701 کوردستان

چوار رەخنە لە وەڵامەکەی وتەبێژی حکومەت بۆ حەسەن نەسروڵڵا

02:08 - 14/01/2020

"زەمەن"

وەڵامدانەوەی هەر سێ سەرۆکایەتیەکەى هەرێم لەسەر مەسعود بارزانى لەبارەی وتەکانی حەسەن نەسروڵڵا، دەبێتە جێگای رەخنەی هەندێک لە چاودێران.

حەسەن نەسروڵڵا لە وتارێكدا هەفتەیەك دوای كوژرانی قاسم سلێمانی‌و ئەبومەهدی موهەندیس، وتی: “دەبێت مەسعود بارزانی رێز لە هەڵوێستی قاسم سلێمانی بگرێت، چونكە بەپێی دانپێدانانی خۆی، بەرگری لە هەولێر كردووە، ئەوكاتە بەرپرسانی ئێرانی پێیان وتم بارزانی لە ترسان هەڵدەلەرزا، هیوادارم بارزانی باسی كۆمەكی سلێمانی بكات بۆ هەرێمی كوردستان كاتێك داعش لەسەر سنور بوو”.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێم وەڵامی قسەكانی نەسروڵڵای دایەوە‌و لە راگەیەندراوێكدا بە ناونیشانی “بۆ مەلا حەسەن نەسروڵڵا”‌و وتی: “پێمان سەیرە كە بە دەنگێكی لەرزۆك‌و شێوازێكی هەرزەكارانە، هێرشدەكەیە سەر هەرێمی كوردستان‌و رێبەری نەتەوەیەك”.

وتەبێژی حكومەت ئاماژەی بەوەشكردووە ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو، هەولێرو كوردستانی پاراست نەك خەڵكی تر. 

ئومێد رەفیق، مامۆستای زانستە سیاسیەكان، پێیوایە قسەكانی حەسەن نەسروڵڵا “ئیبتیزازین”‌و لە وڵاتێكیشدایە پەیوەندی بە هەرێمەوە نیە، بەڵام وەڵامەكەی حكومەت زۆر “كتوپڕ” بوو.

وتیشی: “وەڵامەكە زۆر پرۆفیشناڵ نیە‌و رووی رەسمی پێوە دیار نیە بەشێوەیەك بێت گوزارشت لە رووی رەسمی حكومەت بكات زیاتر دیوێكی حزبی پێوەدیارە، پێویستبوو ئەو وشانەی بەكارهێنراون نەرمتر بوونایە”.

ئاماژەی بەوەشكرد مەسعود بارزانی پۆستی فەرمی نیە‌و ئەگەر سەرۆكایەتی هەرێمیش وەڵامی بدایەتەوە ئەهوەنتر بوو، باشتریش بوو پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی بدایەتەوە.

ئێستا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم‌و بەغدا باشن، راگەیەندراوەكە جارێكی تر گەڕاوەتەوە بۆ ئەو رووداوانەی لە 2017دا روویانداوە ئەمەش بە بڕوای ئومێد رەفیق “كارێكی خراپە”.

پەرلەمانی كوردستانیش لە راگەیەندراوێكدا دوێنێ‌ دووشەممە وەڵامی قسەكانی حەسەن نەسروڵڵای دایەوە‌و رایگەیاند، بەهەموو شێوەیەك سەرلەبەری ئەو قسانەی حەسەن نەسروڵڵا رێبەری حزبوڵڵای لوبنانی رەتدەكەنەوە.

بەدواى ئەویشدا نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم لە راگەیەندراوێکدا وەڵامى حەسەن نەسروڵڵاى دایەوە و وتى :”حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌ميندارى گشتيى حيزبوڵڵاى لوبنانى له‌ وتارێکدا دوور لە شێواز و ئەتەکێتی سیاسى، به‌ شێوەیەکی نەشیاو ده‌رهه‌ق به‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى و قوربانیدان و قارەمانيه‌تيی پێشمەرگە قسەی کردووە”.

رەخنەكان لە راگەیەندراوەكەی وتەبێژی حكومەت
*حەسەن نەسروڵڵا باسی بارزانی كردووە نەك حكومەتی هەرێم دەبوایە بارزانی خۆی یان ئۆفیسی ئیعلامیەكەی یاخود پارتی وەك حیزب وەڵامیان بدایەتەوە.
*ئەگەر وەكو قەوارەی هەرێم وەڵامبدرایەتەوە دەبوایە بەتەنیا سەرۆكایەتی هەرێم وەڵامی بدایەتەوە، كە بەپێی یاسا ئەو دامەزراوەیە بەرپرسە لە كاروباری دەرەوە نەك وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیران.
*وەڵامەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێم، ئاستەكەی بەرز نیەو بەهێزیش نیە. كە دەبوایە بەهێزترو زمانەكەی دیبلۆماسیتر بوایە.
* چاودێران دەپرسن ئایا ئەگەر حەسەن نەسروڵڵا قسەی بە بەرپرسێكی باڵای حیزبێكی تر بوتایە حكومەت هەمان هەڵوێستی دەبوو؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن