سەرۆکی فراکسیۆنی تورکمانی: ئاساییە بە 138 دەنگ بووم بە پەرلەمانتار
05:21 - 12/05/2020
سازدانی: رەهەند حەسەن
بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی
كوردستان خاوەنی یەک كورسین، هیمداد سەباح، سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لەم
چاوپێكەوتنەی “زەمەن” دەڵێت: سیستمی كۆتا سیستمێكی باشە بۆ پێكهاتەكان، ئێمە وەكو
توركمان لەگەڵ ئەوەداین ئەو رێژەیەی ئێمە كە پێنج كورسییە زیاتر بكرێت.
سەبارەت بەوەی خۆی بە
138 دەنگ بووەتە پەرلەمانتار، دەڵێت: زۆر ئاساییە، چونكە ئێمە پێكهاتەیەكین و تایبەتمەندیمان
هەیەو یاساو سیستمی كۆتامان هەیە. ئەو یاسایەش هەموو حزب و لایەنەكان دەنگیان پێداوە.
* پلانتان بۆ داهاتوو چی دەبێت، لە پەرلەمانی
کوردستان؟
- پلانم ئەوەیە بەگشتی ئەو پڕۆژەیەی كە لە خزمەتی
هاوڵاتیاندایە بێشك لەگەڵی دەبم، ئەوە بێجگە لەوەی بۆ پرسی نەتەوەی توركمانیش چەند
پڕۆژەیەكم هەیە. ئەوانیش بە یاساییكردنی مافەكانی توركمان و دانانی رۆژێكی نەتەوەیی
بۆ توركمان و بەشداریكردنمان لە بەڕێوەبردنی وڵات و چەندین پرسی دیكەدا.
لەبوارەكانی رۆشنبیریی
و پەروەردەییەوە بەتایبەتی هەبوونی هەیكەلیەو یەكەی ژمێریاری بۆ هەردوو دامەزراوەی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیریی و هونەری توركمانی و پەروەردەی توركمانی.
* زۆرجار دەوترێت پەرلەمانی كوردستان وەك دامەزراوەی
یاسادانان رۆڵی زۆری نییە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵك، بە رای ئێوە چۆن ئەم دامەزراوەیە
كارا بكرێتەوە؟
- پێموایە بە پێچەوانەوە رۆڵی پەرلەمان لە قۆناغ
و سەردەمەكان رەنگە جیاواز بووبێ، بەڵام ئێستا زۆر گەشبینم كە خولی ئێستا دەتوانێ
لەڕێی پڕۆژەی تازەو هەمواری یاسا كۆنەكانەوە، خزمەتێكی باشی خەڵكی بكات و كێشەكانیان
چارەسەر بكەین.
* بەرەی توركمانی بەوە تۆمەتبار دەکرێ کە زیاتر
لە توركیاوە نزیكە، بۆ ئەم تۆمەتە چ وەڵامێکتان هەیە؟
- هەروەك پەیوەندی حزب و لایەنەكانی تری هەرێم،
ئێمەش پەیوەندیمان لەگەڵ وڵاتانی ئیقلیمیی لەو ئاستەدایە کە ئەوانی تریش هەیانە. سەبارەت
بە حزب و لایەنەكانی تری توركمانیش رێزم بۆ فرە حزبیی و ئایدۆلۆژیاو بیرو بۆچوونی
جیاوازیان هەیە.
* مافی نەتەوەیی توركمان تا چەند لە ناو سیستمی
حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا جێگیر كراوە؟
- ماف نادرێ و وەردەگیرێت، دیارە لەسەردەمی ئێستاماندا
هیچ میللەتێك نییە بڵێی بە هەموو مافەكانی گەیشتبێ. ئێمەش كە لە پەرلەمانین بۆ ئەوەیە
كە لەكوێ كەموكوڕی هەیە چارەسەری بكەین و هەوڵ بدەین مافەكانی تریش بەدەست بهێنین.
* پێشترو ئێستاش گفتوگۆیەكی زۆر هەیە لەسەر مەسەلەی
حەق و ناحەقیی كورسی كۆتا بۆ پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیەكانی كوردستان، پێتانوایە لەكاتی
هەڵبژاردندا چۆن سیستمێكی تایبەت بۆ كۆتای توركمان و مەسیحی دابنرێ؟
- سیستمی كۆتا سیستمێكی باشە بۆ پێكهاتەكان، ئێمە
وەكو توركمان لەگەڵ ئەوەداین ئەو رێژەیەی ئێمە كە 5 كورسییە زیاد بكرێ. چونكە ئەوە
لەگەڵ رێژەی توركمان لە هەرێمی كوردستاندا ناگونجێ، ئێمە دووەم نەتەوەین بۆیە دەبێ
ئەو رێژەیە زیاد بكرێت دوای ئامارو بەدواداچوون.
* پێتوایە لە پەرلەمانی كوردستان فراكسیۆنە
توركمانییەكان زیاتر كاریان بۆ خزمەتی پێكهاتەكەی خۆیان كردووە یاخود حزبە دەسەڵاتدارەكان؟
- بەڕای من خەڵك و هاوڵاتی و شەقام سەنگی مەحەكن
و ئەوان دەزانن كێ خزمەتی كردووە یان نا.
من حزب و ئایدۆلۆژیای خۆم هەیەو هەر لایەنە و بیروبۆچوون و ئایدۆلۆژیای تایبەتی خۆی
هەیە، بۆیە ماف بە خۆم نادەم باس لە سیاسەت و كاری حزبی خەڵكی تر بكەم.
* چۆن لە پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و
توركیا دەڕوانی؟
- توركیا وڵاتێكی بەهێزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
و هاوسێی ئێمەیە، بۆیە دەبێت پەیوەندییەكانمان لەڕووی سیاسی، رۆشنبیریی و كۆمەڵایەتی
و بازرگانییەوە زۆر بەهێزتربێ. هەرچەندە ئێستا پەیوەندییەكان زۆر باشن، چونكە توركیا
دەروازەیەكی زۆر بەهێزیشە لە نێوان ئێمە و ئەوروپادا.
* ئێوە بە 138 دەنگ بوونە پەرلەمانتار، پێشتر
پێشبینیت دەكرد بەو ژمارە دەنگە كەمە ببیتە پەرلەمانتار؟
- زۆر ئاساییە، چونكە
ئێمە پێكهاتەیەكین و تایبەتمەندیمان هەیەو یاساو سیستەمی كۆتامان هەیەو ئەو یاسایەش
هەموو حزب و لایەنەكان دەنگیان پێداوە، بۆیە زۆر ئاساییە.