبن، رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق ئەولەوییەتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو پێویستە رێكبكەوین و بگەینە ئەنجام لەگەڵ حكومەتی عێراق، بۆ ئەوەی خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بزانێت حكومەتی هەرێم لە كێشەكان بەرپرسیار نیە، حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ئامادەنەبوون كار بە دەستوور بكەن، ئەگەر بێتو حكومەتو پەرلەمانی عێراق ئامادەبونایە بەپێی دەستووری كێشەكان چارەسەر بكەن ئێستا كێشەكان زۆر زۆر كەم دەبوون.
زەمەن: بەغدا داوای نەوتو داهاتی خاڵە سنوورییەكانو لیستی موچەی فەرمانبەرانی كردووە ئایا هەرێم بەمە رازی دەبێت؟
ناسر هەركی: ئەم مەرجانە بەچی جێبەجێ دەبن؟ بە دەستوور جێبەجێ دەبن، نەوت بە یاسای نەوتو غازو داهاتەكانیش بەو شێوازە دەبێت كە لە دەستووردا دیاریكراوە كە حكومەتی هەرێمو بەغدا بە لیژنەی هاوبەش سەرپەرشتی داهاتەكان بكەنو بە شێوەی دادپەروەرانە دابەشبكرێن، ئێمە دەزانین لە خاڵە سنوورییەكانی عێراق چی دەگوزەرێت رێژەیەكی كەمی داهات دێتە خەزێنەی حكومەتی عێراقی، بەداخەوە خەڵك موویەك لە چاوی حكومەتی هەرێم دەبیننو گایەك لە چاوی حكومەتی عێراق نابینن.
زەمەن: ئەگەر هەر رێكنەكەون هەڵوێستی ئێوە چی دەبێت، لە حكومەتی كازمی دەكشێنەوە؟
ناسر هەركی: هەر كاتێك رێكنەكەوتن ئەوكاتە حكومەتی هەرێم دەتوانێت بڕیارێك بدات، بۆچی لە ئێستاوە بڵێن رێكناكەوین ئیشاڵا رێكدەكەوین، پەیوەندی بەردەوام هەیە لەگەڵ مستەفا كازمی، رێككەوتن لە بەرژەوەندی هەموو گەلی عێراق.
زەمەن: ئێوە رەخنە لە عێراق دەگرن كە گەندەڵە بەڵام تائێستاش دەتوانێت موچەی فەرمانبەرەكانی بدات؟
ناسر هەركی: خۆ تەنیا پارتی ناڵێت گەندەڵی هەیە هەموو راگەیاندنەكانی عێراق وا دەڵێن، لە ریزی وڵاتە گەندەڵەكانە، لە ساڵانی رابردوو هەرچەندە بودجەشی بڕدرا بەڵام حكومەتی هەرێم توانی خەڵكی خۆی بەخێو بكات ئەگەرچی موچەی تەواوەتی نەدا، عێراق بە زۆر موچەی مانگی پێنجی دابینكردووەو ئەگەر چاكسازی نەكاتو خاڵە سنوورییەكان كۆنترۆڵ نەكاتو داهاتەكانی نەگەڕێتەوە حكومەت چونكە داهاتی وەزارەتەكان تەنیا وەرەقەیەو سویلە نیە ئەگەر چاكسازی نەكات ناتوانێت موچە بداتو دەبێت پەنا بۆ قەرز ببات.