هەواڵ

چاوە بەرزنجی: بۆ ئاسوودەیی دەروونی خۆم دەنووسم

10:31 - 09/01/2020 121 جار خوێندراوەتەوە

"زەمەن"
 
خانمێکی دەستڕەنگین لە بواری نووسین‌و نیگارکێشان و کاری دەستیدا، خەونی جوانکردنی ژیانی هەیە و دەڵێت هەست دەکەم ئیشی سەر دیوار و ماڵەکانی شارو شوێنە گشتيیەکان بێڕەنگ و ماتن، من دەمەوێت جێدەستم دیاربێت و کەمێک رەنگ بە شار بدەم.

چاوە بەرزنجی، کە خۆی گوتەنی بە شێوەی نائەکادیمی وێنە دەکێشێت، بۆ “زەمەن” وتی: “راستە بە ئەکادیمی نەمخوێندووە، بەڵام خۆشەویستيیەکی تایبەتم بۆ وێنە هەیەو هەر لە منداڵیيەوە حەزم کردووە ئەو شتانەی ئەیانبینم و لە خەیاڵمدان بیانکێشم، ئەمەش وایکرد بەرەبەرە هەوڵبدەم خۆم باشتر بکەم لەو بوارەدا.


چاوە بۆ “زەمەن” باسی لەوەش کرد کە ناتوانێ بەراورد لە نێوان دیوارێکی سادەی قوتابخانەیەک، لەگەڵ دیوارێکی رەنگاوڕەنگ و بە وێنە نەخشێنراو بکات و دەشڵێت: بۆ منداڵێکی سەرەتایی چ دڵخۆشيیەکە، ئەوەش بۆ من دڵخۆشیيەکی بێ پایانە.


سەبارەت بە کارە دەستیەکانیشی ئەگەرچی کەمن، بەڵام ئەوانەی دروستیان دەکات جوانکاریی بۆ ماڵ یان وێنەی بچووکن و لە شتی سروشتیی وەک گەڵا و گوڵ و درەختی وشک دروستیان دەکات و دەڵێت: هەست دەکەم ئەو شتانەی ناو سروشت، بە وشکی و مردوويیش دەتوانن جوانی ببەخشن.


چاوە لەگەڵ گروپی بەهرەوەرانی شاردا کە گروپێکی خۆبەخشن و زۆرینەیان نائەکادیمین، وێنە بۆ قوتابخانەو شوێنە گشتییەکان دەکێشن و پێشانگای هاوبەش دەکەنەوە.


چاوە بەرزنجی لە کارە هونەرییەکانیدا، زیاتر گرنگی بەو شتانە دەدات کە ژنی کورد فەرامۆشی کردوون، وەک موزیک و هونەر، ئەم هەوڵ دەدات ئەو جوانیانە پیشانی ژنی کورد بدات و دەڵێت: پێویستە گرنگی زۆر بە هونەر بدرێ کە من ئەوە نابینم، بەڵام هونەر شتێکی رۆحانیيە، یەکەم شتی گرنگیپێدانەکەی لە خودی خۆتەوە دەست پێ دەکات، بە نسبەت کاری دەستییەوە هەست دەکەم لە ئێستادا ژنان گرنگی زیاتری پێ ده‌دەن و خۆیانی پێوە سەرقاڵ دەکەن.


چاوە سەرباری کاری هونەری، دەستی شیعرنووسینیشی هەیە و خۆی گوتەنی شيعرەکانی باس لە ناخی خۆی و ئەو شتانە دەکەن کە قورسن بۆ دەربڕین و دەڵێت: من بۆ ئاسوودەیی دەرونی خۆم و خودی خۆم دەنووسم. 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن