لەنێوان "تاعوون" و "کۆرۆنا"دا
07:12 - 19/03/2020
ئازاد بەرزنجی
نازانم بۆچی هەر لە یەکەم ڕۆژی هەواڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی"کۆرۆنا"ەوە لە "ووهان"ی چین، یەکسەر ڕۆمانی "تاعوون"ی "ئەلبێر کامۆ"م هاتەوە یاد، کە لە ساڵانی هەشتاکاندا بە عەرەبی خوێندوومەتەوە. ئەو ڕۆمانەی بووە مایەی ناوبانگێکی گەورە بۆ کامۆ و دواتریش خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب بە نووسەرەکەی بەخشرا.
لەم ڕۆمانەی کامۆدا، کە لە ساڵی ١٩٤٧ دا نووسیویەتی، لەپڕێکدا تاعوون لە شاری "وەهران"ی جەزائیر دەدات، بەوەی سەرەتا وەکو دیاردەیەکی نائاسایی، ژمارەی مشکە تۆپیوەکان لەسەر شەقام و کۆڵانەکانی شارەکە، ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکات. بەمەدا دکتۆر ڕیۆ(کە پاڵەوانی سەرەکیی ڕۆمانەکەیە) بۆی دەردەکەوێ کە ئەمە تاعوونە و داوا لە دەسەڵاتدارانی شارەکە دەکات ئەم پەتایە بە هەند وەربگرن و شارەکە کەرەنتینە(نەک ڤارێز) بکەن و ئیتر بە فەرمی هەواڵی بڵاوبوونەوەی پەتاکە پشتڕاست دەکرێتەوە.
بەمجۆرە، خەڵکی شار بۆیان ئاشکرا دەبێت کە تاعوون لە شارەکەیانی داوە و فەرمان دەردەچێت کە دەبێ هەموو لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و شارەکە وەکو زیندانێکی گەورەی لێ دێت.
لەم سەروبەندەدا، کاردانەوەی جیاوازی کەسەکان دەبینین بەرامبەر بەم پەتایە. هەیە دەیەوێ بارەکە بقۆزیتەوە بۆ کاری ڕەش و بازرگانی، هەیە بە هەند وەریناگرێت، هەیە بەتەنها خەمی ڕۆحی خۆیەتی و بەس، لەولاشەوە قەشەی شار لە وتارێکی دینیدا بە خەڵکەکە ڕادەگەیەنێت کە ئەوە غەزەبی خوایە و بەسەریاندا باریوە، چونکە هەموو لە خراپەدا نوقم بوون و لە خوا دوور کەوتوونەتەوە، بۆیە باشترین شت ئەوەیە چاویان لە ئاسمان بێت و دەست بە دووعا و نزا بن و چاوەڕێی لوتفی خودا بن.
بەڵام لە سەرێکی ترەوە دکتۆر ڕیۆ دەبینین، کە هەر لە سەرەتاوە بڕیاری داوە دژ بەو تاعوونە بجەنگێت و خۆی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە نەزر بکات و هاوکارییان بکات و بە دوای چارەسەرێکی ئەو پەتایەدا بگەڕێت. بۆیە لەئاست ئەو قسانەی قەشەدا، بە تارۆی هاوڕێی دەڵێت( کە ئەویش هاوکاری ڕیۆیە): " وا چاکتر نییە ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە دژ بەم مەرگە خەبات بکەین و دەستەوئەژنۆ دانەنیشین و چاو نەبڕینە ئاسمانێک کە لە ئاستماندا بێدەنگە؟".
تاعوونەکە کاری خۆی دەکات تا ئەو ڕادەیەی خەڵکێکی زۆر دەکوژێت و بە ناچاری تەرمەکانیان دەسووتێنن. بەڵام دوای تێپەڕینی چەند مانگێک لە خۆڕاگرتن و تێکۆشان دژ بە پەتاکە و هاوکاریی نێوان مرۆڤەکان، پەتاکە کۆتایی دێت و لەنێودەچێت.
ئەم ڕۆمانە دەکرێ لەسەر چەند ئاستێک بخوێنریتەوە. دەکرێ وەکو ڕۆمانێکی ڕیالیستی سەیری بکەین و لە هەمانکاتیشدا وەکو ڕۆمانێکی سیمبوڵیک، کە تێیدا تاعوون هێزێکە نوێنەری جۆرەکانی خراپەیە"شر". تاعوون هیچی لە جەنگە گەورەکانی دونیا کەمتر نییە ئەگەر زیاتر نەبێت، چونکە لەکاتێکدا لە جەنگە مرۆییەکانیدا دوژمن وێنە و وێنایەکی ڕاستەقینەی هەیە و بوونێکی ماتەریی بەرجەستەکراوی هەیە، لە تاعوون و پەتا هاوشێوەکانیدا، دوژمن نەبینراوە. بۆیە دەکرێ وەکو کامۆ خۆیشی لە نامەیەکدا کە بۆ ڕۆڵان بارتی نووسیوە، تاعوونەکەی نێو ڕۆمانەکە بە سیمبوڵێک بۆ نازیزم و کۆکوژی و گرتووخانە دەستەجەمعییەکانی و ئەو ترسەی لای مرۆڤەکان دروستی دەکات، لە قەڵەم بدەین. چونکە وەکچۆن تاعوونی سروشتی و بایۆلۆجی هەیە، تاعوونی سیاسییش هەیە، کە خۆی لە دەسەڵاتە سەرکوتکەر و تۆتالیتار و ناعادیلەکانی دونیادا دەبینێتەوە.
بەلای کامۆوە، وەک ئەوەی مرۆڤ بوونەوەرێکە وەکو سیزیف مەحکوومە بە ژیان و دواجاریش مەحکوومە بە مەرگ(کە دەشێ لە خوێندنەوەیەکی تری ڕۆمانەکەشدا تاعوونەکە سیمبوڵ بێت بۆ ژیان خۆی)، بەڵام وێڕای ئەمە، مرۆڤ دەبێ بە ڕۆحێکی یاخییەوە بەرامبەری بوەستێتەوە و ڕادەستی نەبێت، واتە مرۆڤ مەحکوومە بە یاخیبوونیش لە ژیاندا، ئەگینا هیچی لەگەڵ گیانەوەرەکانی تردا جیاواز نابێت.
دکتۆر ڕیۆ لە ڕۆمانەکەدا نموونەی ئەو مرۆڤە یاخییەیە کە زمانحاڵی دەڵێت: من بەرامبەر بە تاعوون یاخی دەبم، کەواتە هەم، بەڵام ئەو لە خەمی هەموواندایە و کار بۆ ڕزگارکردنی ئەوانیش دەکات، بۆیە کۆجیتۆکەی وای لێ دێت: من دژ بە تاعوون یاخی دەبم، کەواتە من هەم، کەواتە ئێمە هەین، واتە یاخیبوونێک لەپێناوی هەموواندا. ئەوتانێ ڕیۆ دەڵێت:"من هاوکاریی لێقوماوەکان دەکەم، نەک قدیسەکان. من وا هەست دەکەم حەزم بە قارەمانێتی و قەداسەت نییەئەوەی بەلامەوە گرنگە ئەوەیە کە مرۆڤ بم".
ئێمە کاتێک ئەم ڕۆمانە دەخوێنینەوە، هەست دەکەین ئێستا بە شێوەیەکی کردەیی لەو دۆخەدا دەژین؛ دۆخێک کە خراپە"شر" تێیدا لە شێوەی "کۆرۆنا"دا بەرجەستە بووە و کۆمەڵگاکەمان و مرۆڤەکان لە شەڕێکی دەستەوئێخەدان لەگەڵیدا؛ شەڕێکی چارەنووسساز، ئیدی بە هەموو ئەو باسوخوازانەشەوە کە گریمانەی تیۆریی پیلانگێڕی دەکەن بۆی و بە دیوێکی تری شەڕی بەرژەوەندیی نێوان زلهێزەکانی دونیای لێکدەدەنەوە، کە دواتر پریشکی بەر خۆیشیان کەوتووە، یان خۆی پەتایەک بێت و شەڕی کوێرانەی ڤایرۆسێک بێت لەگەڵ مرۆڤایەتیدا. لێ ئەمیش وەکو تاعوونە سیاسییەکان، پێویستیی بە هۆشیاریی ڕووبەڕووبوونەوە و پێکەوە کارکردنی ئینسانەکان هەیە. کۆرۆنا ئەوەمان دەهێنێتەوە یاد کە شتێک هەیە پێی دەوترێ "چارەنووسی دەستەجەمعی"، ئەو چارەنووسەی کە هەموو مرۆڤەکان، بە چاوپۆشین لە دین و ڕەگەز و زمان و ئیتن، پێکەوە گرێ دەدات. کۆرۆنا چەند لەو بوونەوەرە یان تەنە نامۆیە زەبەلاحە دەچێت کە دەشێت ڕۆژێک لە ڕۆژان و بەدەر لە پێشبینییە زانستییەکان، پەیدا ببێت و هێرش بکاتە سەر زەوی و بەبێ جیاوازیکردن لەنێوان ڕەش و سپی و زەرد و سووردا، هەمووان تەفروتوونا بکات. ڕەنگە ئەمە زیاتر لە سیناریۆی فیلمێکی خەیاڵی بچێت، بەڵام کەمیش نین ئەو ڕۆمان و فیلمانەی کە دواتر بەشێک لە پێشبینییەکانیان هاتووەتە دەی.(وەکو ١٩٨٤ ی جۆرج ئۆروێل و یان END OF DAYS ی سیلڤیا براون کە دەڵێن پێشبینیی بۆ ئەم پەتای کۆرۆنایە تیایە و بەپێی نیوزویک ئێستا بووەتە یەکێک لە کتێبە پڕفرۆشەکان).
ئێمەی کورد، کە تا ئێستاش نە قەوارەیەکی فەرمیمان هەیە و نە خاوەن تەکنۆلۆجیایەکی پزیشکیی گەورەین و نە دامودەزگای زەبەلاحیش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم چەشنە پەتا خەتەرناکانە، لەمڕۆدا پێویستمان بە ئیرادەیەک هەیە بۆ خۆبەدەستەوە نەدان بەم ڤایرۆسە، ئەمەش لەڕێی هۆشیاریمانەوە بە ڕێگاکانی خۆپارێزی و لەڕوو وەستانەوە. بەڵام نابێ ئەوەشمان لە یاد بچێت کە ئەم دۆخە لێکەوتەی ئازاربەخشی زۆرە و لێرەدا ئاماژە بەوە دەکەین کە یەکێک لەو لێکەوتانە ئەوەیە، بە هەزاران خێزان هەن سەرچاوەی داهاتیان کارکردنی ڕۆژانەیە، لە ئێستادا ئەو خێزانانە ڕووبەڕووی دۆخێکی ئێجگار سەخت و دژوار بوونەتەوە و لە کاتێکدا تا ئێستا مەسەلەی بیمە و سۆشیال بۆ هاووڵاتیان نەچووەتە بەرنامەی حکوومەتەوە، لە دۆخێکی وەهادا، ئەرکی حکوومەتە(هەروەها سەرمایەداران، بەڵام لەڕێی حکوومەتەوە، نەک بە شێوەیەکی شەخسی، بەو مەرجەی حکوومەتیش نەیخوات) کە ئاوڕێکی جیددی لەم مەسەلەیە بدەنەوە، چونکە کێ دەڵێت ئەم دۆخە ماوەیەکی زۆری تری پێ ناچێت.
*دواجار، هیوادارم هەموومان پێکەوە بە سەلامەتی ئەم دۆخە تێپەڕێنین، بەو ئومێدەشەوە کە ئەمە سەرەتای هۆشیارییەکی نوێ بێت بۆ ژیان و بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تری تاعوونیش.
*شایانی باسە ڕۆمانی تاعوون لە لایەن هاوڕێی هێژا دکتۆر موحسین ئەحمەد عومەرەوە و هەروەها لەلایەن برای بەڕێز کاک ڕەسوڵ سوڵتانیشەوە کراوە بە کوردی و لەبەردەستی خوێنەری کورددا هەیە.